ژیانێکی دیزاینکرا و لەو نیشتیمانەی تەنها مەرگی تێدا قەدەغەیە.. پاڤێڵ ساڵح
لێرە لەم پارچە زەوییەدا کە ناوی نیشتمانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ “نەبوون” نییە، کێشەی گەورەی ئێمە لەگەڵ “بوون”دایە. ئێمە تووشی نەفرەتێکی ئەبەدی بووین ,سزادراوین بە ژیان ئەمە ئەو ژیانە نییە کە مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی دەیشکێنێت و وەک دیارییەکی گەردوونی وەری دەگرێت
بەڵک و ژیانێکی ئەندازیاریکراوە قەفەزێکی بایۆلۆژییە کە ملئەستوورەکان دیواریان بۆ نەکێشاوە، بەڵکو بە ئۆکسجین و کارەبا و نانێکی ژەهراوی بە هیوا سنووریان بۆ کێشاوە.
هەمیشە دەڵێن: “ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیین”، بەڵام ئەمە درۆ گەورەکەیە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە و ئەوان لە یەک کەشتییدا نین، بەڵکو ئێمە کەشتییەکەین و ئەوان سەرنشینە زۆردارەکانن، ئێمە ئەو تەختە و بزمارە ئازارچێژانەین کە لەژێر جەستەی قورسی ئەواندا لەناو ئاوی سوێردا دەپرزێین، تا ئەوان بەسەر پشتی ئێمەوە سەیری ئاسۆ بکەن و چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرن. ئەوان نایەڵن ئەم کەشتییە نوقم بێت نەک لەبەر خۆشەویستی بۆ ئێمە، بەڵکو چونکە دەزانن بەبێ تەختەکانی جەستەی ئێمە ئەوان چرکەیەک لەسەر ئاوەکە نامێننەوە.
مردنی ئێمە مەرگی چێژەکانی ئەوانە بۆیە نایەڵن بمرین تەنها ئەوەندە ئۆکسجینمان دەدەنێ کە بتوانین وەک ژێرخانێکی زیندوو بۆ ملئەستووریی ئەوان بمێنینەوە. ئەمە سادیستیترین جۆری دەسەڵاتە هێشتنەوەی مرۆڤ لەسەر لێواری مەرگ، بێ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەیت تێپەڕێت تاوەکو بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر سوود لە ئێشەکانی وەربگرن.
سی ساڵ لەمەوبەر تاریکییەکە شکۆیەکی تێدابوو ئەگەر کارەبا نەبوو، چونکە نیشتمان لە گەمارۆ و شەڕدا بوو بەڵام ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ تاریکی تەکنیکێکی ئەشکەنجەیە کە لەلایەن “سەخیفەکانی” چواردەوری دەسەڵاتەوە نەخشەسازیی بۆ کراوە. کاتێک ڕۆژانە کارەبا دەبڕن ئەوە تەنها کێشەی وزە نییە ئەوە پەیامێکی فیکرییە ئێمە خودای کات و ڕووناکیی ئێوەین، ئێوە تەنها سێبەرن و سێبەریش مافی ڕووناکیی نییە.
ملئەستوورەکان و پیاوە قاڵبووەکانی ناو دەسەڵات وایان کردووە نیشتمان ببێتە زیندانێکی گەورە کەس هاوار ناکات، چونکە ئەوان توانیویانە “خەونەکانمان” هێندەی مۆلیدەیەک بچووک بکەنەوە. کاتێک مرۆڤ تەنها خەمی ئەوەی بوو چۆن لەم دۆزەخەدا بمێنێتەوە چیتر کاتی بۆ بیرکردنەوە لە “ئازادی” نامێنێت.
ترسناکترین بەشی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی سڕبوون کاتێک هاوار نامێنێت، واتە جەلاد سەرکەوتوو بووە لەوەی مانا لە ناوەوەی قوربانییەکەیدا بکوژێت ئێمە ئێستا لە ناوەندی تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین تاقیکردنەوەی ئەوەی کە تا چەند مرۆڤ دەتوانێت تەنها بە ئۆکسجین بژی بێ ئەوەی ببێتە مرۆڤ.
ملئەستوورەکان هەموو شتێکیان بۆ دیزاین کردووین تەنها یەک شت نەبێت ئەوان ناتوانن مانا بەو ژیانە بدەن کە لێیان زەوت کردووین ئێمە وەک ئەو پاترییانەمان لێهاتووە کە وزەیان تێدا نەماوە، بەڵام جەلاد هێشتا لێمان دەدات تا چرکەیەکی تر کار بکەین.
خوێنەری ئازیز، کاتێک دەبینیت کەس هاوار ناکات وا مەزانە خەڵک ڕازین تەنها ئەوەیە کە مردوو پێویستی بە هاوار نییە. ملئەستوورەکان وڵاتێکیان دروست کردووە کە تێیدا تەنها یەک جۆر ژیان ڕێگەپێدراوە ئەو ژیانەی کە تێیدا ئێمە بمرین بەڵام جەستەمان هێشتا هەناسە بدات تا ئەوان تێرببن.
ئەو ملئەستوورانەی نیشتمانیان کردووە بە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی تەنها جەستەی ئێمەیان داگیر نەکردووە، بەڵکو چاوەڕوانی یان کردووە بە ئامرازێکی ئەشکەنجە ئێمە لە نیشتمانێکدا دەژین کە تێیدا چاوەڕێی هەموو شتێکین و هیچ شتێکیش ڕوو نادات چاوەڕێی کارەبا، چاوەڕێی مووچە، چاوەڕێی باران، و لە کۆتاییدا چاوەڕێی مەرگێک کە ئەوان مۆڵەتی هاتنی نادەن، ئەم چاوەڕوانییە کوشندەیە جۆرێکە لە پەلوپۆکردنی عەقڵ چونکە مرۆڤێک کە تەواوی وزەی مێشکی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین پێویستیدا بەکاربهێنێت چیتر کاتی نابێت بیر لە کەرامەت بکاتەوە ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنها دەستگایەکی هەناسەدەربین، کە پارە بۆ بانکەکانی ئەوان و هێز بۆ کورسییەکانی ئەوان بەرهەم بهێنین.
ئەمڕۆنیشتیمان بووەتە شانۆیەکی گەورە کە تێیدا “سەخیفەکان” دەرهێنەرن ئەوانەی پێشتر لە پەراوێزی مێژوودا بوون، ئێستا بوونەتە پاسەوانی ڕووناکی و تاریکی ئەوان بە پێکەنینە ساردەکانیانەوە پێمان دەڵێن کە ژیان لێرە تەنها مانەوەیە لە ژیان نەک ژین، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بژیت و ئەوەی نەمریت ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها نەمردنە ئێمە وەک ئەو درەختە دەستکردانەمان لێهاتووە کە لە باخچە گشتییەکاندا چێندراون نە گەشە دەکەین، نە گەڵا دەوەرێنین تەنها بۆ ئەوە دانراوین کە دیمەنی دەسەڵاتی ئەوان بە جوانی بمێنێتەوە.
ترسناکییەکە لەوەدایە کە زمانیشیان لێ دزیوین. کاتێک وشەکانمان لە مانا خاڵی دەبنەوە کاتێک دەڵێین “نیشتمان” و مەبەستمان “زیندانە” کاتێک دەڵێین “ئاییندە” و مەبەستمان “تاریکییە”ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە جەلادەکە تەنانەت ناوەوەی سەریشی کۆنتڕۆڵ کردووین.
ملئەستوورەکان دەیانەوێت بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم دۆزەخە تاکە بەهەشتی بەردەستە ئەوان وایان کردووە مەرگ ببێتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، چونکە مەرگی ئێمە یانی پەککەوتنی ئەو ئامێرە گەورەیەی کە چەوریی جەستەی ئەوانی پێ چەور دەکرێت.
ئێمە ئەوەندە فێری نەمردن بووین، کە چیتر نازانین چۆن بژین ، ملئەستوورەکان بردیانەوە چونکە ئەوان تەنها نیشتمانیان داگیر نەکرد بەڵکو مەرگیان لێ دزین و ژیانێکیان پێ فرۆشتینەوە کە کڕینی گەورەترین خۆکوشتن بوو.
