
نه‌خۆشی ئایدیۆلۆژیا.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ئایدیۆلۆژیست، چ چه‌پ بێ چ ڕاست، مێژوو نابینێ؛ به‌ڵكو ئه‌و ته‌نها مێژووی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێ و پێی وایه به‌فیعلی مێژوو له‌و كاته‌وه (له كاتی په‌یدابوونی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه) ده‌ست پێده‌كا. له‌مه‌وه ئایدیۆلۆژیست تێڕوانینێكی هه‌ژارانه‌ی تاكڕه‌هه‌ندی هه‌یه و ناتوانێ مێژووی دوور و فره‌ڕه‌نگ ببینێ. له‌مه‌شه‌وه ئه‌و واقیع له قالب ده‌دا و ده‌یخاته قالبی بچووكی ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی خۆی. ئه‌مه‌شه وا ده‌كا، كه ئایدیۆلۆژیست ڕه‌تكه‌ره‌وه و توندڕه‌و بێ و گاڵته به فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی و دیموكراسیه‌تی بكا.
لای ئایدیۆلۆژیست هه‌ر شتێك (ڕایه‌ك) له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیاكه‌ی ئه‌و ناته‌با و ناكۆك بێ، وه‌ك تاوان لێی ده‌ڕوانێ. ئه‌مه‌ش كرۆكی سه‌ره‌تای دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆره (تۆقاندنه). تۆ سه‌یركه! نه كۆمۆنیزم (مۆدێلی ستالین)، نه نازیزم، نه ئیسلامیزم… له ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیه‌كه‌یان، هیچ ئایدیۆلۆژیا و ڕایه‌كی جیاواز قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵكو به تاوانی داده‌نێن: ئه‌ویان به ناوی چینی كرێكار و ئه‌وی دیكه‌یان به ناوی عرقی ئاری و ئه‌میشیان به ناوی خوا و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی… تاد.
ئینجا كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئایدیۆلۆژیست ئه‌وه‌یه، كه به پێوه‌ری ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی نه‌بێ، هه‌ستی مرۆیی (بۆ مرۆڤایه‌تی) ناجوولێ و نابزوێ. واته موسڵمان ته‌نها له‌گه‌ڵ ئۆمه‌تی موسڵمانان هاوسۆزه و چه‌پیش ته‌نها له‌گه‌ڵ چه‌پ و عه‌لمانیی. لێره‌وه ئایدیۆلۆژیا مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیا دابه‌ش ده‌كا، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای چین و دین و نه‌ته‌وه. ئایدیۆلۆژیا هێنده خۆی ته‌سك ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌م پۆلینكردنانه‌ش تێكده‌شكێنێ. واته ئایدیۆلۆژیا چین و دین و نه‌ته‌وه‌ش له قالبی خۆی ده‌دا و بچووكیان ده‌كاته‌وه بۆ پێناسه و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی. هه‌ربۆیه‌شه چه‌ندان بزاڤ و حزبی ئیسلامی و چه‌پ و كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی هه‌ن. ئه‌مه تومه‌ز ئایدیۆلۆژیا خۆی له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه داده‌نێ. له‌مه‌شه‌وه ئایدیۆلۆژیا خۆی ده‌كاته دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری پیرۆز. واته له ده‌ره‌وه‌ی قۆناغی مێژوویی و له ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه. واته ده‌بێته حه‌قیقه‌تێكی له كات به‌ده‌ری له ڕه‌خنه به‌ده‌ری ڕه‌ها. لێره‌وه ئایدیۆلۆژسیست به توندی دژی ڕه‌خنه‌یه و دژی ڕای جیاوازه.
به‌ختیار محه‌مه‌د