Skip to Content

دووڕویی سیایی.. عومەر ئەحمەد عەزیز

دووڕویی سیایی.. عومەر ئەحمەد عەزیز

Closed
by ئه‌یلول 28, 2023 General, Opinion, Slider

دوڕویی سیایی/Political Hypocrisy

چەمکەکە لە بواری زانستی دەرونناسیی و زانستە سیاسییەکان و کۆمەڵناسیدا بوونی هەیە و لە توێژنەوەکاندا ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرێت، ئەو پێناسانەی کراون لەم بارەوە نزیکن لەیەکەوە کۆی پێناسەکان ئاماژە بەوە ئەکەن بریتییە لە هەڵوێستێکی سیاسیی، کە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەن کەسی سیاسیی و حزبی سیاسیی دەیکەن، بریتیە لە پێچەوانەیی و دژیەکیی لە هەڵوێست و بۆچونەکاندا، کە سەرئەنجام دەرچوون و دەستبەردار بوونە لە بەها و مۆڕاڵ و ئیتیک و ئەخلاقییاتی سیاسەت.
چەمکی نیفاق لە ئایندا:
لە ئەدەبیاتی دینیدا چەمکی نیفاق بەجوانی باسکراوە نمونەی ئاینی ئیسلام وەرگرین لەبەشێکی زۆری سورەتەکانی قورئاندا باسی چەمکی نیفاق کراوە، لەکورتترین پێناسەدا نیفاق بریتییە لەوەی من شتێک ئەڵێم و شتێکی تر ئەکەم، خۆم وا دەر ئەخەم کە موسوڵمانم، کەچی بڕوام پێی نییە، لەکردار و گوفتارما شتانێکی تر ئەکەم…تاد
بە سیغە جیاوازەکانی وشەکە 37 جار لە قورئانی پیرۆزدا بەو واتایەی خستمانەڕوو باسکراوە، وەکو بڵێی لەکۆنەوە لە نێو میللەتانا ئەم دیاردەیە هەبووە و بووەتە هۆکاری تێکچون و لەناوچونی کۆمەڵگا جیاوازەکان.
تێگەشتنە دینییەکە بەکاربهێنین بۆ ڕوبەری گشتیی لەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەوا چەمکی نیفاق پانتایی هەرەزۆریی دەزگا میدیایی و کەسایەتیی و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی و خەڵکانی بەناو ناڕازیی ڕێکخراوە جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەمە بەبێ توێژینەوە و ڕاستێتی کردن لە بابەتەکەدا، بەڵکو تەنها بە ڕوانینی سەرپێیی و ئەو دەنگۆ و قسەوقسەڵۆکانەی ڕۆژانە لە بازاڕوی فەزای گشتییدا دەیانبیستین، لەسەر ڕێکخراو و کەسایەتیی و ڕۆژنامەنوسەکان، ئاخر ناکرێت کۆمەڵگایەک هەمووی کەوتبێ لەڕوی ئەخلاقییەوە، ناشێ و نەبووە لەمێژوودا یەک وڵات بەتەواوی ڕاست نەکات لەگەڵ خۆیدا، کەسێک نەمابێتەوە کە خەمی نیشتیمانەکەی بێت، ڕاست بکات لەگەڵ بەها ئینسانییەکان و نیشتیمانییەکاندا، بەڵکو هەمووی تەنها لە دوای بەرژەوەندی زۆر کەسیی خۆی بێت، هەر بۆیەشە ئەنجامەکەی ئەم دۆخەیە کە ئێستا کۆمەڵگەکەی تێدایە، کە پێویست ناکات وەسفی بکەین، کۆمەڵگەیەکی شەلەل، جامد، بەجۆرێک لە جوڵە کەوتووە، کە هەرچییەکی پێ بکەیت نابزوێت.


چەمکی دوالیزم/Dulaisem

بریتییە لە بوونی دوو شتی پێچەوانەی یەکتر، کە دژ و ناکۆکن بەیەکتر، دوالیزم بەپێی سیاقی بەکارهێنان ئەگۆڕێت واتە لەنێو فەلسەفە جیاوازەکاندا واتای جیاوازی هەیە، بەڵام لە کۆی گشتیی واتاکەیدا ئاماژەیە بۆ بوونی دوو مادەی دژ بەیەک، دوو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دژبەیەک، کە هەندێک جاریش دەوترێت ئەم دوو دژە لە کارلێکدان لەگەڵ یەکتر بۆ درێژەدان بەو دوانەییەیان بەمانا دیکارتییەکەی بریتییە لە سەربەخۆیی عەقڵ و جەستە لەیەکتر لەنێو مرۆڤدا ئەگەر دوالیزم تەنها بەومانایە وەرگرین کە بوونی دوو شتی جیاواز و سەربەخۆن لەیەکتر، یان دوو گوتاری جیاوازن لەیەک کاتدا، ئەوا پڕاوپڕ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە دەگرێتەوە، ئەمانە چوونەتە نێو پەیوەندییەکی دوالیزم لەگەڵ خۆیانا، لەلایەکەوە بانگەشەی دژی دەسەڵات و حزب و حوکمڕانی ئەکەن، لەلایەکەوە بەشێکی سەرەکی ئەو دەسەڵاتەن، ئاکتەکانیان لەگەڵ ئەو گوتارە یەک ناگرێتەوە کە ئەینوێنن.
لەهیچ شوێنێکی سەر زەوی نەبووە بانگەشەی ناڕازیبوون و دژ بەسیستەم و دەسەڵات و حزب بکەیت، پێت وابێت کە ستەمکار و گەندەڵ و کەوتوون، کەچی لە ژێرەوە بەشێک بیت لێیان، بچیتە پێشەوە و کاریان بۆ بکەیت بە ڕۆژی ئاشکرا، ئەمە دوالیزمێکە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیی لەنێو ئەم پەیوەندییەدا دەژین.

چەمکی پارادۆکس/Paradox
ناتەبایی و دژیەکی، دیسانەوە جۆرێی ترە لە پێناسەی ئەم جۆرە مرۆڤانە، چونکە ئەم جۆرە لەمرۆڤ ناناسرێنەوە زۆرجار، بەتەواوی دژیەکن، پڕن لە ناتەبایی و دژیەکیی و ناهاسەنگیی لە بڕیار و گوتار و جوڵەکانیاندا، بوونی ئەم پارادۆکسە دۆخێک ئەخولقێنێت، کە پێناسەکردن و ناسینەوەو هەویەتپێدانیان ئەستەم بێت، مرۆڤێکن دژن لەگەڵیشن، ناڕازیی و ڕازیشن، حزبیی و سەربەخۆن، بەشێکن لە سیتەم و دژی سیستمن…تاد
لەڕاستیدا بوونی ئەم پارادۆکسە لەبەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە بەهای ئەخلاقیی ، دینی و مرۆڤایەتیی نەمێنێت، مرۆڤ لێرەدا بەئاشکرا درۆدەکات، پڕ لە هەڤدژیی و ناتەبایی لەهەڵوێست و بڕیار و بۆچونەکانیاندا، پارادۆکسی کەسانێک بەناو ناڕازین، ڕەخنەگرن، دژ بەسیستەمن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبەکانی دەسەڵات ستەمکار و پاوانخوازن، لەگەڵ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لێیان، لەژێرەوە کارکردن لەگەڵیاندا، پارادۆکسێکە، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکەمان لەم دژیەکییەدان، کە هۆکاری هەرەسەرەکیی ئەم دۆخەیی نادادیی و نا ئینسانییەیە، کە بەردەوامی هەیە.

بۆچی ناڕەزایەتی هیچ ئاکامێکی نییە؟
بەشێکی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە، هیچ پرۆژەیکی ناڕەزایەتی جدیی بوونی نییە لەکۆمەڵگەی ئێمە، کە خاوەن پرۆژەیەکی فیکریی و فەلسەفیی بێت، بەڵکو ئەوەی هەبووە تا ئێستا هەوڵی تاکە کەسیی، ناڕەزایەتیی بێ خاوەن، هەڵوێستیی فیکریی ئەم نوسەر و ئەو ڕۆشنبیر، وەکو پێشتر خستمانەڕوو، یان ئەوانەی بوون بە ڕوگەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات، ئەوانەن کە لە پەیوەندییە دوالیزمەکەدان، پڕن لە پارادۆکسی ئەخلاقیی ، بەمانا دینییەکەی مونافقن، یان ئەوەتا هەوڵەکان پەرشوبڵاو و تاکەکەسیی و بێ ئیمکانەت و زۆجاریش بێ سەرمەشق و بێ مەعریفەن، ناڕەزایەتیی و دژ بەسیستم بوون پێویستی بە ئەدەبیاتێک هەیە،کە مانفێستی ناڕەزایەتییەکان بکات، بیانکات بەشێوەی پرۆژە و ئاڕاستەیان بکات، ناڕەزایەتیی خاوی کۆمەڵگە پێویستی بە تەرجومە هەیە بۆ کردنی بە زمانی سیاسیی، وەکو پێشتر وتمان ئەم کلتورە گۆڕان دایهێنا و ئەنجامی دا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەری و پرۆژەکەیان فەشەلێکی گەورەی سیاسیی و ئەخلاقیی هێنا و بەشە زۆرەکەیان دەستبەرداری ئەو شیعارانە بوون، کە بانگەشەیان بۆ ئەکرد و لەهەمووی خەمهێنەرتر ئەوە بوو بەشێکیان بوون بە ئەندامی حزبەکانی دەسەڵات، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەبوو گۆڕان پرۆژەیکی تەواو کلاسیک بوو، کە لەهەناوی حزبەکانی دەسەڵاتدا لەدایک بوو، نەیتوانی تەجاوزی کلتوری حزبایەتی ئەوان بکات، چونکە کۆی پرۆژەکە بەسترابووەوە بەیەک کەسەوە لەدوای نەمانی ئەو کەسەشەوە، پرۆژەکەش نەما، ئەمەش دەریدەخات گۆڕان هەڵوێست بووە، نەک پەروەردە و فیکر، کردەیەک بووە بەبێ هیچ ڕەگێکی قوڵی فیکریی و فەلسەفیی چوارچێوەدار.
بێگومان دەسەڵاتێک نزیکەی نیوسەدە، کۆمەڵگەیەک بەڕێوە ببات، ئەخلاقیاتەکانی خۆی لەنێویاندا پەخش دەکات، بەجۆرێک وردە وردە دەسەڵات و خەڵکەکەی دەبنە دوو ڕووی یەک دراو، لەکوێی دونیا دەوڵەت و دەسەڵاتێکی ڕێکخراویی سیستەماتیکی خزمەتگوزار، کۆمەڵگەیەکی خراپ و گەندەڵ و لە یاسالادەری بەرهەمهێناوە؟ بێگومان ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، دوای نیو سەدە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەتەواوی ئەخلاقیاتی حزبەکانی دەسەڵاتیان تێدا ڕەنگی داوەتەوە و بوون بەبەشێک لە شێوازی بیرکردنەوە و دونیابینیی و دەسەڵات، ئەمە ئەگەر دەسەڵات و ئەو خەڵکە جیا بکەینەوە بۆ خستنەڕووی بابەتەکەمان ئەگینا بێگومان دەسەڵات ڕەنگدانەوەی خەڵکە و خەڵکیش پێکهێنەری دەسەڵاتن، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بریتیە لە چاندنی تۆوی ئەخلاقیاتیی حزبەکانی دەسەڵات لە هەناوی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بە شێوەیەک ئەم دیاردەیە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگا بەگشتیی.
یەکێک لەو بەهایانە وەکو لەسەرەوە باسمانکرد بریتییە لە نیفاق و دووڕوویی سیاسیی، وتنی شتێک و ئەنجامدانی شتێکی تر، بەئاشکرا درۆکردن و بەبێ ئەوەی دان بنێن بەو هەموو گەندەڵیی و ستەمەی، کە ئەکرێت، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە لێدوان و دیمانەکانیاندا بەئاشکرا شتانێک دەڵێن کە خۆشیان و خەڵکیش دەزانێت، کە ڕاست نییە.
چەمکی ناڕازیبوون، دژبوون و وەستانەوە و ڕەخنەگرن لە سیستەمی حوکومڕانی لە نێو کورددا، ئەگەر زۆر نەچینە نێو قوڵایی مێژوو، تەنها سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرین، لەملاو لەولا نوزەیەک دەبینن و هەست پێ دەکەین، کە بەشێوەی نوسین ئامادەیی هەبووە، لەخەومای جەمیل سائیب لەسەردەمی شێخ مەحمود و جیباونەوە و ئینشقاقی یەکێتی و ڕۆمانی سەگوەڕی محەمەد موکری و پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە لێرەو لەوێ نوسەرە ڕەهەندییەکان و دواتریش حزبە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە هاتنی کوردستان پۆست و لڤین و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان کە وەرچەرخانێکی مێژووی بوو بۆ داهێانی مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆن بوون و بە سیستەماتیکردنی چەمکی ناڕازیبوونی کۆمەڵگەی کوردیی نمونەی ئەو دەنگە ناڕازییانەن، کە کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەگەر لە سیاسەتدا بپرسین ناڕازیی و دژە دەسەڵات چییە؟ ئەوا ڕاستەوخۆ ئەچینەوە سەر چەمکی ئۆپۆسیزیۆن، بۆیە ئەپرسین ئۆپۆسیزیۆن چییە؟ لە سادەترین پێناسەیدا لە سیاستەدا بریتیە لە پارتێک، یان هاوپەیمانییەتییەک، کە خۆی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەبینێت، بۆیە زۆرجار پێی ئەوترێت دژی دەسەڵاتە و خۆی بە بەدلیی ئەزانێت و کە بوو بە حوکمڕان و دەسەڵاتیش، ئەوکات لەوە ئەکەوێت، کە ئۆپۆسیزیۆن بێت، شێوازی کارکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو جیهاندا بەوجۆرەیە، کە کاتێک پارتێک ئۆپۆزیسیۆنە، دێت لەسەر کەموکورتییەکانی دەسەڵات گووتارێک بەرهەم ئەهێنێت، پەرەی پێ ئەدا ئەیخاتە نێو سیستەمی پەروەردەی حزبەکەیەوە، کادیر و لایەنگرانی قەناعەت پێ ئەکا، کە پێویستە ئەو دنیابینییە جێبەجێبکرێت.
دەستەی ناڕازیی و کۆمیتە و ڕێکخراویی جیاجیای لە کۆمەڵگە زیندووەکان نمونەی ئەم جۆرەن لە کارکردن لەبواری ژینگە، ژنان، منداڵان، تەنانەت خوێندن و پەروەردە…تاد
لەم ڕوانگەیەشەوە بڕوانینە خەڵکی ناڕازیی کۆمەڵگەی کوردیی، تەنانەت لەئاستی حزب و ڕێکخراوەکانیشدا شتانێکی سەیر دەبینیت، لەوە سەیرتر چیبێت لەنێو گروپ و تاقمێکی بەناو ئۆپۆسیزیۆن بیت و سەر بەدەسەڵات بیت، بانگشەی دژبوون بە دەسەڵات و حزبی حوکمڕان بکەیت و خۆت بەشێک بیت لێی؟
دەردێکی کوشندەی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە پرۆژەیەک جدیی ناڕازیی ئۆپۆسیزیۆنی نییە، بەدەر لە مانا سیاسیەیکەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی دیاریکراودا، ناڕازیبون بەرانبەر بە سیستەم و حوکمڕانی وەکو هەڵوێستێکی ئەخلاقیی و پیشەیی و ئینسانیی، ئاخر ناکرێ کۆمەڵگەیەک کەوتبێ بەهەموو کایەکانییەوە، بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵات بوبێ، وێنەی ئەم جۆرە لەکۆمەڵگا شەرقییەکان لە چەند دەوڵەتێکدا بەدی دەکرێت، تێیدا زۆرینەیەکی ناڕازیی لەسیستەم هەیە، بەڵام زۆرینەیکی موزەیەف و بێ ئیمکانییەت و زۆرجار ناڕاست و قەلەق و ترساو لە بەرژەوەندیی، ناڕازی لە فۆرم و ڕازی لەناوەڕۆکدا، کە ئەگەر بچینە وردەکاریی ئەم جۆرە لەخەڵک، توشی دوالیزم و پارادۆکس دەبین، بەوەی ئەم جۆرە خەڵکانە، سەرەڕای ئەوەی ناڕازین، بەڵام تەسلیمی دەسەڵاتیش بوون، یان نایانەوێ هیج باجێک بدەن، لەلایەکەوە حەزیان لەو جۆرە لە دەسەڵاتە، کە سودمەند ببن لێی لەلایەکی تریشەوە خۆیان بەو جۆرە دەرئەخەن، کە ئەمان بەشێک نین لەو ستەمەی کە دەسەڵات دەیکات.
دیاردەیەکی تری ترسناکی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە زۆرجار ئەم دەستە و تاقم و گروپانە بەشێکن لە دەسەڵات، بەجۆرێک نمایش ئەکەن، خۆیان ئەنوێنن و بەشداریی ناڕەزایەتیی و گردوبونەوەکان دەکەن وەکو بڵێی سەرمەشقی ناڕەزایەتین، کەچی هەر لە ئەزەلەوە ناڕەزایەتییەکەیان جدی نەبووە، ئەشێت لەبەر چەند هوکارێک بوبێت، مەسەلەن ناڕازی بوون لەوەی، کە پشتگوێ خراون؟ پۆست و پلە و ئیمکانییەتیان لەبەردەستا نەبووە، ناڕەزایەتیان قۆستۆتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی دژی ئەوانەی، کە لەمان زیاتریان دەستکەوتووە…تاد.

عومەر ئەحمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

—————————-

بۆ پێناسەی دووڕوویی سیاسیی بڕوانە پێناسەکانی :ٚ
:(Cooper & Hogg, 2007) ،(Jordan & et.al,2017)
هەروەها بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:
1-http://www.awraqthaqafya.com/1480/
2-https://wikidiff.com/paradox/dualism

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish