
نێرینەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد
پێشەکییەکی کورت:
ئەم نووسینەی بەردەستتان، وەلامدانەوەی منە بۆ رۆژنامەی “ڕەوت” لە بەرانبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆ منییان ناردبوو کە تەوەرێکی تایبەت بوو لەسەر: ” ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟هۆکارە بنەرەتییەکانی هەمژموونی زمانی نێرسالاری لە ئەدەبی کوردیدا چین؟ بە بروای تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی دەسەلاتی هەژموونی ئەو زمانە تێکبشکێنرێت؟
بە بروای من وەلامی ئەم پرسیارە هەروا سانا نییە. خودی زمان کایەیەکی فراوانە کە تیایدا وشە، دەستەواژە و ئاماژەکان ڕەنگڕێژدەکرێن بەو بەها و پێوەرە کولتوری و ئایدیۆلۆژیانەی زمان خۆی تیا دەبینێتەوە.
لە زمانی چینۆکدا، یەکێک لە زمانەکانی باکوری خۆرئاوای باکوری ئەمریکادا دەربڕینێکی لە چەشنی
“ئەو پیاوە هارە، مناڵە فەقیرەکەی کوشت.”، دەبێتە : ” هارێتی پیاوەکە فەقیری مناڵەی کوشت”. لێرەدا وشەی فەقیر ئاماژە نییە بە دۆخێکی ئابووری کە نەبوونی ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکان دروستی دەکات. بەڵکو فەقیری بەمانای ئەو دەربڕینەی کە لە زمانی کوردیدا بۆ وەسفکردنی کەسێک کە سالارە و بێدەنگە و تەواو بارگاوییە بە هەموو مانا پۆزەتیڤەکان. “بە ڕاستی باوکی فڵانە کەس پیاوێکی فەقیرە.” ئەوەی کە وشەگەلێکی وەک ” هار، هارێتی، فەقیر و فەقیری” ماناو دەلالاتی جیاواز لەم دوو دەستەواژەیەدا دەداتەدەست، لە جیاوازبوونی ماناکانی هارو هارێتی، فەقیر و فەقیریدا نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو لە بەکارهێنانی کۆمەلایەتی ئەو وشانەدا هەیە لە ناو کەش و هەوای ئەو کولتورە جیاوازانەدا کە بەهای کۆمەڵایەتی جیاواز لەسەر هار، هارێتی، فەقیر و فەقیریدا دادەنێت. بەڵام ئەم نێرسالارییەی کە لە زمانی کوردیدا باسیلێدەکرێت، کەمتر تیشکی خراوەتەسەر و زیاتر سیمای پیاوێکی دڕندەی هەیە وەک لەوەی سیستەمێک بێت کە مێیتی و نێریتی لەناو تۆڕێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە وەلامی من بەرلەوەی لە زمانەوە دەستپێبکات، ناچارم دەکات لە خودی نێرسالارییەوە دەستپێبکەم و دواتر بگەڕێمەوە ناو کایەکانی دیکەی ئەدەب، هونەر، ریکلام و گۆرانی.
بەڵام هەرچۆنێک بمەوێ دەستپێبکەم، ناتوانم “کتێبی ملوانکە”ی شیرکۆ بێکەس فەرامۆش بکەم کە ڕێنیشاندەرێکی گەورەی ئەم باسەیە لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا.
کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەرو شوناسی ئەوان بێت ، نەک نێر یاخود مێ بوون.
ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە “کتێبی ملوانکە”دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.
سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.
“لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.
وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کولەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. “
بە بروای من، شیرکۆ بێکەس لەم ئاماژە درێژەی مندا، بەشوێن ڕیزکردنی نێرو مێ بوونی شتەکانەوە نییە کە لە زمانەکانی دیکەی دنیادا بوونی هەیە، بەلکو نەخشەیەکی جەندەرییش دەکیشیت بۆ نێرێتی و مێیتیەک لە کۆمەلگای کوردستاندا کە دەکرێ لە زۆر جومگەکانیدا، لەناو نەخشە جەندەرییەکانی دیکەی دنیادا تەواو پێچەوانەیەی ئەو مانایانە بێت کە لای ئێمە هەیە.
لەسەر ئەم نەخشە جەندەرییەی شێرکۆوەیە، دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو نێرسالارییەی کە بڕیارە تەوەری وەلامەکانی من بێت. بەڵام بەر لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نێرسالاری، پێویستمە سەرنجێک لەو مۆدێلی نێرینەیی یان پیاوێتیە بدەم کە لە کوردستاندا ئامادەیی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، تێگەیشتن لە چەمکی نێرینەیی “کۆنێل”، کۆمەکێکی زیاتر دەکات بە تێگەیشتن لەم چەمکی نێرسالارییەی کە لە زۆر شوێندا بەکاردەهێنرێت، بێ ئەوەی سیماکانی دیاربن. پرسیارێک کە تا ئێستا، لە زمانی کوردیدا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لە کۆمەلگادا، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.
ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخاتەتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکات و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆی هەیە و بە جیا لەم روخسارە ژنکوژەی ، خاوەنی دەیەها دەمووچاوی دیکەیە کە کاریگەرییەکانی کەمتر خوێناوی نییە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیەوە.
جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل
کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی یان پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، “نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن”. واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار کە پێستی ڕەشە، لە ناو رژێمی جەندەری کوردیدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.
لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا، جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.
نیرینەیی هەژمووندار.
کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن واهی بن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.
لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە وبەرپرسیاری یەکەم ئەوە. بە کورتییەکەی جێهێشتنی کاری ناو ماڵ و چاودیریکردنی پەروەردەی مندالان بۆ ژن.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی پیاوی کورد دەخاتە ژێر پرسیار. بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.
نێرینەییەکی بەشدار
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانیشە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێی کار لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو ، سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێیە کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی بازاڕ بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەرپاراستنی بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایە کولتورییەکانی نێرینەییەکی هەژمووندارانە وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
نێرینەییەکی ژێردەستە
وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە ئایدیاکنای نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی ئەو خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانەوەیە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی، هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان. لە کۆمەلگای کوردستاندا، دەرگای بە پێشمەرگە بوون لە بەرانبەر زۆرێک لە گەنجانی کوردا دادەخرێت کاتێک بە منداڵی لاقەکراون و وەک “حیزە” ناسراوەکانی گەرەک چاویان لێکراوە. ئاخر ئەوانێک کە قونی خۆیان پێنەپارێزراوە، ناتوانن پارێزەری شەرەفی دایکی نیشتیمان بن. ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوە تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەرپێوەرەکانی نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، پیاوانێک کە گرفتی ئەندامناکاراییان هەیە، ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا بە کەمئەمدام دەناسێنرێن، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن و بەلام دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار. ئەوان لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە. ئەم کاتیگۆرییانەی سەرەوە، دەخرێنە دەرەوەی نێرینەی هەژمووندار، چونکە لە بەشێکی زۆری ئەو پێوەر و بەها کولتوریانەی کە وەک ئایدیایەکی خۆناسینەوە بۆ نێربوون لە کۆمەلگادا سەرنجی دراوەتێ، بێبەشن.
نێرینەیی لەپەڕاوێزداخراو
کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیکسوالێتی ئینسانەکان، ، ئینتیمای چینایەتی، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزداخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییەکاندا.
کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل
بە بڕوای من، ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن و پراکتیکی یەکسانیخوازانە دەخاتە جێگای. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.
لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رە سمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێربوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێک کە شایەنی نووکتەلەسەرکردنن، توانیویانە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕینی ستراکتۆری نێرینەیی کۆمەلگا نەبووە. کەریمە زلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.
بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە” ئەبوشوارب “دەستپێدەکات و بە “نادر ئاوێنە”دا تێدەپەڕێت و دەگات بە “واحیدی عەلینەژاد”، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدلبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێی، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریدا.
لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟
بە بڕوای من، زمانێکی نێرسالارانە، یان دیدو بۆچونێک کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستاندا لە ناو چوارچێوەکانی نێرینەییەکی هەژموندارانەدا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئاسان لە ناو تێکستە ئەدەبی و تابلۆ ولەسەرشانۆ و لە ناو گۆرانییەکاندا نمایشی خۆیدەکات و بێدەنگ تێدەپەڕێت بە بێ کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە.
من بڕیارێکی ڕەها نادەم و دەکرێ لێرە و لەوێ کەسانێکی دیکە هەبن کە مەراقی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، چاویلکەیەکی جەندەرییان دەکاتە چاو و توانای بینینی ئەو ڕووبەرە کۆمەلایەتییە جیاوازانە دەبێتە شوێنی نیگای ڕەخنەگرانەیان تا مەملەکەتەکانی نایەکسانی پێبدۆزنەوە.
بەلام ئەم نیگایە، خود بەخود لە ئینساندا دروستنابێت و ئەوە هەموو ئەندامەکانی کۆمەلگا نین کە سوودمەندی خوڵقاندنی دنیایەکی یەکسانیخوازانەی نێوان ڕەگەزەکانن. کەسێک دەتوانێت ئەم ڕیگایە بگرێتە بەر کە پیی وا بێت پرسی نایەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر، بە تەنها گرفتی ئەوی دی بەرانبەر نییە وتۆیەکیش کە ئەم نایەکسانییە نەیگرتوویتەوە، بە جۆرێک دەکەویتە ناو داوەکانی کۆیلەبوونی ئەوی دیکەوە. پرسیاری یەکسانی بەرلەوەی خەبات بێت بۆ ڕزگارکرنی ئەوی نایەکسانی بەرانبەر، خەباتە بۆ رزگارکردنی خۆ لەو هەموو پێوەر و بەها و ستراکتۆرانەی کە تۆ دەکاتە سەرەککۆیلەی ڕاگرتنی ئەم سیستەمی کۆیلەدارییە.
بە بڕوای من، تێکشکاندنی ئەو زمانەی نێرسالاری بەرهەمدەهێنێتەوە، بە تەنیا کارێک نییە کە لە بواری ئەدەبدا دەکرێ بەشوێن تەنگپێهەڵچنینیەوە بیت. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە هەوادا ڕوونادات و بەشکیکی دانەبڕاوی ئەو نابەرابەرییە پەرگیر و هەمەلایەنەیە کە سیسەتەمی ئابووری کۆمەلگا دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە. تۆ بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بکەیت، دەبێت کرێیەکی کەمی مەمرە و مژی بدەیتە کیژۆلەیەکی بەنگلادیشی وپاساو بۆ ئەم کۆیلەدارییە لەوەدا بدۆزیتەوە کە ئەو کرێکارێکی بیانییە و ئەو کرێیەی لێرە وەریدەگرێت، کۆشێ خێزانی لە بەنگلادیش پێبەخێودەکرێت. کەمێ بێئینسافتریش بیت، ڕەشبوونی ڕەنگی ئەو دەکرێ ببێتە پاساوێکی دیکەی هەرزان.
نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لە ناو سیستەمێکی چڕ و پڕی کۆمەلایەتیدا کاردەکات کە سەرتاپای ئەو شوینانەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی تیدایە دەگرێتەوە. لە ئامۆژگارییەکانی ڕۆژنامەی هاولاتیدایە لە بەشی گۆشەی خانماندا کاتێک دەنووسێ: ” رێنمایی بۆ رێکخستنی ژوری منداڵی دوو نەفەری، چۆن دیکۆری بەلەکۆنەکەت دەکەیت.”. لە تیکستی گۆرانی بەیتبێژەکانی گەعدەی ئەو هەرزەکارانەدایە کە بێوەژن و بە گەلەمارەکردنیان لە پیاوێک، لە مکەبەرەکانیانەوە گوێچکە کەڕدەکات. لە ڕیپپۆرتاژی تەلەفیزیۆنی ڕووداوی “شاهۆ ئەمین”دایە لەسەر ئەو گەنجانەی لە شاری جوانڕۆی کوردستانی ئێران کاتێک دەرەلنگی شەڕوالەکانییان تەسککردۆتەوە و بەمەش حەیای جلی پیاوانەی کوردییان بردووە و دەبێ نەفرەت بکرێن. لە سەربەزی ئەو مەلایەدایە کە پێیوایە لە پاسدا دانیشتن لە تەنیشتی کچێکەوە، ئەگەر عەورەتبەرزبوونەوی لێنەکەوتەوە، برۆ حسابێک بۆ ناپیاوبوونی خۆت بکە. لە تیکستی ئەو داخوازینامانەی کاردایە کە مەرجی وەرگرتن تیایدا لە پرسگەی ئۆفیسێکی بچکۆلەیشدا، دەبێ تەمەنت لە خوار 25 بێت و وکچ بیت. لە ریکلامەکانی برنجی مەحموددایە.
بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم هێرشە سیستماتێک و هەمیشە ئامادەیە، سیاسەت و ستراتیژی دەولەتی دەوێت کە یەکسانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ پەروەردە وبازاڕی کار و کەرتی نیشتەچیبوون هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەلگا دەگرێتەوە. دانانی پلانی یەکسانی گەرەکە کە دەبێ دەولەت بچێتە ژیر بوودجەکەی. ئاخر دەمێکە ئەوە وتراوە کە یەکسانی پارەی تێدەچێت. لەم گۆشەنیگایەوە سەیری پرسیارەکەی ئێوە بکرێت، هەستدەکرێت تێکشکاندنی هەژموونی ئەم زمانە نێرسالارییە، سەدەها جۆری زمانی دیکەی دەوێ کە لەبەرانبەر نایەکسانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانیدا، هەژموونی بە زمانەکانی خۆی بدات.