Skip to Content

جیاوازی لە نێوان (نەخێر) ی من و( نەخێر) ی شاسواردا  … بەیان ئیبراهیم

جیاوازی لە نێوان (نەخێر) ی من و( نەخێر) ی شاسواردا … بەیان ئیبراهیم

Closed
by ئاب 10, 2017 General

ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لە یارییەکی بێزەون لە نێوان حیزبەکاندا ، ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لەم یارییە ناشیرینەی حیزب و گاڵتەجاڕی کردن بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و هاوڵاتی ، ئەوا دەکرێت کۆی ئەو یارییانە تێ بگەین و بایکۆتی کۆی یارییەکانیان بکەین ، چونکە لەم هەرێمە هەمو پێوەرەکان خێڵەکین و یاسا و دامەزراوەیی نیە ، هەمو بەهاکان دەبنە یاری دەستی بزنس و سیاسیە بێ مۆڕاڵەکان ، خۆ ئەگەر دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان هەبوایە و هێڵی سوری سەروەریە نیشتمانیەکان دیاری بکردایە ، ئەوا هەرگیز لە ئێستادا نە ناچار دەکراین سەیری یارییەکی وا بێزەونی نێوای دو تیپی ناشیرین بکەین ، ئەگەر پەرلەمان هەبوایە ئەوا یاری نێوان تیپی ( بەڵێ ) و تیپی ( نەخێر ) دەبوایە بدرایە بە دادگا و ئێستە شار بەدەر بکرانایە ، ئەم سیناریو ناشیرینانەی نێوان دو بەرە ، سەرچاوەکانیان یەک ئامانجە ، ئەم دو تیپە سەر بە یەک سەرچاوەی بۆگەنی یارییە ناشیرینەکانن ، دو دیوی یەک دراون ، بۆیە گەر دەوڵەت بون مافی بەشداری هەر تاکێکمان بێت ، ئەوا ئەم دو تیپە لار و لەوێرە یاری بە کەرامەتی تاک دەکەن ، ئەگەر دەوڵەت بون بریتی بێت لە خزمەتگوزاری ئەوە ئەم دو تیپە نەک باسی ناکەن بەڵکو دەیکەن بە هۆیەک بۆ شاردنەوەی ڕوی ناشیرینیان ، ئەگەر دەوڵەت بون نەتوانێت کارەبا ، موچە ، ئاو ، سەروەری یاسا، لێپێچینەوە لە نایاساییەکان ، دۆسیەی نەوت ، تەندروستی ، پەروەردە ، دادگاکان ، …هتد ، بەرهەم بهێنێت ، ئیتر بە هەردو دیوەکەدا ( نەخێر ) و (بەڵێ ) جگە لەیارییەکی بێزەون و بە گەمژەکردنی خەڵکی هیچی تر نیە .

ئەوە گومانی تیا نیە کە بەرەی ( بەڵێ ) تەنها لە پێناو یەک کەسدا دەکرێت و عەبایەکە دەدرێت بەسەر کێشەکان و دورخستنەوەی تەمەنی نایاسایی مەسعود بارزانی ، ئەمەیان هەمومان تێ دەگەین ، بەڵام بەرەی ( نەخێر) لە من باشتر دەزانن کە شتێک نیە بە ناوی دەوڵەت بونەوە ، لە من باشتر دەزانن لەسەر ئاستی دەرەکی و ناوەکی ئامادەگیەک و ژینەگەیەک نیە بۆ دەوڵەت بون ، لە من باشتر دەزانن کە ئەمە ماکیاجێکە بۆ شاردنەوەی دەموچاوە ناشیرینەکان ئەمانیش دێن و ئەم دەمامکانە دابەش دەکەن ، بەرەی ( نەخێر ) هەمان کەرەستەی ماکیاجیان لە هەمان سەرچاوەی بەرەی ( بەڵێ ) هێناوە بۆ گەمژەکردنی کۆمەڵگا ، بەڵام هەردو بەرەکە ئەوە نازانن کە ئێستە کۆمەڵگا لەوان باش تێگەیوە دەتوانێت بڕیار بدات ، ئێستە تاک و کۆمەڵگا خاوەنی ڕاگەیاندنی خۆیەتی و هەر گاڵتەشی دێت بە شاشەی تی ڤیەکانی ئەوان ، وەک مەحوی دەڵێ ( شوکور هوشیارە مەحوی تێ دەگات دنیا خەراباتە ) کەواتە تێگەشتین لە بەرەی ( بەڵێ ) ئەمەیە و بەس بۆ سەرۆکێکی ناشەرعیە بۆ درێژکردنەوەی ئەو ناشەرعیەتەیە…….. بەڵام جیاوازی زۆرە لە نێوان ( نەخێر ) ەکەی من و (نەخێر) ەکەی شاسوار دەتوانم بڵێم :

1. (نەخێری) من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە گاڵتە بە بەها نیشتمانیەکان نەکرێت ، (نەخێر) ی شاسوار هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ فێڵ و ساختەکەی (بەڵێ ) دا ، بەلام بە دیوێکی تردا .
2. (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە کە سیاسەت و بزنس لەیەک جیا بکرێتەوە ، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ داگیرکاری حیزبێکی نوێ یە لە بازاڕ.
3. (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە چاوچنۆکەکان کۆتاییان بێت ، (نەخێر ) ی شاسوار دانانی هێلکەی هەزارەها چاوچنۆکی ترە .
4. (نەخێر ) ی من بۆ بایکۆتکردنی کۆی گاڵتەکردن و فێڵ کردنە لە تاک ، (نەخێر ) ی شاسوار هەمان گەمەی بەرەی بێتامی ( بەڵێ ) ە .
5. (نەخێر ) ی من بۆ دەرکردنی تاکە لەم بارە قورسەی ژیان ، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ کردنی تاکە بە موشتەریەکی باشی بازاڕەکەی .
6. (نەخێر ) ی من بۆ خێراکردنە لە چارەسەری موچە و کارەبا و ئاو ، (نەخێر )ی شاسوار گاڵتەکردنە بە کات بۆ قسەنەکردن لەسەر ئەم دۆسیانە و دورخستنەوەی .
7. (نەخێر ) ی من بۆ ئەوەیە چی تر پارەی ئەم هەرێمە نەدزرێت و لە بازاڕەکانی دنیادا سپی نەکرێتەوە ، (نەخێر ) ی شاسوار بۆ بەردەوامی دانە بەم دۆسیەیە .
بەڵێ هازارەها (نەخێر ) و هەزاران جیاوازی تر .

کە بە گشتی دەڵێین …. ئەم یارییە بێزەونە ڕاگرن ، خەڵک ئەودیو شانۆکە دەبینێت ، خەڵک دەزانێت ئەم داموچاوانە ماکیاج کراون ، دەزانن هەموی بۆ بەرگرتن و پاراستنی سرمایەی ناشەرعی و کورسی ناشەرعیە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish