Skip to Content

لە هەمبەر شیعر و شاعیریی.. ستیڤان شەمزینی

لە هەمبەر شیعر و شاعیریی.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 19, 2021 General, Literature

1
من لە ژیانمدا هێندەی بە شیعر سەرسامم زانست ئەوەندە سەرنجم راناکێشێت. ئەوەندەی لە شیعر تێدەگەم لە زانست تێناگەم!. رەنگبێ ئەمە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت من هێشتا لەناو دنیای بێ خەوشی منداڵیدا هەناسە دەدەم، چوونکە ماقووڵ نییە لە چەرخی زانست و زانیارییدا هۆشت لای جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا بێت و نقوومی ئەندێشە مەحاڵەکانی خۆت بیت!. ئەمە رێک نەریتی هەر کەسێکی تریشە ئولفەتی بە شیعرەوە گرتبێت.
2
هەر کات شیعر قسەی کرد، واتە خەیاڵ قسە دەکات، هەموو شتێک لە خەیاڵدا کراوەیە و هیچ شتێکیش قەدەغە و تابۆ نییە. ئەوەش دەزانم زانست زۆر لە دوای شیعرەوەیە، هەرچەند هەردووکیان دواجار بەرهەمی خەیاڵن، بەڵام ئەوەی لە شیعردا دەستمان پێی را دەگات هێشتا چارەگ بگرە یەک دەر سەدی ئەوە زانست بۆی دەستەبەر نەکردووین، لێ زانست چەکێکی دوو سەرە و پێکهاتەیەکە لە هەردوو جەمسەری خێر و شەڕ “پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ” بەڵام هەرچی شیعرە خاڵییە لە رەهەندی نێگەتیڤ، ژبەرئەوەی شیعر مامەڵەیەکی راستەوخۆیە لە تەک جوانی.
3
یەکێک لەو کەسانەم هەستەکیم نەک ئەقڵانی، دیارە دوو فاکتۆر ناهێڵن ئەقڵانی بم ئەوانیش ئەشق و شیعرن!. زۆرجار هێندە تاڵە موویەکیش جیاوازیی لەنێوان ئەشق و شیعردا نابینم، چوون هەردووکیان مرۆڤ لە ژیانی ریالیتە دادەبڕن و سەوداسەری دەکەن بە کۆمەڵە خەونێک کە رەنگە هیچ کات و زەمانێک مومکین نەبێت بێنەدی، بەڵام هیچ کاتێکیش ناتوانین دەستبەرداریان بین!. ئەزموونی خۆم وابووە بێ ئەو خەونانە ناتوانم یەک هەناسەی زیاتری ژیان بدەم.
4
شتێک کە هەمیشە ئازارم بدات ئەوەیە شیعر قەڵایەکی بێ پاسەوانە و زۆر بە ئاسانیی فس فس پاڵەوانەکانیش دەتوانن ئاڵای خۆیانی لەسەر هەڵبکەن، بەڵام ئەوەی لە هەمان کاتدا دڵخۆشم دەکات ئەوەیە دواجار ئەم قەڵایە بۆ کێ دەمێنێتەوە.؟. رەنگە من کە خاوەنی ئەم رستانەم نەتوانم ئەوەندە رووقایم بم ئاڵاش هەڵبکەم لەسەر قەڵای شیعر چجای ئەوەی ببمە یەکێک لە میراتگرەکانی ئەو قەڵا فەنتازیکە.
5
شیعرم خۆشدەوێ، هیچ شتێک لەم جیهانەدا بۆ من هێندەی شیعر مایەی دڵخۆشیی نییە. تەنیا کاتێک بێزار دەبم لێی کە کاڵفامەکان سواری پشتی ئەم ئەسپە شێیە دەبن. ئاخر سوارچاکی لە شیعردا کارێک نییە بە هەموو کەس بکرێ. زۆرجاریش تریش بەوە بێزار دەبم بە پاساوی ئیرۆتیک، شیعر بکرێتە مارکێتین و پۆرنۆسازیی، ئاخر ئیرۆسییەت لە شیعردا پۆرنۆگرافی نییە، بەپێچەوانەوە پۆرنۆ زۆر لەوە زبرترە بخرێتە چێوەی شیعرەوە.
شیعر تەرجەمەی هەستە لە رێی وشە نووسراوەکانەوە. ئەو شیعرە کوردییانەی بەناوی شیعری ئیرۆتیکەوە دەیانبینم چیدی نین جگە لە نیشانەکانی گرێی دەروونی و چەپاندنی سێکسیی کە ئەمە شوورەیی نییە بۆ تاکەکەس بەڵکو شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانمان کە مرۆی کورد ناچار دەکات تەنیا لە رەهەندی سێکسوالێتییەوە لە ئەویتری ژن بڕوانێت و تاوانێکی گەورەتریشی پێ ئەنجام بدا بەوەی پۆرنۆ بخاتە بازنەی تێکستێکەوە کە ناچارن بە شیعری ئیرۆتیکی پێناسەی بکەن.
6
هیچ کات هەوڵم نەداوە وێنایەکی جوانی خودی خۆم پێشکەش بکەم، ئەمە دواجار کارێکە رێگەت لێ دەگرێ جوانی دەرەوەی خۆت ببینیت. هەموو هەوڵێکم لەوەدا چڕ کردۆتەوە لە گۆشەیەکەوە لە مرۆڤ و دنیا بڕوانم کە لایەنی جوانی ببینم هەر بەو جۆرەش جوانیم لە شیعرەکانمدا تەوزیف کردووە. من شیعر دەنووسم و پێویستە بە دوای جوانیدا بگەڕێم وەک چۆن ئارکیۆلۆجیستەکان بەدوای پاشماوەی شارستانییەتە دێرینەکاندا دەگەڕێن. پێویستە بە چاویلکەی ئیستاتیکاوە لەهەموو شت بڕوانم، کارم ئەوەیە کۆلاجی پارچە ناشرینەکانیش بکەم لە پێناوی بەرهەمهێنانی جوانییەکی تازەدا. لە پێناوی لە دایکبوونی مانا و فۆرمی نوێ لە شیعرەکانمدا.

تێبینی: ئەم نووسینە پێشەکییەکی کورت بوو بۆ کتێبی شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” کە لە بەهاری 2017 لە چاپ هاتە دەرەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

Previous
Next
Kurdish