Skip to Content

دوو جار ژنێک یا دوو جار دەسەڵاتێک دەبێت لە سێدارە بدرێت!؟.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

دوو جار ژنێک یا دوو جار دەسەڵاتێک دەبێت لە سێدارە بدرێت!؟.. عبدالرحمن محمد (مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

Closed
by شوبات 19, 2021 General

فوئادی پورزام، یادی بە خێر، تەنهاچەند جارێک بینیبووم، لە بەغداد دەژیا، کابرایەکی سیاسی و قسە خۆش بوو، زۆر لە من بە تەمەنتر بوو، بەڵام ئەو چەند جارەی کە دەمبینی، سەرگوزەشتەی زۆری پێبووو، بە تایبەتی زمان زان بوو، وەرگێڕانی بۆ زۆر کەسانی بیانی کردبوو لە ساڵانی حەفتاکاندا، ئیتر بیرووبۆچونی ئەوان و کۆمەڵگای خۆمانی بەراوەرد دەکرد، جیاوازی نێوان زەوی و ئاسمانی هەبوو، لە یەکێک لە باسەکانیدا کە خۆی وەرگێڕی دانیشتنەکە بوو گوتی:
شارەزایەکی بیانی لە بوارێکدا( لە بیرم نیە بوارەکە چی بوو، ببورن) هاتبووە عێراق و کۆڕێکی بۆ کارمەندان و شارەزایانی ئەو بوارە ڕێکخستبوو، بۆ تاوتووێی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو زانستەی کە دەیانەوێت پێشی بخەن و پەرەی پێ بدەن، دیارە هەزارەها ئەگەر ملیۆنەها نەبێت ،خەرجی هێنانی ئەو بیانیانەیە بۆ وڵات!
دەڵێت؛ لە درێژەی کۆڕەکەدا، کابرایەکی عەگاڵ(مەبەستم گاڵتە کردن نیە بە عەگاڵ بە سەر، بەڵکوو گاڵتە کردنە بە شۆڤینێستێکی-مەزهەبی دەسەڵاتداری عێراقی) بە سەری، دشداشە لە بەر، کێشی لە سەرووی سەد کیلۆووە دەبوو، لە سەر کورسیەکە، جێگای نەدەبووەووە دانیشێت، لە قسەکانیدا دیار بوو، کەلە بەتاڵێکی قەومی، مەزهەبی بەعسی بوو، دەستی هەڵبڕی و پرسیاری هەبوو، گوتی:
پێی بڵێ، ئێمەی عێراقی، پێویستمان بە مامۆستا و تەمێ و زانیاری ئەو نیە!، ئێمە پارەمان هەیە، دەتوانین، سەدان و هەزارانی وەک ئەو بکڕین، تا بێن خزمەتمان بکەن!
فوئاد دەڵێت: سەرم هێنا و سەرم برد، حەپەساوم، چۆن ئەم قسەیەی ئەم کابرایە وەرگێڕم! بەڵام هیچ چارە نەبوو بە دەست ئەو مرۆڤە لە خۆبایی و ناڕؤشنبیرانەووە! ئیتر وەرمگێڕا بۆ شارەزا بیانیەکە و ئەویش وەڵامی دایەوەە:
شارەزا بیانیەکە: پێی بڵێ(بە کابرای عێراقی)؛ من بەڵێنی دەدەمێ، زۆر بە دڵنیایەووە، خاوەن قسەی خۆمم، کە ڕۆژێک دێت، دەگەڕێنەووە ناو ئەشکەوتەکان بۆ ژیان، هیچ سیمایەکی شارستانی بەم ووڵاتەووە نامێنێت! دەزانم ئەمڕۆ دەتوانن من بکڕن، بەڵام من هەموو ڕۆژێک دەست ناکەوم بۆ فرۆشتن!
فوئاد گیان، تۆ نەماویت، بەڵام من شایەتی قسەکانت دەدەم؛ هەرچی کۆمپانیای مایەپووچکراوی جیهانیە، لەو عێراقەدا پشکیان هەیەوو بوژاونەتەووە، ئێستا کۆنتراکت و گرێبەستی ٥ پێنج ساڵە نیە؛ بووە بە ٥٠ پەنجا ساڵە! ئێستا خۆمان جێگەمان نابێتەووە، لە هەندەرانین، جێگەکانیشمان هەموو کڕدراون! ئێستا منداڵ بە خێو ناکرێت؛ ژنان دەیخەنە نێوو ڕووباری دیجلەووە لە بەر نەبوونی کار و پارە! ئێستا ئەفەنی و پانتۆڵ لە پێ دەسەڵات ناکەن؛ هەمووی بووە بووە بە جبە و عەمامە لە سەر! ئێستا خەڵکی لە ناوخۆ چارەسەر ناکەن، دەڕۆن بۆ وڵاتانی بیانی بۆ چارەسەر، چونکە دکتۆر و شارەزاکان باریان کردووە بۆ هەندەران! ئێستا لای خۆمان، تەنها قەبرسانەکان ئاوەدانن، باخ و گوڵو گوڵزاریان تێدا دەچێنن هەر حەز دەکەی بمریت و لەوێ بژێیت، هەستی پێ ناکەیت لە قەبرستانەکەی لای تۆ!؟ جادەیی بێ تاسە نەماووە، ئێستا بە ڕێگای کەلار-دەربەندیخان-سلێمانی دەڵێن، ڕێگای مەرگ لە بەر تاسە و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل! ئێستا ژنانی سەر ڕووت و تەنوورە لە پێ، بە دەگمەن دەست دەکەوون، هەمووی مانتۆ و پەچەی ئێرانی و سعودیەیە!
فوئاد گیان؛ ئێستا دادگا سەرو خوار بووەتەووە، تاوانبار دادگایی بێتاوانان دەکەن! لە م چەند ڕۆژە دا لە بەغداد، ئافرەتێک دوو منداڵی خۆی خستە دیجلەووە، لە بەر هۆکاری خێزانی، خۆت دەزانی هۆکاری خێزانی، یا بێ ئیمکاناتی و هەژاریە، یا کێشەی نایەکسانی ژن و پیاووە لە ماڵەووە!؟ ئەویش لە کۆتاییدا، دەسەڵات بەرپرسیارە لەو کێشەیە، ئەگەر بێکاری بێت، یا نایەکسانی ڕەگەزی نێر و مێ بێت! دەستوری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری، بینا قاقای ژنانی گرتووە، بە ڕادەیەک ناهێڵێت بە ئازادیش هەناسە بدەن! بەڵام لە بری یا جیاتی ئەوەی دەسەڵات و دادگا لە سێدارە بدرێن ،ژنەکە دوو جار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، هەرچەندێک ئێمە دژی یاسایی لە سێدارەدانین. ئەو دەسەڵاتەی کە ژنان تەنها وەک کاڵایەک تەماشا دەکەن، تەماشایی ئامارەکانی ژن کوشتن و بە زۆر بە شوودان و چەند ژنەیی و لەشفرۆشی بکەیی ، دەڵێیت: شارەزا بیانیەکە لە سەر حەق بوو !؟ هیچ لە جێگەی خۆی نەماووە!
لە هەولێر و بادینان، لە سەر ئیمۆجیەک، یا کۆمێنتێک، لە فەیسبووک، شەش ساڵ زیندانی بڕایەووە بۆ پێنج کەس! فوئاد گیان ،دەزانم کاتی تۆ ئیمۆجی و کۆمێنت و فەیسبووک نەبوو، بەڵام ئەم ئیمۆجی و کۆمێنتانە نە چەکن و نە فڕۆکەی جەنگی و نە ناپاڵم و نە ئەتۆم، تەنها کۆمەڵێک دەربڕینی ئەلکترۆنیە بۆ شتەکانی بەرامبەر بە نەخێر یا بەڵێ!، بەڵام دەسەڵاتەکان ئەمڕۆ ئەوەندە دڵیان ناسک بووەتەووە و جیقڵدانەیان تەسک بووەتەووە، بەرگەی پێکەنینێک ناگرن، لە هەموو شتێک سڵ دەکەنەووە و باری نائاسایی ڕادەگەیەنن، وامان لێهاتووە ،خەریکە دەگەڕێینەووە کاری ژێرزەمینی جاران! ، بەڵام دەڵێن: ئێوەی مردوو ئاگاتان لە ئێمەیە، بۆیە من دەزانم، تۆ ئەم نووسینەی من دەخوێنیتەووە، هەرچەندێک پێی دڵتەنگ و ئیزعاج دەبیت، بەڵام دەمانەوێت خۆمان شارەزایی خۆمان بین، خۆمان زانایی خۆمان بین، خۆمان ڕابەر و خاوەن خۆمان بین، لە سەر قسەکانی تۆ، با زیاتر ماندووت نەکەم، چونکە ئێمەی زیندوو، ئەوەندە کێشەمان هەیە، پەنا بۆ کردار و گوتەیی مردوەکانیش دەبەین، ئەگەر هەر بۆچونێکتان هەیە یارمەتیمان دەدات، بۆمان فاکس بکەن، بەڵکوو لای ئێووە، لەم جەهەنمەی ئێمە باشتر بێت، بە دەست ئەم دەسەڵاتانەووە.
کەواتە، کابرا بیانیەکە، داهاتووی ئێمەی لە پێش چاو بووە، دیارە چوەتە نێوو لەوح مەحفوزەکەی(لوح المحفوظ: ئەو شوێنەیە کە دەڵێن، خودا هەموو کارەکان و پێشهاتەکانی مرۆڤی تیادا نووسیووە تا ڕۆژی مردن) عێراقەوە و زانیاریەکانی زانیووە، یاخود زانستیش لە پێشهاتەکان ئاگادارت دەکەنەووە، بۆیە با ئێمەش هەوڵدەین، خۆمان ببینە خاوەن زانست، نەک زانا و خاوەن زانستەکان بە کرێ بگرین تا زانستمان بۆ بسەپێنن.


azzady22@gmail.com 18/02/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish