Skip to Content

بەربەریزمی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل ئایندەی مرۆڤایەتی تاریک دەکا!.. ئاسۆ کەمال

بەربەریزمی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل ئایندەی مرۆڤایەتی تاریک دەکا!.. ئاسۆ کەمال

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 13, 2023 General, Opinion

ئەگەر وەک مرۆڤ بڕوانینە ئەم شەڕە تەنیا مرۆڤ دەبینین کە دەکوژرێ، ئەمەش بنەمای هەڵوێستمانە لەم کوشتارە گشتیە کە جگە لە بەربەریزم هیچی تر نیە. پاساوی ئەم کوشتارانە بەوەی بۆ ڕەوایەتیدان بە سەرکەوتنی لایەک و ئاڵایەک و چارەسەری کێشەیەکە، ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئەم شەڕ و کوشتار و تۆقاندن و تیرۆرە بەدوایەوەیەتی!
هەفتەیەکە دوو هێزی تیرۆریست کەوتونەتە کوشتاری گشتی خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین. ئێمە وەک خەڵکی کرێکار و هەژار و ئازادیخواز دەبێ بپرسین ئەم بەربەریەتەیان لە پێناو چیدایە؟
حەماس لە ڕۆژی هەڵبژاردنیەوە،١٧ ساڵ لەمەوبەر، لە غەزە کەوتە تیرۆری حزبە فەلەستینیەکانی تری وەک فەتح تا دەسەلاتی تیرۆریستانەی خۆی لە غەزەدا داسەپاند. لەو کاتەوە تا ٧/١٠/٢٠٢٣ کە نزیک بە هەزار ژن و مناڵ و دانیشتوی ئیسرائیلی کوشتاری گشتی کردن، کاری لەسەر هێشتنەوە و درێژەپێدانی دەسەلاتی تیرۆریستانەی کردوە، نەک تەنیا لە غەزە، بەڵکو وەک پشتوێنە و بەشێکی قوتبی تیرۆریستی لە ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران و سوریا و حزب اللە و گروپە تیرۆریستیەکانی تری ناوچەکەی پێکەوە لە ستراتیژێکدا کۆکردۆتەوە. ئەم ستراتیژیە بریتیە لە پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی ئەم بەشە لە ئیسلامی سیاسی کە لەم ناوچانەدا دەسەڵاتدارە. دەسەڵاتی حەماس و حزب اللە و جمهوری ئیسلامی ئێران لە هەر شوێنکدا بن نوێنەری خەڵکی ئەو ناوچەیە ناکەن، بەڵکو ئەوانن کە ژیان و چارەنوسی ئەو خەڵکەیان کردۆتە بارمتەی سیاسەتی تیرۆر و سەرکوتی خۆیان. بونی حەماس لە ناو خاکی داگیرکراوی فەلەستیندا و دوژمنایەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلی داگیرکەردا هیچ لە تیرۆریست بوون و کۆنەپەرستی حەماس کەم ناکاتەوە و کردەوەی کوشتاری خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل لەم مانگەدا نیشانی دەدا کە ئەمە چ هێزێکی بەربەریە کە ئایندەی غەزە و ناوچەکە چەندە تاریکە و مرۆڤایەتی لە ژێر چ هەڕەشەیەکدایە لە سایەی ئەم هێزە و هاوپەیمانەکانیدا.
حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیلیش، دیوی دوەمی ئەم بەربەریزمەی سەرمایەداری ئەمڕۆ نمایش دەکا. کوشتاری خەڵکی سیڤیلی غەزە و بڕینی ئاو کارەبا و خۆراک لێیان لە ئێستادا تاوانێکی تیرۆریستانەی هاوشانی تاوانەکەی حەماسە و هیچی لەو کەمتر نیە. هێشتنەوەی داگیرکاری و ئاپارتیادی ئەم دەوڵەتە هەمیشە نائارامی و شەڕی کردۆتە بەشی خەلکی ئیسرائیل. بیانوی سەرکوتی تیرۆریزمی حەماس هیچ لە بنەمای سیاسەتی ئاپارتاید و دژی مرۆڤایەتی حکومەتە بورژوازیەکانی ئیسرائیل ناگۆڕێ و پاساوی ڕەوا بونیان نادات. ئەمە بەهیچ شیوەیەک بەرگری لە خەڵکی ئیسرائیل نیە، بەڵکو هێشنتەوەی ئەم خەڵکەیە لە سایەی دەوڵەتێکدا کە ئەمڕۆ نەک تەنیا بە هۆی داگیرکاریەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە پێشبڕکێی سەرمایەداری جیهانی لە قوتبی ئەمریکا و سعودیە و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا و کەنداودا خەریکی شەڕ و ململانێیە بۆ سازدانەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی بەرژەوەندی و نەخشە ئابوری و کاپیتالیستیەکانی کۆمپانیاکانی وزە و پاوانکردنی بازاڕ لەلایەن ئەم دەولەتە سەرمایەداریانەوە.
ئەمڕۆ ئەم گەرم بون و فراوانبونەوەی ئەم شەڕانە پێمان دەڵێن کە مرۆڤایەتی لەبەردەم دەورەیەکی نوێی بەربەریزمی سەرمایەداریدایە. هەربۆیە ئەمڕۆ بانگەوازی بە ئاشتی ژیانی حەماس و حکومەتی نەتنیاهۆ و گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینی نەتەوە یەکگرتوەکان بەر بەم هێزە بەربەریانە ناگرێت تا خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل نەکەنە قوربانی شەڕی تیرۆریستانەیان. کۆتایی هێنان بەم بەربەریزمە پێویستی بە خەباتێکی جیهانی هەیە کە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی دەبێ دەستی بداتێ تا لە ئایندەیەکی تاریک کە کێشمەکێشی ئەم هێزانە دەیسەپێنێ خۆی ڕزگار بکا. خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین لە جیاتی کەوتنە دوای ئەم هێزە بەربەری و تیرۆریستانە دەبێ دژی هەر دوو لایان ڕابوەستن و هەر دوو لایان لە دەسەڵات بخەن. ئەمە ستراتیژێکە کە زیاتر لە ٧٠ سالە پێویستی خۆی لە ئیسرائیل و فەلەستیدا سەلماندوە، ئەگەر خەڵکی ئەم ناوچەیە نەیانەوێ دەیان ساڵی تر لە سایەی دۆخێکی تاریکتری وەک ئەمڕۆدا بێ دەسەڵاتانە نەژین و چاوەڕیی مەرگ نەکەن. بانگەوازی ئاشتی و دامەزراندنی دوو دەوڵەت و هەر بەدیلێکی تر دەبێ کاری ئەم بەرە مرۆڤایەتیە بێت لە ئیسرائیل و فەلەستیندا، نەک چاوەڕوانی و لایەنگری لە یەکێک لەو بەرانەی حکومەتی ئیسرائیل و هێزە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی فەلەستین بین تا مل بە ئاشتی یان کۆتایی هێنان بە داگیرکاری بهێنن. ئەم ڕاستیە نەک بۆ فەلەستین بەڵکو بۆ ئۆکرانیا و ڕۆژئاوای کوردستان و هەر جەهەنەمێکی تری ئەمڕۆی شەڕی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان ڕاستە. مرۆڤایەتی لەبەردەم دەورەیەکی نوێی بەربەریزمی سەرمایەداریدایە. هەربۆیە یان بەربەریزم یان سۆشیالیزم و ڕزگاربون لە دەست سەرمایەداری ڕێگاکانی بەردەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین.

Previous
Next
Kurdish