کەڵاوە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند.. فازیل شــەوڕۆ
وا نیو سەدە دەبێ ڕۆژهەڵاتی ناوەند بە نەخشە و بەرنامە کاول و وێران دەکەن، ڕەوایە بپرسین، بۆچی وا لەو ناوچەیە دەکەن؟
دەمێکە، سەرکردەکانی ئەمەریکا گوتویانە، دەبێ سەدەی (٢١)، سەدەی ئەمەریکا بێ بە ئیمتیاز. دەشگوترێ، ئەوەی دەبێتە میری ڕۆژهەڵات، دەبێتە میری هەموو جیهان. نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین، هێز هەیە، لەژێر کاریگەریی تۆڵەسەندەوەی مێژووییە، وەک هێزی جوولەکە، لە تۆڵەسەندەوەی (ڕۆژانی فەرهودی بەغدا ١٩٤١) وە هێزی شیعەگەرایی، لە تۆڵەسەندنەوەی (کاولکاریی شارەکانی خونینشەهر و دێزەفول و قەسری شیرین و ئەهواز و مەهران…. ١٩٨٠ ـ ١٩٨٨).
ئێستا، با نەختێک بە دیقەت تەماشایەکی نەخشەی حازریی ئەو ڕۆژهەڵاتە بکەین و کاول و وێرانە و خەرابەکانی بژمێرین و نەختێ بە هەست و ئیحساسیی مرۆڤدۆستییەوە، سەیری حاڵ و گوزەران و ژیانی ئەو خەڵکە عەوامە بێدەسەڵات و بێ تاوانانە بکەین و خۆمان بخەینە جێگەی ئەوان. لەم بارەدا، بیریکیش لە ئایندەی خۆمان بکەینەوە.
لێرەدا، من تەنیا وێنەی ئەو (١٦) ساڵەی دوایی ناوچەکەتان دەخەمە بەرچاو ـ هەرچەندە وێنەکان غەریبیبش نین بۆ هەمووتان، وێنەکانی ئەو (هەشتا) ساڵەی دوای بۆ تێزەکانی زانکۆیانی ئایندە بەجێدەهێڵم!
*شەڕی تەمموزی ٢٠٠٦ی لوبنان: لە ماوەی (٣٤) ڕۆژ هێزەکانی ئیسرائیلی و چەکدارەکانی حزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری ئەو وڵاتەوە لە ڕۆژهەڵات و باشووری بەیروت، تەواوی شار و شارۆچکە و ئاواییەکانی ئەو ناوچانەیان کاول کرد، بە پرد و تونێڵ و ڕیگاوبانەوە. (٦٠٠) هەزار خەڵکی بێ تاوان ئاوارە بوون، (١٩٦٤) کوژراوە لە هەردوو بەرە، بوونە قوربانی. هەرچەندە ئێرانییەکان بڕە پارەیەکیان بۆ نۆژەنکردنەوەی شارە کاولبووەکان نارد. بەڵام تاکو ئێستا زۆربەی هەرە زۆری ئەو خانوبەرە و ساختمانانە هەر کاول و وێرانەن. خەڵکەکەش هەر ئاوارەن. لەو شەڕەدا بۆ یەکەمجار، جوو، چەکی لێزەریی بەکارهێنا.
*قەسابخانەی غەززە ٢٠٠٨: شەر و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس و تاقمە ئیسلامییە چەکدارەکانی دیکەی غەززە، نزیکەی (٢١) ڕۆژی خایاند، کوژراوەکانی هەردوو بەرە، نزیکەی (٤٨٧٨) قوربانی بوون، کە هەر (٢٨)کەسیان لە بەرەی جوولەکەکان بوو. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بارەگا حزبییەکانی شاری غەززە وێران کران، لەگەڵ دەیان خانووبەر و قوتابخانە و مزگەفت و نەخۆشخانە و بەشێک لە زانکۆکان. تاوەکو ئێستا نیوەی ئەو کەڵاوانە نۆژەن نەکراونەتەوە و هەر خەرابەنە.
*بەهاری عەرەبی ٢٠١٠: ئەگەرچی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە (١٧ / ١٢ / ٢٠١٠) لە تونس بڵێسەی گرت، لێ لە ماوەیەکی کورتدا، تەخت و تاراج و سەری زۆر لە سەرکردە تەقلیدییەکانی عەرەبی خوارد، وەک: زەینلعابدین بن عەلی لە تونس، محەمەد حوسنی موبارەک لە میسر، موعەممەر قەزافی لە لیبیا، علی ساڵح لە یەمەن، عومەر بەشیر لە سودان. دامرکانەوەی ڕاپەڕینەکە لە تونس و میسر و سودان، جۆرە هێمنییەکی پێوەدیار بوو، گەرچی پاشماوەی زەرەرو زیانەکانی ماددی و گیانی لەو سێ وڵاتەدا کەم نەبوون، لێ بۆ چەند وڵاتێکی دیکە، کارەستانیان بە دواوەبوو، پڕ بەمانای کارەسات:
لە سوریا: لە (١٥ ئاداری ٢٠١١) تاوەکو ئەم ساتە وەختە قورسترین شەڕ، بە نوێترین چەک لەسەر خاکی ئەو وڵاتە بەردەوامە، پتر لە (٦) دەوڵەت و (٧٠) ڕێکخراوی چەکدار سەنگەریان لێکگرتووە، بە گوێرەی ئامارەکانی (ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ) پتر لە چارێگە ملیۆنێک کوژارو هەیەوە، نزیکەی (٨) ملیۆن ئاوارە و دەربەدەریش. بە قسەی ڕێکخراوی (یوئێن)، خەسارەتی ماددی ئەو کاولکارییەی بە (٤٠٠) ملیار دۆلار خەمڵاندوە. هیچ شار و ئاوەدانێک نییە لەوە وڵاتە بە ئاگری ئەو شەڕە نەسووتابی، بە دیمەشقی پایتەختیشەوە. چەندان شاری گەورەی وەک حەلەب، وێرانە و کەڵاوەن ئێستا.
لە لیبیا: لە (١٥ شوباتی ٢٠١١) وە تاوەکو ئێستا شەر و کاوکاری بە تەواوی ڕانەوەستاوە، ژمارەی کوژراو و بێسەروشوێنەکان بە (٥٠) هەزار کەس دەخەمڵێنن، شارەکانی موسراتە و سرت و زاویە و بن وەلید و تەرهونە، بە تەواوی کاول بوون، تەرابلوسی پایتەخت و بەنغازیش زۆری زیانیان بەرکەتووە. شارێکی وەکو سرت کە پێیان دەگوت (دوبەی لیبیا) ـ خۆم نزیکەی دە ساڵ لەوێ ژیاوم، ئێستا کاول و خەرابەیە.
یەمەن: گەرچی یەمەن، وەکو کوردستان، هەمیشە شەڕی لێنابڕێ، بەڵام لە (١ / ٣ / ٢٠١٥) شەڕ و کوشتاری قورس لە نێو خۆیاندا، بە دەستی چەند وڵاتێکی دەرەکی بەردوامە. کوژارو لە سەرووی دە هەزارەوە دەربەدەرەکانیش لە (٣) ملیۆن نزیک دەبنەوە. لەو شەڕو پێکدادانەدا، دەیان شار، کە بەشێک بوون لە شارە جوانەکانی پڕ لە شوێنەواریی دێرین، وێران و کاولکراون. تا ئەم ساتەوەختەش کوشتن و کاولکاری بەردەوامە.
دیسان غەززە: لە شەڕی (٢٠١٤) لە غەززە نزیکەی (٢٢١٩) کەس کوژران، بە دەیان خانووبەرە کاول بوون. لە شەڕی (١٧) ڕۆژەی ئایاری ئەمساڵیش، بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو هەموو باڵەخانەوە و خانووبەرە دادەڕمان و نزیکەی (٣٠٠) کەسێش کوژرا. تاکو ئێستاش دەربەدەرکان و ماڵوێرانەکان لە قوتابخانە و مزگەوت و ژێر دەواراندا ژیان بەسەر دەبەن، یەک کۆڵیت نوژەن نەکراوەتەوە!
خۆ ئەگەر لە ساڵی (٢٠٠٣) وە تاوەکو ئیمڕۆ تەماشای، ڕووداوەکانی ڕۆژانەی عێراقی خۆمان بکەین، کە یەکجار کارەساتبارن، بە زمان باس ناکرین، بە هەزاران کوژراو و دەربەدەر و ماڵوێرانی بەدوا داهاتووە، بە تایبەتی لەگەڵ دەستپێکی شاڵاوەکانی داعش لە (١٤ ی تەمموزی ٢٠١٤) کە توانی یەک لەسەر سێی خاکی عیراق داگیر بکات.
ئێستا با چاوێک بە نەخشەی شارو ئاوەدانییە کاوکراوەکانی عێراقدا بخشێنین، دەبینین، جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و دیالە، تێکڕای شارە سوونەنشینەکان کاولکراون، تا ڕادەی شۆڤڵلێدان، بەو شارانەی کە لە تخوبی کەربەلا و نەجەف و حیللەشن. زۆریان دیموگرافیان گۆڕانکاریی ئەنقەستی بەسەر داهاتووە.
ئەگەرچی عەبادی لە (٩/ ١٢/ ٢٠١٧) موژدەی کۆتایی هێنانی بەسەر دەسەڵاتی داعش لە عیراق ڕاگەیاند، دەبینین، ئەو شارە کاولکراوانە، هەر کاولن، ڕەنگ بێ هێندێک لە خەڵکەکە بۆ خۆیان دارێکیان لەسەر بەردێک دانابێ، خەڵکی ئەنباریش بە کۆمەکی سعودیە، نەختی شوێنیان نۆژەن کردووەتەوە، دەنا ئەوانی دی، ئێستاشی لەگەڵ بێ هی ئەوە نین، بە نێویاندا گوزەر بکەی، نەکو ،لا دیوارێکت بەسەردا بڕمێ!
بە هەزارن هەزار، دەربەدەری شارە کاولبووەکان، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، زۆریان، کاولکردنی شارەکانیان، بە تۆڵەسندنەوەی ئێرانی شیعە، دەزانن.
ئەگەر، بێلایەنانە، ئامارێکی قازنج و زەرەری ئەو کاولکاریی ئەو (١٦) سالەی دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەند هەڵسەنگێنین، هەر ژمارەی هەزاران هەزار کوژراو و (٥) هێندەش بریندارو سەقەت و (١٠٠) هێندەش دەربەدەر و ئاوارەمان بۆ دەمینێتەوە. تێچووی نۆژەنکردنەوەی هەموو ئەوکاولکارییە، واتا بۆ ئەوەی شتەکان وەکو پێش ساڵی (٢٠٠٦)یان لێ بێتەوە ئەو بە چەندان تڕلیۆن دۆلار ناکرێ.
کەواتەک دەبێ کورد، هۆشیارانە مامەڵە لە گەڵ روودا و پێشهاتەکان بکات و قەت ڕی نەدا، خوانەخواستە، شارەکانی کەرکووک و دیالە و بەشەکەی هەرێم، چارەنووسیان، وەک شارە دەستەخۆشکەکانیان لێ بێت. چونکێ، نەیار و بوغزلەدڵەکان زۆرن و دەسیسە و پیلانگێڕییان کۆتایی نایە.
ئێمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی، لوبنان، بانگەوازیی بۆ جیهان کرد، کە ئەگەر لەو چەند ڕۆژەی داهاتووە، دەستێکی خێر نەگەێینە، وڵاتەکەی، دوور نییە، بەیەکجاریی ئەو وڵاتە دابڕمێت. ئەوان لە هەموو شتەکان ئیفلاسیان کردووە! ئاخر تەقینەوەکەی (٤ / ٨ /٢٠٢١)ی بەندەری بەیروی، بە تەقینەوەی هیرۆشیمای ٢٠٢١ ناونرا، کە نزیکەی (٢٠٠) کەسێک کوژراو و بێسەروشوین بوون، زەرەری ماددیشی بە (١٥) ملیار دۆلار خەمڵێمدراوە و بانکی وڵاتەکەش (سفر) دۆلاری تێدانییە!
با ئەو ڕووداوانە، بەچاوی عیبرەتەوە، تەماشا بکەین و دەرسییان لێوەردەگرین. ئەوا ئەو گوندانەمان بۆ نۆژەن نابێتەوە کە ڕۆژانە سوپای تورک کاولیان دەکەن، ئەوجا چ جای شارەکانمان، خوانەخواستە!
هەموو ئەو شار و ئاوادانییانە، بە دەستی شاراوە، لە دوورە وڵاتانەوە، کاولکران، کاولکاریش دانیشتووانی شارەکان خۆیان بوون، بەبێ ئەوەی پێبزانن، کەوا ئەوان بووبوونە دەست و پەنجەی ناحەزانی خۆیان.