دۆخەكان.. شیعری سەباح ڕەنجدەر
1
چەند شووشەیەكی ڕیزكراوی سەرڕەفە
كە لە مۆزەخانەدا كوژران
لە دەنگی خۆیان بەئاگاهاتن و گوتیان دیوار هەوری بەتاڵبوو نییە
تاووسێكی بەرچاوڕوون لەسەر چەتری چرای بەندیخانەدا
هێلانەی لەسەر شێوەی شوێنپێی یار چێكردووە
لە پێخەفی چاوی بەندییان دەنوێ و گریان دەكاتە خەون و دواخەونی بەندییان دەبینێ
پێی بەندییان كاروانسەرا دەناسن و دەیانەوێ ئاگر ببینن
دەماری دڵیشیان هێزی ئەو لەشكرەیە ئازارمان بەرزدەكەنەوە و بەرزایی دەكەنەوە
نیازی دەموچاویان ئاشكرا و درەوشاوە و درێژە بەژیاندان
چەناگەشیان لەناو شیشی زیندان دەرهێناوە و كردوویانەتە تابلۆی ڕێگاوبان
ئەم تاووس و هێلانەیە بۆیان بووەتە
جەربەزە و جەزرەبە
جگەرگۆشە و لاڕەشە
یاقووت و تابووت
پەنا و پەتا
چووم دەست بۆ گەنجینەی هێلكە ببەم
دڕكم لە پێی ڕاچوو
دڕكی زامی نازی ئەشق و خەمڵینی بێپەروایی
ئەشق دژایەتیی ئاشقدەكات و ئەم دەخاتە جێگای ئەو
بە حەپەساویش بە چواردەوری مەرگ ڕادەوەستێت و لە بەرزی و نزمی چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە
دڵ لە قەپێلكی هێلكەشدا دەڕسكێ و دەبێتە جەنگەی بەهار
من ئەم جەنگەی بەهارە هەتا ناو دڵی دەناسم
لە ژیانمدا نەمدیتووە بەهار ئەوەندە دڵپڕ بخەمڵێ
نەشمدیتووە باران ئەوەندە نەرمونیان ببارێ و جادووی دەستم بەسەردا بگرێت
شێوەكارێكی ئاسۆ پڕ تانوپۆ و دەموچاو ڕوون بە ڕۆن و خوێی نان
تابلۆی هێلكەكانی لە چركەی ترووكاندا كێشا
بەندییان دوای ئەوەی لەو چاڵە ڕەشە هاتنەدەرێ
پێكی ئومێدیان خواردەوە و ژیان ڕوون بووەوە بە
نەوا و ئەنوای ئەزەل و غەزەل
تابلۆكەیان كڕی
بە نیازی كتێبی ڕێنوێنی لە نزیك دڵیان هەڵیانواسی
پڕ نابێتەوە لە هەست و یادەوەرییان
ئاوازی تاووس لە سەرەتای هێلكە ترووكان
دەستی كە بۆنی چیلكە و پووشی هێلانەی تێكەڵاون
بەسەریان دادەهێنێت
تا ئەبەد ژیان لەناو ئاوازدا بەسەردەبەن
گەشە لە خورپەی خۆشبەختیی ئاوازدا دەنوێ و پشوودەدات
دەكرێت گوێ لە دەنگێك لە ئەزەل و دەنگێك لە غەزەل ڕابگرن
بەئاوازێكیش ڕازی بن
ئاواز باس لە شوێنێكی پارێزراو دەكا
تێیدا تەماشای هەناوی ئاو دەكەین
ئاویش لەبەر خاتری ئێمەیە نامرێ
بەگەرمی دڵی دەمانژیێنێت
لە جۆشی ئێمەش پڕ ڕەنگە
سێبەری تاووس لە خۆی دەچێ و ڕەنگاوڕەنگە
سێبەری تاووس لە خۆی ناچێ و ڕەنگاوڕەنگ نییە
لە گەرمایی شەرابدا ڕازم لە زمانی چرا بیست
تاووس لە بۆشاییدا دەگەڕێ ڕەنگی ئەشق دادەڕێژێ
چی لە تاریكیدا هەیە
تاووس لە بۆشاییدا دەگەڕێ ڕەنگی دڵ دادەڕێژێ
چی لە تاریكیدا هەیە
لەسەر جەستەی ئەشق و دڵیش ڕەنگی بێداری دەڕوێ
دڵخۆش بە شكۆتم لە ئەشق و دڵ هەڵگرتووە و ئەشق و دڵیش دەبنە ڕابردوو
ڕابردوو مۆمی پێیە بە ئاگری بەهەشت دایدەگیرسێنێت
ئەشق و دڵ داگیرسێن با تاریكی دەستمان بەسەردا نەگرێ و بەلەمی ڕاوە ماسی نقووم نەبێت
2
ئەی ئاواز لە ڕووی فرمێسكی سارد و گەرم دامەمێنە
چاوی جیهان كە لەمندا دەبێتە دڵ
سەرەتای هەفتە بە ئەستێرەی بچوێنە
كۆتایی هەفتەش بە مانگ
لە بەراورددا چاوەڕوانم ئەو شتانەی بەدرزی دڵەوە دێن و دەڕۆن
حەڵوای خودا و
بۆنی خۆشی شوێنپێی یار و
شوورەی مرواریی حەفتڕەنگ و
دڵەخورپەی مەستانم لێنزیكبن
ئەستێرە و مانگ و نان و ئومێد و تاسەی دوا نزا و تەزوو بەخشین و چاوی كێڵگەی تەڕ
خاوەن هەموو ڕوخسارێكن
دەفتەری مەشق لەباوەش دەكەنەوە و خوێنگەرمی دەدەنێ
دەفتەری مەشقیش گەرمایییەكی ئەفسانەیی تێدایە
شەو و ڕۆژ لە مۆمی نیوە سووتاوی ڕێبوارانی یەكشەوەدا یەكتریان ناسی و كاتیان دابەش كرد
وەك دوو خوشك و برای لە خوێنی پشت هاوهەست و مەشقی زۆر لە ژیاندا ماو
بێوچان لە ڕووباری قووڵ دەدەن و فرمێسكی سارد و گەرم دەپارێزن
منی زۆر بەسەرخۆدا زاڵ
وەك پێغەمبەرێك سەرگەرمی سرووش وەرگرتنبێت
چوومەتەوە ناو دڵی خۆم و پێستم وەك چەتر بەسەر ڕووبەرێكی تەواو خرۆشاودا هەڵدا
هەستدەكەم هیچ شتێك دوایی نەهاتووە
دەموچاوی ساكاری عەرد و ئاسمان
تا خودا دەڵێ بەس سپین
پەڕەی ئەمەك و نمەكیان لە خۆ پێچاوە و لە نۆتەی ئاوازدا پشوو دەدەن
هەوڵدەدەم سەرنجی دەموچاوی ساكاریان بدەم و بیانناسم
پاشان ئارام و هێمن لە هەتاودا مەلە بكەم و لەگەڵیاندا بژیم
3
دێوەزمەی چرا كوژایەوە
خۆی لە ماڵی ئێسك و پرووسكدا شاردووەتەوە و زمانی هەردوو ڕووی ئاوێنە دەزانێت
دەشیەوێ بە زیندوویی بمانخوات
تاووسەوان پەڕی تاووسی شووشت و ڕۆیشت تا ئەو شوێنە ڕۆیشت
هێلكە تێیدا وەك نزیكبوونەوەی گەرمی لە دڵ دەبریسكێتەوە و دەبێـتە سرووشی فەرموودە
دەچێتە سەر قەڵای هێلكەی و تەماشای ژیاندەكات
پاش دەستبازی و چاوبازی لەگەڵ ژیان
وەك ئەوەی خوناو بێت لەناو چاوی ڕوونبووەوەی پەیامێك
دەچێتە بەر خۆری گیانبازی
دەڕوات تا ئەو شوێنە دەڕوات
خودا گوێ لە ترپەی دڵی دەگرێ و هەنگوینی سەرباڵی مەلی خۆشخەبەر دەڕژێتە شووشەی ماڵان
ترپەی دڵ چەند بارسووكە
بە خوناوی ڕوونبووەوەی چاوی مرواریی لاوێنرایەوە
دەڕۆم تا ئەو شوێنە دەڕۆم
دڵ بەر نائومێدی ناكەوێت
مەستیی تاووس دەكەمە بەهرە و پەیام و گۆزەی خەمڵینی شەرابی تووی ڕەش
ئاوازێكی نەرم سەری گەرمم ئاوڕشێندەكا
تاووس هەر لە ئاسماندا دەڕوات
لە سروشتی نەشێواویشدا دەنیشێتەوە
من بەدەنگی خەیاڵ دەیدوێنم و باڵی سووكدەبێت
بۆ هەستان و باوەشێنكردنی هێلكە و هێلانەی
تاووس باری ئێمەی لەسەر باڵی هەڵگرتووە
داوە مووی ناڕۆشنی نێوان ژیان و مردن ڕادەكێشێت
سووڕی دەوران خۆشتر و نهێنی هەستیش ئاشكرادەكا
4
ژیانی من چەند لە سادەیی شەو و ڕۆژ دەچێت
وا بەپەلە و نەرمەغار بەرەو نەمان دەڕوا و درەنگیش لە خەو هەڵدەستێ
هێشتان خۆری هۆگربوون و خەونێكم
نەگەیشتووەتە نیوەڕۆ گەرمم بكاتەوە
ئەستێرەی شەوم دەڕژێتە
نسرمێكەوە و سەرمام دەكاتەوە
دیسان بەسەرچاوی داخراوی ژیاندا پەرتدەبمەوە
داد
دادی دڵ و ڕازێكی مات لە سەكۆیەكی ڕووناكدا هەڵبەز و دابەزی پەنجەم لەسەر شمشاڵدا ببینن
وەك ئەفسانەیەك دەخەوم و لە مرواریی حەفتڕەنگ دەگەڕێم
كەمێكیش گەردەنی لاری گوڵی مەرگ و دیدار بۆندەكەم
دەركەون ڕووناكی سەكۆ و دیداری خودا دەركەون
لەبەرچاوم شاراوە نین دەرگا و پەنجەرەی ماڵ بەر و پشتی دەستمن
من لە ئێوەوە لەژیان گەیشتم و دوانیگاشم لەسەر ئێوەیە
هەر تەنیا هاوارێك دەبیسترێت و بەس
هاوارێكی بەئارام
هەر تەنیا دەركەوتنێك دەبینرێت و بەس
دەركەوتنێكی بەئاكام
حیكمەتی گوێڕایەڵی دادی دڵ بۆ هاوار و دەركەوتن
پێش تۆفانی نووح
لەژێر ئاسمانێكدا كە هەموو ڕەنگەكانە
بەڵام شین زاڵە
دادی دڵم بەخەبەر هاتووە و سەری ناڕەزامەندی ڕادەوەشێنێ
نەخش و نیگاری ترسێكی درێژخایەنی ڕشتووە
دەشبینێت بەردی دیوارەكان دەكەون
ئای درەختی ئاسوودەیی سێبەرت لە پیاڵەم نەكرد
پیاڵەی دڵبینی چەند لە سادەیی شەو و ڕۆژ دەچێت
ئەوەندەش دڵ هەڵگوشراو و بێپەنای
ئەی مایەی ڕەنج و بەهرە و ستایش و برینی پیرم
5
فرمێسكی تامەزرۆییم لەبەر چرای ڕێگای كۆچی یاران زۆر ڕشت
فرمێسكی تامەزرۆیی
لارەلار نەیێیت و سەد دڵم نەكەیت
ئاگات لە دەستم بێت
مەیی مانم بەدەستەوەیە
پەیمان ڕاگرم و چاوی داگیرساوی سەر تەنافم
ڕوونە بەدیاری و خەڵاتی بەخشندە
چاوی داگیرساوی سەر تەناف بەخشندەیی زۆر و وێنەی پاكیزەیی پێیە و دەمانگەڕێنێتەوە
یەكەم ئەرزی درەوشایەوە بۆ كێڵگە و
یەكەم گۆمی گەرمبوو بۆ مەلەوانی و
یەكەم شەڕی پەپوولە و كلۆ و
یەكەم شیری هەوێنبوو
دێت
گوڵێك دێت
گوڵبەدەستەكە وندەبێت
دەچێت چرای ڕێگای كۆچی یاران گەشدەكاتەوە
ماندوو دەبێت و لەناو یەكەم درەوشانەوەدا پشوودەدا
دەیەوێ بزانێت دووریی نێوان هەڵچوون و ڕۆچوون چییە و چەندە
یان كامیان وشەیەكی دووچاو ڕاكشاوە
بزەی ڕەزامەندی بەلێوەوەیە
دەچێتە دەستی گوڵبەدەستە ونبووەكەوە
6
درەخت گەڵا و لكی خۆی سنووردار ناكا
دایكە حەوا ئاوێنە و زایەڵەی هەموو ناوەكانە
جوانیی خۆی لە ڕوخساری جواناندا ئاشكرا كردووە و پێكی ئومێدی بۆ تێكردوون
باوكە ئادەمیش لە خۆڵی مەستی یەكەمین ڕوان
ئاوازی بۆ گۆرانی ژیان دانا و دەنگی زرینگایەوە
ئەوەی گۆرانی نەبیسێت ئاگری مەست نابێت و ناولەپی خۆی ناناسێت
زەوی كراسێكی نیگا شەرمنی وەك دایە حەوای پۆشیوە
لە یەك بزر نابین
ڕەز جوانیی میوەی خۆی دا بەهەمووان
توانی زەمین بكاتە بەهەشت
ئەرێ
پەیامنێری بەهەشت و
كاتژمێری دەستی مردوو و
گڵۆپی كۆڵان و
بەردی بیرەوەری چی دەڵێن
بەیارمەتیی هێزی خودایی نیگا گەرم بكێشنە هەناوتانەوە
ئارام و هێمن بە شوێن نیگای گەرمەوە دێم
بەهرە و پەیامم بۆیە هاتنم لەرینەوەی هەیە و وزە دەبەخشێتە ڕێگا
هاتوو وەك باڵێكی شكاو یەخسیری نیگایەكی كەمێك ڕووناك
ئارام و هێمنیش لەبەر گەرمایی نیگا دیاری و خەڵات وەردەگرێت
دەشزانم نیگا ئاشق دەكاتە تیشك و پێڵووی هەڵدەداتەوە
لە ماڵی ساكاری تەمەن لەگەڵ كۆچی ئەستێران لە خەو هەستاوم
دێم دەست بە ڕوومەوە مەنێ
ئاگر لەژێر پێدا بكوژێتەوە
دیاری و خەڵاتی نیگایە و پێستی وشكی زەوی تەڕدەكاتەوە
شكۆی نیگا و سێوی تەڕ لە تەماشاتان پاراوبوویمە
بەباشی كاتی دیاری و خەڵات دەناسم
7
لە پیاڵە و مەیی سینەتدا باڵی مەلە بهاوێم
پەلەكوتەی نقوومبوون بمگرێت
هێشوو سرووشی خۆگرتنەوەیە
هێشوو ناودەنێم خانەی زیندووی لەش و بۆنوبەرامەی شوێنپێی یار
بەردی بەجێماوی بەڵاگێڕی و چاوەزار هەڵدەگرمەوە و لە قۆڵمی دەبەستم
تا ئەوپەڕی خوان و گەشت داوەتیدەبم
ئەمە نە ڕووگەیە نە ڕووگەنما نە دووربین نە بەڵێنی قوفڵ نە لكێكی شكاو لە درەختێكی بێئاگا نە ئەسپبازی نە مەیدانخوازی
ژیانە هەڵدەقوڵێت و دادەبەزێتە سەرناوچەوانی ڕووناكی
لە سەرمایەكی كپدا چۆلەكەی سڕبوو گەرمدەكاتەوە
جریوە و جووكەش هێڵكاریی سیمامان دەكێشن
چۆلەكە چاوی لەبەر پێی خۆی ناگیرسێتەوە و گفتوگۆی پیاسە ناگێڕێتەوە
قوربانی و نزا و دروود و چلچرا و مژدە بەسەر باڵییەوەن
من قەت نەمزانی چۆلەكە لە چی ڕادەمێنێت
جریوە و جووكەشی لە چیدا دەبێـتە نەوا و ئەنوای ئەزەل و غەزەل
دەچمە داوەتی خوان و گەشت و بینینی
ئێوارانی بەرەو گوندبوونەوەی مازووچنان
8
تەواوی شەو مەلە و دڵگەمەی كرد و بە دەموچاوێكی تەواو كراوەوە
لە ڕۆخ چەمێكدا هاتەدەرێ
ئەستێرە و مانگ تا بەرەبەیانی هەزار ڕەنگ
بە دەركەوتنی یەكەم ڕوخسار و ڕووخۆشیی پەری دەخرۆشان و زمانێكی تریان دەبوو
منیش لەپێستی تەنك و ئاو لەسەر نیشتووی مەیخانەی دڵ
كە دەرگای بە ڕەنگی ڕازی ورووژاو ڕەنگكراوە
سەیری خرۆشانی
پەیامنێری بەهەشت و
كاتژمێری دەستی مردوو و
گڵۆپی كۆڵان و
بەردی بیرەوەری دەكەم
وەك كوێرێك لە چڵەپۆپەی خرۆشاندا بزردەبم و هاواری چاوساغێكمە
چاو دادەخەم و دڵ دەكەمەوە
ئەفسوونێك دەبێتە ئەسپی یاڵ و بژ ئەستێرەی ڕژاو و وتووێژی ساكاری دیدار
لە كێڵگەی گەرم و مەستی ئاوتێگەڕاوت ئاڵای سپی هەڵدەدەم
داخی داخان لەم جەنگەدا تفەنگم لە شان دەخزێت و دەشكێم
ئاڵای سپیم لێوەرگرە و لەلام بمێنەرەوە
ئەسپ بە بۆنوبەرامەی سواران دەگەڕێنەوە
پیری لالە بەدەست لە تەنیشتم گۆرانی خەڵوەتی دڵ دەڵێت
بەڕاز و نیاز و سكاڵاوەش لەگەڵ دەفدا تێكئاڵاوە
دەستی نزا و هەستگەرمی بەرز كردووەتەوە
خودای زیندوو و مردووان دەستی مێشك و دڵم لە یاخەدا بكەرەوە و ڕزگارمكە
منیش لە تەختی بەرزاییدا بووم
دڵڕوونیم تێدا ڕژا و زانیم چی بكەم
گۆرانی ئەمشەو لە ئاو و مەلەدا بمێنەرەوەم بەسەر گژوگیادا پژاند
تاووس بە كۆ كۆرسم بوون
ئاخ لە خرۆشی دەنگیان و دەمودووی درەختی دەوروبەر
بەتەنیا لە ڕۆخ چەمدا ماومەوە و لە بەردەمیدا لەسەر قاچێك وەستاوم
دەست بە كەزیی نەرم و شلی ئەستێرە و مانگ دادەهێنم
پەرییش بە پێستی تەڕیەوە چەند سانا تێپەڕی
میوانی شەوی ڕاز و شەوی شەوانی نەكردم
دەستی لەسەر شانم دانا و ڕۆیی پەین بخاتە ژێر درەختی ژوان
نەرم نەرم تەپەی پێیم گوێ لێبوو
گوێم وەك خوانی ڕایەخستراو بەتاڵ و زمانم لاڵ
چاوی ئەمەك و نمەكیش ئامۆژگاریكردم یەكەم بینین بەیاد بهێنمەوە
نیگا ئاشنایی تاهەتایەش لە دڵدا دەپارێزرێت
خونچەی نۆبەرەی كوێستانان
پێش چوونە ژوان بەگەرمایی دڵ دەكرێنەوە
دڵ لەگەڵ ئەو درەختانە بدوێ
ئێواران پڕدەبن لە جریوە و جووكە و برینی هەڵخستراو
خودای زیندوو و مردووان مێشك و دڵ هەراسان و ماندوویانكردووم
بمخەرە ئەوەل دڵۆپە بارانی پەڵەی ساڵ و برینی زەویم پێداپۆشە
زەوی كراسێكی نیگا شەرمنی وەك دایە حەوای پۆشیوە
لە یەك بزر نابین
لە بەرەبەیانێك كە ئەستێرە و مانگ بە هەزار ڕەنگ خرۆشاون
تیشكێكی خەمڵیوم پێشاندە
ببێتە دیدارێكی سادە و گۆنا دابگیرسێنێت
هەموو گۆنا داگیرساوان دەڵێن
ژیانێكی ئاسوودە هەیە
دڵمانی تێدا ناكوژرێت
خەریكە دڵمان لە باڵی باڵندەدا دەبێتە فانۆس
تیشكی پڕی ماڵی هەموو گۆنا داگیرساو دەكاتە تاجی دیدار
ئەرێ بۆ ئاسمان كە پڕ ئەستێرە و مانگ دەبێت لە زەوی نزیكدەبێتەوە
9
بێدەنگیی زمان و خورپەی گەرمی ئەشق بانگی ئێوە دەكەم
تەزینێكم گەرم بكەنەوە و بەشداری جەنگم بكەن
لەبەر سەرما دەستم لێكدەخشێنم
خۆر بكوژە و تەواوی ئەستێران بانگی شوێنی خەڵوەت دەكات و دەیانكوژێت
بە ڕێكەوت كاتێكی ڕووخۆش كە من تێیدا دەكوژرێم دەگەمە بەردەرگای سرەوتن
لەپڕ دەنگم دەنووسێت و دەبێتە لاپەڕەی بەتاڵی ئەلبوومێك
پاش چەند چركەیەك بەفر دەماری زەوی دەگوشێت
تاووس بۆنی كۆچی گیانێكیان كردووە
دێنە بەر دارەتەرم و چرا و قورئان بەسەر خوێنراو و بۆنی كەسوكار
پاشای گیانم پاشای بەخشندە
پێویستە تۆ گوێت لە دەنگی حەفت نەوای من بێت
لە ناز و خۆنواندنی بەفردا
بە بۆن دەكەوم و لە خەودا قسەدەكەم
خەو تا چێشتەنگاو درێژ دەبێتەوە و بەڵا بەڕێوەیە
ڕووناكی بەفر هێندە بەهێزە چاو بە شەوارە دەخا
تۆ لەودیوی دەرگاوە وەك ئاوێنە و مۆمت لێدێ
چاوەڕێی ڕوودانی و تەنیا دەنگی منیش نابیستیت
بەفر خوێنی منی دەوێ
دەتوانن لە میوەدا بیناسنەوە
چاوەڕوانی گەیشتنە
كات میوەی پێگەیاندووە
منیش ڕەنگی خوێنی خۆمم بیر دەكەوێتەوە و ڕەنگی دڵیشم دەبینم
سێبەری ڕەنگی دڵ سووكە
لە ناوچەوانی ڕوون ڕوونی خوداوەنددا شانم دایە شانی برینێك كە چەناگەی بڵند كردووە
لە كوڵمی داگیرساوی فریشتەشدا ڕاكردنی دڵی خۆمم پێشاندەن و بمنێژن
ناشتن سرەوتی خۆشەویستی و گۆرانییە لە ستایش و تاسەی ئەزەل و غەزەل
تاووسی بۆنكردووی كۆچ دەپرسن كوا
مانگیش كەزی لەسەر زەوییە و كیژانی خەواڵووی داپۆشیوە
لیمۆی بۆنخۆش ڕێگام بدە ڕوو بەناز و خۆنواندنی بەفر و فیزی خۆكردنەوەی تاووس
خەڵوەتی دڵڕوونی بگرم و سەری خۆم بە كۆشی كتێبی شكۆی خوداوەندان بكەم
مەرگ ناوی هەموومان دەزانێت
شەرمی شكاوە و بەناوی خۆمانەوە بانگماندەكا
نەشمزانی چۆن وا بە ئاسانی ناوی كەسی لێ تێكناچێت
گورگیش لێوی بە زمانێكی ڕەق وەك سوورگی دەرگای زیندان دەلێسێتەوە
10
تەنیا یەك دڵۆپە خوێن لە دەمارم ماوە
لاپەڕی ژیانمت نووسی و بە هەموو چەشنێك لەناو ئازاری درێژخایەنت دەخولێمەوە
ناوت زایەڵەی پێی ئەلبووم بەدەستە و سییەكانی پڕن لە هەوای هەواڵی بێتانە
بەهرە و پەیام و ماتیی دڵم وەربگرە
ئەدی نەمگوت ئەگەر مەرگ هات لە دیوانەكەم بمنێژن
شیعری زۆرم بۆ ئازیزان و كۆستی ناكامی خۆم نووسیوە
ئێ خودایە بەڵكو لەگەڵم بێنە زاخدانی چاو
دیاریی یاران دابگیرسێنن و دەست و پەنجەی شووشەیی سڵاو بەرزبكەنەوە
بەژێر درەختی بەرداردا تێبپەڕین
نەزانین كات دەمەوعەسرە یان تەنكایی بەرەبەیان
پێبكەنین و فرمێسك بەچاوماندا بێتەخوارێ
سرووشی ئارام و بێدەنگ مەگەر نەمگوت
بە دڵ دەخوازم كوڕێكی سووكەڵە بوومایە
بە پایسكیل بچووبوومایە نانەواخانە و نانی بەكونجی و ماستی بە سەرتووم
بۆ بەرچایی دایك و باوكم بهێنابووایە
پاشان لەگەڵ خوشك و برایانم
بە ماڵدا ڕاوڕاوێن بكەین و وەك گیان وەبەرهاتن ببریسكێینەوە
درەخت و ڕووبار و مانگ و ئەستێرە و گیا و باران و گەشبوونەوەی پەلكەزێڕینە
منداڵی سروشتن و خوشك و برای منیشن و لە گۆرانیم دەیانڵێم
كاتێك ئێسكبەندی جیهان بەیەكەوە گرێدرا و گیانی داڕشت
پێش خۆر بزە و ماتی من تارای بەسەر ڕوخساری داهێنا
ئەو كات تەنیا ژیان هەبوو
نەشمدەزانی ژیان چ ئازارێك دەكێشێت
ئەسپی ڕاو بیری لەوە دەكردەوە
مێژووی خوێن لە دەماری كەروێشك یان تاژی كۆنترە
ئەی دڵ كێ درەختی بەرداری لێرەدا بەخاوەن كردووە
من لامپام هەڵكردووە و سوپاسی بەختی ڕووناكی و تف لە پەنجەرەی ڕەشدەكەم
لامپاش هیچ نهێنییەكی نییە و یاری خۆی پێشاندەدات
لە پشت خۆ لێككێشانەوەی مامز و پەڕكردنەوەی قورینگ بەسەر لكی شلكەوە
تەماشای دەكەم و هەناسەی بەخشین و وەرگرتن و وچان و گەشانەوەم
لەملاوە بۆ ئەولا دەبا
لە زەردەی ئێواران لە هەموو لایەكدا هۆگربوون و فێنكی بای سێبووری سەرمیوەی گەییو دەردەكەون
كرمی ئاوریشم لە هەناسەوە قۆزاخە پڕ دەكا و زەمین گەرمدەكاتەوە
زەمینیش بۆنی هەموومانی كرد و ڕووەكی بۆ ڕواندین شانی گەرمی ڕاوەشێنین
لە شوێنێك لادەدەم و وچانێك دەدەم
چی بەڕێوەیە ڕوو بدا
ئەدی ئەم ڕاهاتنە سروشتییە چییە هەموو شت سەد بارە دەبنەوە و پێشیانڕازین