Skip to Content

ڕاگەیاندنێک لە کۆمسێۆنی کاروباری کرێکارانەوە

ڕاگەیاندنێک لە کۆمسێۆنی کاروباری کرێکارانەوە

Closed
by ئه‌یلول 19, 2022 General

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:

ڕەشنوسی یاسای کاری حکومەتی هەرێم، بە یاسایی کردنی
به‌تاڵانبردنی هێزی کار و ڕوتاندنەوەی کرێکارانە!

بەدوای سی ساڵ لە نەبوونی یاسای کارێک بۆ کرێکارانی کوردستان، ئەم ڕۆژانە حکومەتی هەرێم ڕەشنوسی یاسای کارێکی گەیاندە پەرلەمان و وەزیری کاریش لە یەکەم دەرکەوتنیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕەشنوسە “لە خزمەتی کرێکاراندایە و مافەکانی کرێکارانی دەستەبەرکردووە”. لەلایەکیتریشەوە، حزبەکانی نێو دەسەڵات و سەندیکاکانی سەر بەخۆیان، کەوتونەتە جوڵە و لە هەوڵی ئەوەدان لایەنەکان و فراکسۆنەکانی پەرلەمان لە پشتی کرێکاران و خواستەکانیانەوە ڕازی بکەن و ڕەشنوسەکە تێپەڕێنن. بەڵام ئەم ڕەشنوسه‌ بەدوای دەورەیەک لە سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری و بەدەستەوەگرتنی سیاسەتی لێگرتنەوە و هەژارکردنی کرێکاران و سیاسەتی هەڕاجکردنی “کەرتی گشتی” و باڵادەستکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەسەر هەلومەرجی کار و ژیانی کرێکاراندا لەلایەن حکومەتەوە، بەبێ پرسوڕاکردن بە نوێنەرانی ڕاستەوخۆ و بەشەکانی کرێکاران لە ناوەندەکانی کاردا، ئامادەکراوە. هاوکات ئەم ڕەشنوسە بەدوای هەڵوەشانەوەی دامەزراندنی مەرکەزی و پەسەندکردنی “یاسای وەبەرهێنان” دا دێت کە هەموو دەسەڵات و ئیمتیازاتێکی بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ خستەنەبەرکاری کرێکاران بەخشیوە و هەروەها لانی کەمی کرێی مانگانەی “کرێکارانی ناکارامە”ی بە٣٢٠ هەزار دیاریکردوە.. بۆیه‌ ئه‌م ڕه‌شنوسه‌ نەک هەر لانی کەمی ماف و ئازادیەکانی کرێکارانی لەبەرچاو نەگرتوە، بەڵکو سەراپا دژ بەکرێکارانە و دەیەوێت هێزی کاری کرێکاران بەتاڵان بەرێ و ڕوتاندنەوەی کرێکاران لەبەردەم کۆمپانیاکاندا بکاتە کارێکی یاسایی. ئەمەش نەک هەر باری ژیانی کرێکاران باشتر ناکات و ناتوانێ هیچ ئاستێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەنێوان کرێکاران و خاوەنکاردا دابین بکات، بەڵکو بە پەسەند کردنی ئەم ڕەشنوسەی یاسای کار، نەوە لەدوای نەوەی کرێکاران دەکاتە کۆیلەی خاوەنکار و کۆمپانیاکان، تا بەئارەزوی خۆیان هێزی کاریان بەتاڵان بەرێ و بیانڕوتێننەوە.
بەگشتی ئەم ڕەشنوسەی یاسای کاری حکومەت کە لە کۆمەڵیک بنەمای دژە کرێکاریی سەرچاوەی گرتووە، هەموو مادە و بەشەکانی ڕووی لەوەیە کە دەسەڵاتی کۆمپانیاکان بەسەر کرێکارانەوە، تا سەرئاستی چەوسانەوە و ڕوتاندنەوەی بێسنور و کۆیلەکردنی کرێکاران بە یاسایی بکات تا چاوچنۆکی و قازانجپەرستی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران بەوپەڕی ئاستی خۆی بگەیەنێت. بەتایبەتی کە:
١/ ئەوەی کە حکومەت لە پڕۆژە یاساکەدا، خۆی وەک “ڕۆڵی نێوەندگیری” لەنێوان خاوەنکار و کۆمپانیاکان و کرێکاراندا، نیشانداوە، بەڵام ماددە و بڕگەکانی یاساکە بە ڕۆشنی لایەنگری لە خاوەنکارو کۆمپانیاکان دەسەلـمێنێ وهەوڵیداوە بە قازنجی چینی سەرمایداران هێزی کاری هەرزان و کرێکاری ێیدەنگ بە یاسایی جێگیربکات. بەدڵنیایەوە هیچ حکومەتێک ناتوانێ بێلایەن بێت، بەتایبەتی بۆ حکومەتێک کە دەسەڵاتی ئەحزابێک نوێنەرایەتی بکات کە هەرخۆیان خاوەنانی سەرەکی کۆمپانیاکانی نەوت و دەرمان و بازرگانی و پڕۆژەکانی پیشەسازی و نیشتەجی بوون وخزمەتگوزاریەکان بن. حکومەتێکی ئاوا نەک هەر ناتوانێ چاودێرێکی بێلایەن و بەویژدان بێت لەنێوان خاوەنکار و کرێکاراندا، بەڵکو بەقازانجی کۆکردنەوەی داهاتو بەتاڵان بردنی ڕەنجی کرێکاران، تائەوپەڕی خۆی ڕۆڵ دەگێڕێت. دەستبەسەرداگرتنی موچەی ناچیزی کرێکارانی ژینگەپارێز لەلایەن کۆمپانیاکانەوە و ڕۆڵێک کە شارەوانیەکانی حکومەت و وەزارەتی کار و سەندیکاکانی سەر بە حزبەکانی ناوحکومەت لەم کێشەیەدا لەخۆیان نیشانیدا ئەم ڕاستیەمان پێدەڵێت.
٢/ ئەوەی لەڕەشنوسەکەدا هاتووە کە ئەم یاسای کارە بۆ “بونیادنانی ئابوری نیشتمانی” و “ڕۆڵی پێشەنگانە لەپێشەوایەتیکردنی پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری بە کەرتی تایبەت دەسپێردرێت”، بەڕۆشنی ده‌ریده‌خات کە ڕەشنوسەکە لەسەر بنەمای زامنکردنی ئازادی و مافەکانی کرێکاران، دەستەبەرکردنی باشبژێوی وخۆشگوزەرانی، سەلامەتی گیانی، فرسەتی کافی بۆ حەوانەوە و تەندروستی بەدەنی کرێکاران نەنووسراوە. لەکاتێکدا هەر یاسایەکی کار وەختێک لە قازانجی کرێکارانە کە بە ستانداردێکی کۆمەڵایەتی ئاستێکی گونجاو لەگەڵ داهاتی سەرمایە و خاوەن کارەکان بۆ کرێکاران دەستەبەربکات، ئەگەرنا ئەو یاسای کارە بەتەواوی دژی کرێکارانە. دیاری کردنی ٤٢ سەعاتکار لەهەفتەیەکدا، ٣٢٠ هەزار موچەی مانگانە، حساب نەکردنی دەورانی بێکاری، کەمی ماوەی پشو و مۆڵەتی ساڵانە، نەبوونی زەمانەتی تەندروستی، فێرکردن، سەفەر و هاتوچۆ، مافی خانەنشینی.. ئەمانە بێمافیەکی گەورەی بەسەرکرێکارانەوە کردۆتە یاسا. کرێکاران لە یاسای کاردا بەشوێن ئازادی و مافەکانی خۆیان و باشکردنی هەلومەرجی کار و ژیانیانەوەن نەک “بنیادنانی ئابوری نیشتمانی” ئەویش کە بە “ڕۆڵی پێشەنگانەی کەرتی تایبەت” سپێردرابێت.
٣/ ئەم ڕەشنوسی یاسای کارە، یەکلایەنە و بەبێ دەخاڵەت و حزوری ڕاستەوخۆی نوێنەرانی کرێکاری لە ناوەندەکاندا، لەلایەن حکومەت و سەندیکاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵات و بە دەخاڵەتی ڕێکخراوی کاری جیهانی و کەسانێکەوە نووسراوە و ڕای کرێکارانی لەسەر نەبووە و نییە. تەنانەت ئەگەر ڕای کەسانێکیش کە لایەنگری لە کرێکاران دەکەن وەرگیرابێت و پێشنیارێکیان بۆ باشکردنی یاساکە هەبووبێت، بەهیچ جۆرێک حسابی بۆ نەکراوە و بەتەواوی لاخراوە. یاسایەکی ئاواش بەدڵنیایەوە یاسای کارێکی سەرمایەدارانەیە و لە خزمەتی خاوەنکار وکۆمپانیاکان نووسراوە.
٤/ ئەم ڕەشنوسی یاسای کارە بە ڕۆشنی و ڕاشکاوانە، داننانێت بە ئازادی مانگرتن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران و کۆبوونەوە کرێکاریەکان لەناوەندی کاردا. بەڵکو وەک ئەوەی گەرەکیەتی کرێکاران بێدەنگ و سەرکوتکراو بەیاسایی بکات، مەسەلەی ئازادی ڕێکخراوبوون و کۆبوونەوەی کرێکاری قەدەغەدەکات و دەیخاتە گرەوی مۆڵەت وەرگرتنەوە لە خاوەنکارەکان. ئازادی “کاری سەندیکایی” ش کە لە ڕەشنوسەکەدا هاتووە، تەنها ئەو سەندیکا و دەزگایانە دەگرێتەوە کە سەر بە حزبەکانی ناو دەسەڵات خۆیەتی. ئەمە لەکاتێکدایە کە کرێکاران بۆ بەرگری لە ماف و خواستەکانیان تەنها چەکی مانگرتن و ڕێکخراوبون و کۆبوونەوەیان لەدەستدایە، کاتێک کە یاساکە ئەم مافە بەڕۆشنی ڕاناگەیەنێت، بە مانای ئەوە دێت کە کرێکاران تەنانەت مافی بەرگری کردنیان لەهەقی خۆشیان نییە.
٥/ ئەم ڕەشونوسی یاسای کارە، چینی کرێکاری کوردستان بەیەک پارچە سەیر ناکات و بەشەکانیان دابڕدابڕدەکات. بەتایبەتی کرێکارانی کەرتی حکومی لە دەرەوەی چینی کرێکار بە حساب هێناوە و بەشێوەیەکی زمنی بە یاسای ١٥١ی حکومەتی بەعس مامەڵە دەکات و کرێکارانی کەرتی حکومی کردۆتە فەرمانبەر. لەیەک وتەدا ئەم یاسای کارە تەنها کرێکارانی کەرتی تایبەت کە کار بۆ کۆمپانیاکان دەکەن لەبەرچاو دەگرێت و بە کرێکار حسابیان دەکات.
٦/ ئەم ڕەشنوسی یاسای کارە وەک ئەوەی کە زیاتر ڕووی لە کەرتی تایبەتە، بنەما سەرەکیەکەی پشتی بەستووە بە جێخستن و بەیاسایی کردنی کاری گرێبەست و كاتی، بەمەش زەمانەتی کار و کاری هەمیشەیی خستۆتە لاوە و لەلایەک مافی لەسەرکار دەرکردنی کرێکارانی داوە بە کۆمپانیاکان، کە هەر کاتێک گرێبەستەکان کۆتاییان پێبێت، بێکاریان بکات. لەلایەکی تریشەوە بێکاری دەکاتە شمشێرێکی بەردەوام بەسەر کرێکارانەوە. حاڵەتێکی ئاواش بەدڵنیایەوە نەک هەر فرسەتی دامەزراندن لەبەردەم ئامادەبەکاراندا ناهێڵێتەوە، بگرە ئەوان دەخاتە بەردەم کاری كاتی و خۆبەخش و ڕۆژانەوە.
٧/ یەکێک لە بنەماکانی ئەم ڕەشنوسی یاسای کارە، شەرعیەت دانە بە کاری مناڵان و نێوجەوانان. بەتایبەتی ڕەشنوسەکە بە ڕۆشنی و ڕاشکاوانە ناڵێت کاری منالان قەدەغەیە و هەرجۆرە کارپێکردنێکیان سزای یاسایی لەسەرە، بەڵکو باس لە “نەهێشتنی کاری مناڵان” دەکات، هاوکات بە ماددەیەکیش ١٥ ساڵی تەمەنی دیاریکردوە بۆ کاری نێوجەوانان. ئەمە بە یاسایی کردن و ڕەسمیەت دانە بە دۆخی ئێستا کە مناڵانی ڕاپێچی کاری ناچاری کردووە. هاوکات نەوجەوانانی ١٥ ساڵ لە خوێندن و سەرگەرمی دەردێنێ و دەیناخاتە بەر کارەوە تا حکومەت خۆی لە بەرپرسیاری خه‌رجی پەروەردە و خوێندنی مناڵان و نەوجەوانان بدزێتەوە و بیخاتەوە سەر شانی خێزانەکانیان.
٨/ لە کۆتاییدا ئەم ڕەشنوسی یاسای کارەی حکومەتی هەرێم، هاوشێوەی یاساکانی حکومەتی بەعس هەموو ئەو بێمافی و ڕوتاندنەوەیەی کە لە ماددە و بڕگەکانیدا خۆی هەڵگرتوە هەتاهەتایی دەکات، یالانی کەم حوکمی ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵ و زیاتری پێبەخشیوە و مەعلوم نییە کەی و کێ دەتوانێت هەمواری بکاتەوە. بە تایبەتی کە لە ڕەشنوسی یاساکەدا هیچ ماددە و بڕگەیەکی تێدا نییە کە کرێکاران بتوانن (بۆ نمونە هەرچوارساڵ جارێک) داوای گۆڕانکاری و هەموارکردنەوەی بکەن.
٩/..
ئێمە لە کۆمسیۆنی کاروباری کرێکاریی سەرەڕای ئەوەی کە ڕەخنە و سەرنجی وردترمان لەسەر بەشێکی زۆر مادده ‌و بەشەکانی ئەم ڕەشنوسەی یاسای کار هەیە کە حکومەت خستویەتیە بەردەم پەرلەمان، بەڵام بەپێی ئەو بنەما گشتیانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، پێمان وایە ڕەشنوسێکە سەراپا دژی کرێکارانە و تەنانەت کەمترین ئاست لە خواستەکانی کرێکارانی کوردستان و زامنکردنی هەلومەرجێکی گونجاو و ئینسانی کە لەگەڵ دۆخی کار و ژیانی ئەواندا بێتەوە لەبەرچاو نەگرتووە و ناتوانێت هیچ ئاستێک لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەنێوان کرێکاران و خاوەنکارەەکاندا دەستەبەربکات. هاوکات بانگەوازی کرێکارانی کوردستان و لایەنگرانی بزووتنەوەی کرێکاریی دەکەین کە ڕێگا نەدەن ئەم تاڵانچێتی وڕاوڕوتەی کۆمپانیاکان و سەرمایەدارن و حکومەتەکەیان، بکرێتە یاسا و ژیانی ئەمڕۆ و سبەینێی نەوەکانیانی پێ لە قاڵب بدەن. بەڵکو دەبێ بە هێنانەمەیدانی ڕیزی یەکگرتوانەی کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئامادەبەکار فشارەکان لەسەر حکومەت و پەرلەمان توند بکەینەوە و ئەم پڕۆژەیە پەک بخەین.

١٧/٩/٢٠٢٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish