Skip to Content

لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون … زانکۆ یاری

لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون … زانکۆ یاری

Closed
by حوزه‌یران 4, 2018 General, Opinion, Slider


لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون؛ شرۆڤەی چەمک و ڕەهەندەکانی
(به ئاماژەیەکی کورت بۆ کۆمەڵگای کوردی)

زانکۆ یاری
(نووسهر، توێژەر و وەرگێڕ)

——————————————————-

جیهانیبوون یەكێك لەو چەمكە نوێیانەی كە زۆركەس تاکوو ئێستا وەك پێویست شارەزاییان دەربارەی نیە، تەنانەت زۆرجار لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بابەتە كراوە .لەم نووسینەدا به مێتۆدێکی ئاکادیمیک بەڵام کورت، سەرەتا تیشک دەخەینه سه‌ر چەمك و واتای بەجيهانيبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا شرۆڤە دەکەین و لەگەڵ مێژوو و ڕەهەندەکانی ئاشنا دەبین. بۆیە ئەمانەوێ له چوار بەش وتارەکه درێژه بدەین، یەکەم؛ پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون، دووهەم؛ بەجیهانیبوون و فاكتەرەکانی، سێهەم؛ ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و چوارەمیش بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی، له كۆتاییشدا دەرەنجام دەخه‌ینەڕوو.

پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون:

ئەوەی لەمەڕ بەجيهانيبوون، گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری پێ بەخشیوە، خێراییی کاریگەرێتییەکانیەتی لەسەر هەموو فەزا و ڕووبەرە جیاجیاکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەم دەستەواژەیە وەکوو گوتارێکی ڕۆشنبیری بوونی خۆی ئەسەپێنێ و بۆته بەشێك لەو چەمك و وشانەی که ڕۆژانه بەکار دێت و ئاماژه بۆ هێز و بوار و ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دەکات و وەکوو چەمکێک ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە نێو پانتاییەکانی ڕۆشنبیریی ئێمەوە و بۆتە مایەی ورووژاندنی زۆر باس و بابەتی جیاواز و دژ بە یەک.

له ڕووی ماناوه بەجیهانیبوون زۆر لێکدانەوه‌ى بۆ كراوه، هەندێک لايەن ده‌ڵێن که وا باشتره چەمکی (Globalism) که له دوو چەمکی (Globalization) و (Localization) پێکهاتووه و سوود وەربگرین، کەواته هه‌ر کردارێکی ناوچه‌یی کردارێکی جیهانییه و کاریگەری هەیه و به پێچەوانەوه، هەندێک تریش دەڵین ئەمه به‌جیهانیبوون نییه، بەڵکوو “جيهانی کردنه” که پڕۆژەیەکی ئەمریکییه (تەوسلی، ۲۰۱۲، ل:۱۰(. ئەگەر چی زاراوەی جیهانی Global)) پێشینەیەکی چەند سەد ساڵەی هەیە، بەڵام زاراوەکانی Globalization))، (Globalizing) و Globalize)) لە نزیکەی ۱۹٦۰ەوە پەرەیان سەندووه که قاموسی ویبستر (Webster) یەکەمین قاموسی بەناوبانگ بوو که له ساڵی ۱۹۹۰ەوه هەنديێك پێناسەی بۆ دەستەواژه‌ی Globalism)) و Globalization)) پێشکەش کرد. کاتێك باسی به‌جیهانیبوون دەکەین ئەم زاراوه‌یه پەیوەندی به کۆمەڵيك دەستەواژەوه هەيه به لانی کەمەوه دەتوانین ئاماژه به پێنج دەستەواژەوه بدەین بۆ بەجیهانیبوون که بەکار دێن:

يەكەم: Internalization)) به مانای پەرەسەندنی سەرو و نەتەوەیی پێکەوه گرێدانی دوو لایەنی وڵاتان دێت.
دووهه‌م: Liberalization)) به مانای ئازادییه واتا نەهێشتنی بەربەستەکانی نێودەوڵەتی له گواستنەوه‌ی نیوان دەوڵەتەکان تا بتوانن ئابوورییەکی جیهانی ئازاد و یکپارچه پێک بێنن.
سێهه‌م: Universalization)) به مانای گرێدانی ئامانجەکان و بەرنامه تایبەتییەکان به خەڵکی سەرتاسەری جیهان.
چواره‌م: Westernization)) ئەم دەستەواژەیه له لايەن زۆر خەڵكەوه به تایبەتی ڕەخنەگرانی ئیمپریاڵیزمی فەرهەنگی بەکار دێت کە بەمانای ڕۆژاوایی کردنی جیهان دێت.

پێنجەم: Deterritorialization))، بە مانای دژە‌فراوانخوازی دێت کە لەسەر ئەو ئاساسە (مواد) و سنورە جوگرافییەکان بەشێک لە گرینگی خۆیان لە دەست دەدەن. (مسگفی ئەحمەد، ۲۰۱۰، ل:۱۱(.
حەز و فکری بەجیهانیبوون تازە نین و بەرهەمی پێشکەوتنی بەرفراوانی مرۆڤایەتییە. میکانیزمی کردەوەی بەجیهانیبوون لە تێکشکاندنی پەیوەندییە کۆنەکان و هەڵوەشاندنەوەی باوەرە بێفایدەکاندا دەردەکەوێ. بەڵام ئەوەی كە حاشاهەڵنەگرە، بەجیهانیبوون لە هەر ڕوانگەیەكەوە و بە هەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە بۆتە بەشێك لە ڕاستیی سەردەمی ئێمە. چەمکی بەجیهانیبوون و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکه جیگای مشتومڕی زور بووه، هەندێ کەس و لایەن بڕوایان وایه که بەجیهانیبوون نزیکەی‌ 400 ساڵ مێژووی هەیه و لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێڕنیسم دەسیپێکردووه. واته مۆدێڕنیته چەندین لقی هەیه و يەكێك له لقەكانی و یان تایبەتمەندییەکانی بەجیهانیبوونه.

ڕوبیرتسوۆن (Roland Robertson) پرۆسەی بەجیهانیبوون بە پێنج قۆناغ دابەش دەکات:

-قۆناغی سەرەتایی: لە ساڵی ۱٤۰۰ەوە دەسپێدەکات و لە ساڵی ۱۷٥۰ کۆتایی پێهاتووە.
-قۆناغی دەسپێک یان دووهەم: لە ئۆرووپا لە نێوان ساڵەکانی ۱۷٥۰ و ۱۸۷٥.
-قۆناغی سێهەم: پرۆسەی بەجیهانیبوون بەناوی قۆناغی هەستانەوە لە ساڵی ۱۸۷٥ تا ۱۹۲٥.
-قۆناغی چوارەم: له ساڵی ۱۹۲۰ تا ۱۹٦٥، قۆناغی هه‌ژموونییه.
-قۆناغی پێنجەمين: له ساڵی ۱۹٦۹وه دەسیپێکردووه. (گوڵحەممەدی، ۲۰۰۷، ل:٤٦)

پرسەكانی تایبەت و پەیوەندیدار بە بەجیهانیبوون، یەكێك لەو پرس و بابەتە ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕانەیە كە لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە بەتایبەت لە پاش كۆتاییی جەنگی ساردەوە خوێندنەوەی بۆ كراوە. گەشانەوەی ئۆرووپا و پەل‌وپۆ هاویشتنی بۆ دۆزینەوە و داگیرکردنی ناوچەی نوێ لە جیهاندا، دواجار بە کۆلۆنیالی کردنی (Colonialism) هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی، ڕۆڵێکی زۆری لە بەجیهانیکردندا هەبوو. تێکۆشانی ڕزگاریخوازی میللەتانی ژێردەستی کۆلۆنیالیزم ، هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم، دروستبوونی سیستەمی کۆمۆنیستی (Communism) و کێشەی جیهانی لە نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم، سەرەنجام ڕووخانی کۆمۆنیزم ڕۆلی مێژووییان لە قۆناغی نوێی بەجیهانیبووندا گێڕا.

ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە، ئەو خوێندنەوە پارادۆکسیکاڵ یان جیاجیایانەن کە دەربارەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی بەجیهانیبوون، لە بەردەستدان، بەڵام ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی ڕەها یەک لەم بیروبۆچوونانە پەسند یان ڕەت بکەینەوە، ئەمانەوێ ئاوڕێکی کورت و سەرپێیی لێ بدەینەوە له شێوە ڕوانینەکان بۆ گلۆبالیزەیشێن لە ئاست پرسی ئیتنیکەکان (ethnicity) و نەتەوەکاندا. لێرەدا دوو شێوە ڕوانینی گشتی بۆ ئەم بابەتە هەن کە بە کورتی ئەیانخەینە بەر باس؛
ڕوانگەی ڕیاڵیستی (Realism) یەک لەو دیده تایبەتانەیه، ئەمان پێیان وایە دەوڵەتەکان کاراکتەری سەرەکین لە گۆڕەپانی جیهانیدا و هیچ جۆرە کاراکتەرێکی‌تر لە سەرەوەی دەوڵەتەوە بوونی نییە. هەر ئەمەش وا دەکات دەوڵەتەکان ڕەوتی بەجیهانیبوون بە سوودی خۆیان بشکێننەوە. ڕوانینی لیبڕاڵیسمی (Liberalism) تەواو پێچەوانەی بۆچوونی ڕیاڵیستییە و پێی وایە دوڵەتەکان تاکە کاراکتەری گۆڕەپانەکە نین و هەندێ هێز و لایەنی‌تر لەدایکبوون کە بەپێی ڕادەی توانای خۆیان لە دیاریکردنی شێواز و ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەکەدا کاریگەرن.

ئەم ڕوانگەیە ئەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکە کە دەتوانێت بەرەو کەماڵ بڕوات، کە پێداویستی سەرەکیی ئەم کەماڵە دیمۆکراسییە (Democracy) و هۆکارگەلێک وەک میدیاکان، ئێکۆسیستەم و تکنۆلۆژیا لە دەورگێڕە گرنگ و چارەنووس‌سازەکانی جیهانی نوێن، به ڕای من وادیاره بە گشتی ڕوانینی لیبڕاڵی پۆزەتیڤ‌تر بێ. چەندین جۆرە ڕوانگە و بۆچوونی تریش بەرانبەر ئەم پرۆسەیە ئامادەییان هەیە، بۆ نموونه بۆچوونی مارکسیستەکان (Marxism) کە زیاتر لە گۆشەنیگایەکی ئابوورییەوە دەڕواننە ڕەوتی پێکهاتن و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون و ڕەخنەی جیدی لێدەگرن، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە مارکسیستەکان لە ڕابردوودا قسەیان لەگەڵ دەکرد، بریتی بوو لە ململانێی چینی باڵادەست و چینی ژێردەست.

ڕوانگەیەكی تریش هەیه که دەڵێت بەجیهانیبوون پرۆسەیەكه که پێی وایە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ڕەوتی پێشكەوتنی خۆیدا پێی گەیشتووه و ئەمە شتێكی سروشتیە و هەموو كۆمەڵگاكان بەناچاری پێیدا تێدەپەڕن. هەندێ‌ لە خاوەنڕاكان باس لەوە دەكەن كە كۆمەڵگای فرەچەشنی جیهانی دەبێتە گوندی جیهانی كە هەموو دانیشتوانی بە ئاسانی پێكەوە پەیوەندییان هەیە‌و هەموویان لە كۆمەڵێ‌ یاسا‌ و داب‌ و نەریت و یەك شێواز (Patterns) و شێوازی ژیان پێڕەوی دەكەن ‌و یەك زمان ‌و كولتوور‌ و یەك چارەنووسیان دەبێت.

فاكتەرەکانی بەجيهانيبوون:

پرۆسەی بەجیهانیبوون لەمەڕ گۆڕانكارییە لە فەزا‌و كات. سەرەکیترین هۆكارێك كە لەم تێڕوانینە باس دەكرێ‌ چڕبوونه‌وه‌ی کات و فەزایه كە كەسانێك وەك مانوئل كاستلز (Manuel Castells) لە كتێبی سەردەمی زانیارییەكان (The Rice of the Network Society) و ئەحمەد گوڵمحەممەدی، لە كتێبی “بەجیهانیبوون، كولتوور، شوناس”دا دەیخەنەڕوو.
هه‌ندێک لايەن بۆ پرۆسەی بەجیهانیبوون به‌م فاكتەرانه ئاماژه ده‌که‌ن:
1. سەرهەڵدان و گەشەی کۆمپانیا فره ڕەگەزەكان.
2. زۆربوونی ڕۆڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
3. بابەتەکانی پەیوەست به بەجبهانیبوونی پیسبوونی ژینگه.
4. بڵاوبوونەوه و کاریگهریی بازاڕەکانی دارایی جیهانی که ئه‌ویش به سێ قۆناغی: سەرمایەداری بازەرگانی، سەرمایەداری پێشەسازی، سەرمایەداری دارایی تێپەڕيوه. (ته‌وه‌سلی، ۲۰۱۲، ل:۲۲)

ڕەهەندەكانى بەجيهانيبوون:

بەجیهانیبوون خاوەنی كۆمەڵێك ڕەهەند بەشێوه و ئاستی جیاوازه و ئامانجمان ئەوەیه که بەشێوەیه‌کی کورت بەڵام زانستی تیشك بخەینه سەریان، بەڵام پێکەوە گرێدراوە کە پێکدادەچن .(Interaction) ئێستاش بوارەكانتانی شی دەكەینەوە.

بواری ئابووری

زۆرن ئەو تئۆریسیه‌نانه‌ی که سیمای سەرەکیی بەجیهانیبوون به ئابووری دەزانن و ده‌ڵێن زەق‌ترین بواره که لەسەدەی ۱۹وه دەسیپێكردووه و له هەلومەرجی ئێستادا خاوەنی دوو ڕەهەندی گەوره يه: 1-ئازادکردنی بازەرگانی نێونەتەوەیی بۆ کاڵاكان. (ئازادی بازەرگانی بۆته هۆی گۆڕینی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی وڵاتان و بەدوای ئەویشدا به‌ها جڤاکییەکان به‌رەبه‌ره گەشەیان کردووه. (فاخری، ۲۰۰۶، ل:۳) 2-خزمەتگوزارییەکان و ئازادکردنی شەپۆلی سەرمایه‌ی نێوەنەتەوەیی کە ئەمانەش به یارمەتی پەرەسەندنی تکنۆلۆژیا سێ دەرەنجامی لێدەکەوێتەوه ۱. زۆربوون ۲. پسپۆړی ۳. دابەشكردن (قه‌وام، ۲۰۰۹، ل:۸۹).

چەند تایبەتمەندیی بەجيهانيبوونی ئابووری:

١. بەجیهانیبوونی بازاڕه داراییەکان.
2. بلاوبوونەوەی تکنۆلۆژیا له هەموو جیهان به ئاستی جیاواز.
3. دروستبوونی هاوشيوه‌ییه‌ك له بەکارهێنانی جیهانی لەگەڵ بازه‌ڕەکانی بەکارهێنانی جیهانی.
4. جێگۆڕێ له نێوان ئابووری نەتەوەیی و ئابووری سیاسی جیهانی.
5. کەمبوونه‌وەی ڕۆڵی دەوڵەتی نەتەوه له داڕشتنی ئابووری جیهانی.
6. زاڵبوونی سەرمایه لەسەر کار و له ئەنجامدا لاوازبوونی هێزی پێشەیی و هەروەها کەسانێک که سەرمایەیان نییه. (زه‌نجانی، ۱۳۸۱، ل:۷۲(
دوکتۆر مەهدی مەفاخرى مامۆستای زانستگای تاران له كۆلێژى پەیوەندیيه نێوەدەوڵەتییەکان دەڵێت؛ جیهانگیری ئابووری دەتوانین له چوار گروپدا پۆلێن بکەین: ۱. بازەرگانی نێوەدەوڵەتی ۲. سەرمایەدانانی ڕاستەوخۆى دەرەکی ۳. ئالوگۆڕی دارایی ٤. جم‌وجۆڵی هێزی کار.

بواری سیاسی

بەجیهانی بوون كاریگەری خۆی لەسەر ئاڕاستەی سیاسی هەبووە، بەهەمان شیوەی بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە ئەوەتا دەبینین كە سیاسەتی دەوڵەتانی جیهان كاریگەری زۆرییان لەسەر ئەم پرسە هەیە. له بواری جیهانیبوونى سياسيدا دەتوانين بڵێين:
-هێز تەنانەت تایبەت نییه به حکوومەت و دەوڵەتەوه.
-هێز له سنووری توند و تیژی زیاتر ڕزگاری بووه.
-هێز به شێوەی سایبرنیتکی (Cybernetics) و توڕ شی دەکرێتەوه.
-هێز پێویستی به پەیوەندی ئازاده.
-هێز بەرهەمی رێکەوتنه.
-زانست و زانیاری وەکوو ئامرازيک له خزمەت بەهەمهێنانی هێزدایه.
لەوانەیە بتوانین بلێین بەربڵاوترین بۆچوون لە پەیوەندی لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری و ئابووری سیاسی نێوەدەوڵەتی ئەوە دەبێت کە بەجیهانیبوونی ئابووری دەوڵەت لاواز دەکات و دەوڵەت توانای کونتڕۆڵ و داڕشتنی بابەتەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لاواز دەبێت و لە لایەکیترەوە هێز لە نێو کۆمەڵگا دابەش دەبێت و بەرەوە سەرمایەداری نێوەدەوڵەتی باڵ دەکێشێت و دەچێتە ژێر دەستی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان.

بەجيهانيبوونى مافەکانى مرۆڤ

ڕاگەیانراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (Universal Declaration of Human Rights) له ساڵی ۱۹۶۸ یەكێک بوو له‌و بابەتانه‌ی که بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان داڕشترا. ناکرێ دیمۆکراسی لە کۆمەڵگای دواکەوتووی برسی هەبێت، مافەکانی مرۆڤ لە ڕەفا و گەشەی ئابووریدا مانایان دەبێ (امارتیا سن، توسعە به مثابه آزادی).

بواری کولتوور

لە بواری كولتووری هەست بە زۆر گۆرانكاری دەكرێت و بزاڤە كولتووری و كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیەكان بە بەشێك لەم كۆمەڵگایە هەژمار دەكرێت. له ڕووی کولتوورییەوه بەجیهانیبوون پرۆسێسی جیاکردنەوەوه و له هەمان کاتدا یەك کردنه. ڕابرتسۆن بەجیهانیبوون وەکوو هەستی یەکبوون پیناسه دەکات، دەتوانین بڵێین کە سەردەمی شەڕی سارد و کێبڕکێی نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەجیهانی کردنی کولتوور و هەر لایەنێک هەوڵی دەدا کە ئایدۆلۆژیای خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بەرجەستە بکات. (زەنجانی، ۱۳۸۱، ل:۱۱۸)

هەندێ لە بیرمەندانی سەدەی نۆزدەیەم، بەتایبەت فەیلەسووف و كۆمەڵناسانی وەك كانت و ماركس لەم بڕوایەدا بوون، كە بە تێپەڕینی كات و گۆڕانی كۆمەڵگە مرۆیییەكان دەور و كاریگەریی كو‌لتوورە جۆراوجۆرەكانی وەك ئایین، ئیتنیك و نەتەوە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا كەمتر دەبنەوە و كۆمەڵگەی جیهانی، بێ جیاوازی و كەلێنە كۆمەڵایەتی-كو‌لتوورییەكان پێك دێ. (ئەحمەد گوڵمحەممەدی)

بواری تكنۆلۆژی
پێشکەوتنی بوارەکانی تکنۆلۆژیی و زانست و ئابووری و کولتوور، مرۆڤایەتی خستە ناو قۆناغێکی نوێ کە پێی دەگوترێ بەجیهانیبوون. تكنۆلۆژیا یەكێكە لە سەرەكیترین هەنگاوەكانی سەرهەڵدان و بەرفراوانبوونی ئەم چەمكە چونكوو خۆی لە خۆیدا گەیاندنی جیهان بەیەكتری لە ڕێگەی تكنۆلۆژیاوە دەبێت. نیکۆلاس نیگرۆپۆنتێ Nicholas Negroponte)) دەڵێت: “ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە دیجیتاڵکراوە، ئەم جیهانیەش جارێ ئەمە سەرەتاکەیەتی..”.

بواری كۆمەڵايەتی

بەجيهانيبوون کاریگەری هەیه لەسەر بزووتنەوه كۆمەڵايەتيیەكان، به لانیکەم له چوار بواردا بزووتنەوه کومەڵایەتییەکان ڕەهه‌ندی جیهانیان هەیه وەکوو: بزووتنەوەکانی ژینگه، بزووتنەوەکانی ئاشتبوونەوه، بزووتنەوه کانی ژنان، بزووتنەوەکانی کرێکاری که ئامانجیان کاریگەری لەسەر دەوڵەت نەتەوەکان بووه، (دهقانی، ۱۳۸٦، ل:۱۲).

بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی:

پرسی كو‌لتوور و شۆناس یەكێك لەو پرسانەیە كە لەژێر پارادایمی (Paradigm) بەجیهانیبوونەوە گڕوتینێكی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بۆ نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ئیتنیك، گرووپ، ناسنامه و بزووتنەوە پەراوێزخراوەكان، بۆیە تێگەیشتن لەم پرسە ئالۆزە و كاریگەرییەكانی بەجیهانیبوون لەسەر پرسە ناسنامەیی و كو‌لتوورییەكان بۆ ئێمەی كورد كە تاكوو ئێستا خاوەن دەوڵەت نەبووینه، گرنگیی تایبەتیی هەیە. بەهەرحاڵ کۆمەڵگای کوردستانیش وەک ماڵێکه لەو گوندەی مارشاڵ مەک‌لوهان (Marshal McLuhan) لە ساڵی ١٩٦١ ناوی لێنا گوندی جیهانی (Global Village). لەو گوندەدا هەموو ماڵەکان خاوەنی مێژوو و کولتوور و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن و پێکەوە لە دان و ستاندن دان.

دەبێ یەک بناسن. بەڵام کوردستان لەو گوندەدا لە کام پێگەیە؟ چارەنووسی چیە؟ ئێمه وەکوو کورد هەوڵمان داوە هەموو ئامێرەکانی بەجیهانیبوون بخەینه خزمەتی کێشەی خۆمانەوە؛ هەر لە سەتەلایت و تێلەڤیزیۆنەوە بگرە تا ئینتەرنێت، هەموو بوونەتە ڕووبەرێکی لەبار بۆ یەکانگیرکردنی خواستە نەتەوەییەکانمان لەگەڵ کاراکتەر و بارودۆخە نوێیەکانی جیهان و سەردەمی بەجیهانیبووندا. بەڵام بۆ گەیشتن به لووتکەی مۆدێڕنیزاسیۆن (Modernization)، ئەمە تەنیا سەرەتا و دەسپێکی کارەکانە و هێشتا کوردەواری زۆری ماوە چەمکە مۆدێڕنەکانی وەک عەقڵانییەت و دیمۆکراسی بەتەواوەتی تێکەڵی بزاڤی کولتووری و سیاسیی خۆی بکات، کە سەرەکی‌ترین ئەرکی ئێستاشمان ناساندن و بەرهەمهێنانی درووستی هەموو مەعریفە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ڕووناکبیریی ئەم سەردەمەیە، خوێندنەوەیەک کە پێویستە شێلگیرانە و بە قووڵبوونەوەیەکی جیاواز لە پێشوو بیگەیەنینە ئەنجام. بێگومان خوێندنەوەکان و کارەکانی بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی بۆ چەمکێک وەک بەجیهانیبوون، لەم پێناوەدا دەورێکی گەورە و گرنگ ئەگێڕێت.

دەرەنجام:
بەجیهانیبون بۆته جێگەی بایەخی بەشێك له تۆێژەران و بابەتی لێکۆڵینەوەکان له ناوەندەکانی توێژینەوه و لێکۆڵینەوه و پێکەوه ئاڵاندنی زیاتری جیهانییه بەڵام به ژمارەیەک پرۆسەی ئاڵوز و تێکەڵاو که له بنەڕەتدا ئابووری، تکنۆلۆژی و کولتووری و ژینگه‌یی و سیاسيیه له ژێر ناوی “بەجیهانیبوون” تیۆریزه کراون. جیهانیبوون هەڵگری ڕەوتی هاتووچوی کاڵا و سەرمایه، مرۆڤ و زانیاری و بیروڕا و مەترسییه نێوەدەوڵەتییەکانه. لە لایەک جیهان لە قۆناغی گواستنەوە دایە بۆ شکڵگرتنی چەمک و پەیوەندی نوێ لە لایەکیترەوە جیهان ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە و ناوەندییەتی کاڵ بۆتەوە و ئیدی چیتر ئاکارەکان لەسەر بنەمای بونیاد (Structure)، یان ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکوو زیاتر لەسەر بنەمای کاروکاردانەوەیە (Dialectic) و دەوڵەتانی دواکەوتوو یان ئایدۆلۆژیک کێشەی زۆریان بۆ درووست بووە. لێرەدا ڕوانگەیەكی جیاوازتریش بوونی هەیە، ڕوانگەیەك كە پێی وایە لەگەڵ ئەوەی بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی دروستبوونی كولتووری هاوبەش و تایبەتگەراییە كو‌لتوورییەكانیش Cultural particularism)) بەهێز دەكات. بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵێ‌ كولتوور‌ و شێوازی ژیان ‌و بەهای هاوبەش لە نێوان خەڵكدا درووست بێت وەكوو ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دێمۆكراسی، ئازادی ‌و… هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگا ‌و نەتەوەكان كۆمەڵێ‌ تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن‌. بەجیهانیبوون له لایەکەوه به‌رەو نەهێشتنی ناوەندگەرایی (Centralism) له دەسەڵات ئاراستەمان دەکات و له لایەکیترەوه دەبیته هۆى سەرهەڵدانی چەندین جۆر دەسەڵاتی بان نەتەوەیی.

——————————————–
سەرچاوه‌کان:
کوردی:

1- ئه‌نتۆنی، گیدنزو: حەسه‌ن ئەحمەد مستەفا ، ”كۆمەڵناسی”، هەولێر، چاپخانه‌ی ئاراس، ۲۰۰۹.
2- د.عبدالعلی قەوام، وەرگێڕانی سەلاح جەعفەری، “جیهانیبوون و جیهانی سێهەم و ئاسایشی نەتەوایی، هەولێر، چاپخانەی هاوسەر، ۲۰۰۹.
3- عەلیڕە‌زا گەنجی و ئەوانیتر، و: عارف سه‌لیمی، “ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی تۆڕەکان”، هەولێر، چاپخانەی دەزگای ئاراس، ۲۰۰۷.
4- د. ئیسماعیل مه‌ردانی گیوی و ئەوانيتر، وەرگێڕانی: ئازاد وەلەدبەگی، بەجیهانیبوون و شۆناس و نەتەوەیی، هه‌ولێر، سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو، ۲۰۰۶.
۵- د. سالح مەڵاعومەرعيسی، ئەتنيک‌گه‌رایی و دەوڵەتی نەتەوەیی له چەرخی بەجیهانیبووندا، هەولێر، ده‌زگای ئاراس، ۲۰۰۸.
٦- ئازاد، حەممه، “چاخی زانیاری (گەشەی کۆمەڵگه‌ی نیتوۆرک) دەروازەیه‌ک بۆ مانوێڵ کاستیلز، سلێمانی، ده‌زگای چاپ و پەخشی سه‌رده‌م، ۲۰۰۶.
۷- مەهدی مسگفی ئەحمەد، ”به‌جیهانیبوونی سیاسی و کاریگەری لەسه‌ر دۆزی کورد”، هەولێر، نووسینگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، 2010.

فارسی:
8- مانوئل كاستلز، عصر اطلاعات: اقتصاد، جامعە و فرهنگ (ظهور جامعە شبكە ای) جلد اول، ترجمە: احد علیقلیان و افشین خاكباز، تهران: گرح نو، چاپ پنجم 1385.
9- یورگن هابرماس، جهانی شدن و آ‌یندە دمكراسی: منظومە پساملی، ترجمە كمال پولادی، تهران: نشر مركز، 1380.
10- احمد گل‌محمدی، جهانی شدن فرهنگ، هویت، تهران نشر نی، 1381.
11- داریوش اخوان زنجانی، “جهانی شدن و سیاست خارجی”، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجه، چاپ اول، تهران، 1381.
12- دکتر مجید توسلی،”پدیده‌ای بنام جهانی شدن”، پرسمان، تیر 1386، شماره 58.
13- دکتر محمود دهقانی، “ابعاد پدیدە جهانی شدن”، مرکز تحقیقات استراتژیک، اقتصادی، سیاسی و بین‌المللی در عصر جهانی شدن، شماره ۷، سال ۱۳۸٦.
14- پژوهش نامە علوم اجتماعی، سال دوم، شمارە 2، تابستان 1387، بررسی نقش رسانە های نوین با تاكید بر ماهوارە و اینترنیت بر هویت فرهنگی دانشجویان، د. احمد آذین و كبری پیرمحمدی.
15- فصلنامە مطالعات راهبردی، پژوهشكدە مطالعات راهبردی، سال چهارم، شمارە سوم، پاییز 1380، در چیستی جهانی شدن: تاملی نظری در سمت و سرشت آهنگ جهانی، قدیر نصری.
16. Clark, John, 1997, Globalization and fragmentation, oxford university press.
17. Giddens, Antony, 1990, The Consequences of Modernity, Cambridge, London, polity press,
18. Meyer, Anna & Katrina Geschiere, 1999, globalization and Identity, Oxford, Blackwell.

Previous
Next
Kurdish