Skip to Content

په‌نابه‌رێكی كورد نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی و په‌نابه‌ران له‌ فلیمێكدا ده‌گێڕێته‌وه‌

په‌نابه‌رێكی كورد نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی و په‌نابه‌ران له‌ فلیمێكدا ده‌گێڕێته‌وه‌

Closed
by ئایار 2, 2017 General

چۆنێتی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ باوه‌ڕپێنه‌كراوه‌ !

به‌هرۆز بوچانی ، ناوی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ كه‌مپێكی په‌نابه‌ران له‌ دوورگه‌ی مانوسی پاپانیوگینیا ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌شداریكردنی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فلیمه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زمون و ژیانی خۆی و په‌نابه‌رانه‌ له‌و كه‌مپانه‌دا.
كاره‌كه‌ی بوچانی به‌هاوكاری ده‌رهێنه‌رێكی هۆڵه‌ندی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی به‌ناوی ئاراش كه‌مالی سروستانی به‌رهه‌مهێنراوه‌. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵیداوه‌ كه‌ خودی خۆی بتوانێت كارێكی هونه‌ری له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌و دوورگانه‌ به‌رهه‌مبهێنێت ، به‌ڵام دواتر بۆیده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی ئاسان نیه‌ و ڕێگه‌پێدراو نیه‌. بۆیه‌ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌گه‌ڵ بوچانیدا له‌ڕێگه‌ی واتزئه‌په‌وه‌ دروستده‌كات و ڕاهێنان به‌ بوچانی ده‌كات كه‌ چۆن وێنه‌ی ڤیدیۆیی بۆ كاره‌كه‌ بگرێت.

به‌ ووته‌ی سروستانی ، خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌و دوورگه‌یه‌ی كه‌ بوچانی لێیه‌ زۆر خراپه‌ و ده‌بوو هه‌ر به‌ په‌یامی ده‌نگی گفتوگۆكانیان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ تا ئێستا یه‌كتریان نه‌بینیه‌وه‌ ، به‌ڵام سروستانی به‌هیوایه‌ ڕۆژێك بتوانێت ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ببینێت.
په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی مانوس و ناورۆ ، كه‌له‌ ناویاندا ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ كه‌ له‌بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و چه‌ندین په‌نابه‌ری تری كورد و ووڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌شێك له‌ ووڵاتانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا له‌وێ‌ به‌ندكراون ، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێشتر هه‌وڵیانداوه‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئوسترالیا به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاراستنی سنوره‌كانی ئوسترالیاوه‌ ده‌ستگیركراون و ڕه‌وانه‌ی كه‌مپه‌كانی ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ كراون. به‌وه‌ش ، هه‌رگیز ڕێگه‌یانپێنادرێت داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ ئوسترالیا بكه‌ن.

پاڵنه‌ره‌ی پشتی كاره‌كه‌ی بوچانیش ، ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌یه‌ كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی به‌ندكردنیان له‌و كه‌مپانه‌دا چه‌شتویانه‌.
به‌ ووته‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ش ، ده‌بوو ئه‌و كاره‌ به‌نهێنی ئه‌نجامبدات و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ده‌بوو ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ تۆماربكات كه‌ بۆ كاره‌كه‌ی پێویست بوون.

بوچانی ده‌ڵێت ئێستا كاره‌كه‌ی ته‌واوكردوه‌ و به‌وه‌ش به‌رپرسانی كه‌مپه‌كه‌ ناتوانن هیچ شتێكی به‌رامبه‌ر بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ، بوچانی سه‌رجه‌م كاره‌ ڤیدیۆیه‌كانی فلیمه‌كه‌ی به‌ مۆبایلێكی زیره‌ك تۆماركردوه‌.
كاره‌كه‌ش كه‌به‌ناونیشانی ” چاوكا( ناوی باڵنده‌یه‌كی ئه‌و دوورگه‌یه‌یه‌) ، تكایه‌ پێمان بڵێ‌ ئێستا كه‌یه‌ ؟” ، له‌كۆی 88 خوله‌كدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌ی پارچه‌ پارچه‌ له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌ و پێشبینیی ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تادا له‌ ئوسترالیا نمایش بكرێت.

سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ری بی بی سی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress