Skip to Content

سەردەمی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی،

سەردەمی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی،

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2023 General, Opinion


ئاوڕدانەوەیەک لە راپەڕینی خەڵک و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک لە ئێراندا!


خەڵکی ئێران چوارەمین مانگی راپەڕینیان تێپەڕاند. کۆدەنگی بیروڕای گشتی ئەوەیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بەرەو کۆتاییدایە! ئێستا لە رێڕەوی بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینی گەل، مشتومڕی گەرمی رۆژ لەسەر پرسی “ئەڵتەرناتیڤ”ی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بەڵام سەرباری ئەم پێشکەوتنە گرنگە، هێشتا هەندێک شت ماون بۆ باسکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردان. چونکە قۆناغی دووەم، واتە “ئەڵتەرناتیڤ”، کاتێک دێتە ئاراوە و وەڵام وەردەگرێتەوە کە “کەلێنەکان” پڕ کرابێتنەوە لە پێوەندی لەگەڵ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا و هەموو رێگاکان بەسەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت داخرابن.
دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی بەو کارنامە رەشەی هەیەتی لەهەمبەر مافەکانی خەڵکی ئێران، نەک هەر بە ئاسانی مل بە “ڕوخاندن” نادات، بەڵکو دەستبەرداری هیچ پیلانگێڕییەک نابێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵات. هەوڵ دەدات بە “دەمامک”ی جیاوازەوە و بە فێڵ و هەڕەشەکردن بەر بە راپەڕینی گەل بگرێت کە هەنگاو بەرەوپێشەوە نەنێت و نەچێتە قۆناغی دووەمەوە.
“ڕیفۆرمخوازی” و داتاشینی “ئۆپۆزیسیۆن” دەمامکگەلێکن کە ئێستایشی لەگەڵدا بێت دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەکاری دەهێنێت دژ بە خەڵکی ئێران و نەیارانی دەسەڵات. یەکێکیان لە “ناوەوەی دەسەڵات” و ئەویتریان لە “دەرەوەی دەسەڵات”. دەسەڵاتی دیکتاتۆر جگە لە سەرکوتکردن و کوشتار لە ناوخۆی ئێران، هەوڵدەدات کەش و هەواکە تەمومژاوی بکات و “سەر” و “جەستە” لێک جیا بکاتەوە و هێزە رەسەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە سەرچاوەی سەرەکیی بۆ “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی”، بە شەیتان بکات و سیمای راستەقینەیان بشێوێنیت و جێگە و پێگەیان پێ لەق بکات و بیانخاتە پەڕاوێزەوە!
لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 2017دا دەمامکی “ڕیفۆرمخوازی” لە سەر روخساری دەسەڵاتی دیکتاتۆر لابرا و دیکتاتۆر ناچار بوو “ئیبراهیم رەئیسی” بخاتە سەر کورسی سەرۆکایەتیی کۆمار. لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 2019دا دەمامکێکی دیکە لە سەر روخساری دیکتاتۆر لادرا و لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، (بەدیلی دەستکرد)ی زلهێزە دەرەکییەکان، کە خۆی وەک “نەیاری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی”دەردەخست، بە تایبەت پاشماوەکانی دەسەڵاتی رووخێنداری حەمەرەزاشای دیکتاتۆر… ریسوا کرا. چونکە بە پێی زۆرێک زانیاریی حاشاهەڵنەگر، ئەو دوو جۆرە دیکتاتۆرییە هاوبیر و هاوکردارن لەسەر پێشێلکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و لە ئەنجامدا بە تاڵانبردن و کوشتارکردنی خەڵک.
ئەزموونێکی پڕ لە ئازارە کە ئێستا خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی بڕووخێنن، دەبێ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو لە زبڵدانی مێژوودا بهێڵنەوە و هاوتەریب لەگەڵ شەڕی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، نەهێڵن پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو بێن بەهانای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییەوە!
هەردوو رەوتی دیکتاتۆری وا خۆیان نیشان دەدەن کە خەڵک دەبێت یەکێک لە دوو بژاردەیە قبووڵ بکەن: “دیکتاتۆریی پاشایەتی” یان “دیکتاتۆریی ئایینی”. بۆ ئەم مەبەستە بە هەموو جۆرە فێڵ و دەمامکێکەوە دیمەنەکە هێندە ناڕوون دەکەن کە بە شێواندنی بەها و کولتوورە رەسەنەکانی گەل، دەیانەوێت پرۆسەی راپەڕین “خاو” بکەنەوە و ئەگەریش بتوانن راپەڕین بە “لارێدا” بەرن و “کپ”ی بکەن و دووبارە خەڵکی ئێران بێبەش بکەن لە گەیشتن بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی. هەربۆیە بە ئەزموون سەلمێنراوە کە رەوتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە تەواوکەر و یارمەتیدەری یەکتر بوون و لە لایەن رەوتە کۆلۆنیالیزمەکانیشەوە پشتیوانی و بەهێز کراون!
هەرچەندە لە سەرەتای مانگی پێنجی راپەڕینی جەماوەریدا، دیمەنی راستەقینەی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر “شەفاف”تر و دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی گۆشەگیرتر، و هێزە هەلپەرستەکان ریسوا کراون، بەڵام دۆخی سیاسی هێشتا “ناسەقامگیر”ە و پڕە لە شەپۆلی جۆراوجۆری پلان و بەرنامە کە “شوێن پێ”ی دیکتاتۆرییەت لەبەردەمیاندا هەستی پێدەکرێت.
گومانی تێدا نییە کە ئاسۆ روونترە لەوەی ئێستا دەبینرێت لە ئێران. ئەو هێزانەی “هەڵقوڵای گەل” و “دڵسۆزی گەل” نین، نامێنن. رەنگە هێشتا هەندێک دیمەنی سەرنجڕاکێش و هەندێکجاریش گاڵتەجاڕانەتر لە ئارادا بن کە رووی نەدابێت. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە، هێزی رەسەن و جەماوەری و دیموکراتییە. خەڵکی ئێران بڕیاری شۆڕشی داوە لە کۆمەڵگادا دژ بە دیکتاتۆرییەت و ئەمکارەش دەکەن و ناکشێنەوە. هێزی کورتبین و کورتخایەن و بێ رەگ و ریشە لە مەیدانەکە دوور دەخرێنەوە! چونکە سەردەم، سەردەمی یەکلاییبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانە و زۆریش خێرایە و بێ گومان راستیەکان رەحم به هیچ هێز و لایەنێک ناکات!
بەڕاستی ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بەبێ “نکۆڵیکردن لە دیکتاتۆریەتێک لە رابردوودا”؟ وە ئایا دەکرێت ئیدیعای سەرکردایەتی سیاسی راپەڕین بکرێت بە بێ هەبوونی “ڕێکخستن” و “دەزگای رێبەرایەتیکردنی راپەڕینی جەماوەری” و بە بێ “ئامادەبوون لە گۆڕەپانی راپەڕین” دا؟ ئایا دەکرێت بە بێ ئەوانە راپەڕین بپارێزێت لە پیلان و هێڕش و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەت؟ یان ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر بەبێ ئەوەی خۆت دەستەویەخەی دیکتاتۆرییەت نەبیت؟
نەخێر، هەرکەس و هەر لایەنێک کە لە رووی تیۆری و پراکتیکییەوە و تا سەر ئێسک دژ بە دیکتاتۆرییەت نەبێت لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا، ناتوانێت هەڵقولاوی گەل و لە خزمەت گەلدا بێت. سەردەمی هەلپەرستی کۆتایی هاتووە و دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. رەوتی “بێ ریشە” و “هەلپەرستی” و “دیکتاتۆردۆستی”، کە بە ئیدیعا و دروشمی جۆراوجۆرەوە، گۆڕەپانی راپەڕێن و شۆڕش نادیار و تەمومژاوی دەکەن بە سوودی دیکتاتۆرییەت، نەک هەر برینە قووڵەکانی خەڵکی ئێران ساڕێژ ناکەن، بەڵکو دەبنە بەشێک لە برین و ئازارەکان خەڵکی ئێران!
لە کاتێکدا خوێنی خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئێران دەچۆڕێت و دەڕژێت، داتاشینی ئەڵتەرناتیڤ، درووشمی لادەرانە، کردنەوەی میدیا و بەکارهێنانیان لە دژی “ئەڵتەرناتیڤی جەماوەری و دیموکراتی” جگە لە خزمەتی دیکتاتۆرییەت هیچی تر نەبوون و هیچی تریش نین. دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێران بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و پێشگرتن لە رووخاندن، بە هاندان و هەڕەشەکردن و شێواندنی راستییەکان و سانسۆر لە دژی راپەڕینی گەل، هەوڵی راکێشانی خەڵکان دەدات بۆ ئەوەی دژی موقاومەتی رەسەنی خەڵکی ئێران هەڵوێست لە خۆیان نیشان بدەن. لە فێڵەکانی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار و کرێگرتەکانی دیکتاتۆر ئەوەیە کە لەژێر ناوی “ئۆپۆزسیۆن!”، “ڕاپەڕینی گەل بێ سەرکردایەتی”، “راپەڕینکاران بە توندوتیژ” بنوێنێت و داواکارییەکانی پێشووی خەڵک لە جێی “خواست و ویستی سەرەکیی گەل” (واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت) دابنێت و بەمجۆرە رێگری بکات لە رووخاندی دەسەڵات و گەیشتنی خەڵک بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی.
بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران ئێستا وریان و بە پێچەوانەی راپەڕینی دژە پاشایەتی ساڵی ١٣٥٧ (1979)، زۆر باش دەزانن (چییان دەوێت) و بۆچی ئامادە نین گۆڕەپانی راپەڕین بەجێبهێڵن. راپەڕینی جەماوەری کاتێک بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی شۆڕش کە (بەدیلی رەوا و جێ متمانە و دیموکراتی)، جێی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بگرێتەوە. ئەگینا هەروەک راپەڕینی دژە پاشایەتیی ساڵی ١٣٥٧، کەسێکی وەک (خومەینی) قوت دەکرێتەوە کە بە دزینی دەستکەوتەکانی راپەڕینی گەل، دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت.
خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی و دێموکراسی، وەدیهاتنی مافی شارومەندی و شارستانییەت، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، مافە نەتەوەییەکان، مافی ئایین و ئایینزاکان، جیابوونەوەی دین و ئایین لە دەوڵەت (سکۆلاریزم) ، فرەچەشنی (پلۆرالیزم) و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و هەروەها ئاشتی لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.

کۆتایی

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish