Skip to Content

“بەسەر دڵتەنگییماندا، باران دەبارێت”.. تێکستی:”شوان تۆفیق”

“بەسەر دڵتەنگییماندا، باران دەبارێت”.. تێکستی:”شوان تۆفیق”

Closed
by ئه‌یلول 28, 2023 General, Poems

ئەوکاتەی تۆ خەونت بەسێبەری درەختەکانی پیاوێکی نامیهرەبانەوە دەبینی
من دارستانێکی سەوز بووم بۆ تۆ
ئەو کاتەی لە بیابانی دڵی پیاوێکی تاریکدا بۆ قومێک ئاوی موحیبەت دەگەڕای
من بە دەریا و کەشتییەکانمەوە لە پێشوازییت دابووم.
ئەوکاتەی لەو دیووی باخچەکانی زانکۆوە بەدیار دڵی شکاوی خۆتەوە دانیشتبووی و دەگریای
من بیرم لە ڕەنگی چاوی تۆ دەکردەوە
ئەو کاتەی گوڵی سەر کراسەکانت لەناو ئینجانەی
ماڵی خۆشەویستەکەتدا نەڕوا
من بەدوای سێبەرەکەتدا دەگەڕام
کەچی دونیا بەجۆرێکی تر گۆڕا
بایەکی بەهێز هەڵی کرد، من و تۆ دوو ڕۆژنامەی دڕاوی دەم ڕەشەبا بووین و هەر یەکێکمان کەوتینە
ماڵی بێگانەیەکی خوێنساردەوە
تۆ بوویت بە سفرەی نانخواردن و
من پەنجەرەی ماڵی خواپێداوەکانم دەسڕییەوە،
شەوان لەوپەڕی شەکەتییدا
سەگی بەردەرگەی ماڵی پاشا نەیدەهێشت بەئاسوودەیی بنووین ..
بەهۆی برینەکانی سەر دڵمانەوە ڕەنگی گوڵەکانمان نەناسییەوە ..
پێم نەڵێی لەبیرت کردم، بۆ هەر کوێیەکی ئەم دنیایە دەچووم،
لەدوورترین شوێنی دڵی مندا
تۆ نووستبووی
پێم نەڵێی لەبیرت کردم،
من لەناو نیگای هەزار ژنی ڕەشپۆشدا بۆ ڕەنگی چاوەکانی تۆ دەگەڕام،
تۆ ئەستێرەی پشتی تەلارە بەرزەکانی شار بوویت و
ڕووناکییەکانت نەدەگەیشت بە سەربانی ماڵی ئێمە
تۆ ماسییەکی بچکۆلەی ناو ڕووبارێکی لێخن بوویت و
من نەمتوانی بتگێڕمەوە بۆ ناو حەوزێکی شووشەی ماڵی خۆمان..
ئەو ڕۆژانەی هەواڵتم نەدەزانی،
بە پەڵە هەورە سپییەکانی ئاسمانی شاردا سڵاوم بۆ دەناردی..
ئێواران باسی جوانیتم بۆ گوڵی وشکی ناو باخچەکان دەگێڕایەوە
من و تۆ کوڕ و کچی ئازاربووین و
شەوان تەنیایی دەرگەکانی خۆی بەڕوودا دەکردینەوە.
بەر لەهاتنی پاییز وەرزی هەڵوەرینی من و تۆ
دەستی پێ کرد.
بەدرێژایی ساڵ، بەسەر دڵتەنگیماندا، باران دەباری.
گلەییم لێ بکە!
دەبوو بەناو تۆفاندا..
بەناو تەمی سەر ڕێگەکاندا بێم بۆ لات و چەترەکانی خۆم بدەم بە تۆ.
دەبوو لەبەردەمی شکۆی تۆدا بەچۆکدا بکەوم و پشکۆکانی ناو هەناوی خۆم بدەم بە تۆ
بێم و ئازارەکانت ماچ بکەم،
وەکوو چرایەک بەسەر دڵی کۆڵانەکانتەوە بمێنمەوە،
بێم و شانم بکەم بە هێلانەی کۆترەکانت.
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، بۆ قەرەبووی هەموو ئازارەکانت،
مۆڵەتم بدە! ناو لەپی دەستەکانت پڕ بکەم لە ماچی سوور..
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، ئێستاش ڕووناکی زۆرم پێیە، بیدەم بە پەنجەرەکانت،
ئێستاش پڕم لە هەناسەی گەرم بۆ دەستە تەزیووەکانت.
کە باران خۆشی کردەوە، بەجانتایەکی پڕ لە پەپوولەوە
دێمە بەر دەرگەی ماڵتان
دووشەممەیەک وەکوو باڵندەیەکی غەریب لای ئینجانەی گوڵەکانت دەنیشمەوە
بۆ ئەوەی بزانیت پیاوێکی بریندار
لێرەوە تێپەڕیووە،
هەینییەک کراسە خوێناوییەکانم لەسەر دیواری ماڵەکەتان جێ دەهێڵم..
بەیانییەک دێم سێوی ناو قاپەکانت ماچ دەکەم و
دەڕۆم،
ئێوارانێک دێم و هەڵوژەی ناو سەبەتەکانت دەسڕمەوە و
بەدیار ئەلبوومی وێنەکانتەوە دەگریم،
کۆتایی پاییز دێم و تۆزی سەر ئاوێنەکانت دەسڕمەوە و
دوو دێڕ گۆرانی غەمگینت لەنزیکی ڕادیۆیەکی کۆنەوە بۆ جێ دەهێڵم.
تا لە هەناوم بەر نەبیتەوە،
دەست بەدڵمەوە دەگرم و بە شەقامە چۆڵەکانی شاردا ڕادەکەم..
تا بەسەر ڕومەتما نەڕژێی، ئاوڕ بۆ هەموان دەدەمەوە و
بەدرۆ بەڕووی موسافیرەکاندا پێدەکەنم،
تا ئەوینی تۆ لە چاوما نەناسنەوە،
بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە بەناو تیشکی خۆرەتاودا تێدەپەڕم.
هەناسەکانم پڕ دەکەم لە هەوای ئەو شارەی
سێبەری تۆ لەباوەش دەگرێت
گۆرانی بۆ ئەو مناڵانە دەڵێم کە ڕەنگی پێستیان
لە تۆ دەچێت
سڵاو لەو پاسە شینانە دەکەم کە بە گەڕەکی ئێوەدا تێدەپەڕن.
نیگەران مەبە!
هێشتا درەنگ نەبووە، بە هەزار ڕێگە دەتوانم خۆشم بوێی..
بە هەزار و یەک ڕێگە دەتوانم لە قوڵایی دڵی خۆمدا بتشارمەوە.
هەمیشە بۆ گەیشتن بە تۆ، بەدەم ڕێگەوە هەناسەکانی خۆم دەژمێرم،
هەموو ڕۆژێک ترپەکانی دڵم لەناو دێڕی نامەیکتا جێ دەهێڵم..
بەژێر باراندا دەڕۆم و نزا بۆ سەوزبوونەوەی دڵت دەکەم
لەپشتی پیکابێکی شینەوە چاوەکانم دادەخەم و
خەون بە گرتنی دەستەکانی تۆوە دەبینم
هێشتا دڵم پڕە لە زەنگیانەی ئومێد،
دەزانم شەوێک بەر لەوەی مانگ بگاتە ناو باخچەی حەوشەکەتان،
خۆشت دەوێم،
کاتژمێرێک بەرلەوەی هەتاو بەر ڕوومەتی پەنجەرەکانت بکەوێت،
وەک شووشە عەترێکی گرانبەها لەناو قەدی جلەکانتا دەمشاریەوە
وەک بوخوردێک بەدیواری ژوورەکانتا هەڵم دەواسی،
وەک تابلۆیەکی غەمگین دەستت دەخەیتە ژێر چەنگەت و بەدیارمەوە دادەنیشیت،
وەک پاسارییەکی بریندار هێلانەیەکی گەرمم
لە پەڕەمووچی ئەوین لە دڵی خۆتدا بۆ درووست دەکەیت،
ئێوارانێک دەرمانێک لە گوڵی هەموو باخچەکانی شار دروست دەکەیت و
دەیخەیتە سەر برینەکانم.
نائومێد نیم، ئەگەر من، بە دووچاوی غەمگینەوە
لەبەر دەرگەی ئەوینتا بگریم و
سواڵی خۆشەویستیت لێ بکەم،
تۆ ڕۆژێکی زستان بەبێ هۆکار خۆشت دەوێم و ئێوارانێک بەناو کڕێوەی بەفردا دێیت بۆلام.
دێیت بۆلام و
هەزاران دەست و قۆڵ قەرزدەکەیت و
بەتوندی لە ئامێزم دەگری.
نائومێد نییم خۆشەویستە غەمگینەکەم، نائومێد نییم،
تا دەگەیتە لام، کەمێک لێدانی دڵی خۆم ڕادەگرم،
لە چاوەڕوانیتا هەندێک خوێن دەهێنمەوە،
تا دەگەیتە لام، لەودیوو دیوارەکانی ماڵێکی تاریکەوە نەختێک بەسەر چۆڵی و بێدەنگیتا دەگریم.

Previous
Next
Kurdish