Skip to Content

کاتێک هەموومان دەخنکێین..!.. خەلیل

کاتێک هەموومان دەخنکێین..!.. خەلیل

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2021 General

بەیانیەک لە خەو هەڵدەستین و هەواڵێک دەخوێنینەوە: (خێزانێکی پێنج کەسی بەهۆی تەنەکەیەکی شکاوی ڕۆنەوە کە تەنراوە بە خەڵووز، خنکاون!) ئەم هەواڵە هەموومان نیگەران دەکات و بێتاقەت و پەست دەبین. بۆچی؟ چونکە دەزانین ئەمە مردنێکی ئاسایی ئینسانێک نیە خوولی سروشتییانەی ژیانی خۆی تەواو کردبێت و گەیشتبێتە وێستگەی مەرگ، بەڵکو ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، لە سەردەمێکدا کە چیدی کارەسات ئەو بوعدە شۆکهێنەرەی پێشووتری نەماوە و ناتوانێت بمانهەژێنێت.

ئەوەی لەو ماڵەدا ڕوویدا کارەساتە؛ چونکە دەزانین تەنەکەی خەڵووز هۆکاری ئەم خنکاندنە نیە، بەڵکو دەرئەنجامە. دەرئەنجامی نادادیی و ستەم و زۆرداریی؛ دەرئەنجامی بێباکیی و ناموبالاتیی سەرانی ئەم هەرێمە و نەبوونی عەقڵییەتێکی باشی ئیدارەدان و خەڵکژێنیی. کاتێک تۆ سەردار بیت و داهاتێکی باشت لەبەردەستدا بێت و خاوەنی ملیارەها دۆلار و یەدەگێکی نەوتیی زۆر بیت، دەبێت هەست بە شەرمەزاریی بکەیت خێزانێک لەبەر بێ نەوتیی و نەبوونی زۆپای ئاسایی، خەڵووز بکەنە تەنەکەی ڕۆنەوە و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە و دواجاریش لە شیرینی خەودا، بە دووکەڵەکەی بخنکێن.

ئەم ڕووداوە کارەساتە؛ چونکە لە ماڵێکدا ڕوویداوە، باوکیان پێشمەرگەیە و بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەی؛ بۆ پارێزگایکردن لە قەوارەی سیاسی هەرێم؛ شەو لە سەنگەرەکان ماوەتەوە و ماڵ و حاڵی جێهێشتووە. بێ ئاگا لەوەی ئەو حکومەتەی ئەم پارێزگاری لێ دەکات، ماڵ و منداڵەکەی بەو سەرمایە بێ نەوت و بێ حاڵکردووە و ناچاریکردوون پەنا ببەنە بەر تەنەکەیەک خەڵووز، تاکو گەرمیان ببێتەوە!

وێڕای هەموو ئەمانەش، دەبێت دان بەوەدا بنێین تاوانباری سەرەکیی لەم کارەساتەدا، پێش حکومەتی هەرێم و پێش تەنەکەی خەڵووز، بێدەنگیی و بێ هەڵوێستی ئێمەیە. کاتێک ئێمە لە ئاست نادادیی و ستەمی دەسەڵاتێکی بێباکدا، بێدەنگیی هەڵدەبژێرین و بالۆرەی ( زارت بگرە و سەرت سەلامەت) دەڵێینەوە، ئەوا بێ هیچ گومانێک بەشدارین لەم تاوانەدا. ڕۆژێک دێ کە هەریەک لە ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناو ستەم و نادادیی ئەم دەسەڵاتەدا دەخنکێین و باجی ئەم بێدەنگییە دەستەجەمعییە دەدەین، ئەمڕۆ نۆبەی ئەوان بوو، سبەی ئێمەین.

جواد خەلیل

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish