Skip to Content

دڵدار.. گەڕانی کۆ بەکۆی تۆپی زەمان: …. بۆتان لەتیف ماویلی

دڵدار.. گەڕانی کۆ بەکۆی تۆپی زەمان: …. بۆتان لەتیف ماویلی

Closed
by ئایار 14, 2017 General, Poems

لەدوورەوە..
لەسەر پرچی هەیبەت سوڵتان..
بیناییت غلۆر بکەوە..
زۆر نابات لەپڕ دەبێتە وێنە!..
وێنەی دڵداری شاعیر
وەختی گۆی زەوی لەدەستەو
بەدەستەکەی تری دەیسوڕێنێ و
بۆ ناخی شارێ دەگەڕێ.. شاری کۆیە!..
کۆ بە کۆ بەکۆڵانەکانی تۆپی زەمانا دەگەڕێ!..
لەپڕ ئەی ڕەقیب دەبێ بە تەقینەوەی دڵ..
وشە پەنگخواردوەکان
خۆیان بەکۆمەڵێ رستە هەڵدەواسن!..
تەماشاکە..
دوای ئەوە دەبنە پەیڤ..
لەحزوری دانەری تۆپی گەردوون ئەزەل دەنوسنەوە!..
ڕەنگی سور دەبێ بەخەندەی نیشتیمان..
ڕەنگی سپی ئاماژەیە..
ئاماژەی کزر بوونەوەی هەست!..
ڕەنگی سەوز سۆزی ژیانەوەو
پۆشاکی پاش هەنگاوێکی تری سەر پەیژەکەی دوێنێ!..
بەهەرسێکیان دڵێکیان هەیە لەشێوەی خۆر!
حاجی ئەگەرچی لە ئایشیلەی شار زیزە
وەلێ لەدەلاقەی گۆڕەکەیەوە سەرێک هەڵدەکێشێ!..
لەدوورەوە لەباسکێکی هەیبەت سوڵتان
تۆپەکەی ناو ئەی ڕەقیب دەبینێ چۆن بانگرۆز دەبێ!؟..
یەکسەر بینایی پەرت دەبێ و
دەبێ بەئاخ و لەگۆڕا ڕادەکشێتەوە!..
دڵدار بەدڵی شکاویەوە پێ دەکەنێ و
لەهات وهەرای نیشتیمان ڕادەمێنێ!..
دوایێ ڕووی دەکاتە من ولەزمانی دانەرێ دەڵێ:
مەترسە تۆپی زەمان ورەی نیشتیمان ناشکێنێ!..
دڵنیام خاڵە تاهیر
خەریکی چاندنی گوڵی سەربەستیە!..
ئێجا وەرە..
هەر لەدوورەوە؛
لەسەر شانی هەیبەت سوڵتان بیناییت غلۆر بکەوە..
گەلەک ناخایەنێت دەبێتە وێنە..
لەوێ شارێکی جوان دەدۆزیتەوە..
شاری کۆیە!..
شاری دامرکانەوەی مێژوو!..
شاری شۆڕ بوونەوەی بینایی دڵدارو
ڕژانی سۆزی ئەی ڕەقیب!..
بڕوانە..
ئێستا نیشتیمان مشتە لەدڵی دڵدارو جوانی یار!..
ئێستا نیشتیمان کشتە لەهەڵوەرینی پرتەو بۆڵەی کەنەفتی!..
دەستەکان ڕزیون!..
ئەو دەستانەی..
دوێنێ ئەی ڕەقیب
ئاڵای کوردستانی تێوەرگرتن بۆنەنوستن!..
مەلای کۆیە لەلای قەیسەری دیتی
لەسەر دیواری حەوشەی ماڵان نوسراوە
نیشتیمان هەر زیندوە!..
بەڵام لەزیندان!..

بۆتان لەتیف ماویلی(پایان)
٧ ی ١١ ی ٢٠١٣
ئیسکەندەریە.

Previous
Next
Kurdish