چیرۆك – نهێنی شاری سالورای … کۆرش وه‌حید
ماوه‌یه‌کی باش بوو ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبووبوه‌وه ئاواییه‌ك دروست بووه ناویان ناوه (سالورای)، بۆ ئه‌وه‌ی زوو سیمای شار وه‌ربگرێت، حه‌زیان ده‌کرد زوو قه‌ره‌باڵغ بێت ، بۆیه هه‌موو که‌سێکیان وه‌رده‌گرت، (ده‌غرا‌میه‌کان)یش که له‌ودیو چیاکانه‌وه بوون، به‌هه‌لیان ده‌زانی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانه‌وێت نه‌فییان بکه‌ن ره‌وانه‌ی ئه‌و ئاواییه تازه‌یه‌ی بکه‌ن، ساڵ هات و ساڵ چوو قه‌ره‌باڵغی ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند، سه‌گ ساحێبی خۆی تێدا نه‌ده‌ناسیه‌وه، که‌چی ئه‌و خووه خراپانه‌ی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه له لایه‌ن هامنشینه‌کانیه‌وه ته‌شه‌نه‌ی کردبوو کاڵ نه‌ده‌بووه‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌یان ساڵ و بگره ره‌نگه سه‌دان ساڵیشی به‌سه‌ر دانانی به‌ردی بناغه‌که‌یدا تێپه‌ر بوو بێت، ئه‌وخووه‌ش گاڵته‌کردن بوو به مه‌خلوقاته‌کانی خوا، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له خۆیان جیاوازتربوون و ئه‌سڵزاده‌بوون، یه‌عنی ئه‌وانه‌ی چاکه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ده‌کردو فشه‌یان نه‌ده‌کرد، خۆیان له کاری خه‌ڵکانی تر هه‌ڵنه‌ده‌قورتاند.
کابرایه‌کی به‌ناوبانگی تیا بوو پۆشاك و جلوبه‌رگی ده‌به‌خشیه‌وه به نه‌دارو بێ به‌رگه‌کان، که‌چی وه‌کو ده‌ستی ڕێز خستنه‌سه‌ری ناوی خۆیان نابوو (عوسه بێکراس)، یه‌کێکی تریش له‌گرانیه‌کاندا ده‌ستگیرۆیی هه‌ژارانی ده‌کردو ده‌غڵو دان و ئازووقه‌ی ده‌دا به برسیه‌کان ناویان لێنابوو (عه‌ولی عه‌لاف)، کابرایه‌کی ئیختیاری تیا ده‌ژیا که به ئه‌زموون بوو له داووده‌رمان و پاوده‌رو وشکه‌وات فرۆشتندا که‌چی له‌قه‌بی (عه‌له لچه)یان لێنابوو، ئه‌گه‌ر بێ میزاجیش بوونایه‌و ڕقیان هه‌ڵبستایه له‌وه‌ش خراپتریان ده‌گوت و داده‌هێنا و ده‌میان بۆ ره‌وشت ده‌برد.
هێنده زبر‌و دڵڕه‌ق و بێ ماریفه‌ت بوون هنجه‌تیان له هه‌موو شتێك ده‌رده‌هێنا، خۆشیان به شێخی سه‌نعان نه‌ده‌گۆڕیه‌وه، ئه‌گه‌ر بابای کاسب هه‌یبوایه پێیان ده‌گوت ئه‌و سه‌گبابه له کوێی بوو تا دوێنێ بوو هیچی نه‌بوو به چی وا هه‌ڵگڕا؟ ئه‌گه‌ر نه‌بووش بووایه ده‌یانگوت: ئه‌وه که‌سێکی ڕسواو زه‌غه‌ل و ده‌ست و پێ سپییه.. شێته‌کانیشیان که‌سانی ئاقڵ بوون هه‌ر به‌و جۆره قسانه شێتکران، ده‌ره‌نجام شاره‌که هه‌رچه‌نده قه‌برستانه‌کانی قه‌ره‌باڵغ دیاربوون و زوو جێی تیا نه‌ده‌ما، ئاوهاش ئه‌وانه‌ی دوو که‌لیمه‌یان ده‌زانی له چاوان ون ده‌بوون و که‌س نه‌یده‌زانی ئایا زیندوون یان مردوون؟ ئه‌گه‌ر مردوون ئه‌ی بۆ هه‌واڵی پرسه‌کانیان به دیواری هیچ مزگه‌وتێکه‌وه هه‌ڵنه‌واسرا؟ ئه‌گه‌ر زیندووشن بۆچی له هیچ کونوکه‌له‌به‌رێکه‌وه دیار نین؟ ئێستاش له نهێنی ئه‌و شاره عه‌نتیکه‌یه تێنه‌گه‌شتم.