Skip to Content

کتێبی (ژنە بەدرخانییەکان) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی (ژنە بەدرخانییەکان) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

Closed
by ئه‌یلول 16, 2022 Books, General

(ژنە بەدرخانییەکان) ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر (بوخاری وشیار)ە و بڕیارە لەم نزیکانەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاوی بکاتەوە.
کتێبەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی مێژووییە لەسەر بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەگشتی و ژنە هەڵکەوتووەکانی ئەم بنەماڵەیە بەتایبەتی. لە سەرەتای کتێبەکەدا کورتە مێژوویەکی سەرهەڵدان و ناو و پێگەی میر بەدرخان دواهەمین میری ئەمارەتی بۆتان خراوەتە ڕوو، سەرهەڵدان و ئاوابوونی بەهێزترین میرنشینی کوردی ئەم سەردەمە قسەی لەسەر کراوە و دواتر قۆناغی دوای ڕووخانی میرنشی بۆتان خراوەتە ڕوو. کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە و لە هەر بەشیکدا کار لەسەر ژنە هەڵکەوتووێکی بنەماڵەی بەدرخانیان کراوە. لە سەرەتای هەر بەشێکی کتێبەکەدا نووسەر ڕۆڵی باوکی ئەم ژنانەی خستووەتە ڕوو و دواتر بە وردی ژیان و بەسەرهاتی ژنە بەدرخانییەکانی نووسیوەتەوە و ڕۆڵ و پێگە و کارەکانیانی خستوەتە ڕوو. ئەم ژنە بەدرخانییانەی لەم کتێبەدا کاریان لەسەر کراوە بریتین لە: ١- (لەیلا بەدرخان ١٩٠٨-١٩٨٦) ئەستێرەی گەشی سەما و مۆسیقای کوردی و یەکەمین ژنە سەماکاری کورد لە مێژوودا. ٢- (ڕەوشەن بەدرخان ١٩٠٩-١٩٩٢) ژنە چالاکوان و نووسەر و وەرگێڕی کورد. ٣- (سینەم بەدرخان ١٩٣٨) ڕووناکبیر و نووسەر و کەسایەتی کورد.
سینەم جەلادەت بەدرخان لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی: ( بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسێکی بێ پایانی نووسەری هێژا بوخاری وشیار بکەم، کە دڵسۆزانە گرنگی بە مێژووی بنەماڵەی بەدرخانییەکان داوە و لەم کتێبەدا ژنە بەهرەمەندە بەدرخانییەکانی بەسەر کردووەتەوە و بیۆگرافیای نووسیونەتەوە و ئاوڕیکی پێویستی لە مێژووی بنەماڵەکەمان داوەتەوە. ئەوەندەی منیش لە دەستم هاتبێت بۆ ئەم کارەی یارمەتیم داوە و تا توانیبێتم ئەرشیفی بنەماڵەکەمانم خستووەتە بەردەستی بۆ نووسینەوەی ئەم مێژووە…)
بنەماڵەی بەدرخانیەکان یەکێکن لە بنەماڵە هەرە دێرینەکانی کورد و جێ پەنجەیان لە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی ئێمەدا دیارە و چەندان کەسایەتی دیاریان لێ هەڵکەوتووە و هەمیشە خزمەتیان بە بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی کردووە و بۆ دۆزی کورد زەحمەتی زۆریان کێشاوە. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باش دەبێت بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و ئەم ژنانەی کە لەم بنەماڵەیەدا هەڵکوتوون و جێ پەنجەیان بەسەر مێژووی کورددا دیارە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish