Skip to Content

گه‌ل و حزبه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ ترازووی خۆپیشانده‌راندا …  ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

گه‌ل و حزبه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ ترازووی خۆپیشانده‌راندا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by كانونی دووه‌م 23, 2020 General



نزیكه‌ی چوار مانگه‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی شیعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران به‌رێوه‌ ئه‌برێت له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و باشوری عێراق خه‌ڵك ئه‌كوژیت وتا ئه‌مرۆش درێژه‌ی هه‌یه‌و جه‌ماوه‌ری راپه‌ریوو خۆپیشانده‌ران داویان كرد نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێست ده‌رببرێت به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كركه‌وتووه‌و بێده‌نگی هه‌ڵپژاردووه‌و خوێن شه‌قامه‌كانی به‌غداو شاره‌كان سووركردووه‌.
حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌ركرده‌ی حزبه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ رێی هه‌مه‌ جۆر هه‌وڵئه‌ده‌ن درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌یان بده‌ن و، به‌ دوای هه‌لێك ئه‌گه‌رێن له‌و ته‌نگژه‌یه‌ تێكه‌وتوون رزگاریان بێت و، تا ئێستا ده‌ستیان له‌ گرتن و كوشتن و فراندنی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵنه‌گرتووه‌و، داخوازییه‌كانیان جێبه‌جی نه‌كردووه‌وو، په‌ڵپ و بیانوو ئه‌گرن ئه‌ڵێن خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن ده‌ستی ده‌ره‌كییه‌وه‌ هان ئه‌درێن.
خۆپیشانده‌ران مۆڵه‌تیاندا به‌ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن داخوازییه‌كانیان جێبه‌جی بكه‌ن و حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌ڵینیاندا ئه‌و داخوازییانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن وه‌لێ مۆڵه‌ت ته‌واو بوو كاربه‌ده‌ستان هیچیان پێنه‌كرا جگه‌ له‌ فشارخستنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و گرتن و كوشتنیان بۆیه‌ خۆپیشاندانه‌كانی پێرێ و دوێنی جیاواز بوون له‌ رۆژانی تر خۆپیشانده‌ران به‌ هه‌مه‌مان گروتین كار ئه‌كه‌ن بۆ به‌رگری له‌ مافه‌ ره‌واكانیان و ، به‌ هۆی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ گڵاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات گرژی و ئاڵۆزی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزی ئه‌من و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیانه‌وه‌ دروست بوو چه‌ندین كوژراو برینداری لێكه‌وته‌وه‌ و، وته‌بێژه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف به‌ روون و ئاشكه‌را وتی : ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌رپشك كردووه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی رێگایان ئه‌گرن و داموده‌زگای حكومه‌ت دائه‌خه‌ن و، له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ره‌فتارو ئاخافتن ‌ گوفتاره‌ نابه‌جێیه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی خۆپیشاده‌ران بریاریاندا له‌ گۆره‌پانه‌كان بمێننه‌وه‌ و ریگا سه‌ره‌كییه‌كان دابخه‌ن و، سوورن له‌ سه‌ر داوای چاكسازی وباشتر كردنی خزمه‌تگوزاریی و به‌گژدا چوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دابینكردنی هه‌لی كارو، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دوێنی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق عادل عەبدولمەهدی له‌ پاش گرتن و كوشتن و خوێنرشتن رایگه‌یاند: عیراق له‌ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌بارێكی ئاڵۆزدایه‌، وڵاتیش له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی خۆی و ده‌وڵه‌تانی تردا له‌دۆخێكی ناهه‌مواردایه‌و ، .ئاماژەی بەوەكرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نایانه‌وێت بكه‌ونه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ توندوتیژی له‌دژی خۆپیشانده‌ران به‌كاربهێنن و، به‌م قسه‌ مفتو بێ بایه‌خه‌ عه‌بدولمه‌هدی خۆڵ ئه‌كاته‌ چاوی خه‌ڵكه‌وه‌و، خودی خۆی به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌ كوشتنی خۆپیشانده‌ران و، ئه‌وه‌ته‌ وته‌پێژه‌كه‌شی هانی ئه‌من وپۆلیس وسوپا ئه‌دات بۆ كوشتن و خوێنرشتن.
له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئوكتۆبه‌ر { تشرینی یه‌كه‌م} سه‌دان هه‌زار عێراقیی له‌ نه‌ته‌وه‌و چین و توێژه‌ جیاوازەکان هاتنە سه‌رشه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی هیوا بۆ ئایینده‌یه‌كی باشتری بێ گه‌نده‌ڵیی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبیی و ده‌ستوه‌ردانی بێگانه‌، بەڵام له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كوشتن و برینداركردنی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیی خواز به‌رده‌وامه‌و، به‌ هۆێ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانه‌وه‌ حكومه‌ت به‌ڵێنەکانی رابردوو جێبه‌جی ناكات و، كات ئه‌كوژێت بۆ مانه‌وه‌و ، بیری چووته‌وه‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی گرتن وكوشتن بۆ كپكردنه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان هه‌رگیز مایه‌ی قبوڵ نییه‌ و پێویسته‌ لێپێچینه‌وه له‌ گه‌ڵ تاوانباران بكرێت و بدرێنه‌ دادگاو،به‌رپرسی سه‌ره‌كی عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگیری عێراق فالح فه‌یازه.‌‌
سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌ودایه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌ركرده‌ی لیستی سائرو‌ن تا دوێنی دژ به‌ نه‌یاره‌كانی بوو وه‌ك نوری المالكی و هادی العامری و نه‌وه‌كه‌ی ئایتوڵلا حكیم و ئه‌وانی ترو، داوای له‌ خه‌ڵك ئه‌كرد برژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و، به‌ڵێندا چه‌كه‌كانی مێلیشاكه‌ی به‌ ناوی ( سه‌رایا ئه‌لسه‌لام) بداته‌وه‌ به‌ حكومه‌ت به‌ڵام چه‌ندین كه‌ره‌ت چووه‌ ئێران و، له‌ دوای كوشتنی قاسم سلێمانی و ئه‌بو ئه‌لموهندیس به‌ ناوی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی چووه‌ ئێران و، له‌ پاش به‌ خاك سپاردنی سلێمانی ئێران سه‌رۆكی حزبه‌ شیعه‌كانی كۆكرده‌وه‌و، له‌وێ به‌ره‌یه‌كیان دروستكرد بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی هێزی ئه‌مریكا و بیانی و ده‌ركردنیان و موقته‌دا سه‌در بۆ سه‌رۆك و فه‌رمانده‌ی ئه‌و تاقمه‌ و، له‌ هاتنه‌وه‌یدا داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی كردو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شیعه‌ توندره‌وه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی ترو ، هه‌رچی ئۆتۆمبێلی پاریزگاو شاره‌وانییه‌كانه‌ ته‌رخان كراون بۆ خه‌ڵك گواستنه‌وه‌ بۆ شاری به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی جه‌نه‌راڵ موقته‌دا ئه‌لسه‌در به‌رێوه‌ بچێت و ، ئه‌م كاره‌ش هه‌وڵێكی تره‌ بۆ لاوازكردنی خۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوی مه‌یدانی ته‌حریرو و گورپانه‌كانی شاره‌كان.
ئامانجی سه‌ره‌كی و بنه‌ره‌تی بانگهێشتی موقته‌دا سه‌در بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی رۆژی هه‌ێنی (24/1/2020) لێدانی خۆپیشاندان و راپه‌رینی خه‌ڵكی عێراقه‌ چونكه‌ سه‌رئێشه‌یان بۆ رژێمی ئێران دروست كردووه‌و، له‌ سه‌ركه‌وتنیاندا نه‌خشه‌ی جیوسیاسی ناوچه‌كه‌ ئه‌گۆرێت و، درز ئه‌خاته‌ ناو رژێمی ئێران و، له‌م كرده‌وه‌ مناڵانه‌ سه‌در وه‌ك جاشی ئێران سه‌یر ئه‌كرێت و ، هانده‌رێكی ئه‌كتیڤه‌ بۆ كوشتن و خوێنرشتنی ژنان و پیاوان و لاوانی عێراق‌ .
میلیشیاكانی شیعه‌ سه‌رشۆری رژێمی ئێرانن و، ئه‌وانه‌ی له‌ قوم كۆبوونه‌وه‌ هه‌رشه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریوی عێراق ئه‌كه‌ن و هه‌وڵئه‌ده‌ن گۆره‌پانه‌كانی ته‌حریرو وه‌سبه‌و گۆره‌پانه‌كانی شاره‌كان دابخه‌ن و ناوو ناتۆره‌و كاری نه‌شیاو ئه‌خه‌نه‌ پاڵیان و، موقته‌دا سه‌در وه‌ك خۆی باسی لێوه‌ ئه‌كات، ئه‌یه‌وێت ئه‌مریكای داگیركه‌ر ده‌ربكات و، ئه‌وه‌ی له‌ بیرچووه‌ته‌وه‌ خوێ و ئیسلامییه‌كانی شیعه‌ی یاوه‌ری ئه‌مریكا هێنایانیه‌وه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵات و، ئه‌مریكا له‌ دوای رۆخانی سه‌دام حوسه‌ێن له‌ ساڵی 2003 وه‌ له‌ عێراقدایه‌ و، موقته‌دا بۆ نیازپاكی “” سوپای مه‌هدی”” سركردو میلیشیلكانی شیعه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بنكه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق به‌ڵام ئێستا ئێران گیرۆده‌ی گه‌مارۆ بووه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌و، ئه‌مریكا له‌ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ئێران درۆستكردووه‌ بۆیه‌ شیعه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌م كرداره‌یان نیازیان وایه‌ باری ئێران سوك بكه‌ن.
ئه‌وانه‌ی له‌ ئێران كۆبوونه‌وه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌رێكه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌رۆكه‌كانی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌ر هه‌موویان كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌له‌كه‌‌ سه‌ماو هه‌ڵپه‌ركی و هه‌ڵهه‌ڵه‌ لێدان و بانگهێشتی دۆست و لایه‌ن و ئه‌ندامانیان ئه‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی موقته‌داو، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ به‌ چاودێری و نه‌خشه‌ی دارێژراوی پێشوه‌خت له‌لایه‌ن پسپۆرانی سه‌ربازی ئێرانه‌وه‌ دانراون و ئه‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها ده‌ستی ئێران له‌ عێراقدا واڵا بێت و، ئه‌یانه‌وێت ریزی هێزه‌كانی خۆپیشانده‌ران و راپه‌رینه‌كه‌ی ئوكتۆبه‌ر كه‌رت بكه‌ن و به‌ سه‌ریاندا زاڵ بن.‌
هیزی دواكه‌و و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌رچی بكه‌ن ناتوانن رێره‌وی راپه‌رێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خه‌ڵكی عێراق راگرن و، سه‌ره‌رای توندوتیژی و كوشتن و زیندانی كردن و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ و ترس و چه‌واشه‌كردن گۆرانكاری روو ئه‌دات و، سه‌ركه‌وتن ته‌نها بۆ گه‌له‌.
22/1/2020
:

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress