Skip to Content

دەقی تەمەن / ٣٥.. ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن / ٣٥.. ناڵە حەسەن

Closed
by ته‌مموز 29, 2023 General, Poems

                                                       

١
من ئەو شاعیرەم
گۆچانەکەی دەستم لە تریفە و
چاویلکەکەم لە گیا و
قەڵەمەکەم لە ئاگرە
پایز ماڵە خنجیلانەکەم و
دۆزەخیش نیشتیمانی ئەبەدیمە
من نامۆم بە گەردوون و
ژیانیش ناتەبا بە من
کە دەشڕۆم
چەند کتێبێکی چاو بە فرمێسک و
نیگایەک لە نائومێدی و
میلۆدییەک لە خۆشەویستی
لە دوای خۆمدا جێدەهێڵم
٢
سەردەمانێک
خەونی فۆبیایی و ناخۆشم دەبینی
زۆرجاران
لەنێو خەونەکانم دا دەمردم
بەڵام دواجار
مردن وەک بوونێکی ڕەها
هاتە نێو ژیانم و
وەک گەردەلوولێکی ڕەشباو
هەموو ڕۆژێ لەنێو خۆیدا / لوولمدەدا
٣
من لە باوەشی
ئەو خێزانە چاوم هەڵێناوەو گەورەبووم
کە / تێگەیشتن و تەفسیرکردنی دونیا
تەنانەت گۆڕینیشی
یان / خەمی نان و ململانێیە چینایەتییەکان
بەر لە مارکس
لەنێو خەمە سپییەکانی سەر ڕوخساری دایکم و
لەنێو تۆزی سەرشان و ئارەقەی نێوچاوانی باوکمەوە
فێری بووم
٤
تۆ ئەو وەهمە گەورەی
هەموو تاسە و
بیرکردنەوەت لەبیر بردوومەتەوە
خەونەکانمت کردوون بە خەیاڵ
عەشقیش وەک عەنکەبووتێکی عێفریت
جەستە و دڵ و مێشکمی کلۆر کردووە
٥
من لە ڕۆژانی یەکەمی لە دایکبوونم
وەک ئیبلیسێک
ناویان خستمە نێو لەوحەی ڕەشەوە
بە ڕەشترین کاتژمێریش
چرکەکانی تەمەنم خوێندرانەوە
تابلۆی خەونەکانیشم
بە ڕەنگە ڕەشەکانی نائومێدی ڕەنگ کران
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە
کە گەورە بووم / بووم بە شاعیرێک
شیعرەکانیشم
لەنێو باخچە سەوزەکانی ژیان
پشکۆ سپییەکانی عەشق دەردەکەن
٦
سەردەمانێک
بۆ وردە ماسییەکانی نێو خەونەکانی تۆ
ڕووبارێک بووم پڕ لە ئاوی ڕوون ڕوون
لەنێو نیگای کۆترە شینکەکانی عەشق و ئەوینیشت
هێڵانەیەک بووم بۆ حەوانەوە
کەچی ئێستا / ڕەشەبای قەدەر وەپێشخۆی داوم و
نازانم لەبەردەم کام ئەشکەوتی نائومێدی و
کام جەنگڵستانە تاریکەکەی دۆزەخ و
کام بیابانە بێ مروەتەکەی ژیان / دەگیرسێمەوە
٧
لەوبەر پردە شینەکە
چیتر چاوەڕێم مەکە
من هەموودەم رێگاکەم دەگۆڕم
لەدوای جەنگەکانیش
لەنێو تەرمەکاندا
بەدوای مندا مەگەرێ
من لەنێو ونبوون و ناشوێندا
بووم بە چیڕۆکێک لە وەهم
٨
وەکچۆن لە عەشق
هەمیشە ڕێگایەک هەیە
بمانباتەوە نێو
دۆزەخی سووتان و مەستبوون
بۆیە من
گەر لەدەرەوەی ژیانیش بم
هەمیشە دوای نیوەڕۆیەک دەبێ
بێم و وەک سواڵکەرێکی دێوانە و شەیدا
لە دەرگای ماڵەکەت بدەم و
داوای تیلە نانێک و
چەند وردە ماچێکت لێبکەم
٩
من ئەو کەسەم
لەوەتەی هەم
لەگەڵ ژیان لە ململانێ دام
ماندووم ماندووم ماندووم
هێندە ماندوو
هەندێجار هەر بە مەبەست
دەست لە بیرکردنەوە و نووسینەکانم
هەڵدەگرم
هەر لەسەر قەنەفەکە کەمێک ڕادەکشێم
بەڵام / خەمەکانی تۆ و
برینەکانی نیشتیمان و
وەسوەسەی تەنیاییم
لەنێو پشیە خەوەکانیشم
لێناگەڕێن پشوو بدەم
١٠
ئازادی لە کوێ بێت / من لەوێـم
شکۆمەندی لە کوێ بێت / من لەوێم
پایز و فڕین و خێلی هەژاران لە کوێ بن / من لەوێم
بەڵام / هەڕاجکردنی نیشتیمان و
کوشتنی ئەویتر و
کۆیلەبوون و
چەمانەوە و بێدەنگی لە کوێ بن / من لەوێ نیم
١١
نە درەخت سێبەری خۆی جێدەهێڵێ
نە دەریا لە شەپۆلەکانی یاخی دەبێ
نە ئاسمانیش ئەستێرەکانی خۆی
دەکوژێنێتەوە
بەڵام تۆ
لەنێو تاریکستانی تاریکی
لێم یاخی بوویت و
منت لەنێو خۆتدا کوژاندەوە و
بە جێتهێشتم ..!
١٢
من ئەو گەریدەیەم
دەمەوێت بە زمانی گوڵ
گۆرانییە گەردونییەکانم بڵێمەوە
بە زمانی هەتاو
هەرچی تاتووی سەر جەستەی خاک هەیە
بیسڕمەوە
بە زمانی شیعریش
مرۆڤ و دۆزەخ
ماسی و وشکایی
خۆرەتاو و شەو
لەگەڵ یەکدا ئاشت کەمەوە
١٣
لە دووری دوورەوە هاتووم
بە پێخاوسی
بەسەر ڕێگا بزمارڕێژەکاندا ڕێم کردووە
شوێن پێیەکانم سەوز دەچنەوە
بووم بە سەوڵی بەلەمی نائومێدان
لەنێو نیگای نەوڕەسەکانیش ئەوەم خوێندەوە
ڕۆژ بە ڕۆژ فڕین سەختتر و
ئاسمانیش بچووکتر دەبێتەوە
١٤
هیچ شتێک هێندەی
سەمای گەڵاکان و
ڕووتبوونەوەی گیا و
گۆرانییەکانی ڕووبار
مانگ و ئەستێرەکان و هەور
بە سەما ناهێنن
عەشقی تۆش بۆمن
شێتبوونێکە لەنێو لە مردن و لە دایکبوونەوە
ناو لەپ و دەمارەکانی عاتیفەم پڕ دەکەن لە ئارامی و
چاوەکان و نیگاکان و ڕوخساریشم پڕ لە خەندە و ڕووناکی
١٥
من لەنێو نەبوونەوە بەدوای تۆدا دەگەڕام
تا بەهۆی بوونی تۆوە
مانایەکیش بە بوونی خۆم ببەخشم
من لەنێو گەڕەکە تاریکەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتووم
ترس و شەرم
مۆتەکەی ژێر لێفە شڕەکەی شەوەکانم بوون
ترس لە دۆزەخ و لە پرسیارە گەورەکان
شەرمیش لە خەونەکانم و
لە حەزەکانم و لە هەستە شاراوەکانم
وەک باڵندەیەکی باڵشکاو و
ڕێبوارێکی ونی ڕەنگ هەڵبزرکاو
ڕۆژەکانی تەمەنم بەڕێدەکرد
تا دواجار / قەدەر دەرگای ماڵی شیعری
بە ڕوومدا کردەوە
شیعر بوو بەو هێزە ئەفسووناوییە و بەو فریادڕەسەی
قوفلە داخراوە ژەنگاوییەکانی
زمانم و خەونەکانم و هەستەکانمی بۆم کردەوە …!

                                               تەموزی ٢٠٢٣

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish