
زاراوه‌و چه‌مكی چیرۆك … محه‌مه‌د سهرابی
چیرۆك كه زاراوه‌یه‌كه له ڕه‌خنه‌سازی ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌كارده‌هێندرێت، به‌رانبه‌ری له زمانی ئینگلیزدا وشه‌ی (story) بۆ به‌كاردێت. یاخود باس له‌وه ده‌كرێت، كه دوو وشه هه‌یه له زمانی ئینگلیزی‌دا (storey) و (story)، یه‌كه‌میان واته (story) واتای چیرۆك و حیكایه‌ت دێت. هه‌رچی دووه‌میشیانه، واته (storey) به واتای مێژوو-به‌كارهێنانی كۆنه. له وڵاتانی دیكه‌دا، لای هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌وروپایی (نۆڤێڵ – novella) و به ڕوسی (راسكاز – Racckaz)ی پێده‌ڵێن. له زمانی عه‌ره‌بیشدا زاراوه‌ی (قصه) له وشه‌ی (قص) واته گێڕانه‌وه، به‌كاردێت.
ئه‌مه ده‌رباره‌ی زاراوه‌كه‌ی، هه‌رچی ده‌رباره‌ی چه‌مك و شیكردنهوهشییهتی، ده‌توانین بڵێین، چیرۆك له مێژووی ئه‌ده‌بی هه‌ر نهتهوهیهكهدا، وه‌ك هونه‌رێكی سه‌ره‌كی په‌خشانی ئه‌ده‌بی له‌پاڵ ژانری ڕۆمان و شیعردا یه‌كێكه له ژانره گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بیش له‌پاڵ كایه‌كانی دیكه‌ی زانست و فه‌لسه‌فه‌دا، یه‌كێكه له كایه گرنگه‌كان بۆ تێگه‌شتن له دیارده‌كانی ژیان و مرۆڤ و بوون. بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌مكێكی وه‌كو (چیرۆك) تێبگه‌ین و شیبكه‌ینه‌وه، گرنگه سه‌ره‌تا له پێناسه‌ی چه‌مكه‌كه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین و ئه‌و تێڕوانین و تیۆرانه بخه‌ینه‌ڕوو، كه له‌لایه‌ن بیرمه‌ندان و لێكۆڵه‌رانی كایه‌كه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو تیۆریزه كراون، ئه‌گه‌رچی پێناسه‌كردنی هه‌ر چه‌مكێك خۆی له‌خۆیدا ڕێژه‌ییه‌و چه‌سپاندنی به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی، كه بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان بشێت، كارێكی ئاسان نییه‌و زۆری ده‌وێت، به‌و پێیه‌ی چه‌مكه‌كان ده‌لاله‌تی دیارده‌كانی ژیانن و ژیان و دیاره‌كانیش به‌رده‌وام له‌گۆڕاندان، هه‌ر بۆیه مانا‌و هاله‌ی چه‌مكه‌كانیش به پێی قۆناغه‌كان و له بیرمه‌ندێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌شێت بگۆڕێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت هه‌ر پێناسه‌و شیكردنه‌وه‌یه‌ك به‌شێك له ڕاستییه‌كان بخاته‌ڕوو و ده‌رئه‌نجام به‌یه‌كه‌وه وێنه‌یه‌كمان بۆ ته‌واوبكه‌ن. ئه‌م پێشه‌كییه بێگومان بۆ چه‌مكی چیرۆكیش ڕاسته‌و به سرنجدانمان له تێڕوانینی بیرمه‌ندان و توێژه‌رانی ئه‌م بواره، ده‌شێت به‌ر ڕای جیاواز بكه‌وین. (ئه‌دگار ئه‌لان پۆ١٨٠٩-١٨٩٤ز) كه خۆی سهرئامهدی ئه‌م هونه‌ره‌یه له ئه‌مریكادا، له پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌دا پێوایه كه ((كورته چیرۆك هه‌ڵوێستێكی سنوورداره‌و ئه‌گه‌ر كاته‌كه‌ی درێژه‌ی كێشا، گه‌وهه‌رو ده‌لاله‌تی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و ته‌نیا ده‌بێته خستنه‌ڕووی ڕوداو)).
وه‌ك له پێناسه‌كه‌دا ده‌یبینین، (ئه‌لان پۆ) جه‌وهه‌ری كورته چیرۆك ده‌به‌ستێته‌وه به كاتهكهیهوه، ئه‌وه‌ی وا له هه‌ڵوێستێك ده‌كات بچیته قاڵبی كورته چیرۆكه‌وه، سنوردارێتی و كورتی كاته‌كه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ش ئه‌ركی چیرۆكنوس قورس‌تر ده‌كات به به‌راود به ڕۆماننوس، كه كات و مه‌ودایه‌كی فراونتری له‌به‌رده‌ستدایه بۆ بنیاتنان و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی، چونكه ده‌بێت هه‌وڵبدات ته‌واوی ئاستی هونه‌ری و ته‌كنیككاری خۆی له‌و كاته سنوورداره‌ی هه‌یه‌تی، چڕبكاته‌وه‌و ڕووداوی چیرۆكه‌كه‌ی بینابكات.
له كاتێكدا (ڕۆلان بارد) به جۆرێكی دیكه پێناسه‌ی چیرۆك ده‌خاته‌ڕوو و په‌یوه‌ندی چیرۆك، به بیر‌و ئیقاعی داڕشتنهكهیهوه گرێدهداتهوهو ده‌ڵێت: ((چیرۆك بریتییه له كۆمه‌ڵێك ڕسته كه هه‌موویان، له كۆكردنه‌وه‌ی واتاكانیان بیرێك دروست ده‌كه‌ن، دیاره ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی ڕستانه‌ش بنیاتێك دروستده‌كات، كه چیرۆكــهو جیایه له‌و بنیاتهی كه له شیعردا هه‌یه، هه‌ر به‌هۆی وشه‌و ئیقاعه‌وه، ئه‌و یه‌كه ڕێزمانییهو واتایانه‌ی كه له ڕسته‌ی چیرۆكدا هه‌یه)). یاخود به چه‌شنێكی دیكه، له ناساندنی چه‌مكی چیرۆكدا ده‌نوسرێت: ((گێڕانه‌وه‌یه‌كی په‌خشانی ئه‌ندێشه‌یین و زاده‌ی بیر‌و لێكدانه‌وه‌ی خه‌یاڵی چیرۆكنوسانن، جگه له ته‌كنیك و ڕه‌گه‌زه هه‌مه‌جۆره‌كانی، كه له جیهانی هه‌ر یه‌كێكیاندا چه‌شنه ئاراسته‌یه‌ك دهگرێتهبهرو بۆخۆی جیهانی ناوه‌كی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت)).
ڕه‌خنه‌گری فه‌ڕه‌نسی (جان بۆیۆن) له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی ( كات و ڕۆمان) ده‌رباره‌ی هونه‌ری كورته چیرۆك ده‌ڵێت: ((كورته چیرۆك له كه‌سێكدا یان چه‌ند كه‌سێكدا ڕوده‌دات به ئاسۆیی؛ واته ئه‌و ژیانه ڕاده‌گرێت تاوه‌كو جێگیریبكات له بارێكدا، كه به باشترین ژیانی ده‌زانێت به هۆی ئه‌و دهلالهتهیهوه كـه هه‌یه‌تی، به‌ڵام ڕۆمان شوێن پێی ژیانی كه‌سێكی دیـــاریكراو هه‌ڵده‌گرێت و گهشــهكردنهكهی به‌ده‌رده‌خات)).
واته له چیرۆكدا، چیرۆكنوس فۆكسی ڕوانیینی خۆی ده‌خاته سه‌ر یه‌ك لایه‌نی ژیان و ڕووداوێك كه به شایه‌نی ڕاوه‌ستان و خستنه‌ڕووی ده‌زانێت، بۆمان وه‌رده‌گێڕێت و ئه‌و دهلالهتانمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو كه دركیپێدهكات و به شایه‌نی له‌سه‌روه‌ستانی ده‌زانێت. لێره‌دا به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانه‌وه، كه ده‌كرێت چه‌ندین لایه‌ن و قۆناغی جیاواز له ژیانی كارهكتهرهكانمان بۆ وه‌رگێڕێت. له كورته چیرۆكدا، چیرۆكنوس فۆتۆگرافه‌رانه كار له‌سه‌ر قۆناقێكی كورت و مهبهستتدار ده‌كات، به مانایه‌كی دیكه وه‌ك ده‌گوترێت: ((چیرۆك وێنه‌كێشانی لایه‌نێكی ژیانه)). یاخود وه‌ك (پیتس) له‌م لایه‌نه‌وه وه‌ها پێناسه‌ی چیرۆك ده‌كات كه ((ده‌كرێت كورته چیرۆك هه‌ر شتێك بێت كه نوسه‌ر بڕیاری له‌سه‌ر بدات، هه‌ر له مردنی ئه‌سپێكه‌وه بۆ یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی كیژۆڵه‌یه‌كی شۆخ، تا وێنه‌یه‌كی پیاههڵدراوی وێژه‌یی خاڵی له گرێی هزری و ده‌روونی، تا ئه‌و نوسینه‌ی كه چڕوپڕترین گرێی درامی و هونه‌ری له‌خۆده‌گریت)).
خه‌سڵه‌تی چیرۆك وایه كه ڕه‌گه‌زه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی تێدا چڕ‌و تۆكمه‌و سنوورداردهكرێت، زۆربه‌ی كات ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان چه‌ندێتیان كه‌مه‌و له شێوه‌ی ناوكێكی پته‌ودا ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ر بۆیه له‌م لایه‌نه‌وه ده‌گوترێت: ((چیرۆك برتییه له گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوێك، یان كۆمه‌ڵه ڕووداوێكی ژیان یان سروشت، كه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریانه داده‌ڕێژرێت و ده‌بێته جێی سرنج و بزواندنی هه‌ستی جوانیی و په‌ره‌پێدانی لێكدانه‌وه‌كانی وه‌رگر له به‌رانبه‌ر ژیاندا)). به‌ڵام وه‌ك له پێناسه‌كه‌دا دیاره، گرنگه چیرۆكنوس به چۆناییهتییهكی هونه‌ریانه ڕووداوی چیرۆكه‌كه‌ی دابڕێژێت و كارامهبێت له خوڵقاندن و گه‌یاندی ئیستاتیكایه‌كی جێی سرنج به وه‌رگره‌كه‌ی، چونكه چیرۆك به زمانی ساده گێڕانه‌وه‌و ڕهوایهتكردنی بهسهرهاتهكانه.
ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕۆژانه له ده‌وروبه‌رمان روو دهدهنو كه‌س نییه ڕووداوی خۆش‌و ناخۆشی نه‌دیبێت، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ناتوانێ ئه ڕووداوانه به سیحری قهڵهمو وشه برازێنیتهوهو بیخاته به‌ر دیده‌ی خه‌ڵكانی دیكه. ئه‌وكه‌سانه‌ی كه توانای تۆماركردنی ڕووداوه‌كانیان هه‌یه‌و به هه‌ستی ئهدهبیو زه‌وقی هونه‌ریی دهیانرازێنهوه هونه‌رمه‌ندی چیرۆكنوسن.
یه‌كێك له لایه‌نه‌كانی ژیان كه هه‌میشه له چیرۆكدا ڕه‌نگده‌داته‌وه، خستنه‌ڕووی ململانێكانی مرۆڤه له‌گه‌ڵ ئه‌وی تری دژدا، له پێناو سه‌ركه‌وتن و مانه‌وه‌و گه‌شه‌كردندا. هه‌ر بۆیه ” د. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ” وه‌ها پێناسه‌ی چیرۆك ده‌كات كه: ((چیرۆك به‌رهه‌می گه‌وره‌بوون له خه‌م ڕه‌خسینی مرۆڤاییهتییه، دیمه‌نی كێشه‌ی ئاده‌میزاد له‌گه‌ڵ سروشتداو، ئاده‌میزاد له‌ناو خۆیاندا‌و، له پێناو ژیاندا پیشان ده‌دات)). ئه‌و كێشه‌و ململانێیانه‌ی مرۆڤیش هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌رچی ده‌كرێت له قۆناقێكهوه بۆ قۆناغێكی تر‌و له كۆمه‌ڵێكه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێكی دیكه بگۆڕێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ هه‌ر ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، بۆیه هه‌میشه چه‌ندین ده‌قی چیرۆك و حیكایه‌تی هاوشێوه‌و هاوبه‌ش له نێوان میللهتهكاندا دهدۆزینهوهو له چیرۆكی نوێشدا هه‌میشه كاریگه‌ریی و گهشهسهندهكانیان به‌رده‌وامی هه‌یه، چونكه مرۆڤ له هه‌ركوێیه‌ك دابێت، هه‌میشه له ململانێ و ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ژیانیدایه، كه ئه‌ده‌ب هه‌وڵی دركپێكردن و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كانیان ده‌دات.
هه‌میشه چیرۆك، ته‌ریب به قۆناغه ژیارییه‌كانی مرۆڤ، ئه‌ویش له نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانی به‌رده‌وامدایه، خۆبه‌خۆ له‌ناو تێڕوانین و گێڕانه‌وه‌ی جیاجیادا كارده‌كات و ده‌كرێت شێوه فۆڕمێكی دیاریكراوه‌ی نه‌بیت. بۆیه هه‌میشه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و ئه‌زموون و قۆناغه‌ی چیرۆكنوس پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ته‌كنیك و شێوه‌ی جۆربه‌جۆری نوێی گێڕانه‌وه‌ش بێته‌ئاراوه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بێگومان هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك چیرۆك نییه، به‌ڵكو چیرۆك واته هونه‌ری گێڕانه‌وه(السرد)، واته ئه‌و كاته‌ی چیرۆكنوس بتوانێت كه‌مه‌ندكێشی زه‌ین و دڵی وه‌رگر، یان خوێنه‌ر بكات بۆ ناو ڕووداوه‌كانی، هه‌تا خاڵی كۆتایی.
واته ئه‌و كاته‌ی چیرۆكنوس بتوانێت كارلێكێكی هونه‌ریانه له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌قه‌كه‌یدا دروستبكات، چونكه دواجار ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق دابـڕاونین لــهیهكترو په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویان هه‌یه له‌گه‌ڵ یهكترداو هه‌میشه لهكــارو كارلێكردندان. ڕووداو سۆز‌و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌دیب ده‌جوڵێنێت و ئه‌ندێشه‌یش وێنای ڕووداوه‌كان ده‌كێشێته‌وه، له‌گه‌ڵیدا بیركردنه‌وه‌و قووڵبوونه‌وه له ڕووداوه‌كان و دواجار ((به‌هایه‌كی تایبه‌تی مرۆیانه‌ی پێده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵ به‌ستنه‌وه‌ی به كات و شوێن و ڕیزبه‌ندكردنی بیرۆكه تێیانداو نیشاندانی ناكۆكییه ماددی و كه‌سێتییه‌كان{…} به شێوه‌یه‌كی سرنجڕاكێش كه كۆتایی به ئامانجێكی دیاریكراو دێت)).
چیرۆكی هونه‌ری به‌م فۆڕمه‌ی ئێستای، وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، خۆبه‌خۆ نه‌هاتووه‌ته‌ئاراوه، به‌ڵكو زاده‌ی قۆناغه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و دووره‌په‌رێز نییه له كایه‌كانی دیكه‌و گۆڕانكارییه‌كان. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كاندا ژیانی ساده‌و ساكاری مرۆڤ و گرفته‌كانی ژیانی ئه‌وكات، بووبێته كه‌ره‌سته‌ی خاو و له چیرۆكه میللی و فۆلكلۆرییه‌كاندا ڕه‌نگی دابێته‌وه، ئه‌وا له چیرۆكی نوێ‌دا، له سه‌رده‌می دوای سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنه‌وه، له داهێنانی زانستی و پیشه‌سازی و به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌كردنی بازرگانی و خوێنده‌واری – گه‌شه‌كردنێكی به‌خۆیه‌وه بینیوه، بۆیه له بواری ئه‌ده‌بدا – به تایبه‌تی هونه‌ری گێڕانه‌وه – فۆڕمێكی تازه‌ی له‌خۆگرت و سیما‌و ناوه‌ڕۆكی خۆی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی و له فۆڕمێكی ته‌واو نوێ‌دا دهقیگرت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت بڵێین، به ته‌واوه‌تی چیرۆكی هونه‌ری به‌م مانایه‌ی ئێستای، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به حیكات و چیرۆكه میللی و فۆلكۆرییهكانهوه نییه، به‌ڵكو به پچهوانهوه، ((چیرۆك به‌م مانایه‌ی ئێستای، هه‌رچه‌نده دره‌نگ سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام رهگو ریشه‌یه‌كی قووڵی له‌ناو حیكایه‌ت و داستان و سه‌رگروشته‌ی فۆلكلۆریدا هه‌یه)). واته وه‌ك چۆن ده‌كرێت چه‌ندین خاڵ هه‌بن سنوور له نێوانیاندا دابنێت، به هه‌مانشێوه هاوبه‌شی و خاڵی لێكچوونیان هه‌یه. له حیكایه‌ت و چیرۆكه فۆلكۆرییه‌كاندا گرفتی كۆمه‌ڵ و ململانێی چینایه‌تی باڵی به‌سه‌ر چیرۆكه‌كاندا كێشاوه، به‌ڵام له چیرۆكی نوێی هونه‌ریدا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆلای مرۆڤ و ئاڵۆزییه‌كانی تاك. له فۆلكلۆردا ((به پله‌ی یه‌كه‌م بایه‌خ به ڕووداو ده‌دات، هه‌وڵده‌دات له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه سرنجی خوێنه‌ر بۆ لای خۆی ڕابكێشت و په‌رده لانادات له‌سه‌ر له‌سه‌ر ده‌روونی كارهكتهرو نایكاته ئامانج)).
واته كاره‌كته‌ر وه‌ك ئامرازی خستنه‌ڕووی ڕووداوه‌كان به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام له چیرۆكی نوێ‌دا زۆرجار، خودی پاڵه‌وانه‌كان ئامانج و باته‌تی سه‌ره‌كی دهقهكهن و به شێوه‌یه‌كی ورد فۆكسی وه‌سفی ده‌خرێته‌سه‌ر, ده‌كرێت له چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی سایكۆلۆجی و ئه‌نسرۆپۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی و..هتده‌وه، كاری له‌سه‌ر بكرێت. حیكایه‌ت و چیرۆكه میللیه‌كان موڵكی میلله‌تن و ده‌ماوده‌م له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر ده‌گوازرێنه‌وه، به‌ڵام چیرۆكی هونــه‌ری مــوڵكی نوسهرهكهیهتـی و وه‌ك ژانرێكی نــوێ ده‌ركه‌وتووه‌و سه‌ره‌تای ئه‌و داهێنـان و هانگاوانهش بۆ ڕابه‌رانی ئه‌و ژانره ده‌گه‌ڕێته‌وه. له گرنگترین ئه‌و نوسه‌رو ڕابهرانهیش: (ئه‌دگار ئه‌لان پۆ ١٨٠٩ – ١٨٤٠ له ئه‌مریكا، گۆگۆڵ ١٨٠٩ – ١٨٥٢ له ڕوسیا، گی دی موپاسان ١٨٥٠ – ١٨٩٢ له فه‌ڕه‌نساو چه‌ندا چیرۆكنووسی دیكه‌ی وه‌كو هێنری جێمس ، كیپلینگ ، كۆبارد ، دوروتی ئیدوارد، كاترین ئان بۆرتر، مابهوند ، فرانك ئۆكۆنۆر و فۆلكنهرو…هتد).
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته‌كانی چیرۆكی هونه‌ری، له سه‌رده‌می نوێ‌دا، فره‌یی چه‌شن و جۆرهكانییهتی، كه توێژه‌رانی ئه‌م كایه‌یه دیاریانكردووه. به شێوه‌یه‌كی گشتی، چیرۆك بۆ دوو چه‌شنی سه‌ره‌كی دابه‌شكراوه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان خاوه‌نی بنه‌ماو خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و هه‌ر یه‌كێكیش له‌وان، چه‌ندین جۆری دیكه‌ی چیرۆك له خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش مه‌به‌ست له (چیرۆكی واقیعی و چیرۆكی ئه‌ندێشه‌یی)ین:
ـ چیرۆكی واقیعی(ڕیالیستی), له گێڕانه‌وه‌و بنیاتنانیدا پشت ده‌به‌ستێت به ڕووداوه‌كانی ژیانی ڕاسته‌قینه‌و له بیناو ڕهگهزهكانیدا، وابه‌سته‌ی ژیان و واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانه. ده‌كرێت چیرۆكنوس هه‌ر لایه‌ن و بابه‌تێكی ژیانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی كه بگونجێت، وه‌ربگرێت و چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر بینابكات. مه‌به‌ستی ئه‌م چه‌شنه له چیرۆكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌سی چیرۆكنوس، كه ئایا مه‌به‌ست لێی شیكاری ده‌روونی و سۆسیۆلۆژی كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌تی، یان ویستی گواستنه‌وه‌ی بارودۆخێكی تایبه‌ته له كۆمه‌ڵگاكه‌یدا؟ یاخود ده‌كرێت هیچ مه‌به‌ستێكی ئه‌وتۆ نه‌بێت جگه له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێكی مێژوویی، یان هاوچه‌ڕخی، یانیش گه‌یاندنی فیكر‌و بۆچوونێك، له ڕێگه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه‌وه.
ئه‌م چه‌شنه‌یش له چیرۆك، چه‌ندین جۆری دیكه‌ی, وه‌كو (چیرۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی، چیرۆكی مێژوویی، چیرۆكی ڕۆژنامه‌وانی، چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌و..هتد) له‌خۆده‌گرێت، كه كه‌ره‌سته‌ی بنه‌ڕه‌تی و یهكهكهمیان واقیعی ژیانه.
ـ چیرۆكی ئه‌ندێشه‌یی, به ته‌واویی زاده‌ی ئه‌ندێشه‌ی چیرۆكنوسه، یان وه‌رگرتنی هێڵێكی واقیعییه و بارگاوییكراوه به فانتازیاو ئه‌ندێشه‌ی چیرۆكنوس.
ڕه‌گه‌زی كارا‌و بنه‌ڕه‌تی ئه‌م چه‌شنه، پێش هه‌ر ڕه‌گه‌زێكی دیكه ئهندێشهیهو چیرۆكنوس به ماده‌كانی ئه‌ندێشه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی داده‌ڕێژێت و دووره له حاڵه‌ته واقیعه مهلموسهكان. ڕووداوه‌كانی ئه‌م چه‌شنه، له ده‌وری كۆمه‌ڵێك كار‌و كرده‌وه‌ی دوور له ئاوه‌زی مرۆڤ ، ده‌سوڕێته‌وه‌و كاتێك وه‌رگر به‌ریده‌كه‌وێت، تووشی سه‌رسامی و ئه‌فسوونی ده‌كات، چونكه كه‌شێكی ته‌واو سیحراویی باڵ به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا ده‌كێشێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، وه‌رگر ڕووبه‌ڕووی هێزی ئه‌ده‌ب ده‌بێته‌وه، هێزی ئه‌ده‌ب له‌وه‌ی وه‌ك (ڕه‌بیع جابر) ده‌ڵێت: ((نوسه‌ر هه‌ر ته‌نها بۆ جیهانه‌كه‌ی خۆی په‌لكێشت ناكات، به‌ڵكو داگیریشت ده‌كات, بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به خۆت بكه‌یت، وات لێده‌كات به چۆكدا بێیت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ڕهزامهندو خۆویستانه)). بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت چیرۆكنوس، لۆجیكێكی ته‌واو ناوه‌كی و ئه‌ندێشه‌یی به چیرۆكه‌كه‌ی ببه‌خشێت، جیهانێك بهێنته ئاراوه، كه به ته‌واوه‌تی خۆی پێكهێنابێت و له‌ناو خۆیدا لۆژیك بیبات به‌ڕێوه، بێته هۆی هێنانه‌ئاراوه‌ی ڕه‌گه‌زێكی دیكه‌ی باڵا، كه ڕه‌گه‌زی (باوه‌ڕپێكردن)ه لای خوێنه‌ر.
ئه‌م چه‌شنه‌ش چه‌ندین جۆری دیكه‌ی، وه‌كو (چیرۆكی سوریالی، ئه‌ندێشه‌یی، زانستی خه‌یاڵی و…هتد) له‌خۆده‌گرێت, كه بێگومان هه‌ر یه‌كێكیان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی خۆیانن، به‌ڵام هه‌موویان له‌وه‌دا ده‌رگیر ده‌بن، كه ئه‌ندێشه‌یه‌كی فراوانیان تێدا به‌كاردێت.
تێبینی: ئه‌م نوسینه پارێكه له باسێكی درێژ‌و له كۆتایی باسه‌كه‌دا ئاماژه به سه‌رچاوه‌كان ده‌درێت.