Skip to Content

بۆچی هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان ڕوونادات؟ … نەبەز سەمەد

بۆچی هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان ڕوونادات؟ … نەبەز سەمەد

Closed
by ته‌مموز 9, 2017 General, Opinion, Slider

بۆچی لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەم هەموو نەهامەتی، بێمووچەیی، برسیکردن، بێئاوی، بێکارەبایی، گەندەڵێ، کوشتن، تێرۆرکردن … هتد، هیچ یاخیبوونێکی ڕاستەقینە، هیچ سەرهەڵدانێک، هیچ شۆڕشێک ڕوونادات؟ ئەمەی لە هەرێمی کوردستان ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتی حیزبی کوردی [نامەوێ بڵێم حکوومەت، چونکە ئێمە لە بنەڕەتەوە لەم هەرێمەدا حکوومەتمان نییە، ئەوە حیزبە لەم هەرێمەدا دەسەڵاتدارە و بەڕێوەی دەبات] دەگوزەرێت، لە هەر وڵات و هەرێمێکی زیندوو، هۆشیار بوایە، ئەوا دەسەڵاتە سیاسییەکەی دەمێک بوو کۆتایی هاتبوو. لەم وتارەدا دەمەوێ چەند هۆکارێک بۆ نەبوونی یاخیبوونی ڕاستەقینە دیاری بکەم.

هۆکاری یەکەم:

حیزبی کوردی بەتایبەتی یەکێتی و پارتی بەڕێی حیزباندنی سەرجەم کۆمەڵگەی کوردییەوە توانیویانە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو حەشامات و ئاپۆرەیەکی بێشێوە وەربگۆڕن. لەم ڕێگەیەشەوە مرۆڤی کوردیان بێئیرادە، بێهەڵوێست و بە کۆیلەکردووە، ڕێزمەندی و شکۆمەندی مرۆڤی کوردیان لەکەدار کردووە، مرۆڤی کوردیان لەنێو پڕۆسەی نامرۆڤاندندا لە مرۆڤبوون خستووە. پرۆسەی نامرۆڤاندن سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت، هەنگاوی یەکەم، مرۆڤەکان مافی یاسایی و هاووڵاتیبوونیان لێدەسەنرێتەوە، واتا چیدیکە یاسا نایان پارێزێت. وەک ئێمە دەبینین لەم هەرێمەدا یاسا سەروەر نییە، یاسا تەنیا بەرپرسەکان، سەرۆک عەشیرەت و پیاوسالارەکان [ژنکوژەکان!] دەپارێزێت و هەر بەدەست خۆشیانەوەیە. مافی ئازادی ڕادەربڕین بە یاسا نەپارێزراوە، بۆیە دەبینین لەم هەرێمەدا مرۆڤ لەسەر دەربڕینی بۆچوون و ڕوانگەی خۆی دەکوژرێت، کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەڵگەنەویستە. هەنگاوی دووەم، کەسی مۆڕاڵی لەنێو مرۆڤدا دەکوژرێت، واتا هەموو کردارنواندن، هەڵبژاردنێکی ئازاد لە مرۆڤەکە دەسەنرێتەوە، هەنگاوی سێیەم، شکۆمەندی و ڕێزمەندی مرۆڤ تێکدەشکێندرێ. ئێمە ئێستا لەم هەرێمەدا بە پرۆسەی نامرۆڤاندندا تێدەپەڕین.

هۆکاری دووەم:

جنێودان، لە کۆمەڵگەی کوردیدا جنێودان بووە بە خوو، کوردەکان ئالوودەبوونە بە جنێودان. مرۆڤی کورد جنێو بە هەموو شتێک دەدات. کاتێک تووڕەیە، ناڕازییە، جنێو دەدات، جنێو بە مەسعوود بارزانی، بە جەلال تاڵەبانی، بە سەرکردەکانی دی، بە دەسەڵات، بە حکوومەت، بە حیزب، بە ڕێگەوبان، بە گەرما، بە سەرما، بە بێئاوی، بە بێکارەبایی، بە فەرمانگەکان، بە دین، بە خوا، بە مەلا … هتد دەدات. کورد هیچ شتێکی نەهێشتۆتەوە کە جنێوی پێنەدات. ئالوودەبوون بەم جنێودانە زیانی هەیە، چونکە بەڕێی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و پێی وایە تەواو بەشی ڕۆژەکەی سیاسەت کردووە. بۆیە تووڕەییەکەی، ناڕەزاییەکەی نابێت بە کردار، نابێت بە ئەکت، چونکە لە ڕێگەی جنێودانەوە خۆی خاڵی دەکاتەوە و ئاسوودە لێی دادەنیشێت.

هۆکاری سێیەم:

بەشێک لە کورد هەموو شتێکی داوەتە دەست خوا، خۆی هیچ کردارێک نانوێنێت، هەر دەڵێ خوا چاکی بکات، حەواڵەی خوابن، خوا بیان گرێت، خوا تۆڵەیان لێ دەکاتەوە. ئەم لێگەڕانە بۆ خوا، وەهای کردووە کە بەشێکی زۆری خەڵک بێهەڵوێست بن، بێکرداربن، ناچالاک بن، بەشداری هیچ ناڕەزاییەک نەکەن، بەڵکو دانیشتوون دەستەوەستان داوا لە خوا دەکەن چاکی بکات و لە خوا دەپاڕێنەوە و نزا دەکەن، ژیان و گوزەرانیان خۆش بکات.

هۆکاری چوارەم:

گلەیی و گازەندە و زۆربڵێیی: زۆرینەی کورد لەبری ڕەخنەی جیدی و هەڵوێستی کارا و کردارنواندن، خەریکی گلەیی، گازەندە، پرتە و بۆڵە و زۆربڵێین. دەمی هەر کوردێک دەکەیەوە لەم هەرێمە نەگبەتییە گلەیی و گازەندەی هەیە و پرتە و بۆڵەیەتی، تەنانەت بە دەسەڵاتداران و مەکتەب سیاسی حیزبەکانیش لەم پرتە و بۆڵە و چەقە چەقە بێبەش نین. کاکی بەرپرس و مەکتەب سیاسی، خۆی لە دەسەڵاتدایە، خۆی بەرپرسیارە لەم دۆخەی کە دروستبووە کەچی گلەیی هەیە و خەریکی زۆر بڵێییە. هەمووان ناڕازین، بەڵام تا ئەو کاتە ناڕازین، پرتە و بۆڵەیانە کە بێبەشن، کە بەرژەوەندییان نییە، کە ئێسکێکیان بۆ هەڵدرا، کە بڕێک پارەیان پێدرا، کە زەوییەکیان پێدرا، ئیدی چیدی ناڕازی نین، لەبەر ئەوەی لێرە هەمووان تەنیا بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، نەک بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی هەمووان. لێرە لەم هەرێمە نەگبەتییە، هەمووان خەون بەوەوە دەبینن کە لە جێگەی بەرپرسەکان بن، بۆئەوەی ئەوانیش وەک بەرپرسەکان بتوانن گەندەڵی بکەن، نەوت بدزن، خۆش بژین، دەسەڵاتیان هەبێت، لە سەروو یاساوە بن، … هتد نەک بۆئەوەی دۆخەکە بگۆڕن و ژیانی خەڵکی بگۆڕن.

هۆکاری پێنجەم:

فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: جاران کورد لە دیوار و دەرگەی توالێتی مزگەوتەکان هەرچی جنێو و قسەی ناشرین و پیس هەبوو دەیان نووسی، چۆن دواوەیان خاڵی دەکردەوە، ئاواش سەر و سنگیان لێ خاڵی دەکردەوە، ئێستا دیواری فەیسبوکی کوردی بۆ زۆرێک لە کوردان هەمان ڕۆڵی دیواری توالێتی مزگەوتەکان دەبینێت. هەرچی پیس و پۆخڵی، ناشرینی و جنێو هەیە بە دیواری فەیسبوکییەوە هەڵدەواسێت. لە فەیسبووک لە پشتی لاپتۆپەکەیەوە قسەی زل دەکات، داوای خۆپیشاندان و ڕووخاندنی حکوومەت و دەسەڵات دەکات، کەچی سبەی خەوی لێکەوتووە و تاکو سەعات ١٢ و ١ نیوەرۆ بێدارنابێتەوە. تۆ کە شەو و ڕۆژت لێتێکچووە لەبەر فەیسبووک، چۆن دەتوانیت یاخی ببیت، چۆن دەتوانی کرداربنوێنی و هەوڵوێستت هەبێت. ئەوەی لە فەیسبووک دەینووسن و لە لایڤەکانیانەوە دەیڵێن پێیان وایە کە ئەمە سیاسەتکردن و یاخیبوونە، بەڵام سیاسەت لە فەزای گشتیدا دەکرێت، سیاسەت بە کردار دەکرێت نەک بە قسەی زلی پشت لاپتۆپەکانەوە.

هۆکاری شەشەم:

ڕاگەیاندنەکان: ڕاگەیاندنە کوردییەکانی ئەم هەرێمە نەگبەتییە هەموویان ئیش لەسەر خاڵیکردنەوە و دامرکاندنەوەی هەستی ناڕەزایی خەڵک دەکەن، لە ڕێگەی بەرنامەی بێمانا بەناوی کۆمیدی کە پڕیەتی لە سوکایەتی بە مرۆڤ و بەتایبەتی بە ژنان، وەک بەرنامەی بەرنامە (ی جاران)، بەزمی بەزم، ستوننووسی قۆشمەیی، بۆ خاڵیکردنەوە و بەتاڵکردنەوەی خەڵک و قاقا پێکەنین بەدیاریانەوە و بێئاگا لەوەی کە ئەمە چ مەبەستێکی لە پشتە. دۆبلاژکردنی درامای تورکی بێمانا و ئاستنزم و سووک، چۆن کەرەستە و خواردەمەنیی تورکی بازاڕی کوردستانی داگیرکردووە، بە هەمان شێوە درامای تورکیش هۆش و دڵ و دەروونی مرۆڤی کوردی داگیرکردووە. چۆن دەسەڵاتە سیاسییەکەت پاشکۆی تورکیایە، بازاڕ و ڕاگەیاندنەکانیشی بوونە بە پاشکۆی تورکیا.

هۆکاری حەوتەم:

نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە: تاکو ئێستا لەم هەرێمەدا هیچ بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە دروست نەبووە، نە بزووتنەوەی سیاسی، نە کۆمەڵایەتی، نە ڕۆشنبیری. ئۆپۆزیسیۆنێک کە ئەلتەرناتیڤی هەبێت، ڕێکخراو بێت، پەروەردەکراو بێت و بزانێ سیاسەت بکات، فەلسەفەی سیاسی هەبێت، نەک وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان عەشایەری و خێڵەکی بێت. ئێستا بەناو ئۆپۆزیسیۆنێکت هەیە، قاچێکی لە حکوومەتدایە و قاچێکی لە ئۆپۆزیسیۆندایە، خۆی وەزیرەکانی دەرکراوە، مافی زەوتکراوە، سەرۆک پەرلەمانەکەی دیپۆرتی ئەو دیوی دێگەڵە کراوەتەوە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن مافی خەڵک بسەنێت، ناڕەزاییەتییەکان ئاڕاستە و ئۆرگانیزە بکات، ئەو چاوەڕێیە خەڵک ڕاپەڕینی بۆ بکات و مافەکانی بۆ بەدەستبهێنێتەوە.

هۆکاری هەشتەم:

شێواندن و لێڵکردنی ڕاستییەکان: لەم هەرێمەدا بە بەرنامە ئیش لەسەر شێواندن، لێڵکردن و تەمومژاویکردنی زانیارییەکان، هەقیقەتەکان و ڕاستییەکان دەکرێت. ڕاگەیاندنەکان لەمەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، چونکە سەرچاوەی هەواڵیان فەیسبووکە و مانشێتەکانیان مەتەڵە. ئێستا هەموو کورد دەزانێ ئەم حیزبانە گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن … هتد، بەڵام ئەمانە هەموو شتی گشتی و زانیاری گشتین، وردەکارییەکان شێوێندراون، تەمومژاوی کراون، ئاڵۆزکراون، سەرچاوەکانیان دیارنین. ئاخر یەکێک لە ڕستە دیارەکانی ڕاگەیاندنی کوردی ئەوەیە لە سەرچاوەیەکەوە کە نەی ویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات! ئەندام پەرلەمانەکان زانیارییەکان وەک مەتەڵ دەڵێن، دەبێ بۆ خۆت هەڵی بهێنی مەبەستیان کام حیزب، کام بەرپرس و مەکتەب سیاسییە. ئەندام پەرلەمانێک دەڵێ: بەرپرسی حیزبی هەیە ٢٠٠ شوقەی لە ئەڵمانیا هەیە، بەرپرسەکان پارە دەنێرنە دەرەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا ڤێلایان هەیە. ئەمانە هەموو قسەی گشتی و زانیاری گشتین، ئەگەر ناوی بەرپرسەکە و بەڵگەکە بڵاونەکرێتەوە، ئەوا ئەو زانیارییە کەڵکی هیچی نییە.

هۆکاری نۆیەم:

زانیارییەکان نابن بە کردار: زانیاری، زانین و مەعریفەیەک کە نەبێتە دەسەڵات، نەبێتە هێز و نەبێتە هۆی هەڵوێست و کردارنواندن هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. با هەموو کورد بزانێ یەکێتی و پارتی گەندەڵن، نەوت دەدزن، خەڵک برسی دەکەن، نووسەر، ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکەن، ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ بەرشەق دەدەن … هتد ئەگەر ئەم زانینە نەبووە هۆی هێنانەگۆڕێی هەڵوێست، یاخیبوون، هێز و دەسەڵات، نەبووە هۆی کردارنواندن، نەبوو بە ئەکت، هیچ سوودێکی نییە و بێکەڵکە. بۆ نموونە، ڤیدیۆیی هاووڵاتییەک کە قسە بەم دەسەڵاتە دەڵێ و ناڕازییە لێی، لە nrt نزیکەی دوو ملیۆن بینەری هەبووە. ئەگەر ئەم دوو ملیۆن بینەرە هەر لە فەیسبووکەوە نەڵێ قسەی چاکی کرد، ڕیسوای کردن، بەڵکو بێت بە کردەوە پشتگیری لە قسەکانی ئەم هاووڵاتییە بکات و بەیەک دەنگ و بەیەک جار دوو ملیۆن کەس ناڕەزایی خۆی دەرببڕێت، یەکێتی و پارتی چۆن دەتوانن بەرگەبگرن، بەڵکو دەلەرزن و دەڕووخێن.

هۆکاری دەیەم:

مێنتاڵێتی خێڵەکی و ناوچەگەری و شارچێتی، کورد سروشتێکی خێڵەکی هەیە، پتر ئینتیمای بۆ خێڵەکەی و عەشیرەتەکەی هەیە نەک بۆ چاکەی گشتی و بۆ نیشتیمان، هەر بۆ نموونە، زۆرینەی کورد تەنیا ماڵەکەی خۆی و بەردەرگەی خۆی پاک ڕادەگرێت، بەڵام بەلایەوە گرنگ نییە کۆڵانەکەی کە موڵکی گشتیییە و بۆ هەمووانە پاک ڕابگرێت. کورد لەم هەرێمە نەگبەتییە سێ (چوار) پارێزگاییە خەریکی ناوچەگەری و شارچێتییە، ئەوەندەی ئیش لەسەر ناشرینکردن و نوکتە لەسەر شارەکانی یەکدی دروستدەکەن (وەک بەزمی هەولێری و سلێمانی)، ئەوەندە ئیش لەسەر یەکدەنگی و پێکەوەیی ناکەن. بۆیە ئەو ناڕەزاییانەی ڕووشیانداوە، سەرتاسەری نەبوونە، بەڵکو یەک پارێزگا، و چەند شار و شارۆچکەیەکی گرتۆتەوە. لەنێو ئەم پارێزگا و شارۆچکانەشدا هەموو خەڵکەکە پێکەوە نەبووە بەڵکو چەند چین و توێژێکی کەم ناڕەزایی دەربڕیوە.

هۆکاری یازدەیەم:

کورد ئەوەندی بە ژیانی تایبەتی ئەویدییەوە خەریکە و قسەی لەبارەوە دەکات ئەوەندەی باسکردن لە چاوساندنەوەی خۆی لەلایەن ستەمکارەکانییەوە پێ گرنگ نییە. بۆ نموونە، ئەوەندەی بە لایەوە گرنگە دراوسێکەی، هاوڕێکەی، خزمەکەی، … هتد چ دەکات، چ لەبەر دەکات، چ دەخوات، دەچێ بۆ کوێ، لەگەڵ کێ پەیوەندی هەیە، … هتد، بەلایەوە گرنگ نییە بوجەی وڵاتەکەی چی لێبەسەر دێت، کارەبای نییە، مووچەی نییە، ئاوی نییە … هتد. ئەوەندەی چاودێری لەسەر دەوروبەرەکەی، هاوڕێ و خزم و دراوسێکانی داناوە و چاودێریان دەکات و تەداخولی ژیانی تایبەتیان دەکات، ئەگەر نیو ئەوەندە چاودێری لەسەر حکوومەتەکەی دابنابوایە، نیو ئەوەندە لە حیزبەکانی بپرسیبوایەوە، نیو ئەوەندە تەداخولی کاروباری حکوومەت و حیزبەکانی بکردبوایە، ئەوا ئێستا دۆخێکی دیکە دەهاتە ئاراوە و بەناو حکوومەتەکەمان زۆر شەفاف (ڕۆشن)تر دەبوو، گەندەڵی کەمتر دەبوو. ئەو چاوبزی و چاوتیژییەی بۆ ئەوانی دی و دەروبەرەکەی هەیەتی، گەر بۆ حکوومەتە گەندەڵەکە و حیزبەکان هەیبوایە ئەوا ئێستا بێمووچە نەدەبوو، بێکارەبا و بێئاو نەدەبوو، حیزبەکان ئەوا نەدەبوونە ستەمکار بەسەرییەوە.
تۆش هۆکاری دیکە بژمێرە.

Previous
Next
Kurdish