دەردەدڵێکی بانگەشە.. سەردار جاف
سيادسەت و دەوڵەت يان دەوڵەتداری دوو چەمکی جياواز و پانتایی و ڕەهەندی فراوانی هەيە، لە هەمانکاتيشدا ليکترازان لە يەکدی قبوڵ ناکەن و هاوشيوەی ڕەوتەڕێی شەمەندەفەرن بێ يەک هەڵناکەن و يەکيان بێ ئەوی دی ڕەوتی ژيان ڕادەگرێ.
لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولێکی نوێی پاڕلەمانی ئێراق، لايەنە لاوازەکان جگە لە پەلاڕێدا بردنی ڕاستييەکان و چەواشەکردنی تاکی کورد و دەنگدەری کورد، پەلاماری لايەنی زلهێزی کوردستان و ئێراقيان دەدا، و ئیدی هەريەکە و بەجۆرێکی فرتوفێڵاوی تۆمەتباری بە کوێخايەتیان دەکرد. کار گەيشتە ئەوەی لايەنی سياسی دەرەوەی سنووری کوردستان و داگيرکەری کوردستانی باشوور خۆ هەڵقورتێنێتە نێو ئەو تەشهيرکردن و هيرشبردن و رێگريکردنانەی لە سنووری شەنگال ڕووياندا, ئاقيبەت و دەرئەنجام وا بەرچاوييەک ڕوون بۆتەوە و هەموو ئەو بانگوسەڵا ناڕەوايانەی ڕۆژانی بانگەشە جگە لە بڵقی سەر ئاو هيچی ديکە نەبوون، رۆژگاری کورديش هەر بە درەوشانەوەی خۆرەکەی خۆی مايەوە.
گەرەکە لێرەوە هەڵوێستەيەک بکەين و کەمێک شرۆڤەی سەردەميانە و ديفاکتۆیی نێودەوڵەتی و هەرێمايەتی بکەين بۆ خودی ئەو ڕووداوانەی لە کوردستانی باشوور دەگوزەرێ و پەنجە بخەينە سەر ڕاستی و دروستی کە هەميشە لەو ڕوانگەيەوە هەڵدەقولێ. بەش بەحاڵی خۆم کورد بە جۆرێک ناسيوناليزمی توندڕەو دەبينم کەچی ناسيۆناليزمی خەڵک بە شؤڤێنيزم دەزانێ ، هەرچەندە تاڵ و قورسە کە وادەڵێم ، لە کاتێکدا بۆ خۆی هيچی لەوە کەمتر نييە، کە هەرگيز ئامادە نييە کەمێک سازشی لە سەر بکات و بێتە خوارێ لەو مکووڕبوونەی خۆی، و بەرچاو ڕوونييەکی ياسا نێودەوڵەتييەکان لە بەرچاو بگرێ.
ديقەت بدەن، کورد زۆر لای ئاساييە عارەب بيست و یەوەندە دەوڵەتە و زياتريش بێ، لە هزر و بيری خۆيشيدا وا لێکدانەوە و شرۆڤە دەکات وڵاتانی عارەبی بەرەو دابەشبوونی زيتريش دەبات و گرەو لە سەر دابەشبوونی ليبيا و سوريا و ئێراق و يەمەن دەکات کە ئێستا ئاڵۆزی و گرفت و کێشەيان تێدايە، شرۆڤەکانی لەو ئاستەدا چەق نابەستێ و پەل بۆ ئايندەی نزيکيش دەبات و باس لە دابەشبوونی ئێران و تورکيا دەکات، ئەمانە جگە لە خەياڵ و لێکدانەوەی چەواشەکاريانە و نادروست و ناسەردەميانە هيچی ديکە نین، هاوکات گەمەکردنيشە بە سۆزی تاکی کورد و فريودانيان، لە بەرامبەردا کوێرانە وا بۆ خۆی بە ڕەوای دەزانێ لە مەڵاتييەوە تا دوورگەی خەرج ئیمبراتۆڕيەتيک پێک دەهێنی و هەموو جيهان بکەوێتە ژێر ڕکێفييەوە بە زلهێزەکانی دونياوە، بێ ئاگا لەوەی کە لە ڕووی ئابوورييەوە ئەم ناوچە هەستيارترين و دەوڵەمەندترين دەوڵەت دەبێ لە جيهاندا، وەک لايەنی سەربازيش کورد گەلێکی ئازان و پێشمەرگە بۆ جيهانی سەلماند کە چ هێزێکی شەڕکەرە، ئەوە نەبێ کورد تەنها لەم سەردەمەدا وا چەلەنگ و بوێر بووبێ ، بەڵکو لە سەردەمی زەینەفونەوە ئەم لايەنە دەرکەوتووە. ئەم يەک دەوڵەتە گەورەييەی کورد کە هەندێ لايەن بانگەشەی بۆ دەکەن جگە لە خەياڵ بڵاوی و فريودان و بە کوشتدانی رۆڵەکانی ئەم سەردەمە هيچی ديکە نين، و هيچ ئامانج و مەبەستێک بە دەست ناهێنن، و ناکرێنە چوارچێوەی ستراتيژی هيچ بزوتنەوەيەکی رزگاريخوازی کوردستان. دەرئەنجامە بەراييەکان لمۆزی ئەوانەی کوتايەوە کە هەرەشەی لە باربردنی هەرێمی کوردستانی باشوور دروشميان بوو.
دوای ڕاپەڕێنی بەهاری ١٩٩١ و لەو رۆژگارانەدا لە سنووری سلێمانی وا خەڵکی تێگەيەنرا بوون کە ئۆتۆنۆمی داخوازييەکی کۆن باو و بە سەرچووە و گاڵتەيان بە هەڵگرانی و بە بەدەستهێنەرانی ئەو مافە دەکرد، کەچی دروێنەی ئەم گاڵتەجاڕييە شانزەی ئۆکتۆبەر بوو، گەرەکە بڵێین نە من و نە هەموو ئەوانەی بە بيروباوەڕێکی يەقين و چەسپاوەوە کە هۆگر و ئینتیما و ئاشقی ئەو خۆرە زەردەن کە ئاوابوون لە نيشتيمانی کورد نازانێ وا گۆشکراون، هێرش و پەلاماردان و قسە نەشياو و هەجوو و جنێويان لێ ببارێ، کە ئەو جۆرە پەلاماردانانە سانايە و بە هەموو کەسێ دەکرێ، وەلێ حيکمەت و عەقڵانييەت و ئاشتی ويستی و سەرکەوتن بە هەموو کەس و گروپ و لايەنێک ناکرێ… بۆيە چاوەنواڕی توندی و پەلاماردانمان لێ مەکەن… کەچی لە بەرامبەردا لە ماوەی بانگەشەکەدا نەيارانی هەڵگرانی ئەو پەيامە هێمنانە بێنيمان چيانکرد و حاڵەتەکەيان گەياندە مريشکە ڕەشە، گەر کەسێک و سەرۆکێک بە حيکمەت و عەقڵانيەت و هێمنييەوە کۆنترۆڵی دۆخەکەی نەکردباکە کوردانە و کوردپەرەوەری و کوردايەتی و کوردستان خۆشەويستی بوو، لەو پەڕی ئارامي و دان بەخۆدا گرتن دەرکەوتن کە نەيار و ڕەقيبانی دۆراندۆر ئاگری بن کايەکەيان پوکايەوە و مەرامەکان سەری نەگرت، کە جگە لەو پەلامارە ناوخۆييانە دەيانويست لە ڕێی شەنگال و بە فيتی قەنديل و ئەوديوی قەنديلەوە فيتنە و ئاشوبێکی تر بخوڵقێنن، ئێستا سەرکەوتوو بووی زۆرينە بە هەموو ئەوانە دەڵێن ئەرێ سەندوقەکانی دەنگدان و گەلەکۆمەکەی خۆتان لێ ديارە؟
کورد بە گشتی زۆر زۆر ئاسوودە و دڵخۆش بوو کاتێک شەست دەوڵەت لە هاوپەيمانێتێکی نێودەوڵەتیدا بە زەبری هێز سوپا داگيرکەرەکەی سەددامی لە دەوڵەتی کوێت وەدەرنا، کەچی لای گوناه و تاوان و کوفرە ئەو هاوپەيمانييە نێودەوڵەتييە يان هاوشێوەی ئەوە بۆ پاککردنەوە و ئازادکردنەوەی قەنديل بگيرێتەبەر، با بە هەڵچوون و سۆزەوە وەڵامت نەبێ و ديقەتی ئەم ژانرە نەدەی، عەقڵانييەت و سياسيانە و ياساييانە و سەردەميانە بيربکەينەوە، هەروەک پێشتريش باسمکرد، ئاخۆ کورد خاوەن ئەو لۆبييە گەورە و ديپلۆماسييتە نێودەوڵەتييەيە کە بتوانێت نەخشەی چوار دەوڵەت بگۆڕێت، ئەمە نەک خەيالە بگرە لەو ديو ديوارە کۆنکرێتييەکانی خەياڵيشەوەيە، با چيتر خەياڵ پڵاوی بير نەکەينەوە و فريودانی تاکی کورد بەس بێت، با بڕوامان وا بێت لە چوارچێوەی ئەم وڵاتانەدا بتوانین مافەکانمان دەستەبەر بکەين و بۆ ئەو مەبەستە تێ بکۆشين، پاشان کە زەمەن رێی خۆش کرد هەر پارچەيەک لەو چوار پارچەيەی کوردستان بۆ خۆی دەوڵەت بوونی خۆی جاڕ بدات، لێرەوە دەبينە چەند دەوڵەتێک نەک ئیمبراتۆڕييەتێک، گرينگە ئەو کات سەدداميانە بير نەکەينەوە و يەکدی داگير ناکەين.
نها نە دەوڵەتين نە هيچ، ئەوەی هەيە کوردستانی باشور لە چوارچێوەی هەرێمێکی دانپێدا نراو خودان کيانێکە، و هيوا و ئومێدی چل مليۆن مرۆڤی بێ مافی نەتەوەييە، کەچی بە ناوی بزاڤی رزگاريخوازييەوە ناو بە ناو و لێرە و لەوێوە پەلاماری دەدرێت و ڕۆڵەکانی شەهيد دەکرێ، هەر يەکە و بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە قۆڵێک لەو قۆڵانەی چواردەورييەوە.. دەربارەی شەڕی برا کوژيش، پێشتريش زۆر لەلای ئێمە ئاسایی بوو کە ئێستايش هەروايە وڵاتە عارەبييەکان بەگژ يەکدا بچنەوە و سوپا بنێرنە سەر يەکدی، ئا ئەوە بە شەڕی برا کوژی نازانن، کەچی ئەوەی لیرە ڕوودەدا بە ناوی برا کوشتن هاژوهوش دەخوڵقێندرێ، کەچی بۆ خۆيشی بە رەوای دەزانی بمکوژێ و منيش بێ نوتق بم.
شتێکی ديکە کە زۆرجار سەرنج رادەکێشێ ئەوەيە هەندێ خەڵکی کاڵفام و بێ ئاگا لە دنيا وا بير دەکەنەوە و بانگ و سەڵايشی بۆ دەدەن و دەڵێن خەڵک لە سەددام حوسێن ڕاپەڕی چۆن لە دەسەڵاتی ئێستا ڕاناپيڕێت، ئەو خەڵکە نەزان و فريودراوانە لە بيری خۆيان دەبەنەوە کە سەددام حسێن و هێزەکەی ئەو هێزە هاوپەيمانە نێودەوڵەتييە شڕووڕی نەکردايە، زەمينە نەدەسازا ڕاپەڕين بخوڵقێ و ئێستايش لە بن چەکمەی پۆستاڵ و زەبر و زەنگی سەددام دەبوون و ئەو جورئەتی قسە کردنەی ئێستات نەدەبوو.
بەر لە دوماهی و ئاوابوونی ئەم نووسينە دەکارێ بيژين، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی لە خولی پێشووی پارلەمانی ئێراق کە ئەندام پاڕڵەمان بوون جگە لە يک دووانێکيان نەبێ کە لە بەرەی دژبەری نەتەوەیی و کوردستانی و ئەم کيانی هەرێمە دەوەستانەوە، سەر ئاو کەوتن و لە گەڵ لافاوی دەنگی دەنگدەران ڕاماڵران و مليان نا، لە زبڵدانێکن نە کەس ئیرەييان پێ دەبات نە مرۆڤی کورد ديقەتيان دەدات، قێزە ونن قێزە ون.
ئەڵمانيا
١١/١٠.٢٠٢١