Skip to Content

پەیوەندی نێوان نووسەر و کۆمەڵگە.. ستار ئەحمەد

پەیوەندی نێوان نووسەر و کۆمەڵگە.. ستار ئەحمەد

Closed
by شوبات 10, 2026 General


پەیوەندی نێوان نووسەر و کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆز و دوانەییە، کە لەسەر بنەمای کاریگەری و کارلێکی دوولایەنە بنیات نراوە. نووسەر ویژدانی زیندووی کۆمەڵە، چوون ئاوێنەیەک و گۆڕانکاریەک دەردەکەوێت، لەکاتێکدا کۆمەڵ، سەرچاوەی ئیلهام و بابەتی نووسینەکان و لە هەمان کاتدا ئامانجی سەرەکی نووسینەکانە. نووسەر بەرهەمەکانی دەکاتە ئاوێنەیەک، کە واقیع و ڕاستییە تاڵ و شیرینەکانی کۆمەڵگەی تێدا دەردەکەوێت. کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئازارە دەروونییەکان، خواست و خەونەکان، هەموو دەبنە بابەتی سەرەکی نووسین. نووسەران بە نووسینەکانیان، مێژوو و کولتوور و داب و نەریت، لە فەوتان دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی نووسەر، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵە، نووسەر پرسیار دروست دەکات، تیشک دەخاتە سەر گۆشە تاریکەکان و تاک دەخاتە بیرکردنەوە. زۆرجار نووسەر وەک ڕەخنەگرێکی بوێر دەردەکەوێت و ڕووبەڕووی ستەم، گەندەڵی، دواکەوتوویی هزری و نەریتە زیانبەخشەکان دەبێتەوە. نووسەر دەبێتە دەنگی ئەو کەسانەی بێدەنگ کراون.
لە ڕووی ڕامیارییەوە، نووسەر هەمیشە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادییە. مێژوو نیشانی داوین کە قەڵەم زۆرجار لە شمشێر کاریگەرتتر بووە لە هەژاندنی تەختی دەسەڵاتی سەرەڕۆدا. نووسەر وەک چاوێکی بێدار، چاودێری هەڵسوکەوتە سیاسییەکان دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی ڕاستییەکان لە لایەن خاوەن هێزەکانەوە بشێوێندرێن. کاتێک سیاسەت دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵ و دروستکردنی چینایەتی، نووسەر بە دیدێکی نیشتمانی و مرۆیی، هەوڵی یەکخستنەوەی پارچە دابڕاوەکان دەدات. نووسەر بەرپرسیارە لە پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین، چونکە بێدەنگبوونی نووسەر واتای مردنی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی ئەو گەلەیە. ئەو بە وشیارکردنەوەی جەماوەر، وا دەکات تاکی کۆمەڵ مافەکانی خۆی بناسێت و چیتر وەک پاشکۆی هێزە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە خاوەن بڕیار و دیدێکی سەربەخۆ.
لە لایەنە دەروونییەکەشەوە، نووسەر وەک پزیشکێکی ڕۆحی وایە بۆ کۆمەڵگە. ئەو دەچێتە ناو قووڵایی ناخی تاکەکان و ئەو ترس و دڵەڕاوکێ و گرێ دەروونییانە دەدۆزێتەوە کە کۆمەڵگە بە گشتی پێیانەوە دەناڵێنێت. نووسەر بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئازارەکان، جۆرێک لە هاوسەنگی دەروونی بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە؛ کاتێک مرۆڤێک دەقێک دەخوێنێتەوە و هەست دەکات ئازارەکانی هاوبەشن، چیتر هەست بە تەنیایی ناکات. ئەم کارلێکە دەروونییە دەبێتە هۆی پاککردنەوەی ناخی مرۆڤەکان لە کینە و ڕق و بەرەو لێبوردەیی و خۆشەویستییان دەبات. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی ناو نووسینەکانی، پەردە لەسەر ئەو هەستە شاراوانە لادەدات ،کە مرۆڤەکان لەبەر شەرم یان ترسی کۆمەڵایەتی ناتوانن دەری ببڕن، بەمەش دەبێتە مایەی ئارامی و تێگەیشتنی قووڵتر لە خودی مرۆڤ.
کۆمەڵ بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، بە ئەزموون و کارەسات و سەرکەوتنەکانی، بەردەوام سەرچاوەیەکی بێکۆتای بەهرەیە
بۆ نووسەر. زۆرجار پێداویستییەکانی کۆمەڵ، وەک گەشەی زمانی، یان وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ئاراستەی نووسین و بابەتی سەرەکی نووسەر دیاری دەکەن. پەیوەندییەکە.. پەیوەندییەکی پێویست و لەیەک دانەبڕاوە. نووسەر ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەکەی کارێکی کاریگەر بەرهەم بهێنێت، و کۆمەڵگەش پێویستی بە نووسەر هەیە بۆ ئەوەی بزانێت کێیە، چی دەیجوڵێنێت و چۆن دەتوانێت بەرەو پێش بچێت. نووسەر بە قەڵەمەکەی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی هزری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هزر و کولتووردا، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت، پێویستە کۆمەڵیش خوێنەر و وەڵامدەرەوەی نووسینەکانی بێت.
لە ڕووی مێژوویی و فەلسەفییەوە، نووسین وەک ئامرازێکی مانەوە تەماشا دەکرێت. کۆمەڵگە دەمرێت، ئەگەر چیرۆکەکانی خۆی نەگێڕێتەوە، و نووسەریش دەمرێت ئەگەر نەبێتە بەشێک لە خەمی خەڵک. ئەم پێکەوە گرێدانە وایکردووە، کە ئەدەبیات و نووسین لە لوتکەی هەرەمە شارستانییەکاندا بن. نووسەر دەبێت ئامادەی قوربانیدان بێت، چونکە ڕێگای ڕاستی و ڕەخنە هەمیشە پڕە لە بەربەست. ئەو دەبێت لە نێوان بەرژەوەندییە کاتییەکانی خۆی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە، هەمیشە دووەمیان هەڵبژێرێت تا بتوانێت نازناوی ویژدانی گەل بۆ خۆی بپارێزێت.
لە کۆتاییدا، نووسەر و کۆمەڵگە دوو جەستەن لە یەک ڕۆحدا. یەکتری تەواو دەکەن و بەبێ یەکتر مانیان نییە. نووسەر بە قەڵەمەکەی زامنی ئەوە دەکات کە کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتوویی و فەوتان نەچێت، و کۆمەڵگەش بە پاڵپشتی و خوێندنەوەی، هێز بە قەڵەمی نووسەر دەبەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خوڵقاندنی جوانی و گۆڕانکاری. ئەم پەیوەندییە هەتا مرۆڤایەتی بمێنێت هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونکە مرۆڤ هەمیشە تینووی گێڕانەوە و تێگەیشتن و گۆڕانە.

ستار ئەحمەد

Previous
Next