Skip to Content

شێخ سەنعان لە رۆمانی ئۆرتینا.. رۆژگار خالید

شێخ سەنعان لە رۆمانی ئۆرتینا.. رۆژگار خالید

Closed
by كانونی دووه‌م 27, 2024 General, Literature

” مەیخانەکەی ئۆرتینا “
نووسینی ” نەبەز گۆران ” .
ئەم ڕۆمانە لەبارەی شاڕێگەی گەشتی ژیانی شێخی سەنعان نووسراوە کە قەدەری ژیان شێتی دەکات و بەدیار جوانییەوە دەمرێت .
لە سەرەتای ڕۆمانەکە نووسەر
دەڵێت
” هەر کەسێک گووتی من هەموو شتێک دەبینم کوێرێکی تەواوە ” .
بۆ ئەوەی لە چەندین گۆشەوە لەبارەی شێخی سەنعانەوە بزانین .
مامۆستا هێمنی موکریانی بەرز لە شیعرێکی
دەفەرموو
شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکم
بۆ کچە شێخێ پەشیمان ببمەوە !
تۆ بەڵێنم پێ بدە
تا من بەرەو ژوان ببمەوە
بمدەیە ماچێکی تەڕ لەم لێوە
با جوان ببمەوە
من گوڵی سەر گۆڕی ئاواتی لەمێژینەم
بەڵام
ڕێژنێکم لێ بدا
پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە !
شێخی سەنعان پیاوێکی پیری بەتەمەن و خوداناس و بیرمەندە ، خەونێک دەبینێت بۆیە بڕیار دەدا بەدوای مانای خەونەکەی بکەوێت .
لەگەڵ 3 لە قوتابییەکانی کە بۆ فێربوونی زانست و ئایین دەرسیان پێدەڵێت گەشتەکەی دەستپێدەکەن بەناوەکانی ” غەرقانی تەمبورژەن لە شاری تاقەوسان و ڕودانی ڕۆمی لە ووڵاتی ڕۆم و غەزنەوانی بنووس خەڵکی شاری حیجازە “.
ئەو شوێنەی گەشتی بۆدەکەن دەتوانم بڵێم ناوچەکانی ” تەوێلە _ بیارە خورماڵ ” بێت ئەم بەهەشتەی لەسەر زەوی خودا دروستی کردیە بۆ میللەتی کورد . دوای گەیشتنی بە شارەکە بەدوای عەشقی نێو خەونەکەی ” تینا ” دەگەڕێت و دەیەوێت ببینێ . لەگەڵ ئەوەشدا قوتابییەکانی فێری عەشق و شەیدایی و شەڕی ئایینی دەکات . پێی وایە هەر کەسێک لە ئێمە لەڕێگەی شتێکەوە دەتوانێت لە خودای قووڵ ببێتەوە و ئاراستەی تیشکەکان لە خاڵێک کۆبکاتەوە ، ئەم خاڵە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە جیاوازە . بۆیە هەریەکێک لە ئێمە ئەو خاڵە یا ئەو تیشکەین . ڕۆژێک دێت تێدەگەین ئەو ڕێگەیە بۆ خودای گرتوومانە ڕێگەیەکە لەو هەزاران ڕێگەیی خەڵکی دیکە گرتوویانەتەبەر تاوەکو لە هێز و توانای خودای قووڵ ببنەوە . شێخی سەنعان ئەو ڕێز و متمانە و ئارامی و زانیاری و تەمەنەی هەیەتی لەدەستی دەدا و هەموو شتێک لە کچێکی گاور دەبینێتەوە وە ئاواتی ئەوە دەبێت ئەم شۆخە ببینێ . لێکدانەوەکان ئەوەیە پێی دەگات دەبینێ و هەندێکی دیکەش ئەوەیە تینا ڕازی نابێت بیبینێت . هەربۆیە شێخ و قوتابییەکانی رووبەڕووی سەختی و ناخۆشی و شەڕ و تانە و تەشەری خەڵکی شارەکە دەبنەوە . ئەو شارەی فێرت دەکا شەڕی خەڵکێک بکەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا هەن . لە بەرامبەر ئەم خەڵکەدا دەبێت بەهەموو پێوەرێک جیاواز ببی . هەموو ووشەیەکی ڕەق پێویستی بەقسەیەکی شیرین هەیە . لە بەرامبەر هەموو ئەزیەتدانێک ئارامییەکی پێویستە . لە بەرامبەر هەموو نەزانینێک دونیایەک زانین هەیە . لەبەرامبەر سەدان شەیتان دەتوانێت خودات بەبیر بهێنیتەوە . لەبەرامبەر دۆزەخێک پێت دەڵێت بەهەشتێک هەیە بەڵام چۆن پێی دەگەی . لەبەرامبەر مردن فێرت دەکا یەخەی ژیان بگریت . لەبەرامبەر گریان و ناخۆشی فێری دەکا پێبکەنی . پێمان دەڵێت ژیان مەبینە بەڵکو بەدوای ژیان بکەوە . جوانترین بەشی ڕۆمانەکە پەیوەندییەکی قووڵ و جوان لەنێوان مرۆڤەکان و شارەکان نیشان دەدات و دەنووسێت : مرۆڤ لەدوای تەمەنی 60 ساڵی پێویستی بەوە نییە خراپە بکا .
_ ئەوەی بێتە ئەم شارە پێویستە ڕوحی پارچە پارچەبکات بەسەر ئایینەکاندا چونکە شارێکی فرە ئایینە .
_ گوناهی ژیانە دونیای لەبەر چاوت کردبووە یەک شار پەڕ و باڵی کردووی لەیەک شار قەتیسی کردی .
_ خودا لەنێو دڵەکاندایە و ناتوانین ببینین .
_ بڕیار لەسەر شتێک مەدە بەچاو نابینرێت .
_ لە شێخ شەرم ناکەی لە خودای شەرم بکە .
_ بۆچی تەماشاکردنی سروشت و ئاسمان و ئەستێرە و گوڵ ئاسایی بێت و بینینی ئافرەت گوناهبێت ، جوانی هەر جوانییە !
_ نیەتی باش بخە دڵتەوە .
_ کاری من بنووسیە نووسینەوەی خەیاڵ و ئەندێشەی خەڵکی تر هەر جارە و لای یەکێک کاردەکەم ، کارەکەی من دەتکاتە سێبەری ئەو کەسەی کاری بۆ دەکەیت .
_ کەبووی بە سێبەر خۆت وون دەکەی دەبیت بەم کەسە کاری بنووسی بۆ دەکەی .
_ من شوێنکەوتەی شتێکم بەچاو نابینرێت بەدڵ هەستی پێدەکرێت دەمەوێت بۆ یەکجار یش بێت لەم دونیا بەرینە ئەو جوانییە ببینم هەستی پێدەکەم .
_ تینا ئەو شۆخەی خودا لەبەر جوانییەکەی ئەو ئەو شارەی پاراستووە .
_ مرۆڤیش بەڕوخسار و زمانی نایناسی دەبێ لێیەوە نزیک بیت و بچیتە ناخییەوە ئەوسا دەزانی چ جۆرێکە !
_ نیەتی من بۆچێژ وەرگرتن نییە بۆ وانە وەرگرتنە .
_ کاتێک ڕق هەڵی کرد یەکەم شت کە دەمرێت خۆشەویستی ناو دڵەکانە .
_ بۆم باسکرد لە شارەکەی خۆمان شاری ئایینەکان نییە مرۆڤ ناتوانێت ئایینەکانی دیکە ببینێت و تێبگات جیهانی ئەوان چییە .
_ کاری ئێمە نییە ئازاری ڕوحلەبەرەکان بدەین چونکە پاداشت و سزا لای خودایە .
_ تکام وایە لەمرۆوە هەنگاوێک لە ڕقەکەی ناختان دوور بکەونەوە هەنگاوێک لە جوانی و خۆشەویستی نزیک ببنەوە .
_ مرۆڤ دەتوانێت بەچەند ساتێکی کەم ببێتە دڕندەیەکی گەورە ، بەس چەند ساڵێکی پێویستە تاببێتەوە بەمرۆڤ .
_ خراپە لەخۆت و خەڵک دووربخەوە ئەوە باشترین زیکر و باشترین نوێژە لای خودای .
_ لەناو هەموو ئایینێکی ئاسمانیدا روحێک هەیە ئەم روحە ئەسلی ئایینەکەیە .
_ ژیان ئەوە ناهێنێت سەری خۆتی بۆ نەوی بکەی دوو ڕۆژ سەرت بەرز بکەوە بایی هەزار ساڵ سەرنەویکردنە .
_ جا کە خەڵک لە شتێک نائومێد بوو ئارەزوو دەکات بە زمانە تیژەکەی وێرانی بکا .
_ لە نێوان ئایین و بڕوا دەبێ یەکێک هەڵبژێرم گەر ئایینم هەڵبژارد خەڵکی شارەکە بەپیرمەوە دێت و پیرۆزم دەکەن گەر بڕوام هەڵبژارد نەفرەتم لێدەکەن.
_ لەناو گیانداران تەنها مرۆڤ خەون دەبینێ و ئارەزووی گەیشتنی بەخەونی هەیە .
_ گوێ بناغەی بیرکردنەوەیە گوێیەکانی خۆتان جوان پەروەردە بکەن با ژیانتان جوان بێت .
_ گیاندارێک لەم سەرزەمینە نییە لە مرۆڤ ترسناکتربێت و یەکێکم لەو کەسانەی بەردەوام دەترسم چونکە مرۆڤ چێژی زۆر دەبینێت لە ئازاردانی بەرامبەرەکەی .
_ پاککردنەوەی ڕوح سەختترە لە پاککردنەوەی ژیان .
_ ژیان بە شوێنەکان خۆش نابێت ژیان بەو خۆشییە خۆش دەبێت کەسەکان بە یەکدی دەبەخشن .
_ خۆشی ژیان لەگەڵ کەسێک ڕێزت بگرێت ئارام بێت زمانی شیرین بێت دووربێت لە توڕەیی جوانییەکان ببینێ .
کۆتایی ڕۆمانەکە بە پەشیمان بوونەوە و دلشکان و بێ تاقەتی و جیابوونەوەیەکی هەتا هەتایی کۆتایی دێت .
تێدەگەین /
لەتەجروبەی ژیانەوە دەنکە خۆڵیک یا بەردێک یاخود گوڵێک یاخود گۆمە ئاوێک یاخود پەپولەیەک یاخود بایەکی سارد یاخود ڕووناکی تیشکی خۆر یاخود تاریکی شەو لە ساتێکەوە تێپەڕ ناکات .
تێدەگەین /
گریانی مرۆڤێک یاخود پێکەنینی مرۆڤێک بەنێو کات و شوێن تێپەڕبوونە بەنێو کەسانێک سەدان ساڵی دیکە دەژین .
لەشوێنێک هەی لەپڕ هێزێک یاخود ترسێک یا نەفرەتێک تێدەپەڕێت دەبنەوە تارمایی و دەبنەوە ئەو هێزە ووجودیە نەبینراوی هەبووە .
تێدەگەین /
وەک تارمایی یانیش وەک سێبەرێک بووینە بە ئەرک بەسەر ئەو گەردوونەی .

Previous
Next
Kurdish