Skip to Content

پاراستنی خەونی دوا ڕۆژی چرۆکان.. ستار ئەحمەد

پاراستنی خەونی دوا ڕۆژی چرۆکان.. ستار ئەحمەد

Be First!
by تەممووز 5, 2026 General


دونیای مناڵان، دونیایەکی پاک، بێگەرد و پڕ لە بێتاوانییە؛ ئەوان تەنها نەوەی داهاتوو نین، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکی و بنچینەی هەر کۆمەڵگەیەکەن کە دەیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت. پێگەیاندنی منداڵان، وەبەرهێنانە لە دواڕۆژی نەتەوەیەکدا، چونکە نیشتمانی ڕاستەقینە لەسەر شانی ئەوان بونیاد دەنرێت. هەر نیشتمانێک بیەوێت پێشبینی داهاتووی خۆی بکات، دەبێت سەیری دۆخی ئێستای منداڵەکانی بکات، چونکە ئەو تۆوەی ئەمڕۆ لە مێشک و دەروونی ئەواندا دەیچێنین، دەبێتە ئەو بەرهەمەی کە سبەی کۆمەڵگەکەمان دەیچنێتەوە. کاتێک منداڵ لە ژینگەیەکی تەندروست، پڕ لە خۆشەویستی، پەروەردەیەکی دروست و هۆشیارییەکی بەرزدا گەورە دەبێت، بێگومان لە داڕۆژدا دەبێتە سەرکردە، داهێنەر، و هاوڵاتییەکی بەرهەمهێن کە نیشتمان بەرەو ئاوەدانی و لوتکەی ژیار دەبات. منداڵانی ئەمڕۆ نەخشەی داهاتووی ئێمە دەکێشن؛ ئەگەر بمانەوێت بزانین بیست یان سی ساڵی تر لە چ ئاستێکی زانستی, وێژەیی، ڕامیاری و کۆمەڵایەتیدا دەبین، تەنها بە سەرنجدان لە دۆخی منداڵانی ئێستامان دەتوانین وەڵامەکە ببینینەوە. پاراستن و خزمەتکردنی منداڵ لە هەموو بوارەکاندا، گەورەترین و پیرۆزترین دەسکەوتە کە نەتەوەیەک بۆ مانەوەی خۆی ئەنجامی بدات، چونکە پشتگوێخستنی ئەوان، بەواتای تێکدانی ڕەوتی مێژوو و دواڕۆژی نیشتمان دێت.
منداڵ تەنها پێویستی بە خۆراک و پۆشاک و پێداویستی مادی نییە، بەڵکوو لەوە زیاتر پێویستی بە خۆراکی گیانیی، هزری و دەروونی هەیە کە ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گرنگیدان بە سەرجەم بوارەکان، بەتایبەتی وێژە و هونەرەوە دابین دەبێت. ئەم دوو بوارە ئامرازی بنەڕەتین بۆ بونیادنانی کەسایەتی منداڵ، چونکە خەیاڵی فراوان دەکەن، بەهرەکانی دەردەخەن و بەها مرۆییەکانی تێدا دەچەسپێنن. بۆ تێرکردنی ئەم لایەنانە، پێویستە ژینگەیەکی لەبار بفرێندرێت کە تێیدا نووسینی وێژەیی تایبەت بە منداڵان گەشە بکات؛ جۆرە چیرۆک و هەڵبەستێک بخرێنە بەردەستیان کە لەگەڵ ئاستە جیاوازەکانی تەمەنیاندا بگونجێت، دوور بێت لە توندوتیژی و هاندەر بێت بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە. هەروەها پێویستە شانۆ و سینەمای منداڵان ببنە بەشێک لە کلتووری ڕۆژانە و هۆڵەکان کارا بکرێنەوە تا لە ڕێگەی نواندنەوە پەیامە ئاکاری و پەروەردەییەکان وەربگرن، لەپاڵ ئەمانەشدا لە ناوەندەکانی خوێندن و دەرەوەیدا گرنگی بە وانەکانی شێوەکاری، موزیک و سرود بدرێن بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنی بەهرەکانیان. بەڵام کاتێک سەیری دۆخی کلتووری و پەروەردەیی ئێستا دەکەین، جیاوازییەکی زۆر ترسناک دەبینین لە نێوان ئەوەی کە هەیە و ئەوەی کە دەبوو هەبێت. ئەگەرچی لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، هەندێک هەوڵی تاکەکەسی یان دەرکردنی چەند گۆڤارێکی کەم و خولی هاوینەی سنووردار هەبوون کە جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئەم هەوڵانە زۆر لەوە کەمترن کە بتوانن پێداویستی سەرجەم منداڵانی نیشتمان پڕ بکەنەوە. ڕاستیە تاڵەکە ئەوەیە کە دونیای منداڵان لە گشت بوارەکاندا، بەتایبەتی لە لایەنی وێژەیی و هونەریدا، هەتا بڵێی فەرامۆش کراون؛ زۆربەی ئەو پەڕتووک و بەرنامانەی منداڵ دەیانبینێت، وەرگێڕدراوی کلتوورەکانی ترن و زۆرجار لەگەڵ ناسنامەی ئێمەدا ناگونجێن. لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا، یەک هۆڵی سینەما یان شانۆی تایبەت بە منداڵان نییە، و وانەکانی هونەر و وەرزش لە قوتابخانەکاندا کراونەتە وانەی لاوەکی، ئەمە جگە لە نەبوونی پشتگیری دارایی بۆ نووسەران و داهێنەرانی ئەم بوارە، کە وایکردووە تەواو سارد ببنەوە.
لەم سەردەمەی ئێستاماندا، ئەم فەرامۆشکردنە گەورەیە دونیای جوانی منداڵانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بێدەنگەوە، کە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەتایبەتی کەناڵەکانی منداڵان و سۆشیاڵ میدیایە. کەمتەرخەمی و بێباکی لەم کەناڵانەدا گەیشتووەتە ئاستێک کە بەرژەوەندی مادی و پڕوپاگەندە و زیادکردنی بینەر لەپێش هەموو بەها پەروەردەییەکانەوەیە. ئەم کەناڵانە لە جیاتی ئەوەی ببنە هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی لایەنی هزری، زمانەوانی و ڕەوشتی، بوونەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی کلتووری نامۆ، زمانێکی شێواوی دوور لە ڕێزمانی دروست، و جووڵەی خێرا و بێ واتا کە مێشکی منداڵ تەمەڵ دەکات و خەیاڵدانی دەکوژێت. زۆرێک لەو کارتۆن و بەرنامانەی پێشکەش دەکرێن، وانەن بۆ شەڕەنگێزی و یاخیبوونیان ، کاتێکی زۆریان بەفیڕۆ دەبەن و لە یارییە ڕاستییەکان و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی دایاندەبڕن، کە ئەمەش لە داهاتوودا نەوەیەکی گۆشەگیر، بێتوانا لە پەیوەندیگرتن، و خاوەن دەروونێکی ناسەقامگیر بەرهەم دەهێنێت.
لەم نێوەندەشدا، ناتوانرێت چاو لە ئاست بێدەنگی و کەمتەرخەمی دامودەزگاکانی دەسەڵات دابخرێت، چونکە، وەک بەرپرسی یەکەم لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کلتووری، لە ئاست پاراستنی دونیای منداڵاندا بێ چاوو گوێن. هیچ چاودێرییەکی توند و یاسایەکی تۆکمە نییە بۆ فیلتەرکردنی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی پێشکەشی منداڵان دەکرێن، و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە بەرنامەیەکی نیشتمانی دابڕێژن بۆ دروستکردنی میدیایەکی جێگرەوەی تەندروست کە کلتوور و زمانی دایک و بەها مرۆییەکان بپارێزێت. سستی دەسەڵات لە جێبەجێکردنی یاساکانی مافی منداڵ، نەبوونی پشتگیری دارایی و چاودێری بەسەر ئەو بازرگانییەی بە مێشکی منداڵانەوە دەکرێت، لەپاڵ دابین نەکردنی ناوەندی ڕۆشنبیری، پەڕتووکخانەی تایبەت، و پارک و شوێنی یاری شیاو، وایکردووە منداڵان چەکەرە نەکەن و هیچ ڕێگایەکی تریان نەبێت جگە لە پەنابردن بۆ شاشە بێبەزەییەکان. دواجار، دەبێت بزانین کە پشتگوێخستنی منداڵان و ڕادەستکردنی مێشکیان بە کەناڵە بازرگانییە بێباکەکان، و بێدەنگی دەسەڵات لە ئاست ئەم کارەساتە، تاوانێکە کە باجەکەی لە داهاتوودا زۆر مەترسیدار دەبێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ نەوەیەکی تێکشکاو و بێناسنامە پەروەردە ببێت، سبەی ناتوانین داوای کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و نیشتمانێکی ئاوەدان بکەین، بۆیە پاراستنی دونیای مناڵان ئەرکێکی هەرەوەزی و نیشتمانییە و پێویستی بە وشیاریەکی خێرا هەیە لەلایەن خێزان، میدیا و لە سەرووی هەمووشیانەوە حوکمەتەوە.

ستار ئەحمەد

Previous
Next

Leave a Reply