Skip to Content

ڕۆمانی (ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم) بڵاو ده‌کرێتەوە

ڕۆمانی (ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم) بڵاو ده‌کرێتەوە

Closed
by كانونی دووه‌م 13, 2020 Books, General

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ ڕۆمانی (ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ هه‌ڵده‌گرم) ی ڕۆماننووس ئارام محه‌مه‌د چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه. بەمەش بڵاوکراوەکانی نووسیار یەکەمین ڕۆمانی خستە نێو زنجیرەی خەرمانەی نووسیار بۆ ڕۆمان.
له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه‌ ڕۆماننووس ده‌ڵێت: ”به‌شێكی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، خه‌ریكی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ ڕابردوو، تاوه‌كو ئێستا و داهاتوو بخاته‌ به‌رده‌م تێگه‌یشتنێكی ڕوون و ئاڵۆزییه‌كان شڕۆڤه‌ بكات. ئه‌م كاره‌ ئه‌زموونێكی جیاوازی منه‌، له‌ بواری گێڕانه‌وه‌دا، جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌مكێكی گرنگ، كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌، ئه‌ویش چه‌مكی ئازادیی تاكه‌، له‌به‌رده‌م پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا به‌ ڕاستی ئێمه‌ ده‌زانین ئازادی چییه‌، كاتێك به‌ر ئه‌و پانتاییه‌ كه‌وتین چیمان لێهات، ئه‌ی ئێسته‌ چی بكه‌ین؟ بۆ ڕۆچوون له‌ ورده‌كارییه‌كان، پێویستمان به‌ قسه‌كردنه‌، گێڕانه‌وه‌ ده‌رگا‌ی ڕزگاربوونه‌‌ له‌ مۆته‌كه‌ی ئه‌و حه‌كایه‌ته‌ی، كه‌ نزیكه‌ی سی ساڵه‌ وه‌ك تارماییه‌ك به‌سه‌ر تاكه‌وه‌یه‌.”

پەڕەگرافێک لە ڕۆمانەکە:

” ئێستاكه‌ هیچ شتێك وه‌ك نووسین ئارامبه‌خش نییه‌، ئه‌وه‌تا له‌ به‌رانبه‌رتدا وه‌ستاوم و قسه‌ت بۆ ده‌كه‌م. لێره‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌توانم بارته‌قای هه‌موو ناخۆشییه‌كانی ژیانم چێژ له‌و گفتوگۆیه‌ وه‌ربگرم. ده‌مه‌وێت له‌ناو ئه‌و نووسینه‌دا تێر لێت بڕوانم و ئه‌و كارانه‌ی نیوه‌چڵن یان نه‌مكردوون، ته‌واویان بكه‌م. ده‌زانم ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نییه‌، لێ له‌ناو ئه‌و دۆخه‌دا قاڵ بوومه‌ته‌وه‌. ئیتر ئاوایه‌، مرۆڤ كه‌ لای ڕوون بوو بۆ كوێ ده‌چێت، باشتر ڕێگه‌كه‌ ده‌بڕێت.”

ڕۆماننووس (ئارام محه‌مه‌د) لە دایکبوی ١٩٨٤ی هه‌ولێر – کوردستانه‌. به‌كالۆریۆسی له‌ زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی دهۆك وه‌رگرتووه‌. لە زۆربەی ڕۆژنامه‌ و پاشکۆ ئەدەبییەکانی کوردستان، چیرۆك و وتاری ئه‌ده‌بی بڵاو كردۆ‌ته‌وه‌. خاوەنی چوار ڕۆمان و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكێكه. ‌
سه‌مای سڕبوون ( ڕۆمان-٢٠١٢) و خه‌وتوو (ڕۆمان-٢٠١٤) و مه‌رگی مێژوونووس (ڕۆمان-٢٠١٦) و ده‌رگه‌كانیش هیلاكن (چیرۆک-٢٠١٨) و ڕۆمانی (رۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم) پێنجه‌م ئه‌زموونی ئارام محه‌مه‌ده‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان بڵاو ده‌کرێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress