Skip to Content

روومئاوا… سەردار جاف

روومئاوا… سەردار جاف

Closed
by ئاب 27, 2022 General, Literature
                                           
                                                           

سڵاو ھەنار گیان ….
لە کەنار قەتماغەی برینەکەما ڕاکشاوم و دەڕوانمە شەپۆلەکانی خوێن وا لە بن چەق بەستوو و ھێشک بوونەوەی کێم و خوێن لرفەی دێ…. ئازارەکانی ھەموو شەوانێ لە سەمفۆنیاکانی ڕۆحەوە چەکەرە دەکەن و بەناو ھەموو جەستەما پیاسەی یادەوەرییە شییرین و تاڵەکانی چوار ساڵی ڕووتبوونەوەم لە خۆم دەکەن …. چوار ساڵ بوومە سێوێک ھەموو بەیانیانێ لە کەنار زرێبارەوە پیاسەم دەست پێدەکرد بۆ کونە دێو ….. چوار ساڵ لە خۆم ونبووم …. چوار ساڵ ھەورازێکی سەختم گرت و کەچی بوومە تۆپەڵە بەفرێک و غلۆر بوومەوە و پاشانیش بوومە ئاو … لە گۆلی کێڵگەی خڵەفاویما وامزانی زەریایەکم ھەموو کەشتییە زەبەلاحەکان لە منا گەشت دەکەن.. ھێندە غروور بووم نھا بەم ریش و سەرە ماشوبرنجییەوە دایکم بمابایە خۆم گرمۆڵە دەکرد وەک مناڵی دەمم بە گۆی مەمکەکانیەوە دەنا و خۆم تێرتێر دەکرد لە سۆز و خۆشەویستی… ئێستا دەبێ بچمە سەر گۆڕەکەی بگریم … کە درۆ دەکەم بۆ ئەو ناگریم . بۆ غەریزە ھیچ و پوچەکانی پیاوێکی لاکەوتە و ھەڵخەڵەتاو دەگریم….. چی بە باوکم بڵێم چوار ساڵە بۆ ساتێکیش بیرم نەکردووە بەچ ڕوویەکەوە لە حزووری مەزاریا ڕاوەستم ، من لە مەملەکەتی بەدبەختی تەمەن گەورە بووم نھا زانیم گەڵا و سەما و سەرما و تەزین و شەختە و گەرما و سوتان و شنەبا سەوزەکان ھەر ھەموو ڕقیان لێم دەبێتەوە، پێدەچێ یا دڕندەیەکی ناوازە بم یانیش قێزەونێکی جوان… ئیدی با ئەو برینە سەختە بەشێنەیی خۆی ، ھیشک ھیشک بێ و ئەو شەپۆلە خوێنە شەوانە نەبنە کانیاوی گریان …ون دەبم با خۆ بدۆزمەوە . سپاس .

Previous
Next
Kurdish