كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه … 63 …. كه‌ریم كاكه
یاده‌وه‌ری
٦٣
گوڵی كۆساران چه‌ند جوان پلكه مه‌تێی ژنی مه‌لا ره‌وه‌نده‌كه‌ی دۆڵه گاڕانی ده‌گێڕایه‌وه، ئه‌و مه‌لایه‌ی تاقه مه‌لای ره‌وه‌ندا بوو، خۆزی ئێستا ئه‌و گوڵه‌ی كۆساران لێره ده‌بوو، له هۆده‌كه‌ی خۆی، هۆده‌ی پیری سوارچاكان، لێره ده‌بوو، گوێی له قسه‌كانی پلكه مه‌تێ ده‌بوو، چۆن خڕخاڵی شكاو و زۆر شت ده‌گێڕێته‌وه، پلكه مه‌تێ هه‌ر كهرهتێ ناوی گوڵی كۆساران دێنێ شه‌پێك له رانی خۆی ده‌دات و ده‌ڵێ:
حه‌یف! بۆ ئه‌و ژنه خانه‌دانه
ئاگام لێیه پیری سوارچاكانیش له‌گه‌ڵ هه‌ر حه‌یف و شه‌پێكی پلكه مه‌تێ، ئاهێكی قووڵ هه‌ڵده‌كێشێ، ئاهێكی سارد، سارد مینا پرووشه‌ی به‌فرێ، ئێستا به‌فر پرووشه‌ی ده‌كات، من پێیه‌كم له حهوشێیه، پێیه‌كم له كن سۆبه‌ی عه‌لادین كه نێوان پیری سوارچاكان پلكه مه‌تێ ئاگرێكی هه‌یه كه‌سك كه‌سك، كه‌سكتر له چاوه كه‌سكه‌كانی پلكه مه‌تێ، ئه‌و چاوانه‌ی ده‌تگوت ره‌نگیان له قه‌زوان وه‌رگرتووه، كوڕه‌كه‌شی كه ئه‌وه‌تا له بن په‌نجه‌ره‌كه پشتی به دیوار داوه، گوتبووی: جێ جێ به‌هاری دۆڵه گاڕان گه‌ڕاوم، بنه گیایهكم نه‌دیته‌وه وه‌ك چاوی دایكم كه‌سك..
چاوی كوڕه‌كه‌ی شتێك له كه‌سكایی چاوی دایكیی تێدابوو، حه‌یف دواتر چاوه‌كانی له ده‌ستدا له رێوبانان ده‌ستێكی به گۆچانه‌وه و ده‌ستێكی له سه‌ر شانی كوڕێكی، له قسان قسه‌ی به قورئانه‌كه‌ی بابی گوتووه، قورئانیش هه‌ستاوه هه‌ردوو چاوی كوێركردووه! له‌وه گه‌ڕێ، له چاوی كوڕ گه‌ڕێ، با بزانین له زاری دایك چ ده‌بارێ، ئه‌و رۆژه زاری پلكه مه‌تێ له دیدی منه‌وه له ئاسمان ده‌چوو، له ده‌رێ پرووشه‌ی به‌فر و له ژۆرێ پرووشه‌ی وشه، تێدامابووم، بچمه حه‌وشه و ده‌ست بۆ به‌فر بكه‌مه‌وه، یان له نزیك سۆبه‌ی ئاگر كه‌سك دانیشم گوێ بۆ قسه‌ی پلكه مه‌تێ رادێرم.
ئیدی پێیه‌ك له ده‌رێ، پێیه‌ك له ژۆرێ، بۆیه هه‌می قسه‌كانی پلكه مهتێم نه‌ژنه‌وت، به‌ڵام ئه‌و هێندهیهی كه بیستم ، ئه‌گه‌ر له‌بیرم مابا، ئێستا كتێبێك بوو، قسه‌كانی وی گۆمێك ده‌بوون، ته‌نێ گۆلمێكم له‌و گۆمه له یاده، رووی قسه‌ی له پیری سوارچاكانه:
ئه‌مه‌كداری، تۆ ئه‌مه‌كداری، چاوم كزه، به‌ڵام باولهكه ده‌ناسمه‌وه، تا ئێستا پاراستووته..
هه‌ناسه‌یه‌كی زوقمی له پیری سوارچاكانه‌وه:
نه‌ڵێن خه‌ره‌فاوه، ده‌ڵێم ئه‌و باول و خڕخاڵ و به‌رده بخه‌نه گۆڕه‌كه‌مه‌وه..
له پلكه مه‌تێوه پێكه‌وتم، باولهكه هی خه‌جێی نه‌نكمه، خه‌جێی دایكی بابم، ئه‌و خهجێیهی بابم وا به ئێمه‌ی ده‌ناساند: ((ژنێكی تا دهستههڵبڕی كه‌ڵه‌گه‌ت، رهشتارهی مێوژی، چاو ترێیی، برۆ گوڵه گه‌نمی رهژگوڵی، په‌نجه‌ی شووشوو باریك، كه‌پوو نه‌ختێ گه‌وره به‌ڵام له كه‌پووی من جوانتر، قه‌سپی هه‌ڵكه‌وتبوو، چاو…))
پلكه مه‌تێ، له‌گه‌ڵ ئاودیوكردنی هه‌ر دنكه تهزبێحێك، رسته‌یه‌كی ده‌گۆ، چه‌ند جوان به په‌نجه‌ی وردیله‌ی سپیكهلهی لۆچ تێكهوتوو، دنكه ته‌زبێحی به دیوی خۆیدا ئاودیو ده‌كرد، له‌وه جوانتر و شیرین‌تر له زاری گوڵیه‌وه، ئا، زاری له گوڵێكی كه‌مێك په‌ژمورده ده‌چوو، له‌و زاره‌ی گوڵهیهوه بۆنی رسته‌ی به هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكاندا ده‌پژاند، خودایه، چه‌ند هه‌نگوینی خه‌جێ و باوله‌كه‌ی ده‌گێڕایه‌وه، پلكه مه‌تێ پارچه‌ڵه ده‌بێ كاتێ خه‌جێ بۆ پیری سوارچاكان به بووك ده‌چێ، ئه‌و باوله له ناو جیازی بووكێ ده‌بینێ، ده‌یناسێته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ:
حه‌یف بۆ تۆ خه‌جێ، خۆت له ناو گڵی بانهقهراتێ، باولهكهشت له هه‌ولێرێ، به پشت سه‌ری مێرده‌كه‌ته‌وه، هێی، هه‌ینێ كل و كلچووك و شانه و نه‌ینۆك و.. تێدا بوو، ئه‌دی ئێستا؟!
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
حه‌یف، ئێستا ته‌نێ..
له‌و كاته به ناخێری گیانم، حه‌زم چووه پرووشه‌ی به‌فرێ، چوومه حه‌وشه‌و ده‌ست و سینگم بۆ ئاسمان گرته‌وه، وه‌یش، ئه‌و ئاسمانه، چه‌ند چڕدۆیه، نابارێنێ، به‌فر نابارێنێ، تا ئێستا زه‌وی سپی نه‌كردووه، شه‌ڕه به‌فرمان نابێ، چاوه‌ڕێی كه‌ویار و فازیل رێحانهشم بێن، نه‌هاتن، ئه‌گه‌ر نه‌هاتن من ده‌چم، ئاخر ناكرێ، ئاسمان نیازی به‌فری هه‌بێ و ئێمه پێكه‌وه نه‌بین، ده‌ی، تا كه‌مێ به‌فر ده‌كه‌وێ، با بچمه‌وه لای زاری پلكه مه‌تێ و بزانم چی لێ ده‌بارێ..
پلكه مه‌تێ روو له پیری سوارچاكان:
ئه‌رێ من تێنه‌گه‌یشتم، گۆڕی خه‌جێ، لۆ كه‌وته بانه‌قه‌رات؟
پیری سوارچاكان چی نه‌گۆت، دایكم هه‌ڵیدایێ:
وه‌ك من بزانم له داخی(….) بوو، نه‌یویست كه به زیندوێتی پێی له سه‌ر سه‌ری داناوه، به مردوێتیش پێ بخاته سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی، ده‌یویست له‌و دوور بێ..
پیری سوارچاكان روو له دایكم:
به‌سێ، كچم، ئه‌و كایه كۆنه به با مه‌كه.
روو له سابیتهی خانووش گوتی:
ئاخ! خه‌جێی من، دوو ژنم به سه‌رت هێنا، برۆت تێكنهنا، گهردنمت ئازاد نه‌كردبێت، پێم به به‌هه‌شت ناكه‌وێ.
به‌ڵام بابم به بیری بابی هێناوه كه دایكی گه‌ردنی خۆش و ئازادكردووه، بهبیریهێناوه پێشه‌وه‌ی بڵێ:
بمبه‌نه بانه‌قه‌رات، گۆتی: قادرۆك گه‌ردنی تۆ و كوڕه گچكهكهشم خۆش و ئازاد بێ.
پیری سوارچاكان به‌بیریهاته‌وه و گوتی:
وایه، دێـتهوهبیرم به تۆشی گوت:
كوڕه گه‌وره‌كه‌م پێویستی به گه‌ردن ئازادیی من نیه، چوونكێ خۆی به‌هه‌شتیه.
وه‌بیرمدێ، زۆر شاییم به‌وه هات، كه نه‌نكه خه‌جێم بابمی خستۆته رێزی بهههشتییانهوه.
} له‌و رۆژانه، رۆژانی گێڕانه‌وه‌ی كۆڵان كۆڵان، شوانه گچكه‌ڵه كه ئێستا مووی ره‌ش به سه‌ر و ردێنیهوه نه‌ماوه، وای گێڕایه‌وه: وه‌ك خه‌ون دێته‌وه‌بیرم، دوو فه‌رده كای شیشكوتیان خسته سه‌ر پشتی هێسترێك، تهشكهبهڕهیان له سه‌ری راخست، نه‌نه خه‌جێ كه په‌ڕۆكێكی سپی لێوه پێچرابوو، له ناو جاجمێكیان لوولدا، به چوار پێنجێ هه‌ڵیانگرت و له سه‌ر پشت و هێستر و له نێوان هه‌رد و فه‌رده كایه‌كه‌یان درێژكرد، ههچهیان له هێستر كرد، به لای كانی پیاواندا لێژبوونه‌وه، كه‌وتمه دوایان، گێڕامیانه‌وه، گریام، به یه‌ك دوو كلۆ شه‌كر گیریانكردمهوه..{
پلكه مه‌تێ، رووی رووه‌و ده‌لاقه‌ی نێوان ده‌رگاو په‌نجه‌ره وه‌رگێڕا و روو له پیری سوارچاكان:
به من بلێ، ئه‌و خرخاڵه چیه له‌وێ؟
پیری سوارچاكان چی نه‌گۆ، كه‌س چی نه‌گۆ، وا پێده‌چوو خۆشی چاوه‌ڕێی چ گۆتنی كه‌س نه‌بێ، گۆتی:
ده‌یناسمه‌وه، كوو نایناسمه‌وه، من نه‌یناسمه‌وه كێ ده‌یناسێته‌وه!
روو له پیری سوارچاكان:
مه‌گه‌ر تۆ..
ناسیه‌وه، پلكه مه‌تێ خڕخاڵه شكاوه‌كه‌ی ناسیه‌وه، كوو نایناسێـتهوه، سه‌ربرده‌ی خرخاڵ وا له كنه وی یه، پلكه مه‌تێ خڕخاڵ و گوڵی كۆسارانی هێند جوان گێڕایه‌وه، هه‌قایه‌تبێژیش هیچ هه‌قایه‌تێكی وا نه‌گێڕاوه‌ته‌وه، حه‌یف و مه‌خابن، من شتێكی كه‌مم له‌و سه‌ربرده‌یه له‌بیرماوه، بێجگه له هه‌ندێش منی بێ ده‌مودوو كه‌ی ده‌توانم وه‌ك وی بیگێڕمه‌وه، بۆیه خوێنه‌ر ههشتیهكی ئه‌و تامه‌ی لێوه‌رناگرێ كه من له زاری پلكه مه‌تێوه وه‌رمگرت، پلكه مه‌تێ چیرۆكه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕایه‌وه من له گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده و هه‌قایه‌تان نه‌مبیستبوو، گاڤێ به ناوی خۆی، خۆی قسه‌یده‌كرد، گاهێ گوڵی كۆسارانی ده‌هێنایه قسه و له سه‌ر زاری ئه‌وه‌وه سهربردهمان ده‌بیست، سالحۆكهی كوڕیشی لهبیرنهدهكرد، تاوێكیش كه‌سێك وه‌ك بڵێی له دووره‌وه ته‌ماشای كردبن و سهربردهكه بگێڕێته‌وه:
گوڵی كۆساران و پلكه مه‌تێ له رهشماڵێ هاتنه ده‌رێ، وه‌ی له و دوو ژنه جوانه، یه‌كیان هه‌ر گوڵه، چ گوڵێكی ئه‌و ئاقاره چاوی هه‌ڵنایه لێیبڕوانێ، ئه‌ویدی به چاوه كه‌سكه‌كانی به‌هار كه‌سكتر نیشانده‌دات، دۆڵی دۆڵه گاڕانێ ئه‌وڕۆ سبیانێ له من سێبه‌ر و تاوه، جێ جێ سێبه‌ره، جێ جێ هه‌تاوه، ئه‌وڕۆ چ وێناچێ ئاسمان با بیگرێته‌وه، ئاسمان جێ جێ په‌له هه‌وره، په‌له هه‌وره‌كان نه ئه‌وه‌یه قژیان تێكه‌ڵی یه‌كتر بكه‌ن، نه ئه‌وه‌یه پتر لێكدی دووربكه‌ونه‌وه، هه‌وره‌كان له‌و مێگه‌له مه‌ڕه ده‌چن كه گورك لێیدابن، هه‌ر سه‌ره مه‌ڕێ له جێیێ كه‌وتبێ، به‌نگۆ بڵێم، هه‌ر به راستی هه‌وره‌كان له مه‌ڕی ئاسمان ده‌چوون، ئه‌نگۆ ده‌زانن مه‌ڕی ئاسمان چیه؟
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
ده‌زانم، مه‌تێ، ده‌زانم، من له ئاسمان شوانایهتیم كردووه.
من كه‌م له قسانم ههڵدهدایێ، هه‌ڵمدایێ:
باپیره، له ئاسمان شوان هه‌یه؟ شمشاڵت پێ‌بوو؟!
وه‌ڵامی پیری سوارچاكان له یاد نیه، ئێ، له زاری پلكه مه‌تێوه:
ناوی گورگ هات، گورگ په‌یدا نه‌بێت!
ئه‌وه‌تا ئه‌و دوو ژنه جهحێله ته‌ڕپۆشه، قسه خۆشه، به ده‌م قسه‌ی ژنانه‌وه به ناو به‌هاری دۆڵی دۆڵهگاڕاندا به‌ڕه‌و ته‌ڕواری هه‌میشه به‌هار به كاوه‌خۆ و به نازه‌وه رێ ده‌بڕن، به بن سێبه‌ر و هه‌تاودا، به ناو گیا‌و گۆڵ و خه‌زێمه و حاجیله و گۆڵی بۆن گوڵاودا پێ به پێ هه‌ڵده‌گه‌ڕێن، دۆڵهگاڕان له چاو ته‌ڕوار له قووڵایی دنیایه.
سالحی ئێستای هۆده‌كه‌ی پیری سوارچاكان و سالحۆكهی ههینێش له‌بیرنه‌كه‌ین، ئه‌وه‌تا له پێشیانه‌وه وه‌ك به‌رخۆله‌ی تێر شیر غارده‌دا و خۆی له گیاگۆڵ هه‌ڵده‌سوێ..
+ژنێ، ئه‌وشۆ له ماڵی ئێوه خهونهكی زۆر ناخۆشم دیت
– ژنێ، خه‌ونی ناخۆش مه‌گێڕه‌وه
+نه‌گێڕمه‌وه، دڵم ده‌ته‌قێ
– ده، بیگێڕه‌وه، به‌ڵام هه‌نده‌ك خۆشیی پێوهربكه..
له خه‌ون گه‌ڕێ، كێ له‌بیری ماوه!
گه‌یشتینه كۆتایی دۆڵ، ئێستا له ههورازهكهین، سالحۆك ماندووه، به دوا كه‌وتووه، هێنكه هێنكیهتی، ده‌ڵێ: دایه له كۆڵم بكه، ده‌ڵێم: كوڕم، ده‌ست به لچكی كهوێكهمهوه بگره، راتدهكێشم..
ئێستا دوو ژن و منداڵێك گه‌یشتنه كۆتایی هه‌وراز، بانیی نێرگزان به دیار كه‌وتووه، به‌ڵام ته‌ڕوار نا، گورگ! وای گورگ! }دوور نیه رێك ئه‌و شوێنه بێ كه من و بابم تووشمان به تووشی گورگه‌وه بوو، به‌ڵام گورگه‌كه نابێ هه‌مان گورگ بێ، چوونكێ نێوان ئه‌و دوو گوڕگه كێ ده‌زانێ چه‌ند ساڵه! باوه‌ڕناكه‌م گورگ هێنده ساڵه بژی، خۆ ته‌مه‌نی پلكه مه‌تێی نیه{
ئێره به ده‌ستی چه‌پ به سهرههڵدیرێكدا ده‌ڕوانێ، ده‌ستی شكاوم، وا نه‌بوو، زوو ده‌ستی بگرم و نه‌هێلم هه‌ڵدێرێ، هه‌ڵدێرا، گورگی دیت و هه‌ڵدێرا، ئه‌وه‌ی گورگی نه‌دیتبێ، نازانێ چه‌ند به‌سامه، شێریش لێی ده‌ترسێ، پلكه مه‌تێ ده‌لێ: گورگ! خودایه، دوای گورگ ببڕی..
دایكم كه زۆر له گورگ داخ له دڵه:
خودا نه‌ده‌بوو گورگ بێنێته دنیا، دایكت كوێر بێ، عوسمانی كوڕم گورگ زراوی رژاند..
نازانم كێ بوو ده‌یگۆ:
گورگ له ناو كه‌شتیه‌كه‌ی نووح زراوێ گیانله‌به‌رێكی رژاند و ئێستاشپێوه پهیدانهبۆوه..
دایكم ده‌ڵێ:
وای له گورگ، خواش ناوێرێته گورگ!
پلكه مه‌تێ هه‌ڵدێرانی گوڵی كۆساران ده‌گێرێته‌وه:
رێ باریكه رێیه، ئه‌و له پێشه مه ده‌ڕۆیی، سالحۆكه‌م دابووه پێشه خۆم، له ملهكه سووڕاینه‌وه، گورگی عیزرائیل په‌یدابوو، ئه‌وه‌تا له پێشمان له نزیك دار قهرهقاجه گه‌وره‌كه قیت قیت راوه‌ستاوه، من پڕم دایه سالحۆكه‌م، ئه‌و له كشانه‌وه پێی خزی، ده‌ستم بشكێ، ده‌ستم نه‌گه‌یشته ده‌ستی، دیتم بانگرۆزبۆوه، له غلۆربوونه‌وه گوێم لێیه ده‌ڵێ:
كچێ مه‌تێ، گورگه گورگ..
ئاگام له گورگ بڕا، سالحۆكهشم له‌بیرنه‌ما، چاو له رێیه‌ك ده‌گێڕم بمگه‌یه‌نێته بنه‌بانی دۆڵێ، بگه‌مه گوڵی كۆساران، نازانم رێم دیته‌وه یان به به غلۆر بوونه‌وه و قوونه‌خشكێ گه‌یشتمێ، وه‌ی خوایه، ئه‌و خوشكه جوانه‌م ئه‌وڕۆ نیه ده‌ڵێی دوو حه‌فته‌یه مردووه، ده‌ستم راوه‌شاند، پێم راته‌كاند، فووم له ده‌موچاوی كرد، خوایه چ بكه‌م! گوێم به سنگیه‌وه نا، سوپاس خوایه، دڵی لێده‌دا، دڵی لێده‌دات و ههستوخوستی نیه، گوێم له گریانی سالحۆكه، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم، ده‌ڵێی پنچكه گیایه به ته‌لانه‌وه، وای چه‌ند دووره، چه‌ند بڵنده، نێوان ئێمه و كوڕه‌كه‌م، عه‌رد و عاسمانه، گورگم بیركه‌وته‌وه، ترسام پڕ بداته سالحۆكه‌م، هه‌ناسه‌م سوار بوو، چاو ده‌گێڕم گورگ دیار نیه، پڕ به ده‌نگی دۆڵ هۆیهام لێ‌كرد، گورگ هۆیهای لێبكه‌یت هه‌ڵدێ، ئاهێكم هاته‌وه‌به‌ر، له هۆیهای من گوڵی كۆساران به‌خۆهاته‌وه، ده‌ڵێ:
مه‌تێ ئاگات له منداڵه‌كه‌ت بێ، گورگ نه‌یبا.
ئه‌و قسه‌یه زۆر ترساندمی، یه‌كپێ هه‌ستام و به ته‌لاندا هه‌ڵگه‌ڕام، نازانم چه‌ند ههڵگهڕأم، هێنده‌م زانی سالحۆكه‌م له باوه‌شه، توومه‌ز به خشخشۆكی هاتووه، پێكه‌وه چووینه‌وه سه‌ر گوڵی كۆساران، قیتبۆتهوه، ده‌ستی به پێیه‌وه گرتووه، ده‌ست و پل و پێی له چه‌ند جێ رووشاوه، ده‌ستم گرت و دامانه‌وه رێیهكهی ئه‌وبه‌ر، پێی چه‌پی له دووی نایه، هه‌ر من ده‌زانم به چ ده‌ردێك گه‌یشتینه سه‌رێ، له‌وێ له بانی نێرگزان تووشی ئه‌و سواره بووین- په‌نجه‌ی بۆ پیری سوارچاكان راكێشا- سواری ماینه‌كه‌ی كرد و..
له‌و ساته پیری سوارچاكان هه‌ناسه‌یه‌كی وای هه‌ڵكێشا، هه‌ستمكرد ژووره‌كه پڕبوو له ته‌متومان، گوتم ره‌نگه هه‌ور دابهزیبێـته زه‌وی، ئاخر هه‌ر كاتێ ته‌مومژ دنیای داده‌گرت، بابم ده‌یگۆ: هه‌ور دابه‌زیوه‌ته سه‌ر زه‌وی، له‌و ده‌مه چوومه حه‌وشه، به‌فر لێیكردۆته‌وه، ئاسمان ههلیپرینگاندووه، حه‌یف شه‌ڕه به‌فرمان نه‌بوو، چوومه‌وه ژۆرێ، چیرۆكی خرخاڵ نازانم گه‌یشتبووه كوێ، هێنده‌م له‌بیره، پیری سوارچاكان گۆتی:
وابوو، له‌وێ خڕخاڵهكهی شكا، خرخاڵم بۆی كڕیه‌وه، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری خرخاڵه شكاوه‌كه‌ی نه‌بوو..
ئه‌و قسه‌یه‌ی ناوه ناوه ده‌یگوته‌وه، ئه‌ویشی گوته‌وه:
زۆر جار مرۆڤ له ئاسنیش ئاسنتره.
هه‌ر له‌و پایزه زستانه، سه‌ر لهئێوارهیهك مام كوێخاش كه به‌ستی شه‌رغه به درێژایی شه‌وانی زستان چیرۆكی وی ده‌گێڕێته‌وه، هاته دیداری پیری سوارچاكان، له‌بیرمه له سه‌ر ده‌رگه حاجی قه‌دۆ له‌گژ پیڵاو له‌پێكردن بوو، مام كوێخا سڵاوی كرد، به پێڵاو حاجی قه‌دۆم بیركه‌وته‌وه، پێڵاوه‌كه‌ی هێند جوان و بریقه‌دار بوو، خۆت تێیدا ده‌بینی، به‌و زستان و قوڕ و لیته‌یه، پشكه قوڕێكی پێوه نه‌بوو، پێده‌چوو له‌وبه‌ری كهندێوه كه له ترومبێله‌كه‌ی دابه‌زی جه‌لاتینی له پێلاوه‌كه‌ی لوولدابێت یاخود به ده‌ستیه‌وه گرتبێ، ئه‌و قه‌دۆیه له شاریه كۆنه‌كان بوو، خزمی نزیكی پیری سوارچاكان بوو، ئێ، من چ قسه‌ی نێوان پیری سوارچاكان و حاجی قه‌دۆم له یاد نیه، لێ شتێكم له مام كوێخا له‌بیره، پیری سوارچاكان، پرسیاری ته‌ڕواری لێده‌كات، پرسیاری به‌رد و كه‌سته‌ك و دار و بار ، پرسیاری به‌راو وكانی و رووبار، پرسیاری وه‌رد و شۆ و به‌یار، پرسیاری قه‌رسیل و گوڵه گه‌نم و جۆ و گیا‌و گۆل و گوڵ و گوڵزار، پرسیاری كه‌ژ و هه‌وا و زه‌وی و ئاسمان، پرسیاری كونه ته‌یاره و لووره‌ی گورگ و گۆڕستان، پرسیاری هه‌وره تریشقه، فیشكه‌ی مار، جۆت و خه‌له و خه‌رمان…چی نه‌پرسی! پیری سوار چاكان ته‌مه‌نێك پرسیاری كرد و هه‌ستمكرد حه‌زیده‌كرد وه‌ڵامی درێژ و وردی ده‌ستكه‌وێ، به‌ڵام مام كوێخا به كورتی وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه، من دوای ئه‌و ته‌مه‌نه چه‌ند پرسار و وه‌ڵامێكم له‌بیره، نه باب نه دایكیش كه وه‌ك من له‌و دانیشتنه دانیشتبوون، شتێكی ئه‌وتۆیان له‌بیرنیه، بابم ئه‌وه‌ی له‌بیرمابوو كه بابی ده‌پرسێ:
ئه‌رێ، ئێستاش زستانان ئه‌شكه‌وتی به‌رماڵان وه‌ك جاران چلووره ده‌كات؟!
مام كوێخا ده‌ڵێ:
وه‌ك جارانه، پار زستانێ، به درێژایی ئه‌شكه‌فت، چلووره گه‌یشتبووه عه‌رد، تانۆكی درووستكردبوو، ناو ئهشكهفتت نه‌ده‌دیت، به‌و ده‌ستانه‌ی خۆم له لاوه سه‌هۆڵم شكاند و رێیهكهم بۆ ناو ئه‌شكه‌فت كرده‌وه..
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
خۆزگه‌م به خۆت، من زۆر جاره ئه‌وه‌م كردووه..
پیری سوارچاكان ده‌پرسێ:
به من بڵێ، ته‌ڕوار هاوینان له‌گه‌ڵ ئاو چۆنه؟
مام كوێخا:
ئه‌و هاوینه ئاوی زۆر كه‌م كردبوو، پایزه‌كه‌ی پێش بارین، ئاوێكی وای نه‌مابوو
پیری سوارچاكان نه‌رم ده‌ستی به سه‌ر به‌ردی پیرۆزدا داهێنا و گوتی:
بیری به‌ردی پیرۆزیش؟!
مام كوێخا:
ئه‌ویش، وا بڕوا چه‌ند ساڵێكی‌تر، چۆڕی لێده‌بڕێ
پیری سوارچاكان:
ئه‌گه‌ر وابێ، دنیا روو له وشكبوونه..
من له‌بیرمه نازانم تۆ! ئه‌گه‌ر له‌بیرت نیه، وه‌بیرت دێنمه‌وه گوتم، به‌ستی شه‌رغه چیرۆكی مام حه‌مه‌ده‌مین كه ئێستا مام كوێخای ده‌ڵێنێ، ده‌گێڕێته‌وه، چیرۆكێ له‌و چیرۆكانه: كوێخایهتیهكهی له دوای رووداوه‌كه‌وه هات، له‌وه‌وه هات كه له هه‌موو شت كه‌وت و له ماڵی برا گه‌وره‌كه‌ی كه‌وت، ئه‌گه‌ر جاروبار له به‌ر ماڵان چووبێته به‌ر به‌رخان یان سه‌ردانێكی ته‌ڕواری كردبێ، ده‌نا هه‌ر له ماڵێ و له سه‌ر كۆسپی ده‌رگا داده‌نیشت و ده‌یڕوانیه دنیایێ..
ئه‌و پیاوه پێش رووداوه‌كه له لهشسووكانی هه‌ردوو به‌ری به‌ستی شه‌رغه بوو، عیده خودا له دوڕ ده‌وی بدات، وای به‌سه‌رهێنا، عیده چه‌ند سه‌ر بزنێ ده‌دزێ، هه‌ینێ پیاوی كوێخا ده‌بێ، عیده پیاوێكه، به ده‌م و پل، دێ، له كن كوێخای دێ دزیه‌كه به مل مام حه‌مه‌ده‌میندا دێنێ، ئه‌ویش دیاره زۆر بێ ده‌م و دووه و ناتوانێ له‌سه‌ر خۆی لا ببات، ئیدی به ملیا ده‌بڕێ، كوێخا هه‌رده‌ستێ مام حه‌مه‌ده‌مینی هه‌ینێ و مام كوێخای ئێستا له دار ده‌به‌ستێ، داره‌كه تا دره‌نگ مابوو، ناوی به (داری غه‌در) رۆیشتبوو، داره‌كه له ده‌و به‌ستێیه، به‌و چله‌ی زستانه به گوریس له‌و داره‌ی ده‌به‌ستنه‌وه، كوێخا ده‌ڵێته عیده:
لێیده، بیكوته، ئه‌و به‌سته جێی دزی لێنابێته‌وه.
عیده به داری روولكێ وهریدهگهڕێتێ، ئه‌و شه‌وه مام كوێخا له ناو زووقمی زستانێ به داره‌وه ده‌مێنێـته‌وه، نازانم كێیه هاوار بۆ پیری سوارچاكان دێنێ، به‌ڵام تا ده‌گاتێ، رۆژ ده‌بێته‌وه..سبه‌ی زوو، كوێخای گوندی ده‌ڵێ:
بڕۆن، بیكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر مردووه، فڕێیده‌نه پێش سهیان، ئه‌گه‌ر زیندووه، پێیبڵێن بیبینمه‌وه به زیندوێتی ده‌رخواردی سه‌یانی ده‌ده‌م..
سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ئیدی له هه‌موو شت ده‌كه‌وێ، له‌وه‌وه ناوی ده‌بێته مام كوێخا، له‌بیرمبێ، كاتێ ئاشكراده‌بێ، مام كوێخا بێ به‌ریه له دزیه‌كه و عیده ئه‌وه‌ی كردووه، كوێخای گوند ده‌مێكه دنیای جێهێشتووه..
ئێ، هه‌نووكه كێ به دیار پیری سوارچاكانه‌وه دانیشتبێ، باشه! شێخه شه‌ل، ئه‌و پیاوه‌ی دواتر بیستم شارێك به هه‌موو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانیه‌وه هاواریانده‌كرد:
بژی گه‌ل، هێزی گه‌ل
مام ره‌حمان و شێخه شه‌ل
بابم دواتر ده‌یگێڕایه‌وه كه زۆر جار به شێخه شه‌لی گوتووه:
به‌لاشه، ئه‌و حوكمه‌ته به چه‌پڵه نارووخێ.
ئه‌ویش گوتبووی:
زۆر جار چه‌پڵه له گولله كاریگه‌رتره.
حه‌یف، شێخه شه‌ل دره‌نگ گه‌یشت، ئاخر پیری سوارچاكان ئاگای له خۆی نه‌مابوو، یه‌ك ناوی به زاریدا ده‌هات، ئه‌ویش گوڵی كۆساران بوو:
بڕۆنه دووی، بیهێننه‌وه، نه‌یبینم، نابێ.
وه‌بیرمدێ ئه‌و پیاوه‌ی گوڵی كۆساران ناوی ده‌هێناو ده‌یگۆ:
بیگرن، هات، ده‌مكوژێ..
ئه‌و پیاوه گۆتی:
كه‌س بۆی نیه بچێ به دوایدا، چوونكێ له وه‌ختێ مێرده‌كه‌ی خۆی به‌جێهێشت، نه‌ده‌بوو بهجێیبێلێ.
بابم ده‌ڵێ:
به‌ڵام بابم ده‌ڵێ: بێته‌وه، بۆیه ده‌بێ بێته‌وه، من ده‌چمه دووی
ئه‌و ده‌ڵێ:
شتی وا نیه، بزانه، بچیه دووی، به‌ینمان تێكده‌چێ و ناتناسم.
بابم تێدادهمێنێ، پێیه‌كی ده‌چێته پێشێ، پێیه‌كی ده‌چێته پاشێ، بچێ ، نه‌چێ! وه‌بیرمه بابم لێی پاڕایه‌وه كه رێگری لێنه‌كات و با بچێته دوای گوڵی كۆساران، به‌ڵام ئه‌و له كه‌لی شه‌یتان نه‌هاته خوارێ و گۆتی:
ئه‌و پیرێژنه بۆی نیه سه‌ر به‌و ماڵه‌دا بكاته‌وه.
دایكیشم ده‌یگۆ:
پیاوه‌كه به‌و شه‌ڕ و شۆڕه، به‌و دنیا وێرانه، بۆ كوێ ده‌چی؟ نایگه‌یتێ.
دوا جار بابم بڕیاری دوایی خۆی دا:
كێ تووڕه ده‌بێ، با ببێ، دووسبه‌ی ده‌چم، له بن سێبه‌ری فڕۆكه و به‌ینی زنجیری دهبابهشدا بێ، ده‌چم و دایه هه‌مینم بۆ بابم ده‌هێنمه‌وه.
تا دووسبه‌ی دێ، سه‌رێ له ئاودهستخانهكانی قوتابخانه ده‌ده‌م، بزانین له‌وێ دنیا چ باسه‌و..