Skip to Content

شانۆی گەڕۆکی منداڵان.. رەزا شوان

شانۆی گەڕۆکی منداڵان.. رەزا شوان

Closed
by شوبات 18, 2018 General, Kids Literature

شانۆ لقێکە لە ئەدەب، هونەرێکی درامی نوانـدە، بە دایکی هونەرەکان ناودەبرێت. شانۆ پەنجەرەیەکە بۆ داهێـنان.. سەکۆیەکە بۆ گوزارشتکردن لە خۆشییەکان و لە ناخۆشییەکانی مـرۆڤ.. شانـۆی منـداڵانیش لقێکی زۆر گرنگە لە ئەدەبی منداڵان، مەبەستیشمان ئەو شانۆیەیە، کە لە خـزمەتی منداڵان دایە و منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن و نمایشی دەکەن.

(مـارک تووەین) لە بارەی شانۆی منداڵانەوە دەڵێ:” بـڕوام وایە کە شانۆی منداڵان، یەکێکە لە گەورەترین داهێنراوەکانی سەدەی بیستەم کە بلیمەتی ئادەمیزاد رێی پێبرد.. بەهـێزترین مامۆستای رەوشتە.. داکۆکیکەرە لە رەوشتی باش..”
شانۆی منداڵان، پەیامێکە، خۆشی و شادییەکی زۆر و چێژی هونەری و جوانناسی بە منداڵان دەبەخشێت.. هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردن و فراوانکردن و زاخاودانی بیر هۆش و ئەندێشە و هەست و سۆز و توانای دەربین و گوزارشتکردنی منداڵان.. بۆ گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منداڵان.. بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانیان.. هۆکارێکە بۆ رۆشنبیری کردنیان.. هۆکارێکی زۆر گرنگیشە لە هۆکارەکانی فێرکردن و پەرەوەردەی نوێی منداڵان.. لە گەشەکردنی دروستی کەسایەتیان.

شانۆی منداڵان هۆکارێکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی گەلێ گـرێ و گرفت و فشارە دەروونییەکانی منداڵان، وەک (شەرم، گۆشەگیری، زمانگرتن، ترس، رارایی، پەشێوی دۆشدابردن، دڵتەنگی، خەمۆکی، گرژ و مۆنی، ..) بنچینەی درامای منداڵانیش یارییە.. پەروەردەکاری بە ناوبانگ (جـان جـاک رۆسـۆ) فێرکردنی منداڵان لە رێی یاری و نواندنەوە، بە باشترین شێوازی فێرکـردن دەزانێت، ئەوەشی راگەیاند کە شانۆی منداڵان رێبازێکە بۆ فێرکردنی منداڵان.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان گرنگییەکانی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان).. لە زۆربەی شارەکانی وڵاتانی جیهان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵان هەیە، کە منداڵان خۆیان رۆڵی سەرەکی نواندنی تێدا دەبینن.. کە لەسەر (لـۆری بارهـەڵگر)، یا یەکسەر بە شەلمان و تەختەدار دروستی دەکەن، بە دیکۆری جوانی سەرنج راکێش دەیڕازێننەوە، ساڵی چەند جارێک لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان دا، نمایشی شانۆی منداڵان دەکەن.. لەپاڵ نمایشی شانۆش دا، منداڵان چەندین گـۆرانی و هەڵپەڕکی و دانس پێشکەش دەکەن.. پێشتریش ریکلام و ئاگاداری بۆ شوێن و کاتی نماییشکردنی شانۆکە دەکەن.. میدالیا و خەڵات بە منداڵە بەشداربووەکان و بە دەرهێنەرەکانیش دەبەخشن.. بێجگە لەوەی کە لە زۆربەی شارەکان دا هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان هەن.. هەروەها بەڕێوەبەرێتی هونەری منداڵانیش هەیە، ساڵانەش لە شارەکان دا، فیستیڤاڵی پێشبڕکی شانۆی منداڵان سازدەکەن.. چەندین تیپی شانۆیی منداڵان بەشداری تێدا دەکەن.

منداڵان هیوای داهاتووی هەر گەلێکن.. بۆ گەلانی پێشکەوتوو بایەخێکی زۆر بە فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان دەدەن.. بۆ نموونە لە (وڵاتی نۆروێـژ)دا، لە حکوومەت دا، وەزارەتێک هەیە بە ناوی (وەزارەتی منداڵان)
وادیارە هونەرمەندی عێراقیش (حوسێن عەلی ساڵح) کە پسپۆرە لە شانۆی منداڵان و زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری (ئەدەبی منداڵان) دا کار دەکات، سوودی لە ئەزموونی (شانۆی گەڕۆکی منداڵان) ی دەوڵەتان وەرگرتووە.. دەستپێشخەری کرد و بۆ یەکەمین جار لە بەغدا، ئۆتۆمبیلێکی دوو تۆنی (پیک ئاپ)ی کردە شانۆی گەڕۆکی منداڵان و بە دیکۆرێکی جوان رازاندییەوە.. تا ئێستا لەسەر پشتی ئەم پیکاپەدا، چەند شانۆیەکی بۆ منداڵان ـ ئەکتەرەکانیش منداڵانن ـ لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی بەغدا دا، بە سەرکەوتووییەوە نمایشی کردن.. دەستخۆشییەکی زۆریان لێکردووە.

چ دەرهێنەرێکی دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانی کوردستان لە بواری شانۆی منداڵان دا، شانازی دەستپێشخەری پێدەبڕێت و.. بڕیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دەدات.. راستە پرۆژەیەکی گرنگی وا، پێویستی بە هاوکاری چەند لایەنێک و بە پشتگیری و دابینکردنی کەرەستە و پێدایستییە پێویستییەکانی شانۆی منـداڵان هەیە.. بەڵام هەموو پرۆژەیەک بە هەنگاوێکی سەرەتا دەست پێدەکات.

گەربێت (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) دابمەزرێت، دەتوانێت خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەب و هونەری منداڵانی کوردمان بکات.. لە رووی پەروەردەیی و فێرکاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییشەوە خۆشی و سوودێکی زۆر بە منداڵانی کوردمان دەبەخشێت.. وەکو من بزانم تا ئەمڕۆ لە کورستان دا، شانۆی گەڕۆکی منداڵانمان نییە.
نابێت ئەو هونەرمەندە دڵسۆزانەمان لەیادبکەین، چ ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە، یا ئەوانەی تا ئەمڕۆش لە ژیان دا ـ تەمەن درێـژیان بۆ دەخوازم ـ کە زۆر دڵسۆزانە و خۆبەخشانە لە بواری شانۆی منداڵانی کوردستان دا خزمەتێکی جوانیان کرد و دەیکەن، جێ پەنجەیان دیارە و، کۆمەڵێک شانۆی جوانیان پێشکەش بە منداڵانی کوردمان کرد.. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە چاو گرنگی شانۆ بۆ منداڵان، تا ئەمڕۆش شانۆی منداڵان لە کوردستان دا، لە ئاستی خواست و پێویستی منداڵانی گەلەکەمان دا نییە.. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەک، یەکێک لەو هۆیانە، پشتگیرنەکردنی شانۆی منداڵان لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییە گششتییەکانی پەروەردەی شارەکانی کوردستان، نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان.. ئەگەرچی لە شارەکانی باشووری کوردستان (بەڕێوەبەرایەتی هونەری منداڵان) و (بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان) هەن.. بەڵام لە راستی دا لە رووی مـاددی و پێویستی و مەعنەوی و هانـدانەوە، لە لایەن وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردەوە، پشتگوێ خـراون وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە. تا ئەمڕۆش نە لە باخچەکانی ساوایان و نە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان دا وانەیەک نییە بە ناوی (وانەی شـانۆ) وە، دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانیش کە لە باخچەکانی ساوایان و لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان دا بە مامۆستای هونەر دایاندەمەزرێنن، نە وانەی تایبەتی شانۆ هەیە و نە هیچ پێویستی و پێداویستێکیشیان لە بەردەست دایە، تا سوود لە پسپۆری و لە تواناکانیان وەربگرن و بیانخەنە خـزمەتی شانۆی منداڵانی کوردستانەوە.

بۆیە دامەزراندنی شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان، زۆر گرنگ و پێویستە، گەر دابمەزرێت، تا رادەیەک دەتوانێت ئەم کەلێنە پڕبکاتەوە.. بۆ کڕینی چەند لۆرییەکی بارهەڵگر بۆ ئەم مەبەستە، پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت ناکەوێت، بەڵام سوودێکی زۆری دەبێت.. لە ئەمـڕۆدا لە سایەی قەیـرانی ئابووری و بێ مووچەیی دا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردستان، تووشی گرفتی جەستەیی و دەروونی و بەدخـۆراکی و بێ بەرگی و بێنـازی بوونە.. بەشێکیش لە منداڵان لەبەر هەژاری و نەبوونی وازیان لە خوێندن هێناوە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، کاری قورس و نەشیاو دەکەن.. ئۆباڵی ئەم منداڵانەش لە ئەستۆی حکوومەتی باشووری کوردستان دایە.

شانۆی منداڵان، تا رادەیەک دەتوانێت لە ئازارە دەروونییەکانی منداڵان کوردستان کەمتر بکاتەوە و هیـوا و خۆڕاگریان پێببەخشێت.. شانۆی گەڕۆکی منداڵان دەتوانێت بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان لە ژمارەیەکی زۆری باخچەکـانی ساوایان و لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان و لە کەمپەکانی ئاوارەکان و لە نەخۆشخانەکانی منداڵان و لە گەڕەکەکان و لە باخچـە گشتییەکان و لە سەنتەری شار و شارۆچکەکان و لە دێیەکانیش دا، شانۆی پەروەردەیی ئارەستەکراوی ئامانجدار، نمایش بکات و هیـوا و گەشبینی بخـاتە دڵی منداڵە بێنازەکانی کوردستانەوە.
پێشنیاری دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) ئاراستەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەی کوردستان و بەڕێوەبەرێتی چالاکی قوتابخانەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە ئاوڕ لەم پێشنیارە بدەنەوە و مـژدەی دامەزراندنی (شانۆی گەڕۆکی منداڵانی کوردستان) رابگەیەنن.

رەزا شوان
نەرویـج: ١٧ی/ فێبروار/ ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish