كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه –60–… كه‌ریم كاكه
60
سه‌ید مارف، سه‌ده‌یه‌كی ئاودیوكردبوو، بێ چاویلكه كتێبی ده‌خوێنده‌وه
سه‌ید مه‌ندێ، به دووعا كچێكی برده‌وه
حاجی مستێ، له هه‌شتا ساڵی هۆبه‌ی ته‌واوكرد
پێمان به پایزه‌وه، ده‌ستمان له ناو زستانه..
ئه‌وه قسه‌ی گوڵی كۆسارانه، ئه‌و گوڵه‌ی له‌پڕ سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و نه‌مزانی گه‌یشته چ كۆسارێك، وا بزانم ساڵه‌كه ته‌ڕو تووشی و سه‌رما وسۆله‌ی له ساڵان زووتر هێنا، له‌وه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد، به‌ڵام هه‌ر من نا وا تێده‌گه‌م كه‌س له‌و ده‌ست و پێیه تێنه‌گه‌یشت، له‌وه‌ش ده‌رچووبوو، له‌و باره‌یه‌وه پرسیاری لێبكه‌یت و وه‌ڵامت بداته‌وه، هه‌رچیت لێپرسیبا، وه‌ڵامه‌كه‌ی:
ده‌مكوژێت، ئه‌وشۆ ( …) ده‌مكوژێت..
به‌ر له سه‌ربرده‌ی تازه‌ی گوڵی كۆساران، سه‌ردانێ هه‌یه بۆ ماڵی سه‌ید مارف، پیری سوارچاكان ده‌ستی راستی به گۆپاڵه‌وه، جاروباریش له نزیككه‌وتنه‌وه له كه‌ند و قۆرت و كۆسپان ده‌ستی چه‌پی ده‌خسته سه‌ر شانم، ده‌یگۆ:
كه‌ریمی خۆم، ئاگات له خۆ بێ نه‌كه‌وی
وه‌رامی من دیاره:
باپیره من ناكه‌وم..
جارێكیان گوتی:
كوڕم مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه من نه‌كه‌وم، ئاخر بكه‌وم، دوور نیه تۆش له‌گه‌ڵ خۆم بكه‌وێنم..
نێوان ماڵی ئێمه‌و و ماڵی سه‌ید مارف هه‌ر جغارهخۆرێك ده‌بێ، به‌ڵام تا گه‌یشتینێ له سێ چوار جێ پشوومان دا، له سه‌ر چیچكان یان له سه‌ر خڕكه به‌ردێك داده‌نیشتین، بیرمه باران نم نم ده‌باری و زه‌وی ته‌واو ته‌ڕ نه‌بوو، له نانی رشاو ده‌چوو، پیری سوارچاكان چوار پێنج جغاره‌ی كێشا، یه‌كه‌م جارمه له‌گه‌ڵی بێمه گۆڕستان، پلكه عه‌یشێی مجێو‌ر له هه‌یوانی ماڵه‌كه‌ی سه‌ید مارف روو له رێ، وه‌ك بڵێی له پێشوازی پیری سوارچاكان بێ، راوه‌ستاوه، ره‌نگه پرسیبێتی:
مام حاجی، بۆ لای كێ هاتی؟
ئاخر وه‌ڵامی پیری سوارچاكانم له‌بیره:
كچم، تا من براده‌ری سه‌ید مارف بووم، تۆ له كوێ بووی؟ ئه‌گه‌ر چۆله و ژن و منی له كن نیه ده‌مه‌وێ بچمه خزمه‌تی..
له دووی پیری سوارچاكان پێم نایه ناو چاوه كه‌سكه‌كه‌ی سه‌ید مارف، جاری ئێكمه بچمه ژوورێ، پێشتر جارێ دوو له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ته‌ماشای سه‌ید مارفی له ناو كهسكایهتی راكشاوم كردبوو، زۆر به پارێز و به رێزه‌وه، تۆ بڵێ به ترسه‌وه له سه‌ید مارف نزیكده‌بوومه‌وه، له پڕ رووناكیه‌ك… ئه‌و چاكه له دیدی منه‌وه زۆر پیرۆز بوو، پیرۆزتر له خڕ پیاوچاكان، دوور نیه له په‌یامبه‌ریش به پیرۆزترم زانیبێ، ئاخر بهلاشاوهییهكان هێنده‌ی ناوی ویان دێنا، ناوی خودا‌و پێغه‌مبه‌ریان به زاردا نه‌ده‌هات، سوێندی گه‌وره‌یان(به سه‌ید مارف) بوو، دیاره سوێندیتری گه‌وره‌ش هه‌بوو(به‌و ئاسمانه، به‌و رۆژه، به‌و ئاگره، به‌و زاده، به‌و عه‌رده، به غه‌وسی ماڵ له به‌غدایێ، به وه‌یسی قه‌ره‌نی، به چاكی بن عه‌ردی، به سه‌ری بابم، به گۆڕی جوانه‌مه‌رگ، به گۆڕی….) دیاره له چاو ئه‌وانه كه‌متر سوێند به خودا‌و دوا پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌خورا، بۆچی وا بوو؟ كه‌س نه‌یده‌زانی، به‌ڵام شاتكه شێت وه‌ڵامی هه‌بوو، حه‌مه‌د مه‌ستان لێپرسیبوو، ئه‌و دووه فشه وگاڵته‌یان له نێوان هه‌بوو، پرسیبووی:
ئه‌رێ شاتكه، باشه، خوا خوایه، به من ناڵێی ئه‌و خه‌ڵكه بۆچی سوێند به‌و شتانه ده‌خۆن؟
گوتبووی:
حه‌مه‌د، له من وابوو، تۆ شته‌ك تێده‌گه‌ی، نه‌مزانی له مێرده‌كه‌م هێڕوهوڕتری، برا خه‌ڵك سوێند به كه‌سێك ده‌خۆن لێیانه‌وه نزیك بێ و ده‌ستیان بیگاتێ..
مه‌ستان گوتبووی:
من قسه‌ی وا بكه‌م، گه‌ڕه‌ك به‌ردبارانم ده‌كه‌ن، له كن خه‌ڵك وا مه‌ڵێ، ده‌نا ده‌رپێت له پێ ده‌كه‌نه‌وه.. به‌ڵام دیاره تۆ شێتی لۆیه..
شاتكه شێت گوتبووی:
گه‌ڕه‌ك گووی ئاودهستێی خوارد و تۆش گووی ناو شووشه‌كه‌ی ده‌ستت..
ده‌ڵێن مه‌ستان له‌گه‌ڵ بیستنی گووی ناو شووشه، تێیههڵكردبووه:
دڵۆپێ عاره‌ق گه‌ڕه‌ك و ئاسمان ده‌هێنێ
به‌زمی مه‌ستی دڵی شاتكه ده‌له‌رزێنێ
د شاتكه شێتیش بۆ زیادكردبوو:
بنكراسی ژنیشت حاجی له‌قله‌ق ده‌یڕفێنێ..
ئۆی من گه‌یشتمه كوێ! ده‌ڵێی ئۆدانهوهم نیه، لاتم تێپه‌ڕاند، بمبووره خوێنه‌ر، ده‌بوو له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان له ماڵی سه‌ید مارف… دوور نیه له ترسی رووناكیه‌كه بووبێت، ئۆم نه‌دابێته‌وه، ئێ، رووناكیه‌ك كه هه‌ر له (نوور)ی سه‌ید مارف ده‌چوو، ده‌بێت بڵێم من له خه‌ونێ رووناهیی سه‌ید مارفم دیتبوو، رووناهیهك هیچ برووسكه‌یه‌كی ئاسمان، هیچ ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له زه‌وی ئه‌و رووناهیهی نیه، له‌پڕ نوورێك ماڵی سه‌ید مارف، پیری سوارچاكانی رووناككرده‌وه، مجێورهكه له ده‌رێ بوو، نازانم ئه‌وی رووناك كرده‌وه یان نا، رووناك رووناك، هه‌رگیز رووی پیری سوارچاكانم به‌و روونی و رووناكیه نه‌دیتووه، پیری سوارچاكان رووناك رووناك، ده‌تگوت له لایته‌كه‌ی كاك حووجی مێردی داده پنچكهوه هاتووه، ئه‌و پیاوه لایتێكی گه‌وره‌ی زۆر رووناكی هه‌بوو، به حه‌فت ترومبێل رووناكایی ئه‌ویان نه‌بوو، له تاریكه شه‌وانی پێش گه‌یشتنی كاره‌با له سه‌ر بانی خۆیانه‌وه لێیده‌دا گۆڕستانی سه‌ید مارفی رووناك ده‌كرده‌وه، رووی پیری سوارچاكان به نووری سه‌ید مارف وا رووناك بۆوه، له‌گه‌ڵ رووناكیه‌كه‌ش گرمه‌یه‌كی گۆڕستانههژێن هات، دڵنیابووم كه گۆڕه‌كه‌ی سه‌ید مارف شه‌قبووه، بیستبووم كاتێ گۆڕ شهقدهبێ ده‌نگی گه‌وره دێنێ، به‌ڵام له ترسان نه‌وێرام ته‌ماشا بكه‌م، له دیتنی رووناكی و بیستنی گرمه، یه‌ك به ده‌نگی خۆم زیڕاندم و خۆم هه‌ڵدایه باوه‌شی پیری سوارچاكان، بێ ئاگا له‌وه‌ی من له باوه‌شی وی جێمنابێتهوه، ئاخر تهماشایكهن، ئه‌و چی وای لێنه‌ماوه‌ته‌وه، له‌ڕولاواز، بیده‌یته ده‌ست ره‌شه‌با، یان بایه‌كی كه‌مێ توند، وه‌ك په‌ڕه‌مووچه به ئاسمان ده‌كه‌وێ، ته‌واویش كووڕ بۆته‌وه ده‌لێی گۆمكی گۆچانێیه، منیش هه‌ینێ راسته منداڵ بووم، به‌ڵام باش ههڵمدابوو، خه‌په و قه‌ڵه‌و بووم، دوو سێ پیری سوارچاكانم ده‌كێشا..
ئێ، با له نووره‌كه دوورنه‌كه‌ومه‌وه، پیری سوارچاكان به لادا هات، خۆی به كێل گرته‌وه، خوا كردی نه‌كه‌وت، ده‌ستی گۆچانی نا، ئه‌ویدی خسته سه‌ر شانم:
ئای، شێره‌كه‌ی باپیره، ترسای! چما تۆ یه‌كه‌م جاره شتی وا ببینی؟
له ترسا ده‌نگم نووسا، به ئاسته‌م ده‌هات، ویستم بڵێم، به‌ڵام له دڵی خۆم گوتم:
باپیره، نا، نه‌مدیتووه، راسته من له خه‌ونێ (نوور)ی سه‌ید مارفم دیتووه، به‌ڵام وا رووناك و به ده‌نگ و ترسناك نه‌بووه، ناك من یه‌كه‌م جارمه بێمه ژووره‌كه‌ی سه‌یدا مارف و له نزیكه‌وه رووناكایی وی ببینم..
كه‌مێك هاتمه‌وه سه‌ره‌خۆ، چاو له سه‌ید مارف ده‌گێڕم، بزانم له كوێ راوه‌ستاوه، ئاخر دڵنیابووم له گۆڕ هاتۆته ده‌رێ، چاوم كه‌وته سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، وه‌ك خۆیه‌تی، كه‌لێن و شه‌قی لێنه‌بووه، ئه‌دی ئه‌وه چ بوو!! برووسكه‌یه‌ك و گرمهیهكیدیش.. ئای!! ئه‌وجاره‌یان هێنده نه‌ترسام، به‌ڵام راچڵه‌كیم، له‌و ساته هاتینه ده‌رێ، پیری سوارچاكان گوتی:
كوڕم، به من ناڵێی تۆ بۆ له گرمه و برووسكه‌ی هه‌ورێ ده‌ترسێی؟!
ئای، چما ئه‌وه‌ی من دیتم و بیستم له هه‌وره‌وه بوو! تا دره‌نگیش باوه‌ڕمنه‌ده‌كرد..
باران هێشتا نم نم ده‌بارێ، بیرمه پیری سوارچاكان له پلكه ئایشێی مجێوری پرسی:
ئه‌دی گۆڕی سه‌ید مه‌ندێ له كوێیه؟
نیشانیداین، به دیوی رۆژهه‌ڵاتدا چه‌ند گۆڕێ له سه‌ید مارف دووره، پیری سوارچاكان گوتی:
با سه‌رێك له‌ویش بده‌م، جارێك لامداوه‌ته ماڵیان و نان و دۆیه‌كم خواردووه..
چووینه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، خوێندمه‌وه، له سه‌ر كێله‌كه‌ی سه‌ید مهندێم خوێنده‌وه، له هاتنه‌وه، پیری سوار چاكان روو له سه‌ید مارف:
سه‌یدی من، بیرته هه‌ر جارێ ده‌هاتمه باداوه مێوانی تۆ ده‌بووم، مه‌لا فه‌ندی چه‌ند براده‌رم بوو، به‌ڵام تا ماڵه چكۆله‌كه‌ی تۆ هه‌با، نه‌ده‌بوومه مێوانی كۆشكه‌كه‌ی وی، سه‌یدی من، دامناوه به مردووییش بێمه خزمه‌تت، له قوژبنێك جێمبكهوه..
له‌و قسه‌یه‌ی پیری سوارچاكانه‌وه كهتێكهڵ به ده‌نگی باران هاته گوێم، بێنه به‌ر چاوی خۆت پیرێكی سه‌ره‌وه‌ی سه‌د و منداڵێكی سه‌ره‌تایی، له بن باران له ماڵی سه‌ید مارفه‌وه، له گۆڕستانه‌وه بۆ ماڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، پیرێك چاو له جێی گۆڕی خۆی ده‌گێڕێ، منداڵێكیش ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌كاته‌وه مردنه، ئا، له‌و قسه‌یه‌وه گێژتر كه‌وتمه ئه‌و گێژه‌نی ئه‌ندێشه‌یه‌وه كه له ناو رووناكیه‌كه‌ی ماڵی سه‌ید مارفه‌وه كهوتووبوومێ، گێژه‌نێك پێشتر له خه‌ون و خه‌یاڵیش تووشی نه‌بووبووم، له‌و گێژه‌نه ده‌چوو كه چه‌ند جارێ له دووره‌وه و به ترسه‌وه تێمڕوانیبوو، مه‌به‌ستم گێژه‌نی رووباره‌كه‌ی به‌لاشاوه‌یه كه له بن شه‌ستمه‌تری، له‌و جێیه‌ی رووبار له رێی دوو سێ لووله‌ی گه‌وره‌ی بن جاده‌وه به زه‌حمه‌ت خۆی ئاویدیوی سه‌یداوه ده‌كرد و له‌وێشه‌وه به ئاسانی ده‌گه‌یشته بن پردی گامێشهوانان و سه‌یداوه‌ی به‌جێده‌هێشت، ئا له‌وێ له پێش لووله‌كان، ئاو گێژه‌نێكی دهداك زۆر ترسناك، كه‌رتكه چیات تێهاویشتبا له گیسك سووكتر گێژی پێده‌دا، جارێ گیسكێ له سه‌ر جاده‌وه كه‌وته ناوی، ده‌تگوت گلۆڵه مووه گێژی پێده‌دا…
من له قسه‌ی پیری سوارچاكان و رووناكیهكهوه وه‌ك گیسكهكه كه‌وتبوومه گێژه‌نه‌وه، گێژه‌نی ئه‌ندێشه‌و بیركردنه‌وه، تۆ بڵێی پیری سوارچاكان بمرێ! ئه‌و بمرێ من چی بكه‌م! نا، ئه‌و پیره هی مردن نیه، راسته مردن هه‌یه و زۆر كه‌س مردوون، به‌ڵام نابێ باپیریشم بچێته رێزی مردووانه‌وه، خوایه، شتی وا نه‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر له ده‌ستی تۆیه ئه‌و كاره نه‌كه‌یت، پیری سوارچاكان با هه‌ر له ماڵی ئێمه بێ، بۆ بن عه‌ردی مه‌به.
ئیدی له گێژه‌نی بیركردنه‌وه‌م، باشه پیری سوارچاكان چۆن سه‌ید مارفی دیوه و له ماڵی ئه‌و ماوه‌ته‌وه! تۆ بڵێی سه‌ید مارفیش رۆژێك له رۆژان وه‌ك پیری سوارچاكان به سه‌ر زه‌ویه‌وه بووبێت و قسه‌ی كردبێت و خواردبێتی و خواردبێتیه‌وه و خه‌وتبێ و.. نا، رێی تێناچێ، پیاوچاكێكی وا، پیرۆزێكی وا ناكرێ وه‌ك ئێمه بووبێ و وه‌ك ئێمه قسه‌ی كردبێ، نا هه‌بێ نه‌بێ پیری سوارچاكان تێكچووه، ده‌نا ئه‌و قسانه ناكات، دڵنیام له باداوه چاوی به سه‌ید مارف نه‌كه‌وتووه، نا، سه‌ید مارف هه‌رگیز ماڵی له باداوه نه‌بووه، ماڵی له هیچ جێیه‌كی سه‌ر زه‌وی نه‌بووه، له‌وه‌ته‌ی هه‌یه هه‌ر له‌و شوێنه‌یه و هه‌ر كه‌سێك هاواری بۆ بكات له شێوه‌ی تارماییه‌ك ده‌یگاتێ و یارمه‌تی ده‌دات، ئاخر گوێم له زۆر به‌لاشاوه‌یی ده‌بوو ده‌یانگوت:
سه‌ید مارف، من ته‌نێ هانا بۆ تۆ دێنم، هه‌ر تۆ به هانامه‌وه دێیت..
له رێیێ رێك له‌و جێیه‌ی دواتر دارتێلێكی زۆر بڵند هێنده‌ی دوو دارتێل بڵندتریشی لێ قیتبۆوه و له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی دوو سێ شتی گه‌وره‌ی له شێوه‌ی زه‌نگول یان ره‌حه‌تیی گه‌وره‌ی پێوه‌كراو، ناوه ناوه ده‌نگێكی ترسناكیان لێوه ده‌هات، ئه‌وه نیشانه‌ی هاتنی فڕۆكه‌ی ئێران بوو، خه‌ڵك جێ نه‌ده‌ما خۆی لێبشارنه‌وه، ئێ له‌وێ، پیری سوار چاكان له سه‌ر پارچه ئاسنێ كه نازانم له ئاسمانه‌وه كه‌وتبوو یان جێیه‌كه‌وه گه‌یشتبووه ئه‌وێ، دانیشتین، باران لێیكردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ر هه‌ور و لێڵه، پیری سوارچاكان و كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی سه‌ید مارف و سه‌ید مه‌ندێ، گێڕانه‌وی دڵكێشی وی منی له گێژه‌نێ ده‌رهێنا و به دیاریه‌وه بوومه قوتابیه‌كی گوێڕایه‌ڵ و رسته رسته قسه‌كانیم ئه‌زبه‌ركرد، به‌ڵام دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه شتێكی كهمیم له‌بیره:
((سه‌ید مارف، چ سه‌یدێ بوو، له‌وه‌ته‌ی خودا سه‌یدی هێناوه‌ته دنیایێ، سه‌یدی وا نه‌بووه و نابێته‌وه، به قه‌د ئه‌رد و ئاسمان میهره‌بان بوو، له زانست له ده‌ریا پڕتر بوو، لێره له باداوه داده‌نیشت، به‌و پیریه‌ش له ئێستای من پیرتریش بوو، بێ چاویلكه كتێبی ده‌خوێنده‌وه، بڕواناكه‌م نه له كه‌س تووڕه بووبێ و نه كه‌س لێی تووڕه بووبێ، جارێك نه‌بێ، دڵی له ئاغایه‌ك ده‌شكێ، ماڵ بهجێدیلێ و ده‌چێته گوندێك، به‌ڵام شه‌وه‌كه‌ی ئاغا خه‌وێكی وا ده‌بینێ، سبه‌ی زوو كۆمه‌ڵێ پیاو ده‌نێرێ و به تكاو پاڕانه‌وه سه‌ید مارف ده‌هێننه‌وه، من ساڵی دوو سێ جار ده‌چوومه خزمه‌تی، دیداری سه‌ید مارف وه‌ك دیداری پێغه‌مبه‌ران وابوو، تۆبه! من نه‌چوومه‌ته دیداری ئه‌وان، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ وه‌ك دیداری سه‌ید مارف بووبێ، ئای، تۆبه، ئه‌وه من چی ده‌ڵێم!
سه‌ید مارف له ژیانی دووعای خراپی به زاردا نه‌هاتووه، وه‌ك سه‌ید مه‌ندێ نه‌بوو به دوای دووعای باش، دووعای خراپیش بنێرێ، ئا، سه‌ید مه‌ندێ شتی وای ده‌كرد، جارێك دوو چوومه‌ته ماڵی ئه‌و سهیدهش به‌ڵام به‌ر دڵم نه‌كه‌وت…))
پیری سوارچاكان شتێكی له سه‌ید مه‌ندێ گێڕایه‌وه:
( له‌و گوندانه‌ی خوارێ، توورهقه نازانم كوێ، كچه عازهبێ له جێ ده‌كه‌وێ، به دا‌و و ده‌رمان و نووشته و كشته‌كی دنیا سه‌رپێ ناكه‌وێ، دووعای سه‌ید مارفیش گیر نابێ، سه‌ید مه‌ندێ ده‌ڵێته دایكی كچه:
كچه‌كه‌ت بۆ چاكده‌كه‌مه‌وه به‌ڵام شتێكم ده‌وێ…
دایكه ده‌ڵێ:
قوربانی جدت بم، هه‌رچیت بوێ، بیبه، سه‌رمان پێوه نیه..
سه‌ید مه‌ندێ ده‌ڵێ:
كچه‌كه‌ت..
دایكه رازی ده‌بێ، ئێ، سه‌ید مه‌ندێ چ ده‌كات، چ دووعایه‌ك ده‌خوێنێ، كه‌س نازانێ، به‌ڵام دوای دوو سێ رۆژ كچه له جێ دێته ده‌رێ و به به‌ر چاوی گونده‌وه له جاران به لهنجهولارتر به رێدا ده‌ڕوا، دوای چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك سه‌ید مه‌ندێ هه‌واڵ ده‌نێرێ:
كه‌نگێ بێمه داخوازی كچه‌كه‌تان؟
دایكی كچه وای وه‌ڵام ده‌داته‌وه:
سه‌یدی گه‌وره، خۆ نه‌تۆ نه من به راستیمان نه‌بوو، ئاخر تۆ چوار ته‌مه‌نی كچه‌كه‌مت هه‌یه، تۆ و ژنیان گوتووه!
دیاره سه‌ید مه‌ندێ له هه‌شتا نزیكده‌كه‌وته‌وه، سه‌ید تووڕه ده‌بێ و ده‌ڵێ:
به‌و خودایه‌ی له سه‌ر سه‌رانه، لێم ماره نه‌كه‌یت، وه‌ك خۆی لێده‌كه‌مه‌وه.
ماڵی كچه به فشه‌ی وه‌رده‌گرن و نه به ئا نه به نا، وه‌ڵامی ناده‌نه‌وه، حه‌فته وهرناسووڕێتهوه، كچه تووشی هه‌مان نه‌خۆشی ده‌بێته‌وه و له سه‌ر پشت ده‌كه‌وێ و ناتوانێ خۆی بسووڕێنێ، ئه‌وجا ما ئه‌وه‌ی دایكه ده‌سته‌ودامێنی سه‌ید مه‌ندێ ببێته‌وه، سه‌ید چاكیده‌كاته‌وه و ماره‌ی ده‌كات و منداڵیشی لێیده‌بێت….))
به دووری مه‌بینه، له‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی پیری سوارچاكانه‌وه، له منی منداڵه‌وه سه‌ید و پیاوچاك شتێك له گومانیان تێكه‌وتبێ، ئاخر پێشتر ئه‌وانه بۆ من ئاسمانی بوون، هه‌وای زه‌ویان به‌ر نه‌كه‌وتبوو، له چاكه پتر چ جێیان به چ نه‌كه‌وتبوو، پیاوچاك و تووكی خراپ!! پیاوچاك و له باداوا ژیان و مێوانداری!! له دڵی خۆم ده‌مگوته‌وه:
پیری سوارچاكان مێوانی سه‌ید مارف بووه، پێكه‌وه قسه‌یان كردووه؟ نانیان خواردووه، سه‌ید مارف دانیشتووه و كتێبی خوێندۆته‌وه؟ ئه‌گه‌ر وابێ، واته مرۆڤ بووه!! ئه‌دی سه‌ید مه‌ندێ! چما ئیشی واشی كردووه! ئه‌گه‌ر گوڵی كۆساران گه‌ڕه‌كی به سه‌ر خۆی وهرنهكردبا، چ دوور نه‌بوو من له‌و نێوانه، رێی ماڵێ و سه‌ید مارف سه‌رگه‌ردان بام، به‌ڵام به‌ر له هاواری گوڵی كۆساران، وه‌ك نوێژ له سه‌رمه دانیشتنه‌كه‌ی پیری سوارچاكان بگێڕمه‌وه، دیاره ئه‌و پیاوه دانیشتنی ئاسایی، ئه‌وه‌ی من و تۆ داده‌نیشین، ناتوانێ دانیشێ، بۆیه دڵنیام، گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهاتی سه‌ید مارف و سه‌ید مه‌ندێ كه له سه‌ر ئاسنه‌كه گێڕایه‌وه، كه‌متر له جغاره خۆرێكی ویستووه، ئه‌گه‌ر كۆڵان كۆڵان له‌گه‌ڵم بووبن، وه‌بیرتان دێته‌وه، ماین چۆنچۆنی پیری سوارچاكانی هه‌ڵدا و پشتی گرده‌بڕ شكا، شكانێك ئه‌حمه‌د ته‌بیبی هه‌ولێرێی بابی فواد ئه‌حمه‌دی( ئه‌رێ ئه‌ی به زولف و په‌رچه‌م) بۆی نه‌هاته‌وه جێ..
پیری سوارچاكان دوای ئه‌و گلانه ، یان ده‌بوو به پێوه بوه‌ستێ، یاخود پاڵكه‌وێ، پاڵكهوتنێ، مه‌گه‌ر منی ههینێی ده دوازده ساڵه و ئێستای نیو سه‌ده، ده‌نا كێ ده‌توانێ وێنه‌كه‌ی بكێشێته‌وه، ئاخر جگه له من كه‌س نیه ئه‌و سوارچاكه بنووسێته‌وه، به‌رێ خۆ ده‌نێ به‌و شێوه‌یه پاڵده‌كه‌وت:
ئه‌وه‌تا له سه‌ر پشته، بالیفێ له‌بن بنی هه‌ردوو چۆكی، دوو چۆك هێنده‌ی ئاستی سه‌ری بڵندبۆته‌وه، ئاخر بالیفێكیش وا له بن شان و ملی، بالیفۆكهیهكیش له نیوان سه‌ری و دیواره، كه‌واته پیری سوارچاكان هه‌میشه سه‌ری به دیوارهیهوه، ئیدی ئه‌وه‌یه دانیشتنی پیری سوارچاكان، خۆی گۆته‌نی:
خوایه، كه‌س وه‌ك من دانهنیشێنیت..
هاواره‌كه‌ی گولی كۆساران، له‌رزی خسته ده‌ست و گۆچانی پیری سوارچاكانه‌وه، پێشتر نه‌مدیتبوو بله‌رزێ، نا پیری سوارچاكان كه‌س نه‌یدیتبوو بله‌رزێ، ناهه‌قی نه‌بوو بله‌رزێ، ده‌زانی هاواره‌كه‌ی گوڵی كۆساران چ هاوارێ بوو! كێ هاواری وای بیستووه و ده‌بیستێ، مه‌گه‌ر حاجی مستێ له ژنه‌كه‌ی خۆی ببیستێ، ئۆی! حاجی مستێ له جێیه‌كی خراپ هاته ناو قسانه‌وه، ناچارم كه‌مێك له هاواره‌كه‌ی گوڵی كۆساران دووركه‌ومه‌وه و له زاری چه‌تۆی سه‌رناس شتێك له‌و مستێیه بگێڕمه‌وه:
حاجی مستێ ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه هه‌شتا، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن ئهسبابهكهی به‌كاربووه هێشتا، له‌و زوورگانه‌ی پشت كه‌سنه‌زان له ناو ره‌شماڵ ده‌بن، ئێواره‌یه‌ك له‌رزێكی كه‌می لێبووه،كوڕه‌كانی خڕده‌كاته‌وه، حه‌فت كوڕی ده‌بێ، ده‌ڵێ: شتێك هه‌یه ده‌مه‌وێ پێتانبڵێم..
كوڕه‌كان تێده‌گه‌ن كه باوكیان له سه‌ر مردنه و ده‌یه‌وێ راسپارده‌ی خۆی بگه‌یه‌نێ، كوڕه گچكه ده‌ڵێ:
بابه، توخوا، باسی مردن مه‌كه، تۆ هێشتا زۆرت ماوه..
حاجی مستێ ده‌ڵێ:
كوڕم ده‌زانم، ما ده‌زانن ئه‌من ههنگۆم لۆ چ بانگكردیه؟!
كه‌س قسه ناكات، حاجی مستێ ده‌ڵێ:
كوڕم، ئه‌من ده‌مهه‌وێ هۆبه ته‌واوكه‌م، هۆبه!
كوڕه‌كان هۆپێك له خۆیان ده‌زانن، یه‌كیان به چرپه ده‌ڵێ:
به خودای بابمان شێت بووه..
مستێ دیاره له بیستن له تیره‌ی مشكه، ده‌ڵێ:
كوڕم، شێت نه‌بوومه، ژنه‌كی جهحێلم لۆ ببیننه‌وه، تا دوو براتان لۆ زیاد بێت و هۆبه ته‌واو بێت..
له‌و ساته ژنه پیره‌كه‌ی حاجی مستێ كه هه‌ر هێنده‌ی گلۆڵه مووێكی لێ ماوه‌ته‌وه، هاوارێك هاوارده‌كات، له چیای كێشكێ گوێیان لێی ده‌بێت، ئیدی مستێ ژنه‌كی ده‌ڤه‌ری كێشكێ دێنێ و منداڵیشی ده‌بێت، ده‌ڵێن، دواتر له سه‌ره مه‌رگ به كوڕه‌كانی گوتبوو:
دوای من كه‌ستان گومانتان له زڕدایكتان نه‌بێ، دوور نیه دوای من برایهكیترتان بداتێ، چوونكێ دوونێ شه‌وێ سه‌رجێییم له‌گه‌ڵی كردووه!
با به هاواری گوڵی كۆسارانه‌وه بچین و بزانین هاواره‌كه‌ی….