قاسم شەشۆ، کارگێڕی لقی 17 پارتیی لەشەنگال، لەگرتە ڤیدیۆیەکدا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە لقی حەڤدەی پارتی و لەپارتی ڕاگەیاند!
تاهیر عیسا
ئەوەی بۆمن جێگای سەرنج و تێڕامان بوو، دەستلەکارکێشانەوەکەی شەشۆ لەپارتی و دام و دەزگاسەربازیەکەیدا نەبوو، کەبۆ شەشۆ بێشک هۆکاری خۆی هەیە و لەوە دەچێت درکی بەوەکردبێت کە ئیتر لەناو هەل ومەرجی سیاسیی ئێستاو ڕێککەوتنی تازەی نێوان پارتیی وبەغدادا، جێگاو ڕێگای شەشۆو گرنگی شەشۆ بۆ پارتیی لەناو هاوکێشەی تازەدا نەمابێت و هەربۆیەش دەستپێشخەریی شەشۆ و ئیستیقالەکەی پێدەچێت بەرەنجامی وەها پێشهاتێک بێت.
وەک لەناو قسەکانیشدا دەردەکەوێت، ئەوەندەی بەشان و باڵ هەڵدانی پارتیی ویەکەیەکەی بنەماڵەی بارزانییە، هێندە قسە لەسەر نیگەرانیەکانی نییە لە بەرامبەر پارت و بنەماڵەی بارزانیدا!
ئەوەی زیاتر جێگای خاڵ لەسەر دانان و جێگای تێفکرینی ناو هەموو قسەکانی شەشۆ بوو، موچەی مانگانەی شەست و پێنج دەفتەریەکەی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی بوو بۆ شەشۆ، کە شەشۆ وەک مەکڕەمەو دڵئاوایی ئەم بنەماڵەیە لەبەرامبەریدا دەینرخاند!
ناشمەوێت هیچ بەراوردکاریەکیش لەنێوان موچەی مانگانەی شەشۆ، کە لە داهات و قووتی کۆمەڵگایەکدا سەرچاوە دەگرێت کە غەڕقی دەردو بەڵای کۆڕۆناو بەڵای ئەم دەسەڵاتەو فەقڕو فەللاکەت و لێکەوتەکانیەتی بکەم، لەگەڵ موچەو داهاتی مانگانەی سەرانی هەر ئەم بنەماڵەیە، کەئاخو چەند بەرامبەریی شەشۆ دەچێتە ناوقوڵایی قاسەکانیانەوە!
ناشمەوێت هیچ بەراوردێکی موچەی مانگانەی شەشۆش و سەرانی پارت و بنەماڵە تاڵانچیەکانیش، لەگەڵ موچەی وەرزیانەی کرێکاران کارمەندانێک یان خانە نشینان و کەم ئەندامانێک بکەم بەو لێبڕینانەشەوە کە لێیان دەکرێت، کە ئاخۆ چەند سەدی بەرامبەریانە!
بەڵام زیاتر سەرنجم دەچێتە سەر موچەیەک، کە ئەم فس فس پاڵەوانەی پارتیی و بارزانی، لە بەرامبەر مەلحەمەیەک وەک مەکڕەمەو پاداشتی مانگانە پێی بەخشراوە، هۆلۆکۆستی ئەزداییەکان بوو، کە لەسەردەستی ئەم وەکیلباشەی بنەماڵە کرانە پەندی زەمانەی ئەم هەسارەیە و ڕادەستی بەڕبەڕیتیرین هێزەکانی ئیسلامی ئەم سەردەمەکران، کە ئەگەر دادگایەکی جەماوەریانەی سەربەخۆ هەبوایا، لەبریی شەست سەدو پەنجا هەزار دۆلار موچەی مانگانەکەی، دەبوو شەشۆ و خوداوەندەکانیشی چارەنووسیان زیندانی کردن و دواتریش زبڵدانی مێژوو بوایا.
تاهیر عیسا ۱۷.۱۱.۲۰۲۰