Skip to Content

دەق لە نێوان دەردە دڵ و شیعریەت دا.. کاروان حەسەن

دەق لە نێوان دەردە دڵ و شیعریەت دا.. کاروان حەسەن

Closed
by ئایار 16, 2023 General, Literature



زۆرمان قسە لەسەر شیعرکردووە و بەردەوامیشین، هەتاکوو دەقى باش و خراپ هەبێت لێکۆڵینەوە و وتار بەردەوامیان دەبێت لەسەر شیعر، من خۆم ڕۆژانە خوێنەرى شیعرم و بەردەوامیشم، ئەوە حەز و خولیایەکە و بۆ شیعر هەمە، بۆیە کە جارجار قسەیەک لەمەڕ شیعر دەکەین بەو مانایە نییە کە خۆم پێ زانا و ئەو بوارە بێت بەڵکوو زیاتر وەک خوێنەرێک ئەو سەرنج و بۆچوونانەم دەخەمە ڕوو. لێرەوە با تۆزێک لەگەڵ ئەو دەقانەى دەیخەمە ڕوو ئاوێزان بین و بزانین ئەو دەقانە کامانەیان شیعرن و کامانەیان شیعر نین و تەنیا وشە ڕیز کردنن و هیچ مانا و چێژێکى شیعرییان نییە و بنووسى ئەو چەند وشانە تەنیا خۆى خاڵیکردۆتەوە و ئەو وشانەى خستووەتە پاڵ یەکتر و ناوى ناون شیعر!
بەهار هات و
زستان بارگەى پێچایەوە
زەوى کاڵاى سەوزى پۆشى
نێرگز و بەیبوون ڕوایەوە
چیا مەندیلى سپى فڕێدا
جۆگە و کانى ژیایەوە.(1)
ئەم دەقەى سەرەوە بەر لە هەموو شتێک خاڵییە لە هەرچى شیعریەتە، چەند وشەیەکى ئاساییە و نووسەر وەک هەواڵێک ڕایگەیاندووە، وەک داڕشتنێکى قوتابییانى قۆناغى بنەڕەتى وایە و هیچى تر.
ئەسپەکەم بووکى بەهارم
ئاى کە جوانى لەبەرچاوم
هەچەن جارێ لێت ئەڕوانم
ئەبیە هەوێنى خەیاڵم
نییە وەک تۆ لەبەرچاوم
بڵێى ئەسپى ئەرخەوانم
بەڵام سووربى یار ئەرخەوان
هەچەن جوانبى لەبەرچاوان (2)
لەو دەقەیاندا ئەگەر سەرواکان لابدەین کە (بەهارم، چاوم، ئەڕوانم ، خەیاڵم، چاوم ، ئەرخەوانم، چاوان، ئەرخەوان) تەنیا چەند قسەیەکەمان گوێ لێدەبێت و هیچى تر، ئەوەى تۆزێک ترپە و ئاوازى داوەتە شیعرەکە ئەو سەروایانەن، ئەویش تەنیا وەک خوێندنەوە ئەگەرنا هیچ چێژ و جوانى و شیعریەتێک نابینیت.
کەتۆم خۆش ویست
هەرچى گلۆپى
سەرتەلى شەقامە
ئیرەییان دەبرد
بەو عیشقە ساوا زۆر بەتامە. (3)
ئەو چەند ڕستەیە لە بەندى بەندبێژان دەچێت و پەیوەندى بە شیعرەوە نییە. لە هەرچى جوانى و شیعریەت و ئێستاتیکایە خاڵییە. دەقى شیعرى ئەبێ خاسیەت و تایبەتمەندى خۆى هەبێ و چێژ و مانا و جوانى پەخش بکات.
ئەى کچەکەى ڕووبارى بەفر
خەڵوەتگاکانى ئەم بەهارە
دەروێشەکانى بەفر
تەونەکانى ئاوریشم
شوێن هەڵگرانى ماچ
هەموویان دەڵێن
عەشق
لەدووکەڵى جگەرە دایە
ناونیشانى خۆڵەمێشە.(4)
ئەم وشانەى سەرەوە هیچ شیعریەت و چێژێک نابەخشن و بەهیچ جۆرێک ناکەونە سنوورى شیعرەوە.
لەم سەردەمەدا وشە ڕیزکردن لەفۆڕمى شیعر (یان شیعرى وشە ڕیزکردن) بۆتە دیاریدەیەکى سەردەم.(5)
بەداخەوە ئەو جۆرە وشە ڕیزکردن و ئەو ڕستە بێ سەروبەرانە وایان کردووە شیعر لەبەرچاوان بکەوێ و خوێنەرى شیعر لە شیعر بتۆرێ بەهۆى ئەو بێ سەر و بەرى و بێ سانسۆرییەى لەبوارى چاپکردن بۆ شیعر هەیە.
بەپێى قسە و بۆچوونى ڕیچارد هێڕبێت ئەو دەقانەى سەرەوە هەرگیز بەلاى شیعردا ناچن، بەڵکوو زۆر دووریشن لە شیعر چونکە ئەو پێى وایە و دەڵێ: ( شیعر هونەرێکە مەبەستى ئەنجامدانى گەورەترین چێژبەخشینە بە گوێگر))(6) کەواتا ئەو دەقانەى سەرەوە کە خاڵین لە چێژ ، لە وشە ڕێزکردن زیاتر هیچى تر نین. چونکە هەڵگرى هیچ یەکێک لەخەسڵەت و تایبەتمەندییەکانى شیعر نین.
زۆربەى لێکۆڵەر و نووسەرانى بوارى شیعر لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعر دەبێ چەند تایبەتمەندییەکى هەبێت بۆ ئەوەى بچێتەسنوورى شیعر و لەبازنەى شیعربووندا جێگاى خۆى بکاتەوە، یەکەمین خاسیەت و تایبەتمەندیش بریتییە لە زمان، بەڵام چەندى دیقەت دەدەم و لێى ورد دەبمەوە لەو دەقانەى سەرەوە بەهیچ شێوەیەک کار لەسەر زمان نەکراوە بەڵکوو بەزمانێکى زۆر سادە و ئاسان چەند وشەیەک لەدواى یەک ڕیزکراون و خراونەتە پاڵ یەکتر و ناویان ناون شیعر!
حوسێن لەتیف لە کتێبى عەقڵى شیعریدا دەڵێ:(شیعرى نوێ لەڕێگەى تەم و مژەوە لە ڕێگەى بەپەنهانى گوتنى شتەکانەوە دەیەوێت ڕێگرى لە گشتیبونەوەى خۆى بکات. وەکو چۆن فەلسەفە بە زمانى ئاسان ناوترێتەوە شیعریش بە زمانى سادە و ڕوون نانووسرێت).(7)
ئێستا با سەیرى دەقێکى تر بکەین و بزانین چۆنە؟
توامەوە وەک مۆم
لەبەردەمى خۆم
ڕێ بەدى ناکەم
نە بۆ لاى چەپ و
نە بە ڕاستەوە
بەدەست هەستەوە
ئەقڵم وەستاوە
بەدیار گزنگى
بەیانى چاو مەستەوە
سێبوریم نایە
بەم هەڵبەستەوە.(8)
شیعریەت و ئێستاتیکاو چێژى ئەم چەند وشە بە دواى یەک هاتووە لەکوێییە؟
درەنگ هاتى نامیلکەیەکى ترى یەکێک لەو بەناو شاعیرانەیە کە پڕیەتى لە هەڵەى ڕێنووس و مانا و ڕستەسازى، نووسەرى ئەو نامیلکەیە نەدەبوایە هەرگیز ئەو وشە سواو و سادانە چاپ بکات بەڵکو دەبوایە بوەستێ و زیاتر بخوێنێتەوە و ئینجا بەقوڵى بچێتەنێو دونیاى شیعر، چونکە ئەو نووسەرەى لە شیعر تێ نەگات و نەزانێ خاسیەت و تایبەتمەندییەکانى شیعر چۆنن ناتوانێ ببێتە شاعیرێکى سەرکەوتوو، بەڵکوو وەک نووسەرى چەند وشەیەکى سادە و بێ مانا و سواو و بێ چێژ دەناسرێ.
سەیرى ئەم دەقە بکەن و خۆتان بریارى کۆتایى لەسەر بدەن.
لەو ڕۆژەى منت تەنیا کردوە
برواکە خۆشیم بەچاوان نەدیوە
وەک عاشقان جێژوانم نەبینیوە
لەبەر کۆمەڵگا لەدوورەوە تۆم بینیوە
بریار دەدەم دواى تۆ چاو و دڵم کوێر بکەم
تا قیمەت دڵ بەکەس خۆش نەکەم .(9)
ئەو دەقە جگە لەوەى بێ چێژ و جوانییە، پڕ لە هەڵەى ڕێنووسیشە، شیعر بە بچوکترین هەڵەى رێنووس مانا و واتاى وشەکان دەگۆڕێ بەڵام ئەم برادەرە لەو نامیلکەیەدا یەک دەقى نەنووسیوە بەبێ هەڵە.
ئەم جۆرە دەقە و دەیان و سەدانى ترى وەک ئەمە پێیان ناوترێ شیعر بەڵکوو چەند وشەیەکى لەدواى یەک هاتووى بەجۆرێک لەسەروا بەستراونەتەوە، ئەویش بەبێ ڕیتمێکى خۆش و چێژ.
(مەرجى شیعریەتى هەر دەقێک دەربرینى ناباو، وێنەى ناباو ، تێماى ناباو ، گوتنى بە تەم و مژە، کاتێک بەر تێکستێکى شیعرى دەکەوین کە هیچ کام لەمانەى تێدا نییە، ئەوا جۆرێک لە نائومێدى سەرهەڵدەدات)(10) لەلاى خوێنەر بەرامبەر بە شیعر.
ئەگەرچى شیعر لەسەردەمى ئێستادا زۆر و بۆرە و بەرهەمى کرچ و کاڵ زۆرە و لەبەرامبەریشدا بەرهەمى جوان و باش و پڕ چێژ و جوانى هەن و ئەوە ناگەیەنێ کە بەرهەمە جوانەکان پشت گوێ بخەین و وەلایان بنێین، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ بەرهەمێک لاى من جوان بێت بەلام تۆ پێت باش نەبێت و هیچ چێژى لێ نەبینیت بەڵام ئەمەش ڕێژەییە و زۆربەى شیعرى باش و پڕ چێژ و جوان خوێنەر بۆ لاى خۆى ڕادەکێشێت. کەواتا ئەو شیعرەى چێژ و تامێکى تایبەت دەبەخشێت لە خوێندنەوەدا ئەوەیان خوێنەر گۆش دەکات و مەیلى خوێنەر بۆخۆى دەبات، وەبە پێچەوانەوەش بۆ شیعرى خراپ و بێ چێژ و مانا. بۆیە لەم بارەیەوە نووسەر و لێکۆڵەرى بوارى شیعر ئارام سدیق دەڵێت: دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە هەموو دەقێکى شیعریى وەکوو یەک بەر خوێنەر ناکەوێت. هەر دەقێک بەجۆرێک بەر خوێنەر دەکەوێت، چونکە نهێنییەک لە زمان و وێنە و تەکنیک و ئایدیاى دەقەکەدا هەیە.(11)
کەواتا هەموو لێکۆڵەر و شیعر ناس و شیعر دۆستان لەسەر ئەو ڕایەن کە تایبەتمەندى سەرەکى و بنەماى شیعرى باش زمانێکى باش و پڕ وردەکارى و کارکردنە لە بۆتەى زماندا لەناو شیعردا هەروەک پۆل ڤالێرى دەلێت: (شیعر زمانە لەڕێگاى زمانەوە)(12) ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە شیعر بە زمانێکى پوخت و پڕ لە هونەر و تەکنیک و کارکردنێکى ورد لەسەر زمان دەبێتە شیعر .
لەگەڵمانبن و با سەیرى نموونەیەکى تر بکەین لەو دەردە دڵانەى کە قسە هەڵدەگرێت و نابێت پێى بوترێت شیعر بەڵکو دەقێکە خاڵى لە چێژ و تەکنیک و جوانى. ئەوەتا نووسەر دەڵێت:
ئەى خواکانى جوانى
هەواڵێ بنێرن
بۆ ئەو دڵارامە
کەوا ئارامى نەهێشتم
چ بەشە و چ بە ڕۆژ
کە لەو نامۆیە جێ ى هێشتم
ئەى خواکانى جوانى
دەزانن ووڵاتم
ئەو شوێنەیە یەکەمین جار کە هەناسە و ماچى پێ بەخشیم
ئەى خواکانى جوانى
من ڕازى دەبم بەشوانى
زۆر پەرۆشە دەردى دوورى
چی بکەم لەدەست مەجبوورى(13)
وەک خوێنەرێک چى چێژ و خۆشى و جوانییەکت لەو دەقە بینى؟
ڕاستە شیعرى نوێ پەیوەست نییە بە کێش و سەرواوە، بەڵام ئەبێ پەیوەست بێ بە زمانێکى قوڵى پڕ لە جوانى و وردەکارى زمانى و ڕەوانبێژى و تەکنیک.
لورانس پیرین دەڵێت : (شیعر گوشراوترین و چڕترین شێوەى ئەدەبە کە زۆرترین شت بە کەمترین وشەدا دەردەبڕێت).(14) کەواتا ئەبێ لە شیعردا زمان لە خزمەت واتادا بێت بەو مانایەى چرکردنەوەى زمان ببێتە هۆى دەربڕینى زۆرترین مانا بە کەمترین وشە، ئەمەش ماناى ئەوەیە ئەبێ شاعیر خۆى لە قوڵى و چڕکردنەوەى زماندا ببینێتەوە و دەقەکەى نووسیویەتى سنورى دەقێکى ئاسایی ببڕێت و بچێتە خانەى شیعریەت و شیعر بوون.
ئەوە نموونەیەکى تر دێنینەوە لەسەر ئەو قسانەى سەرەوەمان و بزانین ئەو دەقە بێ کێش و سەروایە چ چێژ و جوانییەکمان دەداتێ.
چ ڕێگایەک ؟
نەمئەزانى بۆ کوێم ئەبات !
بەناچارى گرتمە بەر
پێشبڕکێ بوو لەنێوان دڵ و
قاچە لەرزیوەکان و سەر
ڕێگایەکى دوورم بڕى
بینیم ئەوا ڕێنیشاندەرێک وێستاوە
دەڵێى بۆ چاوەڕوانى منە
لەو جێگەدا دانراوە
بەهێواشى لێى چوومە پێشەوە وتم:
من زۆر ماندووم
زۆر شەکەتم
زۆر ئەترسم ؟
فەرمووى لەچى؟
وتم : لە جڕ و جانەوەر .(15)
من نازانم ئەم دەقە چیرۆکە یان شیعر ؟
چونکە هیچ هەستێکى شیعرییەت و چێژێکى تێدانییە کە بیخاتە قاڵبى شیعرییەت، ئەم جۆرە دەقانە بە زۆر خراونەتە ناو سنوورى شیعرەوە و نووسەرى ئەو جۆرە دەقانە نازانم چۆن ڕێگا بەخۆیان دەدەن ئەو جۆرە وشە ڕێزکراوانە چاپ بکەن و شانازى پێوە بکەن!
یەکێک خۆى بەشاعیر بزانێ و بەرهەم چاپ بکات نابێ هێندە بێ ئەزموون بێت و هەر وشەیەکى کەوتە بەر زار بیان خاتە پاڵ یەکتر و ناویان بنێت شیعر، ئەمە خۆى کارەساتێکە لە شیعردا، ڕیزکردنى چەند وشەیەکى سادە و ڕەوان لە شێوەى چیڕۆک و بەسەرهاتێک نابێتە شیعر بەڵکو دەردەدڵێکە و نووسەرى ئەو دەقە لەگەڵ خۆیدا دەیکات، خوێنەر بەداخە بۆ ئەو کارەست و بەسەرهاتەى کە بەسەر ئەو برازایەى نووسەر هاتووە، بەڵام ناکرێ ئەو دەقە سادە و ساویلکە و خاڵى لە شیعریەت و چێژە بە شیعر ناوزەد بکەین. ئەوەتا خەرمان بەگزادە لە نامیلکەى (لەگەڵ ئازارەکانم)دا لە دەقێکى سەیر و چیرۆک ئاسادا دەڵێ:
شەوێ لە شەوانم
خەونێ ناخۆش بوە مێوانم
لەناکاو چاوم هەڵهێنا
بینیم بەیانییە
ووتم ئۆخەى، ئەمە خەونە
ڕاست نیە
کەچى نەمزانى لە پڕێکا
زەنگى تلفۆن لێ درا
ووتیان سنوور زۆر
سووتاوە
ئاگر لەگیانى دا بەربووە …
کە بیستم ئەم هەواڵە
خەریک بوو سەکتە بگرم
بەوەالڵە
دوورى وولات نەیدا
مرازەکەم
تا تیمارى کەم برینى
برازاکەم
بۆ ماوەى سێ چوار ڕۆژ
نزام دەکرد بەشەو
بەڕۆژ
تا یەزدانى گەورە
لێمان نەستێنێ ئەو گوڵە…
فرمێسک ڕژان و دوعاکانمان
نەیدا مرازى هیچ
لایەکمان
ئاخ ، داخى گران لەبەر
برینى قوڵ
ماڵئاواى کرد لێمان
سنوورى گوڵ (16)
لەکۆتایى ئەم بەشەدا ئەو دێڕە شیعرەى یەکێک لەو بنووسانەتان بۆ دەگوازمەوە کە خۆشى نازانێ چى نووسیووە و باسى چى دەکات!
خۆ شاعیر نابێ وەک مریشک بێ
تەنیا چەند پارچە شیعرێکى پێ بێ. (17)
تێبینى : لەو دەقانەدا هەڵەى ڕێزمانى و ڕێنووس زۆر هەیە بەڵام من وەک خۆیانم نووسینەوە بۆ ئەوەى خوێنەر بزانێ نووسەرى ئەم دەقانە چى خستووەتە بازاڕەوە.

کاروان حەسەن ـ هەولێر
(17-5-2023)


سەرچاوە و پەراوێز.
(1)رازى دڵ، بەختیار صادق پیرداود، چاپى یەکەم 2007، چاپخانەى رۆشنبیرى، ل 32.
(2)تحسین شێخ محمد، ڕێگا مەدەن، چاپخانەى شەهاب، 2011 ، ل 27.
(3)ئەیوب کوردى، تابلۆیەک ، چاپخانەى شەهاب ، 2105، ل 49.
(4) جیهانگیر حەمید بەرزنجى، ئێوارەیەک شیعرەکانم ناگەرێنەوە، 2021 ، ل 150.
(5)محسین ئەحمەد عومەر، مرۆڤێکى تر ، چاپخانەى شەهاب، چاپى یەکەم ـ 2011، ل 37.
(6) دەروازەى شیعر ناسین، جەمال حەبیب الله(بێدار) ، چاپى یەکەم ـ 2013، لەبڵاوکراوەکانى (نارین)، ل 18.
(7) حسێن لەتیف، عەقڵى شیعرى ، چاپى یەکەم ، 2021، چاپخانەى سەردەم ـ سلێمانى ، ل 34.
(8) باڵا و بەیسا ، ئاکۆ شارۆشى، چاپى یەکەم، 2020ـ سلێمانى ، ل 32 .
(9) درەنگ هاتى ، کاربین سەلام ، 2020، چاپى یەکەم ـ سلێمانى، چاپخانەى دیلان ، ل 48.
(10) حسێن لەتیف، عەقڵى شیعرى ، چاپى یەکەم ، 2021، چاپخانەى سەردەم ـ سلێمانى ، ل 25.
(11) ئارام سدیق، زمان و شیعریەت ، کارکردن لەسەر ئەزموونى شیعریى یازدە شاعیرى دواى ڕاپەرین. چاپخانە ئەندێشە، چاپى یەکەم ـ 2017 ، ل 8.
(12) لادان لە شیعرى لەتیف هەڵمەت دا ، ناز ئەحمەد حەمە سەعید ، سلێمانى ـ 2013 ، چاپخانەى بینایى ، ل 39.
(13)مۆفەق عەبدولواحد پیرداود، جارێکى تر ژانى غوربەت، چاپى یەکەم ـ 2015، چاپخانەى دارا ، ل 47
(14)شیعر و ئازادى ، هەڤپەیڤینى شاخەوان سدیق لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلى، ساڵى چاپ 2020، لەبڵاوکراوەکانى ڕێکخراوى زەریاب. ل 34.
(15) فریاد ڕەسەکەى ڕوحى من، کوێستان (غەمسار) چاپى یەکەم ـ 2011، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، ل 14 .
(16)لەگەڵ ئازارەکانم، خەرمان بەگزادە، چاپى یەکەم ـ 2015، کوردستان ـ هەولێر ، ل 25، 26.
(17)تحسین شێخ محمد، ڕێگا مەدەن، چاپخانەى شەهاب، 2011 ، ل 72.

Previous
Next
Kurdish