 
	سێ … یوسف عەبدوڵڵا
Closed							
	
						
						
					لە  ٣ چرکەدا
ئەو خەیاڵەم پچڕا..
کەچی
هێشتا هەر چاوم لەسەر هەمان جێگەیە و خەیاڵم لە
 ٣٠ شوێن!
پاش ٣ خولەک
ئەو رێگایەم جێهێشت..
تائێشتاش نەگەشتومەتە کۆتایی و
بە ٣٠٠ هەنگاوی تر  ئەوێ  تێناپەڕێنم!
دوای ٣ کاتژمێر
ئاسمانەکە شینایی لێبڕا..
وەلێ
لەچاوی مندا
٣٠٠٠ تەبەقەو شین دەکاتەوە!
دوای ٣ هەفتە
بەفرەکە  توایەوە..
بەڵام
لەسەری مندا
٣٠٠٠٠ تاڵی سپییەو ئەڵێی ئەمڕۆ باریوە!
دوای ٣ مانگ
درەختەکە گەڵای پێوەنەما..
کەچی
٣٠٠٠٠٠پەلی بە قەدی منەوە سەوزدەکەنەوە!
  ٣ ساڵ لەمەوبەر
روبارەکە وشکی کرد..
هێشتا
 لەکەناری منا
بە ٣٠٠٠٠٠٠شەپۆلەوە هاژەی دێت!
بە ٣ شنە باوە
ڕۆیی دوکەڵەکە..
تا ئێستاش
٣٠٠٠٠٠٠٠ حەسرەتی لەسینەمدا دێن و دەچن!
تەنیا ٣ دڵۆپی بارانەکە
لەسەر رومەتم ماوە..
بەڵام
٣٠٠٠٠٠٠٠٠  فرمێسکی لەچاوانما خورەیان دێت!


 
			 
			 
			