
حەسەن زیرەک وەک ئەفسانەبێژێک .. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
حەسەن زیرەک هونەرمەندێکی زۆر هونەربوو، جگە لە دەنگخۆشی و شاعیری و ئاوازدانەری و خاوەن گوتنیکی پڕئاواز و هه مە ڕەنگیش بوو، گۆرانی بە زمانی کوردی و زۆربەی شێوە زارەکانی گوتووە، هه روەها بە زمانی( فارسی و ئازەری و ترکمانی و ئەرمەنی و عەرەبی) یش گۆرانی گوتووە ، شارەزاییەکی باشی هه بووە لە ناسێنی ئامیرە مۆسیقیەکان ، لە کتێبەکەی (چریکەی کوردستان ، چ ١٩٦٦) بە شێعر زۆر بە سەرکەوتوویی باسی دەنگ و تایبەتمەندیەکانی ژمارەیەکی زۆر لە ئامێر مۆسیقیە ڕۆژ هه ڵاتی و ڕۆژئاواییەکان دەکات، دەفلێدەرێکی کەم وێنە بوو.(١) ئەکتەری شانۆبووەو لە سلێمانی هاوبەشی چەندین شانۆگەری کردووە ! وەک ئەکتەرو گۆرانیبێژ ، لە ڕادیۆی کرماشان هاوکاری چەند بەرنامەیەکی کردووە ، ئەویش بە ئەکتەری و گۆرانیبێژی ! میدیای زەندی باسی ئەوە دەکات کە زیرەک لە بەرنامەی ( ئێمەو گوێگرەکان) هاوکاری کردووە ، هه روەها لە تەمسیلیەکی ڕادیۆیی شەش ئەلقەیی هاوبەشی کردوون . بەداخەوە ئەوتۆمارکراوانە تا ئێستا بێ سەرو شوێنن ! جگە لەوەش هه رکاریکی کردبێت ..سەرکەوتوانەو هونەرمەندانە کردوویەتی، میرزاکەریم خۆشناو دەڵی: کە سەرتا( کانی مەلا ئەحمەد) ی وەرگرت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکات، کانیەکە دەورو بەری زۆپیس و ناریک بوو، جێی وەستان و پاشماوەی ئاژەڵان بوو،زیرەک لەماوەیەکی کەم دا زیرەکانە وای لێکردبوو نەتدەناسیەوە! هێندە جوان و خۆش و ڕازاوە بوو. دیسان لە باسی (میوانخانەی سێ ئەستێرە) ییەکەی شاری سەقز ، هه ر میرزا کەریم دەگێڕیتەوە و دەڵێ: میوانخانەکەو چێشتخانەکەی زۆر پاک و خاوێن بوو شاگردەکان هه موو بەروێنکەیان بەستبوو!
هه روەها زیرەک پیاوێکی مەجلیس خۆش بووەو دەم و دوێکی شیرینی هه بووە ، بە ڕادەیەک کە قسەی کردووەو بەسەرهاتی گێڕاوەتەوە خەلک هێندەیان پێخۆش بووە ..خوازیاربوون هه ر قسەبکات و بەسەرهات بگێڕیتەوە! نەک گۆرانی بڵێ !! ، لەگەڵ ئەوەش پیاوێکی نوکتەچی بووەو خۆی نوکتەی سازکردووەو جوان و خۆشیش نوکتەی گێڕاوەتەوە . هێندە خۆشگۆو خۆش لوتف بووە ، کەبەسەرهاتە ناخۆشەکانی خۆشی گێڕاوەتەوە ، خەڵکی خستووەتە پێکەنین(٢) .
سەرەڕای هه موو ئەمانە (ئەفسانە بێژ) ێکی باشیش بووە (٣) ، لە ڤیدیۆیەکی چوار دەقیقەیی و چەند چرکەیی دا ، ئەفسانەیەک دەگێڕیتەوە بەناوی (ئەحمەدی بێ غەم!!)، بەداخەوە ساڵ و شوێنی گێرانەوەکە نازانین ، بەڵام، لەوەدەچێ لەساڵانی کۆتایی تەمەنی بێت ! چۆن لە کۆتایی ئەفسانەکە باسی مردنی خۆی دەکات دەڵێ: بەچی دەچێ بەستەریبم!! (٤) ئەو ئەفسانەیە ئەفسانەیەکی ناسراوو گرنگەو هه تا ڕادەیەکیش درێژە ، بەڵام ، زیرەک – لێرە لە ڤیدیۆکە دا- لە شوێنێک دەست پیدەکات کە زۆری لێ ڕۆیشتووە(٥) ،لەوە دەچێ سەرەتاکەی کرتابێت!
چەند دەقێکی ئەفسانەی ئەحمدی بێ غەم..
من خۆم بە منداڵی گوێم لەم ئەفسانەیە بووە ، ئێستاش جیهانە سەیرو گۆڕانە کت و پڕو خۆشیە بێسنوورەکان و دیمە نە پڕ ترسەکانم دێتەوە بیر ، باغی پەرییان و کلیلی چل ژوورو گرمەی دێوو هاژەی سیمورخ و شریق و باقی بروسکەو گرمەی گەوارەو شلپ و هۆڕی مەلەی پەرییان لە نێو ئاوو گریان و پێکەنین دەروێشکانم لە گوێ دا دەژیێتەوە! ئەوەش دەزانم ، ئەحمەدی بێ گەم دواجار لە غەمان دەمرێ ! وەک کۆتاییەکەی ئەفسانەکەی زیرەک . بەڵام ، لە دەقەکەی کتێبی ( ئەفسانەکان وادەگێڕنەوە) ی برای بەڕیز( دکتۆر عەبدوڵڵا خدر مەولوود)(٦) هێڵی حەقایەتەکەو کۆتاییەکە جیایە ! بەڵام ، بە مەزەندەی هه ردوو دوقەکە ، ئەوەی زیرەک دەیگێڕیتەوە ، کورتەیەکی کۆتاییەکەیەتی . هه رچەندە پاڵەوان ناوی ( ئەحمەد) ە، بەڵام ، هێمای کۆنی ئەفسانە کە بۆ زەمانێکی زۆر دوور دەگەڕێتەوە، ئەوەتە لە دەقی زیرەک پەری یان ژنەکە بە ئەحمەد دەڵێ : تۆ ئەو خودایەی دەی پەرستی، تۆ خاتری ئەو شتەی دەیپەرستی ! ئەوە بۆمان ڕوون دەکاتەوە ، ئەفسانە بۆ زەمەنی پێش ئاینی ئیسلام و دوورتریش پێش ئایینە ئاسمانیەکان دەگەڕێتەوە،کە هێشتا ئایینی خودا پەرستی سەری هه ڵنەداوە ، بەڵام ، بە هۆی کاریگەری ئایینی ئیسلام لە نێو کوردان..ئەوەتا پاڵەوان ناوی محەمەدەو ژنە محەممەدیش بەو خوداییەی سوێند دەدات کە دەیپەرستێ !
ئەفسانەی: ئەحمەدی بێ غەم !!(٧)
ئەفسانەبێژ: حەسەن زیرەک
(…) لەم ناوەدا عەییاشی کرد ،ئەم لا ڕۆیی، ئەو لا ڕۆیی،دنیا بەدەس خۆی بوو، نە دەروێشی پێبکەنێ، نە دەروێشی بگرێێ ، هه رباسێک ، ئایا بە هه ر ڕەنگێک ، ئایا هاودەردێک ، ئایا هاونشینێک، کەس نیە . ڕۆژێ دانیشتبوو زۆر بێ تاقەت بوو؛ ئایا من ئەو دەرکانە بۆ نەکەمەوە ؟ ئەم دەروێشانە خەرەفاون ! گا دەگرین گا پێدەکەنن! وەڵڵا بە زاتی خوا دەیکەمەوە ؛ وتی دەرگای کردەوەو شەقێکی لێدا..کە کردیەوە ، شەقێکی لیدا لە جیاتی ئەوەی بیکاتەوە ، گوتی ؛ ئایا تۆ چی ؟ دەرگا کرایەوە، هه ڵکەوت و چوارباغێکە ! نە بکەی نە بخۆی تەماشای سایەی گەردنی بکەی ، – قسەی قۆڕی قەدیمی ! وادی بەوادی تەختی مورادی ، ئومێدوارم بەگونی بارگینمان نەکات ! (٨) گوتی دەرگای کردەوە چووە ژوورێ ، سەرێک ڕۆیی تەماشای کرد ، ئەڵڵاه ئەڵڵاه ! لەم باغ و حەدیقە عەججایبە!؟ سەرێک ڕۆیشت ئەیویست بگەڕێتەوە ، عوقابێک ، بەقەولی ئێمە دەکاتە سیمرخی قەدیم ؛ شیزێکی پێداکردوئەحمەدی بردوو ڕۆی، هه ی بەرم دە ، هه ی دەتکوژم ! هه ی فلان ، فایدەی نەبوو بردی وڕۆیی و لە جێگایەک بە عەردی دادا ! خەیمە لەسەر خەیمە تەناف کێشرابوو، یەعنی خیوەت ، چادر سەتها هه زار خەیمە ، یەعنی خەیمەو چادر بەکوردی ، گوتی لەوێ دا – ئەحمەدی – لە عەردی دا ، دووسەت هه زار ژنی لێبوو.. خڕبوونەوە ، ئەو گوتی : بۆ من . ئەو گوتی : بۆمن ! زەمانێ دی بەینی عەردو عاسمان هه ورە تریشقە لێیدەدا ! یەعنی چەخماغە ! چەخماغەی دی لە گالیسکەیەکی زەڕین دێ ، دەڵی : چیتان داوە لەو بەنی ئادەمە؟ دەڵێ .. گەیشتێ تەماشای کرد ژنێکە ، خودایە چیت خەڵق کردووە ؟ بۆ بیکار بووی؟ ئەو گەوهەرەی بۆ من دروست کردووە ! بەتاو وەرەوە ، بەڵێ ؛ بەڵام ، تاوو ستایشی بوو . بەڵی قلیسکایەوە ! ئەم هه موو ژنە بڵاوەیان کرد . دەڵی : گەیشتێ و بە پێنج شەش ژنان دەستیان دایە ئەحمەد و نایانە نێو گالیسکەی زێڕین و گەڕانەوە دواوە . خاسەتەن .. پیرو وشک خەبەری نیە ! تەنیا خۆیەتی ؛ گوتی : ئەحمەد لەوێ سەلتەنەتی کرد . گوتی : ئەحمەد وادیارە تۆ پیاویکی تێگەیشتووی ! مەردو مەردانە سەروەت و سامانی من بۆ تۆ . ئەمان بەشەرتێک ..بۆ خاتری خودای ، کەتو ئەڵێی خودا پەرستم ! بۆ خاتری خودای بۆ خاتری ئەو شتەی کە تۆ دەیپەرستی ! ئەو دەرگایە مەکەوە . هه موو شتێ بۆ تۆ ، هه رشەوەی ئەوەندە کچە ، هه رشەوو ڕؤژێ ئەوەندە کچە. ئەحمەد گوتی : جا لەوە چاتر دەبێ ! – بەزیاد نەبێ !-
ڕۆژێ شابانۆ چوو بوو بۆ حەمام بارەگا خەلوەت بوو. ئەحمەد گوتی : ئایا لیرەش چاتر هه یە ؟ سڕێ نیە دەڵێ تۆش دەرکەی مەکەوە ! توشی ئەو تاوانە نەدەبووی، خانم دەڵێ: ئەم دەرکە مەکەوە . حەتمەن لێرەش چاتر هه یە ! شەقێکی لەدەرگا دا شکاندی ! چووە ژوورەوە ، پادشابوو کەس نەیدەتوانی بڵێ بۆ ئاوادەکەی ؟ چووە ژووروە قوربان باخ لەو باغەی باڵاتر ، گوتی : ئەها..ئەها کەسێکی تر هەر دەرکە دەشکێنم بۆ خۆشیەکی تر ! قوربان عوقاب هات ..پڕی دایێ چنگی لێدا نێوشانی گرت – ئەو نێوشانی بەدبەختی من !(٩)- بردیە هه مان جێگاو فڕێی دا! ئەحمەدی بێ غەم بەو ئاهو ناڵەوە لەوێ مرد !
ئەمما منیش مەعزەرەتم هه یە ، عەدم نیە ؛ بەڵی بە ئاهو ناڵەی زۆرەوە ئەمرم !! ئەمما فایدەی نیە ! بەسەری ئێوە ئەوەندەم خۆشی دیوە ، ئەوەندەم بەشارەت دیوە ، ئەوەندەم عێشق..بەکاری چ دێ ؟ بەستەری جێگابم ؟!
١٢/٢٠٢٠ – هه ولێر
تێبێنی :
(1) لە نێو ئامیر مۆسیقیەکان زیرەک وێنەی لە گەڵ دەف – دائیرە- دا هه یەو چەند کاسێتێکیشی هه یە کە خۆی گۆرانی دەڵێ و دەف لێدەدا ، میدیای زەندی خێزانی لە چاوپێکەوتنێک دا دەڵێ : زیرەک تەنیا دەفی لێدەداو جوانیشی لێدەدا.هه رچەندە مامۆستای بەڕێز (محەمەدی حەمەباقی) دەڵێ : زیرەک دەیزانێ عود لێبدات ولە بەندیخانەش عودەکەی لە گەڵ بوو، ئەو دەمەی زیرەک و مامۆستا حەمەباقی لە سلێمانی و کەرکوک پێکەوە زیندانی بوون .
(2) گوێ لە کاسێتەکەی ئەبوو سەباح بگرن کە باسی بەندیخانەو ئازارەکانی خۆی دەکات !
(3) وەک دەردەکەوێ زیرەک حەقایەت و ئەفسانەی زۆری زانیوەو وەک ئەوەی شارەزای هه موو فۆلكڵۆری کوردی بووە ، هه ر بۆیە پێدەچێ زیرەک لە جێگای تریش حەقایەت و ئەفسانەی گێڕابێتەوە ، تکایە هه رکەس دەنگی تۆمارکراوی زیرەکی لایە ، کە قسەی ئاسایی دەکات و حەقایەت دەگێڕیتەوە بڵاوی بکاتەوە .
(4) وەک دەردەکەوێ لەکاتی گێڕانەوەی ئەم ئەفسانەیە زیرەک نەخۆش بووەو لەسەرجێگابووە و چەندکەسێکی لایە ، دەنگیان دێت .
(5) ئەم ئەفسانەیە بە ناوی ئەفسانەی – ئەحمەدی بێ غەم – ە ،تکایە هه ر کەس تەواوی گێڕانەوەی ئەم ئەفسانەییەی بەتەواوی و تۆمارکراوی بەدەنگی زیرەک لایە ، گەورەیی بکات و بڵاوی بکاتەوە.
(6) کتێبی ( ئەفسانەکان وادەگێڕنەوە- کۆمەڵە ئەفسانەو حەقایەتێکی کوردەوارییە) کۆکردنەوە چاپکردنی عەبدوڵلا خدر مەولوود،چاپی هه ولێر-٢٠١٢
(7) ئەفسانەی ئەحمەدی بێ غەم ، لەسەر غەریزەی زانینی نهێنی و تەماعی زۆرتری خۆشی و جوانی و قەدەغەشکێنی دامەزراوە .
(8) زیرەک لە گێڕانەوەی ئەفسانە کە زۆر شارەزایانە ، ئەفسانەکە دەڕازێنێتەوەو بە تەعلیقی کورت و لە جێ خۆشتری دەکات و سەرنجی گوێگر بۆ خۆی ڕادەکێشێ.
(9) لێرە زیرەک خۆی بە ئەحمەدی بەدبەخت دەچووێنێ ودەڵی: چۆن عوقاب شانی ئەحمەدی گرت و لە خۆشیەکانی دوورخستەوە ،دەڵێ: منیش ئاوا بەدبەختی شانی گرتووم و بەو داخەوە دەمرم!!
(10) لینکی ڤیدیۆ دەنگیەکەی حەسەن زیرەک لە کاتی گێڕانەوەی ئەفسانەکە. https://www.facebook.com/aso.chaw/posts/496584850681217