Skip to Content

چیرۆک: زۆیا.. ستیڤان شەمزینی

چیرۆک: زۆیا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 5, 2024 General, Literature

١
دوای ئەوەی چەندین کاتژمێر کاری کردبوو، چەند تاقم میوانی بەڕێ کردبوو، ھاتە ژوورە بچووکەکەی خۆی کە وەک زیندانێکی کراوە بیری لێ دەکردەوە، لەسەر تەختە خەوەکەی پاڵکەوت، کەمێک پەردە مۆرە تۆخەکەی لادا و سەیرێکی دەرەوەی کرد، بینی ھێشتا بوولێڵ رۆشنایی دەرەوەی بە تەواوەتی قووت نەداوە، پێویستی بوو دەست بکات بە نووسینەوەی رۆژانە یادداشتەکانی کە ھەر ئەمڕۆ و سبەی پێ دەکرد. لەبەر خۆیەوە دەیگووت بۆچی بینووسم؟ مەگەر لە خۆم زیاتر خوێنەرێکی دەبێت؟. لێوی نا بەو قاوە عەرەبییەی تازە لەم شارە فێری خواردنەوەی ببوو، قومێکی لێدا و لەبەرخۆیەوە ورتەیەکی لێوەھات وەک ئەوەی بڵێت مەگەر ئەم قاوەیە ھێندەی ژیانم تاڵ بێت. پاش کەمێک سستی نواندن، پاندانێکی دەرھێنا کە دیاری باوکی بوو، چاوەکانی خوێنیان تێزا و سەری شۆڕ کردەوە بەسەر چەند پەڕەیەکی سپی ئەی فۆڕدا.
-دەی وا دەست پێدەکەم.. چۆن دەستپێبکەم؟ ھەموو دەسپێک لە کۆتایی دژوارترە. خودایە یارمەتیم بدە بۆ ئەم کارە. (باوێشکێکی دا و ئازارێک لە ئەژنۆکانیدا بوو، دەبوو دوای دوو کاتژمێری تریش بڕوات بۆ کارێکی تر).
پاندانەکەی خستبووە لا لێوییەوە، وەک ئەوەی نەفەس لە سیگار بدات ھەڵیدەمژی و فووی بە ئاسماندا دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەدوا و دەیگووت: ئای لەوە خۆ پەژارە و ناسۆر وەک دووکەڵ لە لووت و دەمەوە نایەنە دەرەوە، ئەوان زۆر قورسن لە دڵدا دەنیشن. ھەستی دەکرد خەریکە دەخنکێت و لەرزیشی لێ ھاتبوو بۆ کارە بێزارکەرەکەی ھەموو شەوانێکی. (قومێکی تری لە قاوەکە دا، ھەوا کەمێک گەرمتر بوو لە رۆژانی پێشتر، ساردکەرەوەی ژوورەکەی پێکرد).
دیسان سەری گێژ دەخوات و رشانەوەی دێت، فشاری خوێنی زۆر ھاتووەتە خوار، رۆژی پێشتر بە خراپی رشابووەوە، دوو رۆژ پێشتریش بە ھەمان شێوە، دەست دەھێنێت بە سکیدا، لە یەک کاتدا دوو ھەستی ھەیە: بێزاریی و شادیی. ھەوڵدەدات ئازارەکە لە بیر بکات و دەستبکات بە نووسین، پاندانەکە دەخاتەوە سەر کاغەزەکە، کەمێک ئاوی سارد لە پەرداخە شووشەکە دەخواتەوە و ھەناوی فێنک دەبێتەوە، ھەرچی دەگەڕێت نازانێت چۆن دەستپێبکات!، ئارەقەی سارد دەکاتەوە، ئەوسا بیر لە رۆژانی منداڵی دەکاتەوە بەڵکو رووداوێکی خۆشی بیر بێتەوە و بیکاتە دەستپێکی نووسینەکەی، ھیچی لە بیر نەماوە چەشنی کەسێک تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت. بە پاندانەکە خەتی لار و خوار دەکێشێ لەسەر لاپەڕەکان، خۆی دەبینێت لە دۆخێکی دەروونیی شپرزەدا، کەچی ناتوانێت لە دۆخی خۆیشی تووڕە بێت، ئەمە بیرۆکەی دەداتێ بە رستەی (لەو جێگەی پێویستە تووڕە بیت و نەتتوانی تووڕە بیت، کارت کەوتووەتە لای پزیشکی دەروونی.) دەستپێبکات. ناتوانێت ھیچی تر بنووسێت. لە دوو کاتژمێرەکە تەنیا بیست خولەک ماوە بۆ دەستپێکردنی کاری شەوانە. کاغەزەکانی بەردەمی لوول دەکات و فڕێی دەداتە سەتڵی خۆڵی ژوورەکەیەوە، بە تیلەچاو سەیری پەڕەکان دەکات و بە دەنگێکی تێکەڵاو لە گریان و پێکەنین دەڵێت: تۆش وەک من چارەنووست فڕێدانە.
٢
بە خێرایی دەڕوات بۆ لای کانتۆری جلوبەرگەکانی، بیری دەکەوێتە ھەفتەی پێشوو لە ھەمان شەودا پێی گووتبوو حەزی بە جل سوور و ستیانی سەوزی فستقییە، بە پەلە خۆی گۆڕی، گوارە گەورەکانی کردە گوێی، سووراوێکی پەمەیی بەسەر لێوە ئەستوورە قاوەییەکەیدا ھێنا، دوو پەمپ لە بۆنی (ھیپنۆتیک پۆیزن)ی لە ستیان و مەمکە قووتەکانی دا، جانتایەکی بچووکی رەشی گرت بە دەستییەوە، قۆنەرە بن بەرزەکانی کردە پێی کە ئەوەندەی تر باڵای بەرزتر دەکرد و سمتیشی باشتر دەردەپەڕاند. بە پەلەپڕوسکێ لە ژوورەکەی ھاتە دەرەوە.
-بۆچی وا دوا کەوتیت، دەبێت بڕۆین ھەر ئێستا؟.
+(بە بێدەنگی و وریاییەوە بە قادرمەکاندا دەھاتە خوارەوە).. پێویست بوو بە دڵی ئێوە خۆم بڕازێنمەوە.
-(سەری بەرز دەکاتەوە و دەحەپەسێت).. واوووو ئەوە چییە، زۆر شازیت، دڵنیام تۆ ھەموویان سەرسام دەکەیت,
(دەچێتە ناو ماشێنەکەوە و بە درێژایی رێگە خەیاڵ دەیباتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە رازەکەی بۆ بدرکێنێت. بە خێراییش لە بیرۆکەکەی ژیوان دەبێتەوە و دەڵێت: نا، نا پێی ناڵێم. دواتر خۆیان ھەر دەزانن خۆ نابینا نین).
-من وا قسەت بۆ دەکەم، تۆ لە کوێی؟ ئەمڕۆ باش دیارنیت لەپێش چاوم، دەڵێی پاپۆڕەکەت نغرۆ بووە.
+ھیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە، تەنیا کەمێک بێ حەواسم. لەوانەیە سەرمام بووبێت.
(دەگەنە بەرزاییەکی ئەودیوی شار و دەچنە ڤێلاکەی پێشوو، سەرنج دەداتە سەر ئامادەبووان ھەمان پیاوانی جارانن، تەنیا یەکێکی نوێی تێدایە، پرسیار لە بارەیەوە دەکات):
+ئەو پیاوە کورتە باڵا ئەسمەرە کێیە؟ ئەوە یەکەمین جارە بیبینم.
-ئەوە (…) ھاوڕێمانە، ساڵانێکە لە ھەندەران دەژی، بڕیار وایە بەم زووانە ببێتە وەزیر.
+واووو، واووو چ وەزیرێکە؟ واتە من ئەمشەو لەگەڵ ئەو وەزیرە دەخەوم؟.
-بەڵێ.. ئا ئا.. ھەڵبەتە ئەو لەناو ھەمووتاندا یەکێک ھەڵدەبژێرێت، بەڵام دڵنیام تۆ ھەڵدەبژێرێت. ناتوانێت بەرگەی ئەو لەشولارە سێکسییەی تۆ بگرێت.
+بۆچی دەبێت ئەو ھەڵمانبژێرێت؟ خۆ بە دەست خۆم بێت قەت بەو بڵحە رازی نابم.
-ھێواش کچێ.. ھێواش. بەم کوردییە عەنتیکەیەت قوڕ مەکە بەسەر خۆتدا، ئەم ئاھەنگە بە خاتری ئەو رێکخراوە.
(ئێستا بەرەو سەکۆ چیمەنتۆییەکە دەڕوات کە چەند بلاژیکتۆرێک رووناکیان کردووەتەوە، بەمەوە چوار کچ چوونەتە سەر شانۆکە و سەما دەکەن. لەولاوە بۆنی کەباب و گۆشتی برژاو و دەنگی نۆش و زرینگەی پەرداخەکان دێت کە بە یەکیدا دەدەن، ئەمانیش سەما دەکەن، ھەر جارەی یەکێکیان بانگ دەکەن بۆ سەر مێزەکان لەگەڵیاندا ئەلکھول بخواتەوە، ئەم زۆرتر ئارەزووی عەرەقی ئۆزۆی بەلەم و ڤۆدگای گورباتچۆڤ دەکات. وەزیری داھاتوو بە لاچاو سەیری سمتی دەکات و خۆی بۆ ناگیرێت و بەسەر تەنورە کورتەکەوە دەستێکی پێدا دەھێنێت).
-ئەمشەو تۆ لای منیت، ھەرچی ئارەزووی دەکەیت لە پێناوتدا ئامادەیە.
+سوپاس بەڕێزم. بێگومان ئامادەم، ھەرچییەکم پێبدەیت جیاوازییەکی نییە، مووچەی من جێگیرە و ھەرچی بەخشیش و دیارییەکم پێبدەیت بۆ ئەوە (پەنجە بۆ یەکێک لە پیاوەکان رادەکێشێت).
لە ناکاو رادەچڵەکێت وەک چۆن تەشتێک ئاو بکەیت بەسەر خەوتوویەکدا، دەست لە نووسینی ئەو دێڕانەی پێشەوەش ھەڵدەگرێت، دووبارە کاغەزەکان ھەپرون ھەپرون دەکات. دەست دەخاتەوە سەر سکی و وەک ئەوە وایە مارێک لە ناویدا بجووڵێتەوە، لەگەڵیدا دەست دەکات بە ڕشانەوە، قاڵییەکە تەڕ دەبێت لە رشانەوەدا، بۆنی ناخۆشی عەرەقی دوێنێ شەو لەگەڵ ڕشانەوەکەدا ھاتووەتە دەرێ، ژوورەکە بۆگەنی کردووە. دەست دەکات بە تەپەتەپ تا ئەوانەی خوارەوە بێدار ببنەوە و بیگەننە نەخۆشخانە، بەڵام ھێشتا دوودڵە ئایا رشانەوە بەردەوامەکەی بە ھەند وەردەگرن یان نا؟.
٣
ئەمڕۆ دەی سێپتامبەر، سبەینێ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رووداوی یانزەی سێپتامبەری ئەمەریکادا. ژیانی ئەویش وەک ھەردوو تاوەری بازرگانی جیھانی داڕووخاوە. ھەوڵێکی تر دەدات بۆ نووسینەوەی یادداشتە رۆژانەکانی، ئەم جارە خەریکە سەرکەوتوو دەبێت و دەنووسێت: (دوێنێ شەو رووداوێکی گرنگ لە ژیانمدا روویدا، ھەم زۆر خۆش ھەم زۆر تاڵ!.) درێژەی دەداتێ: (زۆرجار ژیان دەمانبات بۆ جێگەیەک ئەگەرچی شتەکانیشی کۆن بن، بەڵام بۆ تۆ تازەن). ئەوە یەکەم جار بوو رێگەی بکەوێتە نەخۆشخانەیەکی ئەم وڵاتە، سەیر نییە ئەگەر دێڕێکی وای نووسیبێت. ھەوڵ دەدات بەردەوام بێت و نازانێت چۆ دێڕەکانی پاشتر بنووسێت، چیتر کێشەی دەستپێکی نەماوە، ئاریشەکەی بووە بە کۆتایی. ئێستا دەزانێت لە کوێوە دەستی پێکرد، بەڵام نازانێت لە کوێ دەوەستێت. بەم ھەوا گەرمە سێپتامبەرییە لەرزێکی زۆری لێ ھاتووە، خۆی خزاندووەتە ژێر بەتانییەکی ئەستووری رەنگ سەوزی کۆنی سەربازیی کە پێشتر خاوەن ماڵەکە لە گەرمای ھاویندا دەیدا بەسەر ماشێنەکەیدا. حەزی چووەتە سەر خواردنێکی میللی خۆیان، بەڵام ناچارە ئەو ساوەر و عەمبەیە بخوات، کە زیاتر ئازاری گەدەی دەدەن، فرمێسک بە گۆناییدا دێتە خوارەوە و دەنووسێت: (مرۆڤ تا بچووکتر بکرێتەوە، غەمەکانی گەورەتر دەبن.)
ھێڵنجدان بەردەوامە و بە رژدیی بیر لەوە دەکاتەوە بزانێت سێ مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کێ بووە؟. رقی لە خاوەن ماڵەکەیە، ئەو رۆژانە جیا لە کاری ناوماڵ، ناچاری کردووە شەوان لە باوەشی زیاد لە کەسێکدا رۆژ بکاتەوە، ئاستەمە بیری بکەوێتەوە کامیان بوو، ھەر لە بنەڕەتەوە سێ مانگ پێش ئەمڕۆی نایەتەوە یاد، ئەو ھەموو رۆژ و شەوەکانی لە یەکتر دەچن، شتێکە بۆ ھەمیشە دووبارە دەبێتەوە. لە بێ چارەییدا بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە، سەرەتا ویستی بڕوا بە خۆی بھێنێت خۆکوژیی بکات، دەیزانی ئەوەی دەینووسێت بۆ ئەوەیە قەناعەت بە خۆی بھێنێت، کەمێک لە تابلۆی سەر دیوارەکە راما کە ھیچ مانایەکی نەبوو، بە خێرایی و لە ترسی لە بیرچوونەوە نووسی: (ھەرچەند مەرگ بێ ئازارە، بەڵام پڕ ئازارترین شت ئەوەیە بمرم. ئەگەر خۆم بکوژم بوون و داھاتوو بە یەکەوە لە دەست دەدەم. لە مردندا نەک ئازار بوونی نییە ھیچ شتێکی تریش بوونی نییە، لە خەوێکی قووڵی بێ خەوندا دەبم، بەڵام ھێشتا ناتوانم بە رەھایی خاسێتیی و خراپیی مەرگ ھەڵبسەنگێنم). ئەو لە ژیانی خۆی تێنەدەگەیشت ھەوڵیدەدا لە مردن تێبگات و بۆی بڕوات. دەترسا لەوەی وەک ئێستا مل بنێت بۆ جێگەیەک ھیچی لەبارەوە نەزانێت.
جارێکی تر خەیاڵی گەڕایەوە بۆ سێ مانگ بەر لە ئێستا، دەیگووت: ئا ئەو باڵابەرزە سوور و سپییە بوو، نا، نا، ئەو نەبوو. ئەو دەوڵەمەندە ورگنە بوو کۆمپانیای ھەبوو، لەبەر خۆیەوە دەیگووت: تۆ چۆن دەزانی کۆمپانیای ھەبوو؟، بەرسڤی خۆی دەدایەوە: مەگەر خۆی وای نەگووت؟. سەد کەس زیاتر بە خەیاڵیدا ھات!ـ چۆن دەکرێت لە رۆژێکدا لەگەڵ سەد پیاودا سێکسم کردبێت؟. نا، نا نابێت، شتی وا نابێت. کەمێک خۆی ئاسایی کردەوە و دووبارە کەوتە پرسیار لە خۆکردن: چۆن دەبێت منداڵەکەی ناو سکم سەد باوکی ھەبێت؟ ئەی چۆن بگەڕێمەوە ناو کەسوکارم، لە کاتێکدا بە تەنیا ھاتم و بە دوو قۆڵی بڕۆمەوە؟. لەناو ئەم پرسیارانە نقووم ببوو، فریای وەڵامدانەوەی پرسیارێک نەدەکەوت، چەندان پرسیاری تر لە مێشکیدا دەتەقینەوە. دەستەوەستان و واق وڕماوە لە بەردەم پەنجەرەکە راوەستاوە و ھەردوو دەستی خستووەتە سەر کەمەری و ھیچی بۆ نەماوەتەوە تەنیا ئەوەندە نەبێت رقی لە کابرای خاوەن ماڵ و ژنەکەی دەبێتەوە و نەفرەتیان لێ دەکات. بیر لەوە دەکاتەوە ئەم سەرنەویشتە لە کوێوە بۆی ھەڵبژێردراوە: بە رۆژ ژنەکە بیخاتە ژێر باری ئیشی زۆر و قورسەوە و نەھێڵێت لە یەک کاتژمێر زیاتر مۆبایلەکەشی بەکاربھێنێت، شەوانیش مێردی ژنە کە پاسپۆرتەکەی ئەوی لای خۆی گل داوەتەوە، بیبات بۆ گردەکانی قەراغ شار و لەگەڵ ھاوڕێکانی شەوانی سوور لەسەر لەشی رەشی بنووسنەوە؟. ئینجا بە تووڕەییەوە لەسەر کاغەزەکەی بەردەمی دەنووسێت: (ئێوە ناتانەوێت لە جیاوازیی گورگ و ئاسک تێبگەن، سەرنج دەدەنە سەر ئەوەی لە کۆتاییدا ھەردووکیان ئاژەڵن.) لەم کاتەدا لە دەرگای ژوورەکەی دەدرێت، ھەر ئەوەندە فریا دەکەوێت کاغەزەکان بخاتە ناو سوراحییە ئاوەکەی سەر پەنجەرەکە.
٤
بیر لەوە دەکاتەوە چۆن پاسپۆرتەکەی لە خاوەن ماڵ و ئەو کۆمپانیایە وەربگرێتەوە ھێناوێتی بۆ ئێرە، تاکو لە شوێنێکی دوور لە مەترسی دایکایەتی بۆ منداڵەکەی ناو سکی بکات و لە ئێستاوە بیر لەناوێک دەکاتەوە بۆ نۆبەرەکەی. شەڕێکی ناوخۆیی لە دەروونیدا دەستیپێکردووە، بە خۆی دەڵێت: ئایا بەو دایکایەتییە قایل بم؟ ئایا بۆچی دەبێت رازی بم منداڵێکی باوک نادیار نۆ مانگ بە سک ھەڵبگرم و تەمەنێکیش پەروەردە و بەخێوی بکەم.؟ لە کۆتاییدا دڵی خۆی دەدایەوە و دەیگووت: گرنگ نییە ئەو منداڵە لە کێیە، ئەوەی بۆم گرنگە لەناو منەوە دەڕسکێت و دەبێتە گەواھیدەری کوێرەوەرییەکانی ژیانی ئێرەم.
دەنگە دەنگێک لەودیوی ژوورەکەوە دێت، گوێقووڵاخ دەبێت، گفتوگۆی نێوان ژن و پیاوەکەی خاوەن ماڵەکەیەتی.
-ئەگەر خەڵک بزانن دووگیانە ئابڕوومان دەتکێ. (پیاوەکە لەم کاتەدا لەبەردەم ژوورەکەدا ھاتوچۆیەتی و ئەم قسانە دەکات).
(پەردەکە لادەبات دەبینێت ژن و پیاوی خاوەن ماڵ بە دەموچاوێکی ترشاوەوە، لەبەردەم دەرگای ژوورەکەیدان، بێ لە دەرگادان وەک دوو مێشی گیزەگیزکەر خۆیان دەکەن بە ژووردا).
-(ژنەکە بە مۆڕەوە سەیری سکی ئەم دەکات).. دەبوو (حەبی مەنع)ت بخواردبا، نازانیت پیاوی ئێمە چەند رقیان لەوەیە خۆیان رێگریی بکەن لە کاتی سێکسدا؟.
-(پیاوەکە بە سەرسووڕمانەوە سەیری ژنەکەی دەکات و وەک بڵێی ئەزموونی زۆری ھەبێت).. ئێستا دەبێت بڕۆین، بۆ نەخۆشخانە کوڵتاج بکەین، خێرا ئەو سکەت لەبار ببەین و خۆمان لە شەرمەزاریی رزگار بکەین!. خێرا خۆت ئامادە بکە.
(نەیدەتوانی ھیچ بڵێت، زمانی لاڵ ببوو، نەیدەتوانی داکۆکی لە خۆی و منداڵەکەی بکات، ناچار بوو مل بدات بە داواکەیان و داوای کرد لە ژوورەکەی بچنە دەرەوە، تا خۆی بگۆڕێت، ئەوانیش بە ھێواشی بەرەو خوارەوە ملیان نا).
-دەبێت نەھێڵین بڕوات، پاسپۆرتەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمپانیا، لای ئەوان بێت ناتوانێت ھیچ بکات مەگەر (وشتر بکات بە کونی دەرزی درووماندا).
+(دەکەوێتە پێکەنین، بەڵام تریقانەوەیەکی دەستکرد). نا، لێگەڕێ با ئەمە بڕوات، پێویستمان بە کارەکەرێکی گوێڕایەڵتر و جوانتر ھەیە، ئەوە باشترە بۆ ئێمە.
-بیرۆکەکەت زۆر تەواوە، کەواتە لێی دەگەڕێین. من کارم ھەیە لە دەرەوە، تۆش کەمێک بنوو، بەڵام سپلیت ھەڵمەکە، با سەرمات نەبێت گیانەکەم.
(گفتوگۆی نێوانیان کۆتایی ھات، پیاوەکە ژنەکەی لە ئامێز گرت و ماچێکی کرد، بە ماشێنەکەی بەرەو لای دۆستەکەی بەڕێ کەوت، ژنەکەش تەلەفۆنی بۆ کوڕێک کرد و پێی گووت ھەر ئێستا چووە دەرەوە بە زووترین کات وەرە).

٥
ماشێنەکەی ھێنایە حەوشەوە و بە دوو عەلاگەی پڕ میوە و کیسەیەک سەموونەوە بەرەو ناندێنەکە رۆیشت. سەیرێکی کرد ھێشتا ژنەکەی خەوتووە. بە ئارامی بانگی کرد و گووتی: ئەو ئەو قولە خزمەتکارە لە کوێیە؟, ژنەکەش بە خەواڵوویی وەڵامیدایەوە: چوار کاتژمێرە دەنگی نییە، لەسەرەوە نەھاتووەتە خوارەوە، ئێستا دەچم لە دەرگای دەدەم. پیاوەکە دەڵێت: ئۆوو لە تۆ، خۆت ئەوەندە ئەزیەت مەدە، چاکترە مۆبایلەکەی پێ بدەیتەوە و ھەر کات پێویست بوو تێلی بۆ بکەین. ژنەکە بە تووڕەیی دەڕواتە سەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قسە دەکات: ئەی نەمانگووت دەبێت لێرە بڕوات؟. بەدەم بۆڵەبۆڵەوە دەچێتە بەردەم ژوورەکەی، چەند جارێک لە دەرگاکە دەدات، بەڵام نایکاتەوە. دەیەوێت خۆی بکات بە ژووردا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، بۆی دەردەکەوێت دەرگاکە لە ناوەوە کلیل دراوە، ھاوار دەکات بۆ مێردەکەی ئەو رەشە پیسە بووە بە شت لێمان، وای لێھاتووە دەرگامان لێ ناکاتەوە.
-پەلەمەکە وا ھاتم ھەر ئێستا پەلی دەگرم بۆ دەرەوە و سبەی تەلەفۆن بۆ کۆمپانیاکەش دەکەم بە توندیی سزای بدەن.
وردە وردە سەر دەکەوێت، بە ھەردووکیان لە دەرگا دەدەن بەڵام نایکاتەوە، چەند ھاوار و بانگی دەکەن، دەنگێک لە ژوورەوە نابیسترێت. ناچار پیاوەکە دێتە خوارەوە و کلیلە یەدەگەکان دەھێنێت دەرگای ژوورەکەی پێ دەکاتەوە. کاتێک دەرگا دەکەنەوە، ئەوەی دەبینرێت: خزمەتکارەکە کەوتووە بەسەر تەختە خەوەکەدا و چەقۆیەک لە سکی چەقیوە، لەولاترەوە کاغەزێکی فڕێدراو لە ناو تەنەکە خۆڵەکە بە لوولدراویی دەبینن، شاڵاو بۆ کاغەزەکە دەبەن و چرچ و لۆچییەکەی بە قۆڵ رێک دەکەنەوە کە چەند دێڕێکی بە زمانی ئینگلیزیی لەسەر نووسراوە:
من ناوم زۆیایە، کچێکی ئەسیوپیم لە ھەرێمی کوردستان، تەمەنم بیست و….

ئاوگۆستی ٢٠١٤
سویسرا- بێرن
ھوتێلی Ambassador

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١١)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-٩-٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish