Skip to Content

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکەوە.. دادیار ئازاد

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکەوە.. دادیار ئازاد

Closed
by شوبات 22, 2021 General


ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، پێشینەی ستەمی نەتەوەی سەردەستە بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا. بۆیە ئەم ڕۆژە و یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە، پتر بە کەڵکی ئەو زمان و نەتەوانە دێت، کە تارمایی و هەژموونی زمان و نەتەوەی باڵـادەستیان بەسەرەوەیە.
زمانی کوردی هەر لە باشووری کوردستاندا، لە دەستوری دەوڵەتدا وەک مافێک بۆ کوردی ئەو بەشەی عێراق جێگیرکراوە، دەنا هێشتا لە بەشەکانی دیکەدا، ئەم زمانە، چوارچێوەیەکی یاسایی لە سنوری دەوڵەتدا نییە.
کەواتە ئەم بۆنەیە بۆ کورد، پێویستە هەڵگری واتا و گوزارشتێکی جدی بێت، بۆ دەستگرتن بە زمانەکەی.
لە پەنای ئەم ڕۆژەدا، چەند سەرنجێک دەخەمەڕوو:
١- هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە، باشتر و پێشکەوتووتر نییە.
ئەمە ڕاستییەکی زمانناسییە. سۆسێر هەر زوو درکی بەو ڕاستییە کردووە، چەمکی پێشکەوتن و دواکەوتنی داوەتە پاڵ نەتەوە، نەک زمان. گوتوویەتی:
ئەرکی سەرەکیی بابەتی زمانەوانی ئەوەیە، لە هەموو ڕواڵەتەکانی ئاخاوتن بکۆڵێتەوە؛ جا ئەو زمانە لەلـایەن نەتەوەیێکی پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت، یان لەلـایەن نەتەوەیێکی دواکەوتووەوە.
لێ ئەوە هەیە: کە زمان پێویستە خزمەتی بکرێت، تا گەشە بکات و پێویستییەکانی خۆمانی لێ وەدەستبخەین، دەنا سیس و بێبەر دەبێت.
٢- ڕەخنەی زمانی، بۆشایی و کەلێنێکی گەورەی دونیای نووسینی ئێمەیە.
کتێب و توێژینەوەکانمان، هەڵەیان تێدان، هەڵەکان پاتەدەبنەوە، نەقشیان گرتووە، ناشکێرێن؛ کە پێویستە بشکێنرێن.
زانیارییەکانی نێویان، سنوردارن، نۆژەننەکراونەتەوە، پێویستە پڕشنگی دراوە زمانناسییە تازەکانیان بەربکەوێت.
لە غیابی ڕەخنەی زمانیدا، نووسینی باش و بێکەڵک تێکەڵبوونە و، خراپ نووسین نەبووەتە عەیبە؛ کە پێویستە ببێتە عەیبە و تاوان.
٣- برەودان بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی داتای ئەلکترۆنیی بۆ نووسین و وشەی کوردی، تا ببنە کەرەسە و سەرچاوەی توێژینەوە، بەتایبەت لە ناوەندە جیهانییەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندن و چاودێریی زمانان.
هاوکات برەودان بە هۆکاری دیگیتاڵی بۆ زمانی کوردی، تا بە شێوەیەکی ئاسان و ڕاست بخرێتە بەردەستی بەکارهێنەران و، داتاکانی زمانەکەشمان لە هەڵەی زۆر و زەوەند بپارێزین.
٤- بوونی ئەکادیمیای کوردی ئاماژەیێکی باشە، کە ئەو زمانە مشورخۆرێکی هەیە. بەڵـام پێویستە باشتر بە کار و ئامانجەکانی خۆیڕا بگات و ئەندامەکانی کۆشش بکەن، ئەکادیمیا مافی بەکارهێنانی دەستەڵـاتەکانی هەبێت. سەرباری ئەوەی پێویستیی بە پێداچوونەوە و نوێبوونەوە هەیە.
٥- باشە دەستەواژەی “زمانی دایک”، بۆ جێی بە “زمانی زگماک” لەقکرد! تێناگەم ئەمە لە بێئاگاییەوەیە، یان سۆزدارانە لەبەر خاتری ناوی “دایک” ئەمە وای لێ کراوە؛ یانیش باندۆری وەرگێڕانە! پێم وایە، دەستەواژەی “زمانی زگماک” لەڕووی بەکارهێنانەوە، لەمەوپێش لە “زمانی دایک” بە هەرمێنتر بووە و، من بۆ خۆم لە نووسینی “هەژار و عەلی حەسەنیانی و دیلـان”ـدا گەلێک جار بینیومە.

دادیار ئازاد

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish