Skip to Content

مەرگی ناوادە.. چیرۆکی : ستیڤان شەمزینی

مەرگی ناوادە.. چیرۆکی : ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 10, 2021 General, Literature

لە ژوورە سارد و سڕەکەی لەسەر کورسییەکی کۆنی رزیو وەک کۆتری بەرباران هەڵکورمابوو، بیری لە تابلۆیەکی ئەفسووناویی دەکردەوە، وەک وێنەکێشێک ناوبانگی پێ پەیدا بکات. لە ناکاو بیرۆکەیەکی ترسناک هات بە مێشکیدا تابلۆی ئافرەتێک بکێشێ لێوانلێو لە جوانی و سەرسامکار و باڵکێش.! فڵچەکەی خستە کار، نزیکەی یەک ساڵ کاری لە تابلۆیەکدا کرد بە ناوی “شازادەی خەونەکان”!. ئەو تابلۆیەی “شاکار” کە لە نێو خەڵکدا بە “شاکاری دەستڕەنگین” ناوبانگی رۆشتبوو، نەک بووە جێگەی رەزامەندیی بینەرانی سێهەمین پێشانگای، بەڵکو سەرنجی خودی خۆیشی راکێشابوو، بە جۆرێ رۆژانە پێنج جار هەر جارەی بۆ ماوەی پێنج خولەک لە تابلۆکەی دەڕوانی.
شاکار هەستێکی سەیری هەبوو لە هەمبەر تابلۆکەی، زۆر جار شەوانە سێ جار لە خەو رادەچڵەکی، هەر جارەو وەسوەیەک لە دڵیدا دروست دەبوو لە بەرانبەر تابلۆکە، جارێک ماڵەکەی دەسووتا بە تابلۆکەشەوە، جارێک لافاو دەهاتە ماڵەکەیەوە و تابلۆکەی دەخووساندەوە، جارێکی دی پۆلە چەتەیەک دەهاتنە سەری و تابلۆیەکەیان لێ دەدزی. خودی خۆیشی سەری لە جادووی تابلۆکەی دەرنەئەکرد، ئەوەندە لێی رامابوو، پێیوابوو لە ژیانی واقیعیشدا بوونی هەیە و لە دوورگەیەکی دوورە، هەندێ جاریش بەدەم هەڵدانی پێکەکەیەوە دەیووت من نازانم چۆن ئەم خەیاڵە راستییەم لە بۆتەی تابلۆیەکدا رەنگ کرد؟! هەمیشە و هەموو کات لەگەڵ خۆیدا دەدوا لە بارەی تابلۆکەیەوە، ئەوەندەش هۆگری ببوو لە ترسی لەناوچوونی کاتی خەوتن لە تەنیشت خۆیەوە دایدەنا، یان کە لە ماڵ دەردەچوو لەگەڵ خۆی دەیبرد، خەڵکی ئەو کەنارە “شاکار”یان بەوە دەناسییەوە تابلۆیەکی قەبارە گەورەی لە بن هەنگڵیدا هەڵگرتووە، گەنجانیش بە تەوسەوە دەیانووت کوڕی تابلۆی ژنە جوانەکە.
شاکار، هەموو کات لەگەڵ وەسوەسەکانی خۆیدا دەژیا، خەیاڵاتی سەیری هەبوو، کاتێک پێشبینی مەرگی باوکی کرد، چەند رۆژ دواتر باوکی ماڵئاوایی لە ژیان کرد، جارێکی تر مەرگی “ملکۆ” هاوڕێی مناڵی ئیستی پێگرت پێیوابوو تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە دەبێت ئەو هەڤاڵە دێرینەی کوشت، کتومت دوای دوو ساڵ هەمان نەخۆشی لە جەستەی ئەویشدا دەرکەوت. ئەو لە کەناری دەریا لە کوخێکی سارد و بچووکدا دەژیا، دوور بوو لە هەموو کەس، تەنهایی لەهەستی ئەودا بوو، چوونکە پێیوابوو هیچ کەس ئەویان وەک خۆی و باوەڕە سەیرەکانی پێ قووت ناچێت، هەر لە مناڵیشەوە دەریای خۆشەویست و حەزی لە بینینی شەپۆلە تووڕەکان دەکرد.
جارێک لە سیمینارێکدا وتبووی لای من دەریا شاعیرێکە و شەپۆلەکانیش گەروویەتی، لەلای “ئەسکەندەر”ی کتێبفرۆشیش وتبووی دەریا بەیانیان لە کچێکی شۆخ و شەنگ دەچێت، ناز دەکات و بە لەنجە ولارەوە خۆی دەنوێنێت، شەوانیش لە جەنەراڵێکی چوارشانەی گۆشتنی تووڕە دەچێ کە هیچ شتێک لە هێرش و شەپۆلدان رایناگرێ.
یەکێک لە ئێوارەکان کە بە ئازاری نەخۆشییەکەیەوە دەتلایەوە، وەک پیشەی بەردەوامی خۆی، سەیری تابلۆکەی دەکرد، بەڵام ئەوەی بینینی ئەمجارەی لەوانی پێشوو جیا کردەوە، بۆ یەکەمجار ئەشق ختووکەی دا، بڕیاری دا ئەشقی “شازادەی خەونەکان” بێت، وتیشی “شازادەی خەونەکان لە خەو بێدار دەکەمەوە، چوونکە ئەویش پێنج جار منی لە خەونیدا بینیوە، هەر بمبینێ دەمناسێتەوە”. پێیوابوو کچی ناو تابلۆکە لە واقیعدا بوونی هەیە و چاوەڕوانی دەکات. لەم ئێوارەوە “شاکار” ئاشق دەبێت و هاوڕێ و ناسیاوەکانی هەست بە شێتبوونی دەکەن.
شاکار، هەمیشە لە کاتی سەیری ئاوێنەدا، سەرسام دەبوو بەخۆی، بە ئەندازەیەک نەرگسی بوو، پێیوابوو بەو هەموو قۆزیی و بەهرەیەوە، هیچ کچێک نییە لە ئاستی ئەودا، هەر لەبەرئەمە بوو لە ئەشق دەسڵەمییەوە، جار جاریش لەگەڵ خۆیدا دەکەوتە ورتە ورت، دەیووت “دڵی من لە ئاوریشمە، بەرگەی پۆڵای ئەشق ناگرێ”. یان جارێک بە “خەزال” خانی دراوسێی پێشوویانی وتبوو “هیچ دەردێک لە ئەشق کوشندەتر نییە،ـ دڵ قەت نامرێ مەگەر بە شکستی ئەشق نەبێ”!. دەگێڕننەوە بە مەلا “گورون”ی وتبوو “لە دوعاکانتا نزای ئەوە بکە، خودا لە ئەشق لامانبات، چوونکە ئەشق خودا و خۆمانمان لە بیر دەباتەوە”.
دوای ئەو ئێوارەیە بڕیار دەدات، دەست بکات بە گەڕان بە دوای “شازادەی خەونەکان”. زۆر عەوداڵ دەبێ، زۆر دەگەڕێ بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکات یان تووشی نامرادی بێ، دوای سێ ساڵ “مەلەک رەیحان” دەبینێ، زۆر شێوە و سیفاتی “شازادەی خەونەکان”ی تێدا دەبینێ، بڕیار دەدات لێی نزیک بێتەوە، پێنج مانگ لەگەڵ “مەلەک” سەرقاڵ دەبێت، هەست دەکات ئەمە خودی تابلۆکەیە. پێنج ساڵ پێکەوە دەبن، مەلەک بێزار دەبێ لەو رەفتارەی “شاکار” کە دەیەوێ هەموو جوانی و سیفاتەکانی تابلۆکە لەودا بدۆزێتەوە، پاش سێ مانگ لە دڕدۆنگی و ساردیی نێوانیان، “مەلەک” بڕیاری جێهێشتن دەدات، بەو هۆیەوە ماوەی سێ ساڵ “شاکار” لە سەوداسەریی و بێهۆشیدا دەبێ.
کەس لەو سێ ساڵەدا، هیچ تابلۆیەکی نوێی لێنەدی، تەنیا وەک دێوانەیەک بە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا دەسووڕایەوە بە مەستیی، شەوانیش لەگەڵ بێنەوایان و رسواکانی شارە جەنجاڵەکە لەسەر پارچە مقەبایەک دەخەوت، ئەو لەو ساتەدا بێهۆشیی و سەرخۆشییانەشدا تابلۆکەی هەر پێبووـ هەموو شتێکی لە دەستدا، تەنیا “شازادەی خەونەکان” نەبێت. لەو ساتانەدا “موعتەسەم ئاغا” وەک فریادڕەسێک دێتە ژیانییەوە،ـ ئەو یارمەتی دەدات تاکو ژیانی ئاسایی بکاتەوە و واز لە خەیاڵ بهێنێت،ـ لەبەرئەوەی بە بۆچوونی موعتەسەم شازادەی خەونەکان، تەنیا بەرهەمی خەیاڵی هونەرمەندێکە، هەرچەند “شاکار” بە رووکەش سەر بۆ قسەکانی ئاغا دەلەقێنێ، بەڵام ئەو دەیەوێ بە رێگایەکی تر بەدوای شازادەکەیدا بگەڕێ.
شاکار لە کارە هونەرییەکانی بەردەوام دەبێت، بەمەش ناوبانگ و داهاتێکی زۆر پەیدا دەکات،ـ تا ئەو ساتەی بە رێکەوت “فریشتەی سپی” دەناسێ، فریشتە ئافرەتێکی تەمەن مناڵ و ئەقڵ گەورەیەـ زۆرزان و خوێن شیرینە. زوو وای لێ دەکات هەست بکات ئەو کەسەیە ئەم بەدوایدا دەگەڕێ، دوای پێنج مانگ پەیمانی خۆشەویستی دەبەستن.
“شاکار” مەستی “فریشتە” دەبێت و دەگەڕێ بەدوای شێوە و ئەو سیفاتە خەیاڵیانەی بۆ شازادەی خەونەکانی داتاشیوە لە فریشتەدا، هەرچەند تەواو هۆگری بووە،ـ بەڵام دەیەوێ ببێتە شازادەکەی، ئەمجارەش بۆ بەختی رەشی “شاکار” دوای سێ ساڵ “فریشتە” بڕیاری دوورکەوتنەوە دەدات لێی!!. ئەمیش سەرشێت و وێڵ دەبێ، بەڵام هێشتا سەرچڵ و بزێوە، پێیوایە هەڵەتێگەیشتن هەبووە ئەگینا “شازادەی خەونەکان” هەیە و ئەم دوو هەڵبژاردەیەی پێشووی بە سەهوو بووە.
شاکار،ـ لەم ماوەیەدا بێدەنگ دەبێت، لەناکاو لە سیمینارێکی “پرۆفیسۆر سوارە”دا کە تایبەتە بە ئەشق، دەردەکەوێ بە چەند وتەیەک سەرنجی ئامادەبووان رادەکێشێ، لە قسەکانیدا وتبووی “ئەشق زۆرانبازییە لەگەڵ مەرگ و چارەنووس، ئەوەی لە مەرگ بترسێ هیچ کات ناتوانێ ببێتە ئاشق”. یان ئەوەشی وتبوو “ئەشق واتە هەلاهەلابوون، واتە برینداربوون لە سەدلاوە، ئاشق خوێنی ئاڵترە لە خەڵکانی ئاسایی”. لەدوایین دێڕەکانیدا وتبووی “ئەشق بریتییە لە هونەری ئازارچەشتن، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچی تامی ئەو ئازارە بچێژێ، هەمیشە حەزی پێ دەکاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی سرووشتە، چوونکە مرۆڤ لە هەموو ئازارێک هەڵدێ، جگە لە ئازاری ئەشق”.
ئەمجارە لە دوای سێ مانگ لە رۆشتنی فریشتە، هەروەک دووجارەکەی پێشوو، بە رێکەوت چاوی دەچێتە سەر “پەری دەریا”. پەری ژنێکە چەند ساڵ لە خۆی تەمەنی زیاترە، هەموو سیفاتەکانی “شازادەی خەونەکان” لەودا دەبینێتەوە، بۆیە لەسەر لاپەڕەیەک لەناو دۆڵابە کۆنەکەیدا کە لە نەنکییەوە بۆی بەجێما بوو نوسیبووی “پەری دەریا هەر ئەو شازادەیە پێش چەندان ساڵ، بە فڵچەی خەیاڵ رەنگم کردبوو، کەچی ئەوەتا لە واقیعدا دۆزیوومەتەوە”. یان لەسەر پشتی تابلۆیەکی نووسیبووی “من خەیاڵم کرد بە واقیع، شازادەی خەونەکانم کرد بە راستی، کەواتە هیچ خەیاڵێک نییە بێ وێنەیەکی واقیعی، بەڵام رەنگە هەندێ جار ئەو وێنەیە بە تەڵخی ببینین”.
شاکار و پەری دەریا، زۆر ئاسوودەبوون لەگەڵ یەکتر، هەردووکیان لە خەیاڵاتی خۆیاندا دەیانووت لە کۆتاییدا شازادەی خەونەکانی خۆمان دۆزیوەتەوە، بەڵام کۆسپ و تەگەری زۆریان بۆ دەهاتە پێشەوە، زۆرجاریش سەرچڵییەکانی شاکار دەبووە سەرئێشە بۆ پەری، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات نەیاندەتوانی بێ یەکتر هەڵبکەن. تا لە کۆتاییدا “شیرینی جادووگەر” جادووی رەشی لێکردن، وردە وردە دڵی پەری دەریای رەش کرد، دەیویست بیباتەوە بۆ باوەشی “ئەفراسیاو”ی هاوسەری کە دەمێک بوو وەک هاوسەر پێکەوە نەمابوون، تەنیا لە رووکەش وا دەردەکەوت هاوسەر بن. بەیانییەکی شووم پەری دەریا ماڵئاوایی یەکجاریی لە شاکار کرد و بەمەش خەونی “شازادەی خەونەکان”ی هەرەسی هێنا.
شاکار، تابلۆکەی سووتاند، وەک شێت و دێوانە بە مەی و شەرابەوە بە شەقامەکانەوە هاتوچۆی دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەیووت “ئای شازادەی خەونەکانم، خۆزگە لە کۆتا رۆژی ژیانمدا تۆم بدۆزیباوە، چوونکە بۆ ئامانجێک دەژیام، کەوابوو ئێستا هیچ پاساوێک بۆ زیندەگیم نەماوە”. جارێک “تەیفوور”ی ئامۆزای دایکی لە “شاکار”ی بیستبوو کە وتبووی “لە نێوان مەرگی من و ژیان لەگەڵ پەری دەریا، رێگەی سێیەم نییە”. لە نامەیەکیشدا بۆ “شالیار”ی هاوڕێی نزیکی نووسیبوو “ژیان چەند بێ تامە، بێ ئەو کەسەی خەونی پێوە دەبینی، چەند سامناکە مرۆڤ هەست بکات هیچ خەونێکی نەماوە، یان ئیدی نەتوانێ خەون ببینێ”. ئەوەشی نووسیبوو “ژیان بریتییە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نیوە ناتەواوەکەت، هەرکات دۆزیتەوە دەگەیتە کەماڵ، ئەگەر نەیدۆزیتەوە هەر بە هیوای دۆزینەوەی دەژیت، بەڵام کە دۆزیتەوە و لێتکرایەوە جارێکی دی، ئیدی دەمری، چوونکە ئازاری ئەو لەتبوونە ئەتکوژێ… ئەتکوژێ.. ئەتکوژێ”.
سێ رۆژ دوای ئەم نامەیە تەرمی “شاکار” لە کوخەکەی خۆیدا لە کەناری دەریاکەدا، بە مردوویی دۆزرایەوە، رۆژنامەنووسەکان بەپەلە پڕوزکێ مایکیان دەخستە بەردەم ئەفسەری پۆلیس هۆکاری مەرگی ئەو هونەرمەندە گەورەیە چییە؟ ئایا کوژراوە؟ ئەگەر کوژراوە کێ لە پشتییەوەتی؟. ئایا خۆی کوشتووە؟ بۆچی خۆی کوشتووە؟.
ئەفسەرەکەش بە خوێنساردییەوە دەیووت جارێ لە لێکۆڵینەوەداین، بەڵام کۆچکردوو بەسەر تابلۆیەکەوە رۆحی دەرچووە. تا ئێستاش نەزانراوە ئایا خۆی کوشت یان لێکردنەوەی لەتەکەی تری کووشتی؟. ئەمە کۆدێکە زەمەنێکە نەکراوەتەوە و کەسیش نایەوێ بکرێتەوە. دوای پێنج ساڵ بەسەر مەرگی “شاکار”دا زانرا ئەو تابلۆیەی بەسەریدا مردووە کارێکی “پەری دەریا” بووە کە وێنەی هەردووکیان بووە پێکەوە، لە دواهەمین دێڕی ژیانیشدا بە سوراوی ژنان کە هەمیشە “پەری” ناوی “شاکار”ی پێ دەنووسی،. لەسەر دیواری ماڵەکەیدا نووسیبووی “هیچ کات ناگەینە خەونەکانمان، لێگەڕێن با هەر خەون بن”.
نۆڤەمبەری 2014

Previous
Next
Kurdish