یەکێتی نیشتمانی بۆچی پێویست بوو سواری شەمەندەفەرەکەی پارتی بێت … عەبدولسەلام محەمەد
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک پارتێکی خاوەن نفوز لە هەرێمی کوردستاندا بەرەبەرە بەرەو لاوازی و بچوک بوونەوە دەڕوات، هەرجار پارچە و باڵێکی لێدەبێتەوە، لەدوای جیابوونەوەی نەوشیروان موستەفا و ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان زەبرێکی کوشندە بەر پێگەی جەماوەری و هەیبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوت، لەدوای ئەمەش چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی و کۆمەڵێک کادیر و لایەنگیری ئەو پارتە پەیوەندییان بەڕیزەکانی پارتی دیمکراتی کوردستانەوە کردوو بەشیکی دیش لە ئەندامانی “ی.ن.ک”بەهۆی نیگەرانیەکانیان لە سیاسەتی پارتەکەیان دوور کەوتونەتەوە لەو پارتە و بەبێلایەنی دانیشتوون.
لە ئێستادا ئاماژەکان هەموویان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن کە “ی.ن.ک” بۆ جارێکی دی بەرلەوەی برینی جەستەی ساڕێژ بووبێت بەجیابوونەوەی نەوشیروان موستەفا، ڕووبەڕووی جیابوونەوە و ئینشیقاقێکی دیکەی گەورە دەبێتەوە، ئەویش بەجیابوونەوەی سەرکردەی دیارو خاوەن پێگەی جەماوەری ناو پارتەکە کە ئەویش “د.بەرهەم صالح”ە، ئەو جیابوونەوەیە ئەگەر ئەوەندەی جیابوونەوەکەی ساڵی ۲٠٠۹ی نەوشروان موستەفا گەورە نەبێت، زۆریش کەمتر نابێت لەو، بەمەش یەکێتی نیشتمانی کودستان بەرەو بچوک بوونەوەیەکی گەورە دەڕوات لەڕووی پێگەی جەماوەری و کورسیەکانی پەڕلەمانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەگەر ئەنجام بدرێت.
سەرانی ئێستای ناو یەکێتی نیشتمانی و بڕیاردەرانی ئەو پارتە لە ئێستادا بەڕوونی هەست بەوزەبرە کوشندەیە دەکەن کە بەجیابوونەوەی د.بەرهەم بەریان دەکەوێت، بۆیە لە “۱٥سێپتێمبەر”دا بەناچاری پێویست بوو سواری شەمەندەفەری سیاسی پارتی دیمکراتی کوردستانبن و پەڕلەمانیان لەگەڵ کارا بکەنەوە و ڕازیبوون بەوەرگرتنی سکرتێری پەڕلەمان و ئاوتکردنی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەتی بنکەفراواندا، ئەمە سەرەڕای یەکانگیربوونی بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان بەتایبەت لە دۆسیەی نەوت، کەوا لەیەکێتی نیشتمانی دەکات نەتوانێت لەو شەمەندەفەرە دابەزێت کە پارتی دیمکرات ئاڕاستەی دەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان کەوا بڕیارە لە دەستپێکی مانگی یانزەی ئیمساڵدا ئەنجام بدرێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەردەم دوو سیناریۆدایە:
یەکەم: یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە دەرکەوتنی شکست و بچوک بوونەوەکانی لەڕێگەی پەڕلەمانی کاراکراوەی ئێستای هەرێم بەهاوکاری پارتی دیمکرات ڕێگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگرێت و پرۆسەکە دوا دەخرێت بۆ کاتێکی نادیار، بەمەش “ی.ن.ک” ناهێڵێت جوڵەی د.بەرهەم بەرەو سەرکەتن بڕوات بەمەش بەشێوەیەکی کاتی ڕێگە لە پارچەبوونی دەگرێت.
دووەم: سیناریۆی دووەم بەشێوەیەک دەبێت کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان شکست و بچوک بوونەوەکەی لەژێر باڵی پارتی دیمکراتدا دەشارێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئەنجام بدرێت، بۆچونم وایە یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیمکرات بەیەک لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان دەکەن، بەمەش یەکێتی نیشتمانی ناهێڵێت لە پڕۆسەی سیاسی توشی لاوازی ببێت ئەگەر لە حاڵەتێکدا پێگەی جەماوەریشی لەدەستدا.
هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەم ئاڕاستەیە دەڕۆن کە یەکێتی نیشتمانی نەتوانێت لەو شەمەندەفەرە دابەزێت کە پارتی دیمکرات سەرکردایەتی دەکات، چونکە لە ئەگەری دابەزینی دوورنیە ببێتە پارتێکی پاسیڤ لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا،بەڵام بەمانەوەی لەناو شەمەندەفەرەکە ڕێگە لەو پاسیڤبوونەی دەگرێت و تەنانەت دەبێت هێزێکی کاریگەر، چونکە خۆی بەتەواوەتی بۆ پارتی دیمکراتی کوردستان یەکلای دەکاتەوە، بەمەش بەواقعی پارتی دیمکرات و یەکێتی نیشتمانی وەک دوو پارتی کلاسیکی هەرێم دەبن بەیەک پاکێج لە حوکمڕانی کە هەردوویان خاوەنی هێزی مادی و سەربازین، بۆچونم وایە ئەم واقعە دەبێتە هۆی لێکنزیک بوونەوە و ئیتفاق لە نێوان بەرەکانی تر تا ڕووبەڕووی تەوژمی دووهێزە کلاسیکیەکە ببنەوە و باڵانسی هێز بپارێزن لە نێوانیاندا.