Skip to Content

ئەفسونەکانی نۆڤەمبەر .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ئەفسونەکانی نۆڤەمبەر .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by تشرینی دووه‌م 19, 2020 General, Poems


ئەفسوون نۆڤەمبەری هێنا،
یان چرا پەمەییە هەڵواسراوەکانی پایز
پشکۆی سۆماکانی گەشاندەوە،
ئەستێرەکانی نێو..
قژی ئەرخەوانی دارستان،
لە فرمێسکی ناو زەریای هەورا هەڵشاخا،
جەستەی تەمی من،،
تەنها کاسێ هەوری شەرابی…
مەستی ئەکا، گەر کات ..
بهێڵێ، ئەمشەو ڕەهێڵەیەک
لە چرۆی پرووشە،،
نوێژی سروشت ،،
بۆ پەیکەری ئاو دائەبەستێ،
بەردەوام پێکانی ئەو لە ئاون
لە سەر فەڕشی حەزا، ڕەنگاڵەیە..
ڕوخساری، وەک قژی ڕەنگاو ڕەنگی
پایزە نۆڤەمبەر…
سەرابیشن بیرەوەری ئەو،
هەر کاتێ بە ڕۆحما تێپەڕ ئەبن…
بەردەوام کڵاوێکی بابردوە..
دڵێکی عاشق،،
لە شارێ بە شوشە درەوشاوەی ڕابردوو
و ئاوێنە خوێنی مۆری جوانی ..
گوڵە لۆتسی شێعر داپۆشراوە..
درەنگانە خوانی نۆڤەمبەر،
لە نێو خەزانی گەڵا خوێن لێتکاوەکانی
جەستەی دارستانێ،
ئێمە پێی شادومان بوین،
گەرچی لە چاوتروکانیکا،
گەڵا ڕێزانی نۆڤەمبەر..
دایپۆشین، تەنیا ماینەوە وڕەنگمان..
پرتەقاڵی وزەرد و ئەرخەوانی بوو،،
بە شەمزاندنی پایزە گەڵا،
مەست و حەیران بوین،،
چەند سەیر بوو،
هیچ کەس لە فریشتەکانی شار نەهاتنە
ژێر نمە پایزی نۆڤەمبەر،
چونکە باڵایان …
بە تەلسەم و کۆد و نیشانەی…
مەرگەساتی خێڵێکی..
بێ شوناس کۆتکراوە،،
ئێوارە زیویەکە،
بێ فریشتەکانیش،،
لە خەزانێکی ڕەنگاڵە تەم،،
سەمامان کرد،،
ڕۆحمان بە نوری..
یاخی بوونی پیرۆز پاکژکردەوە
ئەفسووس،،،
فریای کاسێ شەرابی تر نەکەوتین،
هەر زوو مێزی خوانی..
نۆڤەمبەریان لێهەڵگرتین،ئاخر..
جلو بەرگی شڕی دەواری..
باهۆزبردووی کاتەکان،
بەرچاو ڵێل ئەکا، لە بڕیاردان…
لە ڕۆشتنێ بێ گەڕانەوە،
پێشت ووتم ، بۆیە نایەیتەوە،
چونکە سەرابم بۆت،،
تۆش سەرابی بۆم ،،
دەروێشی بێ خواوەندین بۆ یەکتر،،
دێوانەی بێ شوناسی سەر کەنارین،،،
چەند قەشەنگن..
ئەو ستونە ئەستێرانەی ..
هەڵکشاونەتە فەلەکێ..
گێژەنەی سپی شەو ئەیبا،
من کردومەتە نیشانە ، گەر..
لە ئۆقیانووسی بوونی تۆدا،
وێڵ و پەتەوازە بووم،،
هەر پێش تەواوکردنی…
دوا تابلۆی چارەنوسیشم،
لەسەر کەناری حەقیقەت،،
هەرچی هەورە بە خوێنی ئەبەدی..
شیعر ڕەنگی ئەکەم، سوور
مۆر، سەوز، ئەرخەوانی، شین، سپی..
لەوانەشە فریای بەداستانکردنی..
شێوەت نەکەوم،
لەم فیردەوسە وێرانەی غوربەتێکا،،
هیچ نەبێ ڕشتەی ئەفسانەنامەیەک
لە تەنیایی و..
ساتە مەرگی ئارەزوماندانە،،،
با لەنێوانمانا بێ،
وەک نێوان ئەو شارانەی ..
بە تەمەوە دێن و
بە لمی بیرکردنێ نامێنن…
زەنگەکانی چاوەڕوانیم ،
لەم خەزانی ڕەنگاڵە نۆڤەمبەرە..
بۆ دوا ڕۆشنایی گالیسکەی ڕۆشتنت ئە زرنگێنم..
داستانی ڕۆشتنی ئافرەتێ لە نور،
بە نووکە قەڵەمی بروسکە
ئەنوسمەوە، هەر چەند…
دواشکەوت ، هەرچەند تەنها..
زەریا چیرۆکی ڕۆشتنی ئەزانێ،،،
ئەم سروتی پەرتبونە ،
نە خەوە نە ڕاستە،،
پێت ووتم، چەند قەشەنگم..
لە خەزانی ئاوێزانبوونم،،
بە دارەگڕی ئەڤین،،
گەرچی دەرچەیەکیش ..
لەبەندەری کریستاڵی سبەینێش هەر کراویەوە
گەرچی پەیکەری بونمان ..
نێو تەم و تۆزی ڕابردو..و..
داهاتووا، جێ ماوە..
سۆناتایەکی دڵڕفێنە،،
سوتان لە ژێر خەزانە ڕەنگاڵەی نۆڤەمبەر..
تۆزێ تروسکە خەندەیەک ماوە،
بەڵام ئەفسوونی نۆڤەمبەر
هاتنەوەی کۆمەڵی مەلی ڕەشی کۆچەرە،
کاتێ لە کەلی چیای
سپی تەنیایی،،،
ئەدەنە شەقەی باڵ،
پیاوێ تەرزە دێنێ و،
ژنێکیش وەک ژێی گیتاری ڕوبارێ..
شارێ لە پریاسکەی سپێدەی ڕۆشتن ئەنێ
لە هاژە هاژی وەڕسکەری ماشینی ژیان،
نۆڤەمبەر بە گەڵاڕێزان.و..
فرمێسک ڕژان و ڕۆحپژان و عیشق ژاکان دەست پێئەکا،
نۆڤەمبەر، بەردەوامی پێنوسی بەردی خەفەتە ..
لە نوسینی سەرگوزشتەی بێ دەنگی،
دودڵی نیگایە لە بەرامبەر
ڕاست و دروستی ئەڵماسی..
عیشقی ئافرەتێکی ڕەشپۆش،
کە ساماڵی شەوی شینی دابڕان هێنای ،
تەنها سامانی ڕۆحیشی ، دڵێکە
پڕ مرواری و یاقیقی جوانی نمەی جێهێشتن
بارانی نۆڤەمبەر دای کردەوە،
گەرچی وەرزێکی ئافات ڕوخسار
چارۆکەی گەڵاڕێزانی بابردووی..
کەشتی ئاڵتونی پایزی دواخست.
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هوڵەندی
( Couleur-De)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish