Skip to Content

شیعر و ژیاندۆستیی..2.. ناڵە حەسەن

شیعر و ژیاندۆستیی..2.. ناڵە حەسەن

Closed
by ئازار 25, 2021 General, Literature


( خوێندنەوەیەک بۆ قەسیدەی ( یاداشتنامەی ماکەوێکی ڕەشپۆش ) ی شێرکۆ بێکەس )

بەشی دووەم /

وتیان گێژەڵووکەیەکی سپی غەمگین
ئەو یەکەمجار
هەواڵی تۆی گەیانبووە ماڵی چیا نشینەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە بۆلای بەفر و
بۆ لای مێرگ و
بۆلای گوڵە کێوییەکان
هەواڵی تۆی بردبۆوە
بۆلای کۆترەکانی مەقەڕ
بۆلای ژنە ماست فرۆش و
هۆبەی تازەی هەڵدراوی ڕەوەندەکان
وتیان : تێکڕا بەیەکەوە
لەگەڵ چنار و شۆڕەبی و
پیاوانی بەردەرکی مزگەوت
ژنانی سەرکوڵ و کانی
هەموو پێکەوە گریابوون
هۆبازەکەم پەلەت چی بوو ؟
مەرگ هەر ئەهات
ئەم سەفەرەت هەر لەبەر بوو …!

پڕووشکی پرسیارە قووڵەکە بەر بەشەکانی دوای خۆیشی کەوتووە ، کاریگەری ئەم پرسیارە درێژ دەبێتەوە بۆ کۆتایی دەقە ، بەمانایەک ئەم پرسیارە هەمیشە لەنێو دڵ و ناخی ماکەوە ڕەشپۆشەکە دووبارە دەبێتەوە . لەم بەشە دوڵبەری دڵشکاو باسی گەورەیی و بوونی ئەم خۆشەویستییە گەورەیەی بازەکەی خۆی دەکات ، لەنیو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی کە بە ( کۆترەکانی نێو مەقەڕ ) ناویان دەبات ، کاتێک لە ڕێگەی ( گێژەڵووکەیەکی سپی غەمگین ) خێڵی چیا نشینەکان هەواڵی ئەویان پێدەگات ، هەموو غەمگین دەبن و دەگرین . ( کۆترەکانی مەقەڕ و ژنە ماستفرۆشەکان و ڕەوەندەکانی نێو هۆبەی تازە هەڵدراوەکان و پیاوانی بەردەرکی مزگەوت و ژنانی سەرکوڵ و کانی ) .. هەموو پێکەوە گریابوون . بەڵام ئازارە ئاگراوییەکە لەناخی ئەودایە ، ڕەنگە بۆ ئەوانی تر ئەسەف خواردن و گریان ڕشتنی چەند دڵۆپە فرمێسکێک بەس بێت ، بۆ ئارامبوونەوەی کەف و کوڵ و هەستە خەمناکەکەی دەروونییان بەڵام ، بۆ ئەو ئەم شتانە و تەنانەت هیچ ڕەشەبایەک ناتوانێ ئاگری خەم و نائومێدییەکانی کپ بکاتەوە و یان بیکوژێنێتەوە ، چونکە ئەو دەزانێت / ئیتر لەمەودوا ژیانی بە چ ئاراستەیەک دا دەڕوات ؟! ، لەمەودوا زیندووەکی مردوو دەبێت ، ئیتر لە نێو قووڵایی نائومێدییەکانی دەڵێت ( هۆ بازەکەم پەلەت چی بوو ؟ مەرگ هەر ئەهات ، ئەم سەفەرەت هەر لەبەر بوو ..! ) .

بەڵام هێشتا ئەی بازی من
بۆ تۆ بەرەبەیانێکی زوو بوو
شیعرەکانت : هێشووی وشە زیوینەکانت
خەتی وەک زەنگیانە وردت
شێوەی ئیمزات ” کە لەسەری بولبول ئەچێ “
دار جگەرەیەک .. چەرخەکەت ..
چاکەتێکی کۆنی سەر قۆڵ پینەکراو ..
چاویلکەیەکی هەتاو و
تەزبێحێکی ئەبڵەق ، کڵاوێ ، پاندانێ
قەفەزێکی کەو .. لفکەیەک
شووشەیەک عەتری بەتاڵ و
هەگبەیەک و
ئاوێنەیەک
ئەی بازەکەم !
ئەمانە ئەو یادگار و شوێنەوار و میراتیانەی
بۆت جێهێشتووم ..!

ماکەوە ڕەشپۆشە غەمگینە دڵشکاوەکە ، لە باسکردن و وەسفکردنی بازەکەی بەردەوام دەبێ و ناتوانێ ئەو ماڵئاوایی و دابڕانە قەبووڵکات ، ئیتر لەمەودوا لەجیاتی خۆی دەبێ ژوان لەگەڵ کەلوپەل و ئەو شتانە بکات کە وەک میرات بۆی جێهێشتوون .. دەبێ لەمەودوا لەگەڵ ڕابردوو بژیت و ئایندە لەبیرکات ، یادی قسەکان و شیعرەکان و جووڵە و تەنانەت هەموو شتەکانی بکاتەوە ، ( شیعرەکان ، وشە زیوینەکان ، خەتی وەک زەنگیانە ورد ، تەنانەت شێوەی ئیمزای ” کە لەسەری بولبول دەچوو ..! ) ، تازە بازەکەی لەدەست دا ، چیتر لە شەوە تاریکەکان و ئەنگوستەچاوەکان لە چاوەڕوانی بازەکەی دا نابێت کە لەپڕێکا دەرکەوێت و بە تامەزرۆییەوە لەباوەشی بگرێت و شێتانە ئاوێزانی یەکتری بن و هەموو جەستەی ماچ بکات و شیلەی نێو دەمی بخواتەوە ، ئەم خەیاڵ و ڕۆژگارانە بەسەرچوون و بوون بە ڕابردوو ، تازە ئەوەی بۆی ماوەتەوە کۆمەڵێک یادگاری و کەلوپەلی سادە و بەڵام ژیانێکی سەروەری و پڕ شکۆ و مێژوویەکی پرشنگدار و بوونێکی ڕەسەن و شکۆمەند .. هەموو سەروەت و میراتی ئەم بازە گیانبازە ، ئەم شاعیر و خەباگێڕەی ڕێگای ئازادی بریتی بوون لە ، ( دار جگەرەیەک و چەرخێک ، چاکەتێکی کۆنی سەرقۆڵ پینەکراو ، چاویلکەیەکی هەتاو ، تەزبێحێکی ئەبلەق ، کڵاوێ ، پاندانێ ، قەفەزێکی کەو ، لفکەیەک ، شوشەیەک عەتری بەتاڵ ، هەگبەیەک و ئاوێنەیەک …! ) ئەگەر سەیری ئەو میراتەی بازە گیانبازەکە بکەین ، ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە ، شۆڕشی نوێ گەلەکەمان بە چ ڕۆح و بیروباوەڕێکی پۆڵایین درێژەی بە بوون و گەشەی خۆیدەدا ، خودان چ مرۆڤی ژیاندۆستی و خەباتکاری ڕێگای ئازادی بوون . کە گەیشتن سەربەخۆیی و ئازادی مرۆڤ گەورەترین ئامانج و سەروەت و میرات بووە بۆیان ، ئەوان خودان ویژدان و بیروباوەڕێک و ورەیەکی بەرزەفڕبوون ، نەک ژیانێکی شاهانە و میراتێکی میرانە و بەهەشتێکی خوداییانە ..!

ئەم شتانە .. گیانیان تیایە
ئەم شتانە قسە ئەکەن ڕازەکانییان ئەدرکێنن
ئەم شتانە .. ئەجوڵێن و دێنەلام و
لە باخەڵما ئەیاننوێنم
هەموو ڕۆژێ دەستیان بەسەردا ئەهێنم
بۆنیان ئەکەم ، بۆنی شووشە بەتاڵەکان
بۆنی هەگبە و بۆنی لفکە
چاکەتەکەت لەبەر ئەکەم
کڵاوەکەت لەسەر ئەکەم
عەینەگەکەت لەچاو ئەکەم
ئەچمە بەردەم ئاوێنەکە
بە پەندانەکەش لاسایی
خەت و ئیمزات ئەکەمەوە
بە تەزبێحیش دەنکە یادوو
دەنکە مەراقم ئەژمێرم
ئینجا ئەچم لە تەنیشت قەفەزەکەوە
هەڵئەتروشم
لەبەرچاوم وردە وردە قەفەزەکەت گەورە ئەبێ و
وا هەست دەکەم منیش پەڕوباڵ دەرئەکەم
ئیتر ئەبم بە ماکەوێکی ڕەشپۆشی خاڵ لەمل و
دەرکی قەفەز ئەکەمەوە و ئەچمە ناوی و
بە زایەڵە و فوغانەوە
بۆت ئەخوێنم ..!

وەکو گوتمان ئیتر ئەو تازە لەگەڵ ڕابردوو دەژیت ، لەگەڵ یادەوەری و شتەکانی ، لەگەڵ کەلوپەل و شیعرەکانی ، لەگەڵ پەیام و ئامانج و ئومێدەکانی ، هێندە بە تامەزرۆیی و لەناخەوە لەگەڵ یادەوەری و شتەکان دەژیت کە بۆئەو ئیتر لەمەودوا شتەکان گیانییان دێتە بەر و قسەدەکەن ، ڕازەکانییان دەدرکێنن ، لەگەڵیاندا دەخەوێت ، نازیان ڕادەگرێ و دەستییان بەسەردا دەهێنێ و دەیانلاوێنێتەوە .. شتەکان بۆن دەکات ، لیفکە و شوشەبەتاڵەکە و هەموویان بۆن دەکات ، بۆنی هەناسە و بۆنی جەستەی ئەویان لێدێت ، چاکەت و ئەینەگ و کڵاوەکەی لەسەردەکات و لەبەردەم ئاوێنە سەیری خۆی دەکات ، ئەو بە جەستە لە گەڵی نەماوە بەڵام ، هێشتا هەر لەگەڵیدا دەژیت ، بە پاندانەکەی لاسایی ئیمزا و دەست و خەتی ئەو دەکاتەوە ، بە تەزبێحەکەشی یەک یەک دەنکە یادەوەری و مەراق و خەون و ئومێدەکان دەژمێرێ ، یەک یەک ڕۆژە تەنیاکان و شەوە سەختەکان و ڕۆژە ڕەشەکانی عومری دەژمێرێت . ئیتر ژیان بەسەربردن لەگەڵ چەند کەلوپەلێکی سادەی بێهەست و گیان بەڵام ، لەخەیاڵی ئەو ڕۆحیان لەبەردایە و قسەی بۆ دەکەن .. لەدواجاردا وەک ماکەوێکی ڕەشپۆشی دڵشکاو ، دەرگای قەفەزەکە دەکاتەوە و پشت لەژیان دەکات و بە تاقی تەنێ لەنێو قەفەزەکە دەمێنێتەوە و یاخی دەبێت لەو ژیانە ، کە دواتر ڕوونتر قسەی لەبارەوە دەکەین ، ژیان هیچ بەهایەکی مرۆیی تیادا نامێنێتەوە ، ژیان بەتەنیایی و لەنێو قەفەزدا و ژیان لەگەڵ چەند کەلوپەلێکی سادە و سەرەتایی ، شکۆمەند و سەرفرازترە بۆ ئەو ، لەنێو قەفەزەکە دەمێنێتەوە و ( بە زایەڵە و فوغانەوە ، بۆت دەخوێنم ..! ) ئیتر تەواو دەستبەرداری ژیان دەبێت و بۆتاهەتا لەنێو قەفەزێکدا لەگەڵ یادەوەرییەکانی بازەکەی خۆی دەژی و بە زایەڵەی فوغانێکی خەمناکەوە بۆ تا ئەبەد بۆی دەخوێنێت ..!

لە شەوانی بەفرانباردا ، خۆشەویستیم سپی سپی ئەچێتەوە
لە شەوانی بەفرانباردا ، لەناو ماڵێکی سپیدا گوڵێکم ڕەش
لا دارستانێکی سپیدا ئاسکێکم ڕەش ، لە شەوانی بەفرانباردا
وەکو کولوو بەبێ خشپە دێیتە لام و دێیتە ژوورێ ..!

تازە ئەو لەناو قووڵایی وشیاری خۆیەوە بڕیاری ئەوەی داوە کە ، وەک کەسێکی یاخی دەست لەژیان و دەوروبەر بەربدات و تەنها و تەنها بە خەیاڵ لەگەڵ بازەکەی خۆی و ڕابردووە جوانەکەیان بژیت ، لەم پێناوەدا وەرزەکان و ساڵەکان و ڕۆژ و شەوەکان یەکبەداوایەک بەڕیدەکات ، لە شەوانی زستانی بەفرانباردا ، لەهاویندا ، لە بەهاردا ، لە پاییزدا ئەو هەر بەتەنیا لەگەڵ ئەودا دەژیت .. ئەمە دوابڕیارە و یاخیبوونێکی ئەبەدییە ، هەمیشەش هەستەکانی بۆ بازەکەی خۆی گەرم و گەرمتر دەبنەوە ، تەنیایی و سەختی ژیان و برسییەتی عەشقە گەورەکەی بۆ بازەکەی وەک هەمیشە هەر بە گەورەیی و زیندوویی دەمێنێتەوە ، ( لە شەوانی بەفرانباردا خۆشەویستیم سپی سپی دەچێتەوە ، لە شەوانی بەفرانباردا ، لەناو ماڵێکی سپی گوڵێکم ڕەش ، لە دارستانێکی سپیدا ئاسکێکم ڕەش … ! ) لەگەڵ ئەوەی ئەم دەقە چیڕۆکە شیعرە و دەکرێ لە ڕووبەرێکی فراوان کرانەوەی زمان تیا بەرجەستە بێت ، بەڵام ( شێرکۆ بێکەس ) بە توانایەکی شیعری بەهێز لەنێو ئەم دەقە شیعرییەش ڕەچاوی پێکهاتە شیعرییەکانی کردووە و لە ڕووی زمانەوە تا ئاستێکی باش لەنێو ڕووبەری شیعر ماوەتەوە ، زمانێکی شیعری و وشەی پاراو و ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوان ،، ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ، لەم دەقە پرسیار پێکهاتەیەکی بەرچاو و قووڵاییەکی بێئەندازەی بە دەقەکە بەخشیوە ، هاوکات لەم بەشەی سەرەوە و لە چەندین شوێنیتر ، پارادۆکسی ڕوون و دڵگیرمان پێشکەش دەکات ، ئەمەش بڕست و جوانییەکی زێتری بە دەقەکە بەخشیوە ، هەروەک لە دوو ڕستە شیعرییەی سەرەوە کە ( لەنێو ماڵێکی سپیدا ، گوڵێکم ڕەش .. لە دارستانێکی سپیشدا ئاسکێکم ڕەش ..! ) پارادۆکسێکی جوانی لەنێوان ڕەنگەکانی ( ڕەش و سپی ) پێکهێناوە ، ئەمەش جوانییەکی زێتری بە شیعرییەتی دەقەکە بەخشیوە .

هەر لەدوای تۆ لەدوای کۆچی سوور و خێرات بەچەند مانگێ
لەگەڵ وەعدەی ئەوەڵینی ماچ و موچی هەندێ گوڵی
زوو ڕسکاوی ، تازە مەمک کردووی
ئەم خاکەدا ، لەگەڵ وەعدەی یەکەم هەتاوی دەس گەرم و
ئەشق شکاوی سەرمادا
هەر لەدوای تۆ بە چەند مانگێ
گەورەترین بوومەلەرزەی ئاودامانی ئەم مێژووە
ئەم نەخشەیە .. هات و ڕوویدا
مەزنترین لافاوی خەڵک سێڵاوی سەر
سێڵاوی دەست و هاوار و گەردنی خەڵک
هات و ڕوویدا
بە سامترین ڕاپەڕینی خوێنی ئێمە
هات و ڕوویدا
ڕاپەڕینی چڕترین خەمی دیرۆکمان
ڕاپەڕینی بەرد بە بەرد و
داربەداری ئەم کێوانە
ڕاپەڕینی بازووەکانی جادەو گەڕەک
ژن و منداڵ
ڕاپەڕینی خۆشەویستی
لافاوی قاچ ، لێشاوی دەست ، سێڵاوی لەش
باهۆزی دەنگ
بوومە لەرزەی کۆت و زنجیر
هات و ڕوویدا
وەک تەلیسمێ وەک ئەفسانە
وەک خواوەندی ئازادی هات
بۆ یەکەمجار دەمی بەستراوی مێژوومان
کرایەوە و هەناسەی دا
ئاخ بازەکەم !
تۆ لە کوێ بووی …؟!

ئەم دەقە شیعرییە / لەگەڵ باسکردن لە عەشقێکی گەورە و باسی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی و هاوکات لەنێو هەناوی خۆیدا بە زمانی شیعر مێژووشمان بۆ دەگێڕێتەوە . هەردوای چەند مانگێک دوای شەهیدبوونی بازەکە ، ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەست پێدەکات .. ( هەر لەدوای کۆچی سووری تۆ بە چەند مانگێ ..! ) ، ئیتر ( شێرکۆ بێکەس ) بەشێوەیەکی زۆر جوان و نایاب باس لە ڕاپەڕینە جەماوەرییە سەراسەرییەکەمان دەکات ، باسی کات و شێوەی گڕو بڵێسەی خەڵک لە هەموو ئاستەکان و بەشدارییەکی تێکڕایی و پێکەوەیی .. ڕاپەڕین و هەستانی گشت ، پێشاندانی تامەزرۆیی و تێنوێتی مرۆڤەکان بۆ ئازادی و سەربەستی .. دەستەواژە و ڕستە شیعرییەکان بە شێوەیەکی ئیستاتیکی و هونەری داڕێژراون .. ڕاپەڕین لەسەرەتای بەهار بوو ، ( شێرکۆ بێکەس ) دەڵێ ،( لەگەڵ وەعدەی ئەوەڵینی ماچ و موچی هەندێ گوڵی زوو ڕسکاوی ، تازە مەمک کردووی ئەم خاکەدا ، لەگەڵ وەعدەی یەکەم هەتاوی دەس گەرم و تەشق شکاوی سەرمادا …) ، باس لەو زەمەنە دەکات ، دوای تێپەڕینی وەرزی زستان و شکانی تەوقی سەرما و لەگەڵ بەڵێنی یەکەم هەتاوی گەرم و ماچوموچی گوڵەکان و بەرگی جیاوازی خاک .. لەم زەمەنە ( مەزنترین لافاوی خەڵک ،سێڵاوی دەست و هاوار و گەردنی خەڵک هات و ڕوویدا ، … ڕاپەڕینی چڕترین خەمی دیرۆکمان ، ڕاپەڕینی بەرد بەبەرد و داربەداری ئەم کێوانە ، .. بوومەلەرزەی کۆت و زنجیر هات و روویدا ..! ) ، لە کۆتایی ئەم کۆپلە شیعرە بە جوانترین دەستەوازەی شیعری باس لە ڕوودانی ڕاپەڕین و ڕاماڵینی ئیستبدادی و جەور و ستەم دەکات ، هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ و خۆرەی ئازادی .. دەڵێت ( بۆ یەکەمجار دەمی بەستراوی مێژوومان کرایەوە و هەناسەی دا ..! ) بۆ یەکەمجار ، پڕ بە سییەکانمان شنەبای ئازادیمان هەڵمژی و دەمی بەستراوی مێژوو و خەون و ئاوات و ئومێدمان کرایەوە .. بۆ یەکەمجار گەیشتین بەو ڕۆژەی بە ئاکامی دڵ بتوانین قسە بکەین ، بنووسین ، هاوار بکەین ، تەنانەت بە ئاکامی دڵ بیربکەینەوە و خەون ببینین ..! بەڵام بۆ ژنە ماکەوە ڕەشپۆشەکە ، ئەگەر بەدیوێکدا ئەویش بەهرەمەند بێت لەم دەمکرانەوە و هەڵمژینی هەوای ئازادییە بەڵام لەهەمانکات تراژیدیاییەکی گەورەشە ، چونکە هەردوای چەند مانگێک بە لەدەستدانی بازەکەی ئەم ئاڵوگۆڕو ڕۆژگارە نوێیە هات و ڕاپەڕین ڕوویدا ، زەمەنێکی کورت تەنها چەند مانگێک و هیچیتر ، بۆیە لەنێو قووڵایی هەست و خەمەکانی ئەم پرسیارە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت ( ئاخ بازەکەی من تۆ لەکوێ بووی ..!؟ ) . ڕاپەڕین ڕوویدا ، خەڵک تێکڕا هەوای ئازادییان هەڵمژی و زەمەنی دوای ستەمی بەعسییان بینی ، لەسەر قسەکردن لە چەمکی شۆڕش و ڕاپەڕین و ماناکانی دواتر لە سیاقی ئەم لێکۆڵینەوەمان هەڵوێستەی لەسەر دەکەین و قسەی زێترمان دەبێت
لە دوای پەراوێزی یاداشتەکاندا ماکەوە ڕەشپۆشەکە
بە خەتێکی درشت نووسیبووی :

( دوای ئازادیش ڕۆژ هات و ڕۆی ، پاک هات و
پیس هات و بەڵام پیس هەر نەڕۆی ، ڕوون هات و
لێڵ هات و بەڵام لێڵ هەر ڕوون نەبۆوە ، چەقۆ هات و
قوربانی هات و کەچی چەقۆ تیژتر بۆوە . بای سپی هات و
بای بۆر هات و بەڵام بای بۆر هەر گڤە گڤی بوو . ئاوی
سەوز هات و ئاوی رەش هات و کەچی ئاوی رەش
هەر نەڕۆشت و هەر پەنگی خواردەوە . ئاسمان هات و قەفەز
هات و کەسێ نەهات بەلامەوە و من و برسێتی و
تەنیایی و ئەم قەفەزە هەر ماینەوە )

لە نێو هەناوی ڕۆژگارێکی نوێ و دوای هەناسەدان و دەمکرانەوەی مێژوو و ڕۆژگاری ئازادی ، ماکەوە ڕەشپۆشەکە ، ژنە شەهیدێکی قارەمان و گیانباز ، بە خەتێکی شاش و گەورە ئەم یاداشتە دەنووسێتەوە ، کە وێنەی تراژیدیایەکی گەورە و خەمێکی قووڵمان بۆ رەسم دەکات .. لە پشتی دێر بە دێری یاداشتەکانی ، تراژیدیایەکی ڕەش دەبینین .. هاوکێشەکان بەم ئاراستە ڕۆیشتن / پاک هات و پیس هات و بەڵام پیس مایەوە و نەڕۆیشت ..! ڕوون هات و لێڵ هات و بەڵام لێڵ مایەوە و هەر ڕوون نەبۆیەوە ..! چەقۆ هات و قوربانی هات و کەچی چەقۆ تیژتر بۆیەوە ..! دواجار دەڵێت / ئاسمان هات و قەفەز هات و کەسێ نەهات بەلامەوە / من و برسێتی و تەنیایی و ئەم قەفەزە هەر ماینەوە ..! دەکرا هاوکێشەکان بە ئاراستەیەکی تردا بڕۆن ، دەکرا هەموو شتەکان پێچەوانە بووایە ، چ شەرمەزارییەکە ژنە شەهیدێکی قارەمان لە دوای ڕاپەڕین و ئازادی ئەم یاداشتە بنووسێتەوە ، ئەم یاداشتە تەنها یاداشتی کەسێک نییە بە تەنها ، یاداشت و موعاناتی هەزاران ژنە شەهید و پێشمەرگەی قارەمان و کەسوکاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسییە .. موعاناتی هەزاران مرۆڤی ئازیخواز و تێکۆشەر و هەژار و نەدارانی ئەم کۆمەڵگە ستەمدیدەی ئێمەیە ، ( شێرکۆ بێکەس ) بەزمانی شیعری جوانترین یاداشتی نووسیوەتەوە کە تەعبیر لە موعاناتی میلەتێک دەکات .. دوای ڕاپەڕین و ئازادی ڕووبەری ناشیرنییەکان و پیسییەکان فراوانتر بوون ، چەقۆکان تیژتر بوونەوە و قەفەزەکان هەرمانەوە ، برسێتی زێتر بوو بە میوانی ماڵە هەژار و نەدار و مرۆڤە تەنیاکان . خۆشی و ڕەفاهیەتی خەڵک ڕوو لە دابەزین بوو .

ئێستە ڕۆحم قاقڕێکە و خۆڵی سووری تیا ئەبارێ . خۆڵێکی زەرد
کەتیرەیی ، بینین کوژ و بە هێواشی ئەنیشێتە سەر تەنیایی و
قەفەزەکەم ، سەر برسێتی و سکی خاڵیم ، ئەملکێنێ بە
غوربەتێکی تازەوە ، غوربەتی من لەنێو شایی ئازادیدا
غوربەتی خوێنی بازەکەم ، نامۆیی خوێنی بازەکەم بە هاوڕێ و
مەقەڕی خۆی ، غوربەتی مافێکی برسی و ماکەوێکی بێ
دان و ئاو ، ماکەوێکی بێوژنی تەنیا و ڕەشپۆش
ماکەوی ژنە بازێکی لەبیرکراو ..!
لەم کۆپلە شیعرەش ڕووبەری تراژیدیاکانی دوای ئازادی گەورەتر و گەورەتر دەردەکەون ، نەک تەنها برسێتی و فەرامۆشکردنی ژنە شەهیدێکی تەنیا ، بەڵکو فەرامۆشکردنی باز و شەهیدە قارەمانەکانیش .. بێبەهاکردنی خوێن و خەبات و گیانبازییەکانیان .. لەم کەشوهەوای ئازادییەدا ، برسییەتی وا لە مرۆڤەکان دەکات ، هەست بە غەریب و نامۆیی بکەن ، وا هەست دەکەن خوێن و لە دەستدانی بازەکانییان ، نامۆ بێت بەم دنیا نوێیەی ئازادی ، بەم کەسانەی نێو مەقەرەکان و نێو کۆشکەکانی دەسەڵات .. وەک ئەوە وایە هەموو شتێک لەبیرکرابێت .. هیچ شۆڕش و خەبات و خوێن ڕشتنێک رووی نەدابێت ، ئەم ڕۆژگارە نوێیە هەر لەخۆرا هاتبێت بوون . هیچ دایکێک جەرگی نەسووتابێ و هیچ گوند و لادێیەک خاپوور نەکرابێت ، قۆرتی بیابانەکان بە ئێسک و پرووسک و جەستەی مرۆڤە بێتاوانەکانی ئەم میلەتە ستەمدیدەمان پڕ نەکرابنەوە ..! ئەوە دەستکەوتی ڕاپەڕین و ڕۆژگاری دوای ئازادی و ئەوە قەدەری ئێمە بوو ..!
” ئاگادارییەک لە ماکەوە ڕەشپۆشەکەوە “
( ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی ئەرژەنگی دێو نەبوایە
ئەگەر لە ترسی گەڕانەوەی دۆڵپای تاعوونی بەغدا نەبوایە
ئێمەی ماکەوە ڕەشپۆشەکان برسیەکانی ئەم قەڵەم ڕەوە
هاوسەر و خوشک و دایکی و بازە پەڕوباڵ خوێناوییەکان
بە دەنووک بە دەنووک بە دەنووک
سەدان چاومان هەڵئەکۆڵی و ئەشمان خواردن ! )
ئیتر ڕۆشنە ، هەزاران گەنج و لاو و کچ و کوڕانی ئەم کوردستانە ، لەپێناو گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی خەباتیان کرد و گیانیان بەخشی .. بۆ ئەوە نەبوو ، ژنە شەهید و منداڵە شەهید و خانەوادەی پێشمەرگە و کەسوکاری کیمیاباران و ئەنفال ، برسی و ڕووت و ڕەجالانە بژین و کەسانێکیش خۆیان و ماڵ و منداڵ و خانەوادەکانییان شاهانە بژین .. خەبات بۆ ئەوە نەکرا ڕۆژ دوای ڕۆژ مەودای ئازادییەکان بەرتەسک بکرێنەوە و چەقۆکان تیژتر بکرێنەوە .. ئەگەر لەبەر گەڕانەوەی ئەژدیها هارەکەی بەغدا نەبا ، خەڵک بە چەپلە لێدان دەسەڵاتدارانیان شاربەدەر دەکرد و ماکەوە ڕەشپۆشە برسییەکان و کەسوکاری بازە پەڕوباڵ خوێناوییەکان ، هەر بە دەنووک سەدان چاویان هەڵدەکۆڵی .. شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ ئەوە نەکرا ، جارێکیتر بچنەوە بەغدا و ئەملاو ئەولای دیکتاتۆر ماچ بکەنەوە و ئاستی ورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک فەرامۆش بکەن و خەڵک نائومێد بکەنەوە . خەڵک هەر لەسەرەتاوە دەیزانی ئەم دەسەڵات و حکومەتی کوردییە لەسەر بنەمای دادپەروەری و دیموکراسییەکی ڕاستەقینە دانەمەزراوە ، بەڵام قەبووڵکردنی ئەم دەسەڵاتە بە عەیب و عار و بە هەموو خواروخێچییەکانییەوە ، تەنها مەبەستییان بوو دیکتاتۆری بەغدا نەگەڕیتەوە و جارێکیتر نەبنەوە بە مرۆڤی دەرەجە دوو و زیندووەکی مردوو بن ..!
ئەم دەرگای سەربرینانە
کێ لەم دەرگایانە ئەدات ؟!
ئەم هێلانەی بازو داڵانە چۆن تێکەڵ
بەیەکتر بوون ؟!
ئەترسم ئەترسم ئەترسم
لەم خۆڵە سوورە ئەترسم
ئەم چەقۆیانە چۆن هاتنە
ناو بەرۆکی سپیمەوە ؟!
ئەو گوڵکوژانە چۆن ئێستا
لەگەڵ گوڵدا هەڵ ئەپەڕن ؟!
ئەم دزانە بەکوێدا هاتنە ژوورەوە؟
چۆن گەیشتنە سەر چرپاکەم ؟
ئەو ئەسپانەیان چۆن خەساند ؟
ئەو کێوە زلە چۆن دزرا ؟
چۆن ؟ چۆن ؟ چۆن ؟

وەکو گوتمان خەڵک لەسەرەتاوە ، ئەم دەسەڵاتەی کوردی قەبووڵ بوو بە هەموو لاوازی و کەموکورتییەکانەوە ، دەسەڵاتی تازەی کوردی چ لەسەرەتاوە بەرەی کوردستانی ، نەهات ڕیز لەو هەستە و پێشوازییەی خەڵک بگرێت و دەستبکات بە گوڕانکاری و خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە ، لەبری ئەوە دەستی کرد بە دزین و تاڵانکردن و ئاودیوکردنی کەلوپەلەکانی سەدەی بێخمە هەموو شتەبەنرخەکان ، لە جیاتی بنیادنانەوە دەستیانکرد بە دووبارە وێرانکردنەوە ، دزی و تاڵان ، ( ئەم چۆقۆیانە چۆن هاتنە بەرۆکی سپیمەوە ..! ) ئەم دزی و تاڵانی و وەحشیگەرییەی دەسەڵاتدارانی کورد وەک چەقۆیەک بوو بدرێک لە سینگی هەر مرۆڤێکی بەویژدان و هەر تێکۆشەرێکی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی .. بەمانایەک / سەرەتایەک بوو بۆ دووبارە لەگۆڕنانەوەی خەونەکان و کوشتنی ئازادی و مافە مرۆییەکان ! ( ئەم دزانە بە کوێدا هاتنە ژوورەوە ؟ چۆن گەیشتنە سەر چرپاکەم …! ) ، خەڵک چاوەڕێی ئەوەی لەم حیزبانە نەدەکرد کە بەم شێوە بەرفراوانە دەست بە دزی تاڵانی و وێرانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەمان بکەن ، چونکە لە سەردەمی شاخ دروشمە بریقەدارەکانییان پێچەوانەی ڕەفتار و بنەمای کاروکردەوەی ئێستایان بوو ، کەچی خەڵک بە شۆکبوونەوە دەیانپرسی / ئەم هەموو دزانە لەکوێوە هاتنە ژوورەوە ، یان چۆن ڕێگەیان پێدراوە و چۆن پاڵپشتی لەم کەسە دزو جەردەو هەڵپەرستانە دەکەن .. ( ئەم ئەسپانەیان چۆن خەساند ؟ ئەم کێوە زڵە چۆن دزرا ..؟! ) ئەم دوو دێرە شیعرە پڕن لە جوانکاری شیعری و مانا و واتاکانییان زۆر تۆکمە و قووڵ و پڕ بەهان . یەکێکن لە جوانترین دەستەواژەی شیعری نێو ئەم چیڕۆکە شیعرە / ئەم ئەسپانەیان چۆن خەساند ..! دوای ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس ، لە حکومەتی خۆجێیی کوردی ، پشت نەبەسترا بە کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و کەسانی بە توانا و پسپۆڕ و شارەزا و خاوەن بڕوانامەی بەرز ، هەموو سەفەریان کردوو ئاوارەی هەندەران بوون …! ، کەچی هەموویان فەرامۆش کردن و پشتیان بە کەسانی بێ ئەزموون و ناشارەزا هیچنەزان بەستا .. ململانێ ی ناشەریفانەی حیزبی و نوێکردنەوەی کۆنە ڕقوقین و جیاوازی و دوژمندارییەکان و گرینگیدان بە بنەماڵە و دزی و تاڵانی دەسپێکی کار و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە خۆجێیە بوو ، ( شێرکۆ بێکەس ) بە جوانترین شێوە وەسفی کردووە ، بە جوانترین دێری شیعری ( ئەم کێوە زڵە چۆن دزرا ..؟! ) ، بە مانای دزی و تاڵانی هێندە لە ئاستێکی بەرین و بەرچاو بوو ، تەنها کێو و چیاکانمان مابوو بیدزن و ئاوای ئەودیوی سنووری بکەن ..! یان ئەم ( هێلانەی بازو داڵانە چۆن تێکەڵ بە یەکتربوون ..! ) ، ئیتر دوای ڕاپەرین کەسە تاوانبار و خۆفرۆش و پیاوەکانی ڕژێمی بەعس لە جیاتی ئەوەی دادگایی بکرێن ، بە سزای خۆیانیان بگەیەنن کەچی ، لە ئاکامی ململانێی ناشەریفانەی حیزبی و بە دژی یەکتر ، دووبارە دەسەڵات و پلەوپایەیان پێبەخشینەوە ، بینیمان زۆر تاوانبار و سەرۆک جاشەکان ، لە پێشمەرگە دێرین و قارەمانەکان دەسەڵات و پلەوپایەیان بەهێزتر بوون . شێرکۆ بەچاوەکانی خۆی دەیبینی کە چۆن ( هێلانەی باز و داڵانەکان تێکەڵاوی یەکتری دەبوونەوە ..؟! ئیتر شاعیر ئەم کۆپلەیە بە گومانێکی گەورە کۆتایی پێ دەهێنێ کە ماکەوە ڕەشپۆشەکە نە خودی شاعیر نە هیچ خوێنەرێکی ئازیز لە هونەری ئەم هەڵگەڕانەوە و ئەم گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوە و بەرنامە و کارکردی ئەم کەسە بەناو نیشتیمان پەرواوەرانە کە لە سەردەمی شاخ پڕووشکی ئاگر لە قسەکانییان هەڵدەستا و ئێستاش لە تاوانکاری و دزی و تاڵانی و خراپەکاری بوونەتە لێزان و پسپۆڕ ، کەس لەنهێنی ئەمە تێناگەن و هەموو بە شاگەشکەییەوە دەپرسن / چۆن ؟ چۆن ؟ چۆن ؟ .
من بازەکەم گوڵکۆیەکی دیارنییە
لە سینەم ئەم گوڵجاڕانە بەولاوە
کە مێرگی سوور
کە دەشتی سوور ئەنووسنەوە
من بازەکەم گوڵگۆیەکی دیاری نییە
هەتا منیش وەک ژنە هەوری ئەم شارە
هەوری ڕەشپۆش
هەموو ڕۆژانێکی هەینی
خەمەکانم کۆکەمەوە و
بچم بەسەریا ببارێم
من دار هەنارێکم هەیە تەنیا
تەنیا و تەریک
هەر خۆی و خۆی
وا لە باکووری ئەم شارە
هەموو ڕۆژانێکی شەمە
هەر خۆم و خۆم
ئەچم بۆلای منیش وەک ئەو
هەر بە پێوە ڕائەوەستم ، هەتا بوولێڵ
چاو ئەبڕمە قەدوباڵای ، ماچی ئەکەم
دەستی ساردم ئەخەمە سەر شانەکانی و
هەڵئەلەرزێم وەکو گەڵای
یەکەم جاربوو
ئەم دار هەنارە تەنیایە
ئەم هاوڕێ گوشەگیرە
لە شەمەیەکی زیوینی بەرباراندا
لەسەر قەدی لەسەر سینگی
لەسەر دەستی
شیعری یەکەمین ژوانی
من و بازەکەمی نووسی ..!
ئیتر لەم کۆپلە شیعرە ، کەسەکان و بیرکردنەوەکان دەگەنە ئەوپەڕی نائومێدی ، خۆرەتاوی ئومێدەکان بەرەو ئاوابوون و مۆمەکان بەرە و کزبوونە و کوژانەوە دەڕۆن .. هیچ ڕێزێک بۆ چەمکەکانی ، مرۆڤ و نیشتیمان و شۆڕش و قوربانیدان و تەنانەت خودی ئازادیش نامێنێتەوە ، ئومێدەکان بە بەرگی نائومێدی دادەپۆشرێن ، بازەکەی ئەو گوڵگۆیەکی دیار نییە ، گیانبازییەکەی لەپێناو ڕزگاری ئازادی مرۆڤەکان و نیشتیمان ، بوو بە گەڵایەکی هەڵوەریوی دەم با ، خەونە گەورەکان بوون بە تۆز و غوبار ..! نەک تەنها بازە گیانبازەکەی تەنانەت خۆیشی وەک ژنە هەورێکی ئەم شارە ژنە ڕەشپۆشێکی تەنیای فەرامۆشکراو ، برسی و بێکەس ، تەنها ئەوەی بۆ ماوەتەوە لەگەڵ خەمەکان و ئازارەکانی هاودەم بێت و هیچیتر ، هەموو ڕۆژانێکی هەینی خەمەکانی کۆکاتەوە و بچێت بۆ ژێر ئەو دارهەنارەی کە شوێنی یادەوەرییەکان و جێی ژوانی خۆی و بازەکەی بوو ، خەمەکان و فرمێسکەکانی بەسەردا ببارێنێت و باسی میحنەت و ژانی کوشندەیی تەنیایی خۆی بۆ بکات ..! ( تەنیا و تەریک ، هەر خۆیی و خۆی .. وا لەباکوری ئەم شارە ، هەموو ڕۆژانێکی شەمە دەچێ بۆلای ..! ) لەوێدا لەژێر ئەو دارهەنارەدا بازەکەی وەک پەیکەرێکی زیندوو دەردەکەوێتەوە ، ئەمیش هەر بە پێوە لە گەڵیا ڕائەوەستێ و هەتا بوولێڵ چاو ئەبڕتە قەدوباڵای ، ماچی ئەکات و دەست ئەخاتە سەرشانی ، تەنها و تەنها هەرخۆی و ئەو ، لەژێر ئەم دار هەنارەدا ، دوور لە چاوی هەموو شار و دەسەڵاتی گەندەل و مافیای کوردی ، لەگەڵ ئەودا بەخەیاڵ تێکدەئاڵێنەوە و هەموو جەستەی هەڵئەلەرزێ ، لەژێر ئەم دارهەنارە ، چیڕۆکی ژنە ماکەوێکی ڕەشپۆش و بازێکی گیانبازی ڕێگای ئازادی ، عەشقێکی گەورەی ئەم دوو مەعشوقە خۆی دەنووسێتەوە ، ئەم دارهەنارە تەنیایەی گۆشەگیر و تەنیا داماو وەک ئەوان . کە لە شەمەیەکی زیوینی بەرباراندا بازەکەی ئەو یەکەمین کۆپلە شیعری عاشقانەی خۆی لەم جێژوانە ، لەسەر قەدی ئەم دار هەنارە بۆ دوڵبەرەکەی خۆی نووسیوەتەوە ، ئیتر ئەم دار هەنارە بوو بە گلکۆو بوو بە ماڵی ئەبەدی عەشقی ماکەوێکی ڕەشپۆش و بازێکی گیانبازی ڕێگای ئازادی .
هەموو ڕۆژانێکی شەمە ئەچم بۆلای
منیش وەک ئەو هەر بە پێوە ڕائەوەستم
هەتا بوولێڵ
ئەوسا ئیتر وەک خەمێکی قژ درێژ
وەک ماکەوێکی ڕەش پۆش
تەنیاو بێزار
دائەگەڕێم و ئەچمەوە
بۆناو قەفەزی ژوورێکی
دامێنی شار …!
ئێستا ماکەوە ڕەشپۆشەکە هەر خۆیی و خۆی ، تاک و تەنیا و فەرامۆشکراو ، لەژوورێکی کەناری شار ، دوای گەورەترین نائومێدی و مردنی خەونەکان ، ئەوەی ماوە بۆی بژی ، یادەوەری بازی گیانبازەکەیەتی و هیچیتر ، دارهەنارێکی تەنیا و گۆشەگیر ، شوێنی ژوانی خۆی و بازەکەی ، هەموو رۆژانی شەمە خۆی و کۆڵێک خەم و ئازار ، خۆی و بوخچەیەک لە خەون و ئومێدی سەربڕاو ، دەچێ بۆ ئەو شوێنە ، هەتا بوولێڵ لەگەڵ پەیکەری بازەکەی و یادەوەریەکانی دەمێنێتەوە ، دواتر وەک ماکەوێکی ڕەشپۆش و تەنیا و بێزار ، دەچێتەوە نێو قەفەزی ژوورێکی دامێنی شار ..! هێندە تەنیایە ژوورەکەی وەک قەفەزێکە بۆ ئەو ، هەموو شەمەیەک تا تاریکی لەژێر دارهەنارەکە دەمێنێتەوە و دواتر دەگەرێتەوە نێو ژوورەکەی واتە ناو قەفەزەکەی . ئەم گەڕانەوە بۆ نێو قەفەزەکەی .. لە کەنار و دامێنی شار .. هێمایە بۆ دەرگا لەسەرخۆ داخستن و ڕەتکردنەوە و یاخیبوون ..! ڕەتکردنەوە و یاخیبوونێکی بە ئاگاهانە .. شاعیر زۆر بە وریایی و وشیارییەوە ، دیماهی بە چیڕۆکە شیعرەکەی هێناوە ، بیرمان نەچێ ، ئەم شیعرە لە ساڵی نەوەد و سێ نووسراوە ، لەوکاتە ( شێرکۆ بێکەس ) لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم وەزیری ڕۆشنبیری بووە ، دەکرێ ئەم کۆتایی یاخیبوونەی ئەم دەقە شیعرییەی هاوکات بێت لەگەڵ یاخیبوونێک لەنێو خودی شاعیر بەرجەستە دەبێت و پلە و پایە و کورسی وەزارەتی دەسەڵات و حکومەتێکی نادادپەروەر و گەندەڵ ڕەتدەکاتەوە و وازدەهێنێ ، ماکەوە ڕەشپۆشەکەی نێو ئەم چیڕۆکە شیعرەش یاخی دەبێ لە ژیان و لە شار و دەسەڵات و لەهەموو کەس ، دەگەڕێتەوە نێو ژوورەکەیی و وەک ماکەوێکی ڕەشپۆش و تەنیا و بێزار لەنێو قەفەزەکەی دەمێنێتەوە ، دەرگا لەسەرخۆی دادەخات و پشت لە ژیان و شار و ئاوەدانی دەکات .

  • کۆتایی و بەرئەنجام
    ئەم چیڕۆکە شیعرە ، بە بڕوای من یەکێکە لە دەقە شیعرییە جوانەکانی ( شێرکۆ بێکەس ) ، کە ناوەڕۆکێکی پڕ لە جووڵەی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی هەیە ..! هێلێکی تەریب دەبینین لەنێوان شیعر و ژیان ، ئەو ڕاستییەش دەخوێنینەوە کە ڕەگی درەختی شیعر چۆن بەنێو قووڵایی خاکی ژیان و بەها مرۆییەکان چوونەتە خوارەوە ..! ، ئەم چیڕۆکە شیعرە .. مێژووی خەبات و تێکۆشانی ناو شاخ و تەمەنێک لە شۆڕشی کوردمان بۆ ڕەسم دەکات ، بە هەموو بەرزی و نزمیەکانییەوە ، دواتر ڕاپەڕین و دەسەڵات و حکومەتی خۆجێیی کوردی لە هەمانکاتیش ، ڕەخنەیەکی تۆخە لە دەسەڵات و سیستەمی ئەم حکومەتە خۆجێیە.. ڕاستگۆیانە و دووربین و بیرتیژانە هەموو شتێک دەنووسێتەوە ، هەروەک گتومانە ، ڕاستگۆیی لە نوووسین ڕووبەری جوانی بەرین و بەرینتر دەکات ، بۆیە لەم دەقە شیعرییە جوانییەکان خۆیان قسە دەکەن ، ئەوەش دەخوێنینەوە کە / نووسین چ ئەمانەتێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە ، لە پشت وێنە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکان ، وێنەی قەڵەمێکی ڕاستگۆ و بوێر دەبینین ، هاوکات شاعیرێکی بیرتیژ و دووربین و هەست ناسک و ژیاندۆست .. بیرتیژی شاعیر لەوەدایە / لە خوێندنەوەی بۆ تەمەنێکی کورتی دەسەڵاتی کوردی ئەوکات ، لە ساڵی ( نەوەد و سێ ) ، واتە تەمەنی دەسەڵاتی کوردی بە بەرەی کوردستانی و کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمەوە تەنها ( دووساڵ یان سێ ساڵ ) بووە ، هەر لەو کاتە وەک ئەوە وایە ، ئێستای دەسەڵاتی حکومەتی کوردیمان بۆ بخوێنێتەوە .. کە ئێستا ئەم حکومەتە پێی ناوەتە ( سی ساڵ ) تەمەن ، لە بەرنامەی کاری حکومەت و لە کارو کردەوەکانییان ئەوەی لەلا ڕوون بووە کە ئەم حکومەتە ئایندەی چۆن دەبێ و بە کام ئاراستەدا دەڕوات . دیارە ئەوکات حکومەتێکی ساوا بوو بەڵام ، ئێستا حکومەتێکی خاوەن ئەزموون ، بێگومان خاوەن ئەزموون لە خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات ، لە دزی و تاڵانی ، لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی نیشتیمان ، لە برسیکردنی خەڵک و بڕینی مووچە و بەرتەسک کردنەوەی رووبەری ئازادی و پێشێڵکردنی مافە ڕەواکانیان و چەمانەوە بۆ دەوڵەتانی ئیقلیم و لە دەستدانی سەدا پەنجای خاکی نیشتیمان و دواجار بە ئیفلاس گەیشتن لە هەموو بارێکەوە و زۆر شتیتر …! بە داخێکی زۆرە دەڵێین کە دەسەڵاتدارانی کورد لە ماوەی سی ساڵ لە حوکمڕانی بە هیچ شێوەیەک ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ خۆیان و بەرنامە و بیرکردنەوە و دروشمە بریقەدارەکانی سەردەمی شۆڕش و شاخ .. کە هەموو شتێکیان بێبەهاکردووە ، شکۆی نیشتیمان و شکۆی تاکی کورد و هەموو شتێک ، ڕۆحی تاکی کوردییان وێران کردووە بە تایبەت توێژی گەنج و لاوان ، جگە لە نائومێدی هیچ شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانین باس لە دوو چەمکی ( ڕاپەڕین و ) و ( شۆڕش ) بکەین .

    کە ئەم دوو چەمکە وەک دوو کردە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری کاردەکەن یان ڕوودەدەن ، گوڕانکاری لە سیستەم و لە هەموو سێکتەرەکان .. بەمانایەک گۆران لە ژیانێکی خراپ بەرە و ژیانێکی باشتر و ئاسوودەتر .. دوای سی ساڵ لە حوکمرانی ئایا کام گۆڕان و کام ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک بەدیهاتووە ؟ بۆیە هەموو چەمکەکان بێبەهابوون ، لە مانا بنەڕەتییەکانی خۆیان داشۆراون .. تا ئاستێک خەڵک نائومێد بووە لەم دەسەڵاتە کە ، خەریکە پەشیمان دەبنەوە لە شۆڕش و ڕاپەڕین ..! خەریکە پەشیمان دەبنەوە لەم هەموو گیانبازی وخوێنەی بەخشراوە لەپێناو ئازادی ڕزگاری ..! دوای سی ساڵ پەیوەندی نێوان ( دەسەڵات و تاک ) ، پەیوەندییەکی ناتەندروستە و تا دێت مەودای نێوانییان بەرین و بەرینتر دەبێتەوە ، بێ متمانەی لە ڕووبەرێکی فراوان ئیشدەکات ، دوای سی ساڵ / تا دێت سفرەکان خاڵیتر و زامەکان قووڵتر دەبنەوە ، تا دێت چەقۆکان تیژتر دەبنەوە بۆ کوشتنی ئازادی و سەربڕینی خەونە گەورەکان ، بیرتیژی و دووربینی شاعیر لەوەدایە ، هەر لەسەرەتاوە ئەوەی خوێندۆتەوە کە ڕێڕەوی ئەو دەسەڵاتە کوردییەی ئەوکات بە چ ئاقارێک دادەڕوات ، ئەمەش ئەو بیرکردنەوەیەی ( ئەرستۆ ) پشتڕاست دەکاتەوە کە / پێیوابوو شاعیر وەک مێژوونووس تەنها ئەو ڕووداوانە نانووسێتەوە کە ڕوویانداوە بەڵکو ، دەتوانی قسە لەسەر ئەو رووداوانەش بکات کە دەشی ڕووبدەن ..! بۆیە ئەم دەقە شیعرییە پڕە لە پرسیاری گەورە و گومانی گەورە ..! ( ئەم کێوە زلە چۆن دزرا …!؟ ) ، ئەمە گەورەترین پرسیار و گەورەترین گومان و خوێندنەوەی لە بەرهەمهێناوە ..! هەربۆیە ، ئەم دەقەی بە یاخیبوون کۆتایی پێدەهێنێت و خۆیشی وەک وەزیرێک ناتوانێ لەگەڵ نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتێکی لەم چەشنە بەردەوام بێت و وازدەهێنێت ، وازهێنانی ( شێرکۆ بێکەس ) لە کورسی وەزارەت ، شتێکی سەرسووڕمان عەجیب و غەریب نەبوو ، مەبەستمە بڵێم پێچەوانەکەی ڕاست بوو ، بەمانایەک گەر بەردەوامبووایە ئەوکات جێگای سەرسووڕمان بوو ، چونکە شاعیرێکی ڕاستگۆ و مرۆڤدۆست و داهێنەر بە هیچ پاساوێک لەنێو ڕووبەری ناشیرینی دەسەڵات و سیاسەت جێگای نابێتەوە و ناتوانێ بەردەوام بێت ..! چونکە شیعر مرۆڤ و بەهای مرۆڤی لەلا گرینگە ، ئازادی و بەختەوەری لەلا گرینگە نەک ،( دەسەڵات و پلە و پایە ) ، بۆیە خۆشبەختانە ( شێرکۆ بێکەس ) شاعیرێکی ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆیی و بیرکردنەوەکانی و لەگەڵ شیعر ..! لێرەدا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە گتومانە / ( شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! ) ، شیعر وەک سەرچاوەی عەشقێکی گەورە بۆ ژیان و بوون لەگەڵ مرۆڤ و بەهای ڕاستییەکان هاوتەریبە ، شیعر لەگەڵ خەون و هیواو ئومێد دایە..! شیعر ناتوانێ بێدەنگ بێت ، لە هەموو ئەو شتانەی کە ژیان ناشیرین دەکەن ، شیعر هەمیشە قسە دەکات و بەدەنگ دێت .. لێرەدا جیاوازی ( شیعر و سیاسەت )مان بۆ دەردەکەوێت . یان ئەوەی لەشوێنیتر گتومانە / لەو شوێنەی سیاسەت لەنێو رووبەری جوانی دایە ، لەو شوێنە شیعر و سیاسەت بەدوو هێلی هاوتەریب دەڕۆن بەڵام ، لەو شوێنەی سیاسەت لە دەرەوەی ڕووبەری جوانی دایە ، واتە لەنێو رووبەری ناشیرینی دایە لەوێدا / شیعر و سیاسەت بە دوو ئاراستەی پێجەوانە ڕێدەکەن .. چونکە ، لە بنەڕەتدا شیعر ئامانجی جوانکردنی ژیان و بەرهەمهێنانی جوانییە . هەروەک لەم دەقە شیعرییەی ( شێرکۆ بێکەس ) بینیمان ، کە سیاسەت و دەسەڵات / لەنێو ڕووبەرێکی ناشیرین ئیش دەکەن واتە لە دەرەوەی ڕووبەری جوانیدان ، هاوکات / شیعریش وەک هاوارێکی یاخی بە دژیانەوە هاتۆتە دەنگ ، بەمانایەکیتر / لەم دەقەدا ئەوە دەبینین / کە شیعر و سیاسەت لە دوو سەنگەری جیاواز و بە دوو ئاراستەی جیاواز ڕێدەکەن . دواجار بەوە دەگەین کە / شیعر وەک بوونێکی گەردوونی و زمانی مرۆڤ هاوکات ، پەرچەمێکی شەکاوەی ژیان دۆستیشە …! .

سەرچاوە :

  • دیوانی ( شێرکۆ بێکەس ) .. بەرگی سێیەم مارسی ٢٠٢١

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish