Skip to Content

ئیخوانەکان ستراتیژ و ئامانجەکانیان لەکوردستان … مەحمود عەبدوڵڵا

ئیخوانەکان ستراتیژ و ئامانجەکانیان لەکوردستان … مەحمود عەبدوڵڵا

Closed
by ته‌مموز 15, 2020 General, Opinion

لە هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک ئیسلامیەکان دەسەڵاتبون لەناو دەسەڵات،لەڕێگەی پەروەردەکردنی تاکەکان لەسەر دونیابینی ئیسلامی کە لەواقیعدا دونیابینییەکی نادیموکراتی،نائەقڵانی، قەدەرگەرا، ،دژە کرانەوەو دژە ژنە. چونکە بۆهەر کەسێک شارەزایی ئیسلامی سیاسی بێت ،بەتایبەتیش ئیخوانەکان ،دەزانێت،دیموکراسی باوەڕێکی دوفاقەیە ،لە ڕاستیدا ئەوان باوەڕیان بەدیموکراسی هەیە ،وەک ئامرازێک بۆ گەیشتنە دەسەڵات،ئەوەش سیاسەتی پۆپۆلیستیانەیە .ئەوان بەنا ڕاستەوخۆ ئەڵێن بەویستی خەڵک دەگەینە دەسەڵات و بەویستی خودا حوکم دەکەین،ئەوەش لەبەر ئەوەی لە ململانێی ئاشتیانەی دەسەڵات دەبێت پشت بەخەڵک ببەستیت ،ئەوە حەقیقەتێکە کە تە نهالە ڕێی باوەڕی دوفاقە هەزمدەکرێت لەلایەن ئیسلامیەکان .چونکە خودا تەنها لەجەنگدا فریشتە دەنێرێت بۆ سەر کەوتن بەسەر بێباوەڕاندا! لە کێبەڕکێی هەڵبژاردندا هەرچەندە شەیتانیش بیت دەبێت خۆت بکەیتە فریشتە،بۆیە باوەڕبون بەدیموکراسی تەنها تەکتیکە لای ئیسلامی سیاسی ،ئەوەش داننانە بەواقیع و خۆگونجاندنێکی زیرەکانەیە سازشی کاتییە لەسەر پرەنسیپ .
ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان دەسەڵاتێک هەیە،کە بێباکترین دەسەڵاتە بەرامبەر داهاتوی کۆمەڵگاکەمان؛کە بێگومان ئەو بێباکیە لە پەروەردەنەکردنی تاکەکان بۆ ئەوەی نەبنە پارویەکی ئاسان بۆ گورگەکانی ئایدیۆلۆژیا بێگانەکان خۆی بەیاندەکات ،لێرەدا مەبەستم لە “ئایدیۆلۆژیای بێگانە”هەموو ئەوئایدیۆلۆژیایانەیە کە تاکیکورد لە کێشە ڕاستەقینەکانی دوردەخاتەوە و بەرەو کێشەیتر ڕایدەکێشت،ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە هاوردەیە و هیچ پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێمە و کێشەکانییەوە نییە،بگرە سەرباری کێشەکانە و لەگەڵ خۆی کێشە هاوردە دەکات و وزەو هێزی کۆمەڵگا بەفیڕۆدەدات و کۆمەڵگای خستۆتە ناو جەدەلێکی پوچەوە. ئەوان هەست بە مەزڵومیەت ناکەن کە ئۆجالا ن دەستگیردەکرێ،بەڵام بۆ مورسی نوێژی مردو ئەکەن!ئەوان دەڵێن سیسی دیکتاتۆرە،بەڵام ئەردۆگان پیاوێکی دەست بە دەستنوێژە!ئەوان بۆ عەفرین ناگرین،بەڵام بۆ داعشەکانی باغۆز هاواریان لێ هەڵدەستێت. ئیخوانەکانی کوردستان،کەلقێکن لە اخوانیزمی جیهانی و کاردەکەن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژە ئیخوانیە کە لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی وەک هێزێکی دژە ئازادی و دیموکراتی لەبەرامبەر کرانەوەی کۆمەڵگا تێدەکۆشێت، لەڕواڵەت دا ئەقڵانی،دیموکرات ن.بەڵام ئەوە سیاسەتێکی چەواشەکارانەیە و بەردەوام لەڕێگەی پەروەردەکردنی تاکیکورد وەک تابوری پێنجەم کاردەکەن ،ئەو تاکانەی کە ئینتیمای خێڵیان نەماوە، دەبێت لەڕێگای ئایدیۆلۆژیاوە بە داگیرکەرەوە گرێبدرێن.
ئیخوانەکان لەگەڵ گەیشتنە دەسەڵاتی ئاکەپە ،کەوتنە پڕوپاگەندە بۆ ئەردۆگان، ئەو پڕوپاگەندەکردنەشیان بۆ ئەردۆگان لەژێر ناوی دین و ئیخوانیەتدا نەدەکرد،بەڵکو وەک لایەنگیری ئاشتی،دیموکراتخواز ،لایەنگری چارەسەری کێشەی کورد،بەڵام لەڕاستیدا ئەوە تەنها چەواشەکردن و خەڵەتاندن بو،ئەوان باکگراوەندە دینیەکەی کۆنە فەقێ”ئەردۆگانیان دەزانی،ئەوان دەیانزانی ئەردۆگانیش بەویستی خەڵک دەگاتە دەسەڵات،بەڵام بەویستی خۆی یان خوا کاردەکات. بەڵام ئەمە ی ئیخوانەکانکردیان،لەڕاستیدا دژی ئەو هێڵە فیکریە ئازادی خواز ە بۆ کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستان کاریگەری هەیە. واتا ئومێدێکی درۆینەبو بە پیاوێکی درۆزنی وەک
ئەردۆگان.ئیخوان لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە ،تاڕۆژی ئەمڕۆ ،سود لەهەموو ئامرازێک وەردەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانج.هێزێکی سیاسی پراگماتیکە لەسیاسەتی ڕۆژانەدا ،و لە ستراتیژدا دۆگماتیکە. بەگوێرەی بارودۆخ خۆیان دەگونجێنن ،ئەمەش وادەکات ئەو هێزە بە ئاسانی ئامانجەکانی دەستنیشان نەکرێت بۆ هەموکەسێک. اخلاقێکی ڕوکەشانە و سەرزارەکییان هەیە،واخۆنیشان ئەدەن مۆدێرن و دیموکراتن،وەلێ تەنها دەمامکی دیموکراسی و جلی مۆدێرنیان لەبەردا،بەڵام مەنهەج و باوەڕیان لە هێزێکی وەک داعش نزیکە،هەتا دەوترێت داعش لە ڕەحمی فیکری اخوان هاتۆتە دەر ،وەک ابوبکر بەغدادیش کۆنە ئیخوان بو. خۆ ئاشکرایە هەردوکیان یەک ئامانجیان هەیە،ئەویش دەستگرتن بەسەرجیهان و زیندوکردنەوەی خەلافەت. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش ،و کەوتنە جوڵەی ئەردۆگان ئەم سێ هێزە،داعش،ئاکەپە، ئیخوان کەوتنە کارکردن ،و هەرسێکیان خزمەتی یەکتریان کرد کە تا ئێستاش لە ناو ئەو پەیوەندیە دان،تەنانەت میسری سەردەمی مورسیش ،چاوی بڕیبوە ئەردۆغان و پێشوازییەکی سوڵتانانەی لێکرا ،بەڵام لەبەختی ئێمە مورسی و دەسەڵاتی ئیخوانەکان کۆتایی هات و پایەکی بەهێزی سوڵتان ئەردۆغان شکا . ئاشکرایە کە ئەردۆگان هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی داعش بو”زهنیەتی ئەندامە باڵاکانی ئاکەپە لەداعش نزیکترە تا اخوان” بەڵام ئیخوانەکانی کوردستان هەموو ئامرازێک بەڕەوا دەزانن لە پێناو ئامانجەکەیاندا، خۆیان لە ئەردۆگانی بێ دەمامک لائەدەن،ئەو ئەردۆگانەی کە لە کوردستان ئیخوانەکان وەک فریادڕەسی ئیسلام و موسڵمانانیان دەبینی و بەردەوام بەشان و باڵیان هەڵدەدا !ئێستا کە ڕوخساری ئەردۆغان بۆجیهان دەرکەوتوە،ئەوان ڕوی ڕەخنەکانیان کردۆتە هەدەپ! یەکێک لە مەلا ئیخوانیەکانیش بۆ باغۆز دەگریا و بە ئه ردۆگانی دەوت پیاوە دەست بە دەستنوێژەکە هەمومان بیستمان و بینیمان. ئیخوانەکان بانگەشەی ئیسلامێکی میانڕەو دەکەن ،واخۆیان دەردەخەن کە جیاواز لە سەلەفیەکان بیردەکەنە وە سەبارەت بەژن،بەڵام لەڕاستیدا وانیە،پێویستە هەرکەس ئەوە بزانێت ئیخوانەکانی کوردستان،ئاکە پە دژی ئازادی ژنن و ئەوە پرەنسیپە بۆئەوان،چونکە کاتێک ئازادی کۆمەڵگا بەئازادی ژنەوە بەسترابێتەوە،بۆ مانەوەی کۆمەڵگا دەبێت ئایدیۆلۆژیای پیاو،براموسڵمانەکان بەردەوام فشاری ئایدیۆلۆژی لەسەر ژن پەیڕەو بکات،بۆ ئەو مەبەستە خودی ژن بەکاردێنن،کادیری خوێندەواری ژن ،لەحیزبدا بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیای پیاو دەکات!ئەمە وەک ئەوەیە”گوێرەکە چەقۆی قەصاب بلێسێتەوە” ئەوان دەیانەوێت لە هەڵبژاردندا دەنگی ژنان بۆخۆیان ببەن،ئەگەرنا ئەوان باوەڕیان بەوەهەیە کە شوێنی ژن مەتبەخە. ژن کە حیجاب نەبێت وەک چوکلێتێکە کە دانەپۆشرابێت،ئەو مغاڵەتەیە وادەکات کەسێتی ژن لەژێر ناوی خۆشەویستی و ڕێز بکوژن،بەڵام بەدیوەکەیتردا ئەم مغاڵەتەیە پێمان دەڵێت ژن کاڵایە وەک چوکلێتە خاوەنی خۆی نییە.لەبەرامبەردا ژنی ئازاد هەیە کە لەسەر ئاستی فیکری شەڕی زهنیەتی نێرانەی ئیخوان و ئاکەپە دەکات لە پێناو دروستکردنی دونیایەکی هاوسەنگ لەنێوان ژن و پیاودا،لەهەمانکاتدا لەگۆڕەپانی جەنگیشدا لەبەرامبەر داعشدا کە ئامرازی ئاکەپەبو،تێکۆشان و بگرە لەسەردەستی ژنی ئازاد و شەڕڤانان لوتی داعش شکێندرا. لەڕووی سایکۆلۆژیەوە،بۆپیاوی کلاسیک و خێڵەکی و موسڵمان ئەوە هەزم ناکرێت،ژن لاواز نەبێت،چونکە بەلای ئەوانەوە ژن نابێت جێگای هەبێت و کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.پێشیان وایە ئەو فەلسەفەیەی باوەڕی با ئازادی ژن و یەکسانی ئەرک و مافەکان هەبێت،ئەوە دەبێتە ئاینی چوارەم و وەک بەدیلی ئاینی سێیەم خۆی دەخاتە ڕوو. لەبەر ئەوە تەواوی هێزە ئایدیۆلۆژیە کۆنە پەرست و دۆگما و پیاوسالارەکان لەوخاڵەدا کۆکن کە دەبێت دژایەتی ژنی ئازاد بکرێت!
ئیخوانەکان لەکوردستان لە گەمەکانی هەڵبژاردن سود لە ژنی کلاسیک وەردەگرن و دەنگی پێ کۆدەکەنەوە،بۆیە لەڕووی سیاسیشەوە دژی فەلسەفەیەکن کە ئازادی ژن بکاتە بنەما بۆ ئازادی کۆمەڵگا،چونکە کاتێک ژن ئازاد بێت،ئیتر ڕۆڵی ئەوپیاوانە ،ئەوڕابەرە ئیسلامیانە هیچ نابێت و ئەقڵی کۆمەڵگا لە ژێر کۆنتڕۆڵیان دەردەچێت.
پێویستە هەمو کوردێک ئەوەبزانێت،ئیخوانەکان لەئێستادا لەکەسێتی ئۆجالاندا هێرش دەکاتە سەر ئازادی ژن،بەو واتایەی کە لێدان لە ئۆجالان لێدانە لەفەلسەفەکەی بۆ ئازادی ژن. چونکە ئاشکرایە بیرکردنەوەی ئیخوان بەستراوەتەوە بەگون و پێیان وایە ژنی ئازاد پاکیزە نیە،ئەوە نهێنیەکەکە نادرکێندرێت،دەبێت بخوێندرێتەوە لەناو دەربڕینەکانیان. وەک پزیشکێکی دەرونی دەڵێت:ئەو پیاوانەی پێیان وایە ئافرەتی سفور بێڕەوشتە هەردو بەشی مێشکیا ن لەتورەکەی گونیان دایە.
لەکۆتایدا دەبێت ئەوەبڵێم،بەدرێژایی مێژوی ئیسلامی سیاسی دژایەتی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتیکوردیان قۆستۆتەوە و لە ڕێگەی دژایەتی دەسەڵاتی کوردی،فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن بۆ خەڵک و کۆمەڵگاەمان بەڵام لەڕاستیدا ئەوان دەیانەوێت بڵێن کورد بۆ بەڕێوەبردن نابێت!دەبێت لەلایەن خەلیفەیەکی موسلمانی ناکورد بەڕێوە ببرێین.واتا دژایەتی ئەوان جاشایەتییە لە ژێرناوی خۆشەویستی خەڵکدا. لەکاتێکدا لەمێژودا خراپتر لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عوسمانی دەگمەنە.دیکتاتۆرتر لە ئەردۆگانیش دەگمەنە. ئیخوانەکان لە ژێر ناوی ڕەخنە و پاراستن لەهەڵە ڕودەکەنە ئەردۆگان کە وەک ئەژدیهایەک خەریکە کۆمەڵگای تورکیاش قوتدەدات. بۆیە ئەمڕۆ تەنانەت مناڵە ورتکەی ئیخوانیش ڕەخنەی ئاپۆ و هادەپ و …دەکەن. ئەگەرچی ئەوان جاشایەتی کلاسیک ناکەن،زۆر مۆدێرنانە دەیکەن و لایەنگری بۆ ئەردۆگان دەشارنەوە و دەیانەوێت بڵێن ئەوە پەکەکەیە ،ئەوە هەدەپەیە سیاسەتی هەڵە دەکات و ئەردۆگان لەکورد هاردەکات،بەڵام ئەردۆگان بەڕاگەیاندنی میساقی میللی وڵامیان ئەداتەوە و ئەڵێت :درۆ ئەکەن.ئاخر برا درۆزنەکان، چۆن لەگەڵ زیهنیەتی ئاکەپەو ئەردۆگان بگونجێین.کە سواری خەونی خەلافەت بوە.ئەم درۆ و دەلەسەیەتان لەچییە! ئەم جاشایەتی فیکریە بۆچی؟بۆ ئەوەی عوسمانیە نوێکان بتان بەنەوە بۆجیهادو فتح و داگیرکاری وڵاتان. یان بۆئەوەی وەک سوڵتان سەلیم پێتان بڵێت :نۆکەرە خۆشەویستەکانم. فەلسەفەی ئۆجالان تەنها پەیوەندی نێوان گون و بیرکردنەوەتان دەبڕێت،واتان لێدەکات فێربن کە ژنیش مرۆڤە،دەکرێ لەدەرەوەی حەقڵیەتی پیاو بڕیاربدات و بیربکاتەوە،دەکرێ باشترین جەنگاوەر بێت. دەکرێت ژنیش بەبێ حیجابی سەپێندراوی پیاو هەبێت،پێتان ئەڵێت خەلەلەکە لە ئەقڵی ئێوەدایە نەک لەسەری ژندا.ئەقڵی ئێوە بۆگەن بوە و مێشولەی لێنیشتوە.
ئێوە ئامانجتان ئەوەیە کۆمەڵگا ئازاد نەبێت،چونکە کۆمەڵگەی ئازاد خوڕافە پەرست و دژە ژن نییە،ستراتیژی ئێوەش مانەوەی کۆمەڵگایە لەو دۆخەدا.


مەحمود عەبدوڵڵا

Previous
Next
Kurdish