Skip to Content

کورتە چیرۆک/ پیتەکان چیمان پێ دەڵێن.. گۆران سەباح

کورتە چیرۆک/ پیتەکان چیمان پێ دەڵێن.. گۆران سەباح

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2022 General, Literature



١
شێت دەبم یەکێک تەماشام بکات کاتێ ددانم دەشۆم. ئەگەر بەڕێکەوت ببینم یەکێک ددانی دەشوات، هێڵنج دەدەم. چۆن ئەوە لەو کەسە بگەیەنم کەوا سبەی شەو مارەم دەکات؟
چۆنی تێبگەیەنم پاشی نوێژی عیشا دەخەوم، پێنجیش هەڵدەستم. نێرگەلە، جگەرە، کهول، درامای تیڤییەکان، میوانداری، گەشتی بە کۆمەڵ لە فەرهەنگی مندا نییە.
دەتەقم کاتێ یەکێک لەسەر تەلەفۆن دە جار دەڵێ، “چۆنی، وەزعتان، باشن، چی دەکەن، چی ناکەن، هەموو لایەک باشن ئینشاڵا، ئێ ماڵەوە چۆنن؟” یان بە ڕەتەڵ دەڵێ، “سەر چاو، سەر چاو، خواحافیز، خواحافیز، بەڕێزی، بەڕێزی، چاوی منی چاوی منی، بەساقە، لە خزمەتم.”
منێکی شەیدای منداڵ، خەون بە سەقامگیریی ماڵەوە دەبینم.
منێکی هونەردۆست، خوێنەرێکی رژد. چۆنی تێبگەیەنم من لەگەڵ کتێب گەورە بوویم، حەزم لە گفتوگۆی ئەدەبییە؟
وازم لێ بێنن مێردی هەر ناکەم. نەکردنیش بەڵایە. تازە تەمەنم سی ساڵە، خەڵکی دەڵێن هەر ساڵێکی دیکەیە منداڵیشی نابێت، کەس نایەوێت، پیر بووە. بیستوومەتەوە پێمیان گوتووە، “لێزبیەن”.
ئەوەی سبەی شەوێ مارەم دەکات باڵابەرزە، زوو هەڵدەچێت، مامۆستایە.

٢
کەر دەبم بە لەوچەلەوچی ئەدەبی و ئەو شتانە. دوژمنم کتێبە. بە نێرگەلە و بیرە نەبی، خەمم بە هیچ ناڕەوێتەوە. ئەوەی سبەی شەوێ مارەی دەکەم، کووی تێگەیەنم؟
منی ئالوودەی دڕاما بیانییەکان، مەزەی شەوانی درەنگ و خەوی سبەینان. بەخۆم مێشکم چووە لەگەر تەڵەبەی سەرەتایی. کەیفم بە مندار نایێ و نامەوێ.
لێمگەڕێن کیرم کیرم دەسووڕێمەوە. زەواجی چ. تاقەتی پرتەپرتی ژن و ئەو شتانەم نییە. داک و بابم لێمگەڕێن قەت ژنی ناینم. مەعاش بەشی خۆم ناکات، نۆبەتی ژن و مندارییە.
ئەوەی سبەی شەوێ مارەی دەکەم خین شیرینە، لەسەرخۆیە و تا سنفی دوازدەشی خیندییە.

٣
بیرەیەکی لە دەستە. لە بەرامبەری، قومێک لێ دەدات. ئەویش ددانەیلی دەشوات. بە بینینی ئەو بە بیرەوە، چاوانی زەق دەکاتەوە، بە “ئم ئم ئم” پێی دەڵێ لاچێت لەوێ.
“بچمە کێندەر؟” مامۆستا قومێکی تر هەڵدەدات. “تازە گەیشتمە ئەلقەی دووەم، ئەتوش وا دەنووی؟”
“ئم . . . ئم . . . ئم . . . “
“بەسە هەندە ئەو ددانانەت مەشۆ، چییان پێوەیە؟ ئەوشۆ زوو مەنوو، بێزار بووم بەتەنێ.”
ئاوی دەمی هێندە تووند تف کردەوە، یەک چاوی لێ نەبا، دەیگوت ئەوە یەکێکی داوەتە بەر تفان. چرت، بە تەنیشتیدا تێپەڕی، چووە ژووری نووستن، دەرگەی تووند پێوە دا و گڵۆپەکانی کوژاندەوە.
مامۆستا تەقییەوە.
٤
بیرەی هەشتەم. ئەلقەی کۆتایی. مامۆستا تەماشای سەعاتی مۆبایلەکەی دەکات. ١:٣٠ی شەو. بەلادا دێت. لە ژووری نووستن، تەماشایەکی خێزانەکەی و منداڵەکەیان دەکات. پاڵدەکەوێت. هەرکە چاوی لێک دەنێ، منداڵەکە دەست بە گریان دەکات. دایکی لە خەوی شیرین ڕادەپەڕێت و هەرچەندی دەکات پێی ژیر نابێتەوە.
مامۆستا دەبۆڵێنێت. ژوورەکە بەجێ دێڵێت.
ئەو دەتەقێتەوە.
٥
ت: تەقینەوە
ە: هەشبەسەر
ل: لێکبوونەوە
ا: ئازار
ق: قەلەندەر

Previous
Next
Kurdish