Skip to Content

زەنگیانەی ئاویی – ڕستی حەوتەم ….. فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاویی – ڕستی حەوتەم ….. فەتاح حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 21, 2018 General, Poems

( تۆ و مانگ )
گەر دەپرسیت
ئەمن جوانم یاوەکو مانگ ؟
درۆ بە زارمدا نایەت
تۆ دەبینم، مانگم لەبیر دەچێتەوە
مانگ دەبینم
ئەتۆم بەبیردێنێتەوە.

( کێ دەڵێت .. کێ )
پێش ئەوەی مۆسیقایەك، تەواو بێ
پڕ بەدڵی خۆم سەما دەکەم،
دی خۆم ئاوێزانی، گۆرانییەك دەکەم
کە رۆحم ئاسودە دەکا..
کێ دەڵێ سبەی گوێبیستی
مۆسیقا و گۆرانی دەبم..کێ؟

( روبار )
ببمە دەریا
جۆگە
لە روبار یاخی دەبێ
روباریش لە من،
مەگەر ئەشکی خۆم
ببتە روبار و تێیبڕژێ..

( لەشکری خەم )
سەرلەشکری سوپایەك بم
لە دنیادا سوپا نەبێ
شان بدات لە شانی
لەشکری خەم
هێرشم بۆ بێنێ،
پێویستم بە هاوڕێیەك دەبێ
سەر بخەمە سەر شانی و
پڕ بەدڵی خۆمبۆ خۆم بگریم .
( پێکەنین )
نەفرەت لە من ..
چەند بەدفەڕم
پێکەنینی خۆم بەپولێك دەفرۆشم
تا لەتەك تۆدا بگرێم.
ئەتۆش .. ئا، ئەتۆش
پێکەنینت بەئەقڵم دێ
هەقی خۆتە .. ئەمن گێلم
کە ئەو سەودایە دەکەم
نەفرەت لە من.

( کەنار دەریا )

ئێجگار ماندووم
پێویستم،
بە پشویەکی درێژە
لە کەنار دەریا نا
لەسەر سینەی تۆ.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
2017

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress