Skip to Content

دیدارێک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار بەفرین ئیبراهیم

دیدارێک لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار بەفرین ئیبراهیم

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2023 General, Literature

بەفرین ئیبراهیم: لە کوردستان گرنگی بە هونەرە جوانەکان وەک شێوەکاری و پەیکەرتاشی نادرێت
بەفرین ئیبراهیم :پرۆژە و ئاواتم ئەوەیە بتوانم هونەری کوردی بە جیهان بناسێنم
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس


خاتوونی هونەرمەند” بەرفرین ئیبراهیم” هەرلەسەرەتایی قۆناغەکانی ژیانی منداڵی حەزوو ئارەزووی بۆ هونەری نیگار کێشان هەبووە،هەروەها لە بواری نواندیش بەهرەێکی باشی هەیە بەشداری چەندین کورتە فیلمیش کردوە، خاوەنی چەندین پیشانگای شێوەکارییە،کاریگەری هونەرمەندی جیهانی (ڤانگۆک)،لەسەر کارە هونەرییەکانی ڕەنگی داوەتەوە لە تابلۆکانیدا زیاتر بابەتی ئافرەت و ژینگە لە خۆ دەگرێت بەهۆی دەست رەنگینی لە هونەری شێوەکاری داواکاری زۆری لەسەر تابلۆکانی هەیە هاوڵاتیان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان داوای تابلۆکانی دەکەن بەمەبەستی ئاگادار بوون لە چالاکییە هونەرییەکانی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا.

  • ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرامان باس لە ژیانی هونەری خۆتان بکەیت.
  • من بەفرین ئیبراهیم بە”بەفرین چەلەبیانی ” ناسراوم ،خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم و پێشتر لە ئێران 6 پێشانگای شێوەکاری و 2 پێشانگای کاریکاتۆرم کردۆتەوە، بەڵام ئەمە چەندساڵێکە لە سلێمانی دەژیم و لە دوو گەلەری دایمۆند و نەوا ئیشی هونەری دەکەم و هەروەها لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داواکاری خەڵک وەرئەگرم و تابلۆی شێوەکاری بۆیان دەکێشمەوە .

    *بەکامە هونەرمەندی شێوەکاری کورد یاخود جیهانی سەرسامیت و کاریگەریان لەسەرت هەبووە؟
  • زیاترین کەسێکی هونەرمەندی گەورە لەسەر من کاریگەری هەبووە ڤانگۆک بووە کە هەم بە کارەکانی و هەروەها ژیاننامە و شێوازی جیهانبینی کاریگەری لەسەر من داناوە و تەنانەت چەند بەرهەمێکم کێشاوەتەوە و هەروەها ئیلهامم لە تابڵۆکانی وەرگرتووە بۆ کارەکانی خۆم.
  • چۆن هەڵسوکەت لەگەڵ رەنگەکان دەکەیت و بۆ جوانکردنی تابلۆکانت بەکار دەهێنیت؟
  • من هەم بە ڕەنگی ڕۆنی و هەم بە ئەکریلیک ئیش دەکەم بەڵام زیاتر ڕەنگەسەرەکیەکانم هەیە و خۆم تێکەڵاویان دەکەم و ڕەنگی تازەیان لێ دروست ئەکەم لە هەمان کاتدا هیچکات ڕەنگە سەرەکیەکان بە تەنیا بەکار ناهێنم و هەوڵ دەدەم بە تۆنێکی دڵخواز و تایبەتی خۆم بیانگۆڕم و بەکاریان بهێنم. من کاتێ تابلۆیەک دەکێشم خۆم لە نێو تابلیۆیەکە دەبینمەوە لەگەڵیدا دەژیم هەست دەکەم لەو دونیاییەدا دادەبڕێم.
  • بابەتەکانی تابلۆیەکانت چین؟
    -بابەتی تابڵۆکانم هەمووشتێک لەخۆ دەگرێت بەهۆی ئەوەی کە من بەپێی داواکاری خەڵک کارئەکەم و ئەوانیش هەمووشتێکی جۆراوجۆر داوا دەکەن بەڵام وەک حەزی خۆم کە زیاتر بابەتی ژن و ژینگە لە کارەکانم هەڵدەبژێرم چونکە هەست ئەکەم زوڵمیان لێ کراوە.
  • قوتابخانەکانی هونەری شێوەکاری زۆرن وەکو ( واقعی ، سوریالی ،تەجریدی ..) تۆ زیاتر لەکام قوتابخانەی هونەری کار دەکەیت؟
  • ئەوانەی کە داواکاری خەڵک بن زیاتر واقعی یان ڕیئالن و وێنەی کەسێکی تایبەت یان سروشت و گیاندارە بەڵام خۆم زیاتر کاری سورڕەئالم پێ جوانترە و هەروەها ئیمپەرسیۆنیزم و کارەکانی مامۆستا ڤەنگۆک سەرنجم ڕادەکێشن و کار لەو بوارانەش دەکەم.

    *پێتان وایە بەهرەی خۆرسک ،بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هونەرمەند داهێنان بکرێت؟
  • پێموایە هەموو مرۆڤێک جۆرە بەهرەیەکی تێدایە و خۆرسکیش گرنگە بەڵام ئەوەی کە کەسێک پێشدەخات هەوڵدانی بەردەوام و بێ وچانە و چەندە کاتی زیاتر بۆ شتێک دابین بکەی ئەوەندە تێیدا شارەزا دەبیت بۆیە دەڵێم بەردەوامی و هەوڵدان.
  • ئەو کێشەو گرفتانە چین کەدەبنە رێگر لەبەردەم کاروانی هونەریت ؟
  • بەداخەوە بەربەستیش هەر هەیە بەتایبەت لە کوردستان گرنگی بە هونەرە جوانەکان وەک شێوەکاری و پەیکەرتاشی نادرێت و لە دانانی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کە ناتوانین بیکەین تا هەڕەشەی هەندێ کەسانی توندڕەو کە دەڵێن کارەکەت حەرامە تووشی زەحمەتی و ناخۆشی دەبین.

    *پرۆژەی داهاتووتان هەیە؟
  • من بەردەوام دەڵێم پرۆژە و ئاواتم ئەوەیە بتوانم هونەری کوردی بە جیهان بناسێنم و هیوادارم ڕۆژێک بتوانم لە زۆربەی وڵاتان پێشانگای هونەری کوردی بکەمەوە.

Previous
Next
Kurdish