یوسف عزه‌دین له‌هه‌ڤپه‌یڤینێكدا … سازدانی: وریا باقر
هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌ت وفره‌ڕه‌هه‌ند سه‌باره‌ت به‌هه‌ندێك له‌نهێنی و شاراوه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی عیرفانیی و دنیای ته‌سه‌ووف له‌گه‌ڵا رۆماننووس و نووسه‌ر “یوسف عزه‌دین”
شاعیر و عاریف “فه‌ریده‌ددینی عه‌تتار” سه‌باره‌ت به”لۆژیكی باڵنده”ه‌كه‌ی خۆی، ده‌فه‌رمووێت:
( ئه‌هلی وێنه نغرۆی زه‌ریای ئاخافتنهكانم بوون، ئه‌هلی ماناش پیاوانی نهێنییه‌كانی منن، ئه‌م هه‌ڵبه‌ستانه‌م خاسییه‌تێكی سه‌یریان هه‌یه، له‌هه‌ر ئان و ساتێكی جیادا مانای نوێ و جودا ده‌به‌خشن.. ئه‌گه‌ر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیته‌وه، ئه‌وه بێگومان له‌گه‌ڵا هه‌ر جارێكدا جوانتر ده‌بێت.. تا رۆژی قیامه‌تیش كه‌سێكی دیكه نابینیته‌وه، بتوانێ وه‌ك منی عاشق بنووسێت)
” سه‌دره‌ددینی شیرازی” سه‌باره‌ت بهپێوهندییهكانی خۆی و خه‌ڵكی، ده‌فه‌رمووێت:
( دووركه‌وتمه‌وه له‌تێكه‌ڵبوون و خۆسه‌رقاڵكردن بهخهڵكییهوه.. ئاسان بوو به‌لامه‌وه، دژایه‌تی شته باوه‌كان و منجڕی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی زه‌مانه‌دا بكه‌م، تاگه‌یشتمه نكوڵیكردن له‌خۆیان و راوبۆچوونیان ده‌رحه‌قم.. به‌رز و عه‌زیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گه‌یاندبام، هه‌روه‌ك یه‌ك بوو لام.. به‌غه‌ریزه‌و به‌ته‌واویی روومكرده هۆكاری سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان، كه‌وتمه پاڕانه‌وه له‌ئاسانكاری كاره سه‌خته‌كان.. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌په‌نهانی و دووره په‌رێزیی مامه‌وه.. تا ئه‌و نهێنییانه‌م لا كه‌شف بوو كه‌تا ئه‌و ده‌م نه‌مده‌زانین…).
وریا باقر: سه‌ره‌تاكانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی هه‌ر له‌سه‌رده‌می باباتاهیری هه‌مه‌دانی-یه‌وه، ئه‌ده‌بیاتێكی عیرفانی بووه‌و خودی باباتاهیریش سۆفییه‌كی خوداناس بووه‌و بهباباتاهیری عوریان ناوبانگی ده‌ركردووه..درێژه‌ی ئه‌م ته‌وژمه تا ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جزیری و نالی و مه‌حوی و بێخود و تاك و ته‌را هه‌ندێك له‌شاعیرانی تر به‌رده‌وام ده‌بێت.. به‌ڵام مه‌خابن به‌هۆی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روویدا، هه‌ر پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و به‌تایبه‌تیش دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، پاشه‌كشه‌ی به‌م ته‌وژمه ئه‌ده‌بییه عیرفانییه سۆفیگه‌رییه كرد‌و چه‌ند ته‌وژمێكی تری دروشم ئامێزی تێكه‌ڵا به‌ئایدۆلۆژیای سیاسی هاته پێشه‌وه.. له‌دوای مه‌حوی-یه‌وه هه‌ست ده‌كرێت ئه‌ده‌بیاتی كوردی قووڵی و جوانییه عیرفانییه‌كانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. پرسیاره‌كه‌مان له‌به‌ڕێزتان وه‌ك رۆماننووس و ئه‌دیبێكی شاره‌زا له‌ئه‌ده‌بیاتی عیرفانیدا، ئه‌وه‌یه كه‌ئاخۆ ئه‌ده‌بیات و هونه‌ری جیهانیش، به‌تایبه‌تیش ئه‌ورپایی كه‌وته ژێر هه‌مان ته‌وژمی سه‌رزاره‌كی ئایدۆلۆژیی سیاسییه‌وه؟
یوسف عزه‌دین: بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ئۆروپادا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌و به‌رچاو گوزه‌راوه‌و زیاتریش په‌یوه‌ست بێت بهپرسیارهكهتانهوه.. بۆیه ده‌بێت بپرسین، كهداخوا كاتێك ئه‌ده‌بیاتی عیرفانی و سۆفیگه‌ری لێره پاشه‌كشه‌ی پێده‌كرێت، له‌ئۆروپادا چی لێ به‌سه‌ردێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه پرسیاره‌كه بێت، ئه‌وه باشترین نموونه ئه‌زموونه شانۆییه‌كانی “پیته‌ر برۆك”ی به‌ریتانی، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك لیتوانی-یه، پێش چه‌ند ساڵێك، دوای به‌شداریكردنی لهفێستڤاڵی”ئهفینیون” له‌فه‌ڕه‌نسا، كاتێك پرسیاری لێده‌كه‌ن، ده‌رحه‌ق به‌و فیلمه‌ی له‌ده‌رهێنانی “سیمۆن برۆك”ی كوڕیه‌تی به‌ناونیشانی”برۆك به‌سه‌ر گوریسێكی شه‌ته‌ك دراودا تێده‌په‌ڕێت” و حه‌قیقه‌تی فیلمه‌كه‌ش زێده‌تر په‌یوه‌سته به‌وێنه‌گرتنی پشت كه‌والیس و په‌نهان و نهێنییه‌كانی “پیته‌ر برۆك”ه‌وه له‌كاتی پرۆڤه‌كردن و نمایشكردنی شانۆییه‌كانیدا، له‌شانۆی “بۆف دو نۆر”ی پاریسی، كه‌هه‌ر خودی برۆك خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆكه‌یه. “پیته‌ر برۆك” له‌وه‌ڵامی بوونی ئه‌و ترس و سامه‌ی له‌رووكاری تهماشاچییهكاندا ده‌بینرێته‌وه، كاتێك ته‌ماشای په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌كه‌ن به‌سه‌ر گوریسێكی شه‌ته‌ك دراوی وه‌همییانه‌ی سه‌ر ههڵدێرێكدا.. له‌كاتێكدا خودی گوریسه‌كه پارچه قوماشێكه و له‌سه‌ر عه‌رد راخراوه.. “برۆك” ده‌ڵێت: ( ئه‌وه‌ی ده‌یبینن گه‌شتی باڵنده‌كانی شاعیر و سۆفی فه‌ریده‌ددینی عه‌تتاره، كاتێك ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و لای “سیمرغ” بچن، ده‌بێت به‌سه‌ر حه‌وت دۆڵا و شیودا بفڕن، تاده‌گه‌نه دواهه‌مین دۆڵا، ئه‌ویش دۆڵی تواندنه‌وه‌یه له‌زاتی ئیلاهیدا، بۆیه توانیوومانه خه‌یاڵا و ئه‌ندێشه‌ی ته‌ماشاچییان ببزوێنین، كه‌وا بزانن ئه‌كته‌ران به‌سه‌ر گوریسێكی هه‌ڵواسراودا ده‌ڕۆن، هه‌موو ئه‌وه‌ی كهدهشبینرێت، ته‌نها په‌ڕینه‌وه‌ی دۆڵی یه‌كه‌مه، به‌ڵام ئامانج گه‌یشتنه دۆڵی حه‌وته‌مه، دۆڵی سه‌رسامبوونی په‌تی).
وریا باقر: هه‌رچه‌ند “پیته‌ر برۆك” وه‌ك ئه‌وه‌ی باس له‌بابه‌تێكی ئاسایی بكات، زانیاری سه‌باره‌ت بهمهقامهكانی ته‌سه‌ووف و عیرفان ده‌خاته‌ڕوو.. ئه‌وه‌تا باسی دۆڵی یه‌كه‌م تا حه‌وته‌می پله‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی سۆفیگه‌رانه ده‌كات!؟ چۆن ده‌بێت ئه‌و زانیارییه عیرفانییانه‌ی لای خۆمان كوێر بوونه‌ته‌وه‌و كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ڕووی تێوری و پراكتیكی-ییه‌وه شاره‌زاییان تێیدا هه‌بێت، كه‌چی ئه‌وێكی ئینگلیز، به‌زمان و كلتووری جیاوه گه‌یشتبێته ئه‌و قووڵاییه مه‌عریفییه‌ی كهلهزاتێكی خوداناس و گه‌وره موته‌سه‌وویف و شاعیرێكی وه‌ك “فهرهیدهدینی عه‌تتار”و دنیا تهسهووفییهكهی تێگه‌یشتبێت؟
یوسف عزه‌دین: وه‌ك لای عه‌تتار و له”لۆژیكی باڵنده”كه‌یدا ئاماژه‌و كاری بیناكردنی چامه شیعرییه‌كه‌ی له‌سه‌ركراوه‌و هه‌روه‌ها كرۆكی كاركردنی ئه‌هل و سالیكانی ته‌سه‌ووفه..خۆی ئه‌و پلهومهقامانه، یان ئه‌و دۆڵانای كهسالیك و ئه‌هلی ته‌سه‌ووف ده‌یبڕێت، حه‌وته، یه‌كه‌م دۆڵی داواكارییه”ته‌ڵه‌به”، سالیك له‌م قۆناغه‌دا ده‌ست له چێژ و له‌زه‌ته‌كانی دنیا ده‌شوات و لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه. دووه‌م دۆڵا، دۆڵی عیشقه، سالیك به‌ئاگری عیشقی ئیلاهی ده‌سووتێت، تا خۆی له‌بیرده‌چێته‌وه. سێیه‌م، دۆڵی مه‌عریفه‌یه، سالیك خودای به‌چه‌شنێك تێدا ده‌ناسێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بیبینێت. چواره‌م، دۆڵی ده‌ستبه‌رداربوونه، كهسالیك تێیدا ده‌ست به‌رداری هه‌موو كه‌س و شتێك ده‌بێت، بێجگه له‌خودا. پێنجه‌م، دۆڵی یه‌كتاپه‌رستییه، سالیك به‌جۆرێك خودای لا ته‌جه‌للی ده‌بێت، به‌چه‌شنێك تۆزقاڵه گه‌ردێك له‌شه‌ریك بۆ خودا دروستكردن له‌دڵیدا نامێنێت. شه‌شه‌م، دۆڵی سه‌رلێشێوایی و په‌رته‌وازه‌بوونه”حیره”یه، سالیك له‌م قۆناغه‌دا خۆی به‌خۆی نامۆ ده‌بێت و به‌شوێن كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت، ده‌ستی بگرێت و بۆلای مه‌حبوبی به‌رێت. حه‌وته‌میش، دۆڵی هه‌ژاربوون و فه‌نایه، لێره‌دا سالیك ته‌نها پێویستی به‌خوداو فه‌نابوونی ته‌واوه له‌خودادا.
وریا باقر: پێمان باشه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی “لۆژیكی باڵنده”ی شاعیر و عاریف”فه‌ریده‌ددینی عه‌تتار-مان پێبناسێنیت؟
یوسف عزه‌دین: “لۆژیكی باڵنده” بریتییه له‌چوار هه‌زار و پێنج سه‌د به‌یتی شیعری.. بابه‌ته‌كه‌ی بریتییه له‌گه‌ڕانی كۆمه‌ڵێك باڵنده به‌شوێن باڵنده‌یه‌كی نه‌بینراودا. له‌وه‌رگێڕانه بیانییه‌كانی تێكسته‌كه‌دا “لۆژیكی باڵنده” كراوه‌ته “كۆنفرانسی باڵنده‌كان” و خۆی له‌ڕاستیدا به‌كۆبوونه‌وه‌ی باڵنده‌كان ده‌ست پێده‌كات، به‌مه‌به‌ستی فڕین و گه‌یشتنه لای جوانترین و ناوازه‌ترین و كامڵترین و مه‌زنترین باڵنده‌یه‌ك، كهسوڵتانی موتڵه‌قه‌و ناوی “سیمرغه”.. پهپووسڵێمانكه ده‌كه‌نه مورشیدیان و پاش بگره‌و به‌رده‌و گفتوگۆ، كۆمه‌ڵێكیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پاكانه بۆ به‌شداری نه‌كردنیان، له‌و سه‌فه‌ره ترسناك و توڵانیی و پڕ مهشهقهتهدا ده‌كه‌ن. بولبول ده‌ڵێت، من عاشقی گوڵم و ناتوانم به‌جێی بهێڵم.. تووتی ده‌ڵێت، به‌هۆی قه‌شه‌نگی و جوانیمه‌وه بوومه‌ته ئه‌سیری قه‌فه‌س و ئیمكان نییه به‌جێی بهێڵم.. تاووس ده‌ڵێت، چونكه ناوی منیان وابه‌سته‌و په‌یوه‌ستی ده‌ركردنی ئاده‌م و حه‌وا له‌به‌هه‌شت كردووه، شه‌رم ده‌كه‌م ڕێگه‌ی سه‌فه‌رێكی وا بگرمه‌به‌ر.. مراوی ده‌ڵێت، ناتوانم له‌ئاو دوور بكه‌ومه‌وه.. كه‌و ده‌ڵێت، شاخ و دۆڵم پێ جێ ناهێڵرێت.. قورینگ ده‌ڵێت، ته‌نها لهدهریاچه ساف و بێگهردهكاندا ده‌توانم بژیم.. كووندهپهپووش ده‌ڵێت، ناتوانم كه‌لاوه وێرانه‌كان جێ بهێڵم.. هه‌ڵۆش ده‌ڵێت، جێگه‌ی من سه‌رده‌ستی پاشایانه‌و ناكرێت ئه‌و شوێنه تایبه‌ت و گرنگه به‌جێ بهێڵم.. ئیدی به‌م ته‌رزه ته‌نها كۆمه‌ڵێك ده‌مێنێته‌وه بۆ گرتنه به‌ری رێگه‌ی سه‌خت و پڕ مه‌شه‌قه‌تی سه‌فه‌رێكی تووڵانیی.. ژماره‌یه‌كی زۆریشیان هه‌ر له‌ڕێگه‌دا ده‌مرن.. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌گاته حزووری زاتی باڵنده بێ هاوتاو مه‌زنه‌كه، ته‌نها “سی” باڵنده‌ن و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ” سیمرغ” به‌واتای “سی-مرغ” دێت، كه‌ده‌كاته “سی” باڵنده. ئه‌و ره‌مزییه‌ت و دهلالاتهی له”لۆژیكی باڵنده”ی عه‌تتار-دا هه‌یه جودایه له‌هه‌ردوو “باڵنده نامه”ی “ئیبن سینا” و “غه‌زالی”، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی غه‌زالی گومان هه‌یه بۆ خۆی نووسیبێتی، زیاتر پێده‌چێت درابێته پاڵی، وه‌ك درانه پاڵی زۆربه‌ی ئه‌و چوارینانه‌ی به‌ناوی خه‌یام-ه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و پێده‌چێت له‌و سه‌رده‌مانه‌دا به‌مه‌به‌ست و له‌پێناو ونكردنی دانه‌ری حه‌قیقی و پاراستنی له‌كوشتن و سزادان، یان له‌نه‌زانی و به‌هه‌ڵه زۆر تێكستی كه‌سانی تر دراونه‌ته پاڵ كه‌سانێك كه‌خاوه‌نی نین و نهیاننووسیوه.. وه‌ك چۆن له‌به‌ر گرتنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی تێكسته‌كانیش له‌لایه‌ن نهساخهكانهوه، ئه‌ویش بۆ خۆی و وه‌ك خۆی هه‌ر جاره زیاد و كه‌مێكی خستۆته سه‌ر تێكستی نووسراو و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌شێت هه‌ندێك تێسكت یه‌كه‌مین ده‌ستنووسیان مابێت و به‌و شێوه‌یه‌ش له‌شێواندن و گۆڕان قورتاریان بووبێت.
لای “ئیبن سینا”، كۆمه‌ڵێك باڵنده‌ی دیلكراو له‌قه‌فه‌سدا هه‌ڵدێن و پاش بڕینی هه‌شت قۆناغی سه‌خت ده‌گه‌نه كۆشكی شای مه‌زن و پاشای پاشا‌كان و پاش لابردنی حیجاب له‌نێوانیاندا، شه‌كوای حاڵی خۆیانیان له‌یاد ده‌چێته‌وه‌و له‌مه‌ست بوونێكی هه‌میشه‌یدا ده‌مێننه‌وه، ئیدی ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و جێگه‌یه‌ی كهبهدهره له‌هه‌موو كه‌موكورتی و ناكامڵییهك.
لای غه‌زالی-یش كۆمه‌ڵێك باڵنده به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی پاشایه‌ك بۆ خۆیان، رێگه‌ی سه‌فه‌رێكی تاقه‌ت پڕووكێن و زه‌حمه‌ت ده‌گرنه‌به‌ر، دوای به‌هیلاك چوون و مردنی ژماره‌یه‌كیان، ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌مێننه‌وه ده‌گه‌نه دوورگه‌ی پاشا‌و كاتێك لێیان ده‌پرسن بۆ هاتوون، ئه‌وانیش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێن هاتووین، تا “عه‌نقا” بكه‌ینه پاشامان.. له‌وه‌ڵامدا پێیان ده‌ڵێن، خۆتان ماندووكردووه، بتانه‌وێت و نه‌تانه‌وێت، ئێمه پاشاتانین و هیچ پێویستییه‌كمان به‌ئێوه نییه.. وه‌ختێك باڵنده‌كان تووشی یه‌ئس و سه‌رلێشێواویی و په‌رته‌وازه‌یی ده‌بن.. پێیان ده‌ڵێن، هه‌یهات..هه‌یهات.. نه‌كه‌ن مه‌یئووس بن لهڕهحمهتمان، ته‌نها كه‌سه دۆڕاوه‌كان مه‌یئووس ده‌بن له‌ڕۆحی خودا.. هه‌ر بۆیه له‌لایه‌ن زاتی عولیاوه قبووڵ ده‌كرێن. به‌ڵام لای عه‌تتار، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا كراوه‌و له‌كۆتایی تێكستی “لۆژیكی باڵنده”دا سی باڵنده‌كه” سی مرغ”هكه فه‌نا ده‌بن له‌زاتی”سیمرغ-سی مرغ”دا.. یان بابڵێین خۆیان سی باڵنده‌ن و كهدهشڕواننه سیمرغ هه‌ر سی باڵنده ده‌بیننه‌وه كهخۆیانن، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕواننه ئاوێنه، خۆیان خۆیانن بێ زیاد و كه‌م!؟
وریا باقر: ئه‌م وێنه‌یه‌ی كۆتایی “لۆژیكی باڵنده” هه‌ر كتوومت به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه له‌تێكستی یه‌كێك له‌وانه‌ی ئێستا له‌وه‌سه‌تی كوردیدا، بووه‌ته ناوێكی دیار له‌دنیای چیرۆك و رۆماننووسیندا.. بینیومه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ی دزیوه به‌كه‌مێك دهستكارییهوهو به‌ڵام له‌جێی باڵنده‌كان، كردوویه‌تییه كه‌سێكی…تاد؟! ئه‌ی به‌ڕای ئێوه چی ده‌رحه‌ق به‌م كه‌سانه بگوترێت باشه؟
یوسف عزه‌دین: هه‌ر بیستنی وشه‌ی دزی بۆ خۆی شتێكی ترسناك و مایه‌ی سڵه‌مینه‌وه‌یه، ئیدی چه‌شنی دزییه‌كه هه‌رچییه‌ك بێت.. پێم وانییه.. وه‌ك ئاماژه‌تان پێدا، نووسه‌رێك ئه‌وه ئاستی بێت، به‌دزینی جه‌وهه‌ری تێكستێكی زیندووی زاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك “عه‌تتار” یان به‌دزینی تێكسته‌كانی تر و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌و دیمه‌ن و لاسایی كردنه‌وه‌ی جوانییه‌كانی ئه‌و دنیا تایبه‌ت و پڕ لوغز و په‌نهان و قووڵاییه رۆحییه شاراوانه، بتوانێت نه‌ك خودی وێنه‌كان، به‌ڵكو نێگهتیفهكهشی بخاته‌ڕوو.. ده‌رحه‌ق به‌پرسیاره‌كه‌شتان، ئه‌ی به‌ڕای ئێوه چی ده‌رحه‌ق به‌م كه‌سانه بگوترێت باشه؟.. جارێ له‌م رۆژگاره‌دا پێناچێت، كه‌سان و ره‌خنه‌گرانی ئاسایی ده‌ڕۆستی ئه‌و توخمانه و ئه‌وانه‌ی له‌پشت كه‌والیسه‌وه كاریان بۆ ده‌كه‌ن بێن و كه‌ئه‌م جۆره نه‌وه‌یه‌ش، لهئهربابی ئه‌م توخمه له‌نووسه‌ر و هاوپشت و هاوكار و قه‌وم و قیلهكانیان به‌حوكمی رۆژگار نه‌مان، ئه‌وه نه‌وه‌ی دواتر، چی ده‌ڵێت و چۆن ئه‌م بگره‌و به‌رده‌و هێنان و بردنه ره‌خنه‌ییانه ساغ ده‌كاته‌وه، یان نایكاتهوهو وه‌زعه‌كه هه‌ر وه‌ك خۆی و بگره خراپتریشی لێ به‌سه‌ردێت.. ئه‌وه ره‌نگه ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا وه‌ڵامی نه‌ده‌ینه‌وه‌و بۆ داهاتووی جێ بهێڵین باشتر بێت.
وریا باقر: ئایا فه‌نابوون له‌زاتی ئیلاهیدا لادان نییه له‌یه‌كتاپه‌رستی؟
یوسف عزه‌دین: عه‌تتار له‌ده‌ستپێكی “لۆژیكی باڵنده”دا وه‌ڵامی ئه‌م كۆتاییه‌ی تێكسته‌كه‌ی خۆی ده‌داته‌وه. ده‌ڵێت: ( ئه‌وه‌ی ده‌یڵێیت و ده‌یزانیت له‌خۆته‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت و خۆت به‌خۆت بناسه‌و خودا‌ش به‌خودا خۆی بناسه، نه‌ك به‌خۆت. رێگه بۆ لای ئه‌و لهخۆیهوهیهتی نه‌ك له‌تۆوه… ئه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه ده‌گوترێت ته‌نها راڤهكارییه.. ئه‌و له‌سه‌رو هه‌موو وهسفهكانهوهیه.. ته‌نها شتێك كه‌ئێمه ده‌رحه‌قی ده‌یزانین ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵه، زانینی هه‌ر هه‌واڵێكی ئه‌و مه‌حاڵه.. ئه‌وه‌ی باش و خراپ له‌باره‌یه‌وه ده‌گوترێت ته‌نها له‌خه‌یاڵی خۆمانه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت، ئه‌و له‌سه‌روو دیاریكردن و عیلمی ئێمه‌وه‌یه). جێگه‌ی باسیشه هه‌ر خودی عه‌تتار له‌شوێنێكی تردا ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و “حلولیی” نییه، به‌واتای گه‌یشتنی سالیك به‌مه‌رته‌به‌ی “ئولوهییه‌ت” و پێی وایه تهسهووراتێكی له‌و چه‌شنه ده‌رچوونه له‌ئایینی ئیسلام و به‌ڕای ئه‌و نابێت كه‌س ئیدیعای ئه‌وه بكاته كه”حه‌ق”ه.
وریا باقر: ئه‌ی بۆ كۆتایی تێكستی “لۆژیكی باڵنده” شتێكی تره؟
یوسف عزه‌دین: ره‌نگه شتێكی تر نه‌بێت و هه‌ر ئه‌وه بێت كه‌خۆی ئاماژه‌ی پێداوه! یان بۆی هه‌یه وابێت!؟ به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵ و كاره‌كاندا تێسكته زیندووهكان وه‌ك خۆیان و بۆ خۆیان چه‌ندین خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل و ته‌فسیر هه‌ڵده‌گرن. عه‌تتار كاریگه‌ری فیرده‌وسی و سه‌نائی و حه‌للاج و بایه‌زیدی بوستامی و كه‌سانێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر بووه. هه‌روه‌ها كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی و حافز و جامی و نه‌وائی و شاعیرانی دیكه‌ی ته‌سه‌ووف هه‌بووه. وه‌ك له‌باره‌یه‌وه ده‌گێڕنه‌وه، سی چل ساڵێكی ته‌مه‌نی له‌كۆكردنه‌وه‌ی شیعری شاعیرانی عاریف و گوته‌كانیاندا سه‌رفكردووه. به‌ڵام دواجار پاش ئه‌وه‌ی له‌كتێبێكیدا، به‌شیعر وه‌سفی “ئیمامی عه‌لی” و تێكه‌ڵێك له‌مه‌یلی شیعه‌گه‌ری ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ست و بۆ دژایه‌تی فه‌قیهه سونییه ده‌مارگیره‌كانی سه‌مه‌رقه‌ند ده‌كات.. ئه‌وانیش پاش ته‌كفیركردنی، خه‌ڵكی لێ هان ده‌ده‌ن، تا گڕ به‌رده‌نه ماڵی و به‌زه‌حمه‌ت قورتاری ده‌بێت و به‌ره‌و مه‌كه هه‌ڵدێت و له‌وێش كتێبێك به‌ناوی “زمانی غه‌یب” ده‌نووسێت و هه‌ن ده‌ڵێن دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ زێدی خۆی و مه‌غۆله‌كان له‌وێ شه‌هیدیان كردووه، گۆڕیشی لهنیساپوور هه‌یه، ئه‌گه‌ر هی ئه‌و بێت.
عه‌تتار جیاواز له‌زۆرێك له‌نووسه‌ران و شاعیرانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، هه‌رگیز وه‌سفی سوڵتان و میر و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانی نه‌كردووه‌و ئاماده‌نه‌بووه له‌ده‌رباری پاشاكاندا وه‌ك شاعیران و خه‌ڵكه خوێنهوارهكهی تر ژیان به‌رێته سه‌ر، بۆیه بۆ خۆ ژیاندن و په‌یداكردنی قووتی رۆژانه‌ی ناچاری كاركردن بووه‌و به‌و مه‌به‌سته‌ش دوكانێكی عه‌تتاری هه‌بووه‌و ده‌رمان و مه‌رهه‌می تێدا فرۆشتووه‌و هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت، هه‌ردوو كتێبی “موسیبه‌ت نامه”و”ئیلاهی نامه”ی لهدووكانهكهیدا نووسیوه، له‌كاتێكدا رۆژانه پێنج سه‌د نه‌خۆش روویان تێكردووه‌و پاش پشكنین و گرتنی ترپه‌ی دڵیان ده‌رمانی پێویستی پێداون. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه له‌یاد نه‌كه‌ین هه‌رده‌م كه‌سانێك هه‌بوون، له‌ژێر په‌رده‌ی خوداناسی و ته‌سه‌ووف و عیرفان و ده‌روێش بوونیانه‌وه، له‌پاڵا پاشا‌و كاربهدهستاندا موعه‌زه‌ز و موكهررهم ژیاون، یه‌كێك له‌خاڵه جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌م جۆره‌ش له‌گه‌ڵ عه‌تتار و هاوچه‌شنه‌كانی، كارنه‌كردنیان بووه.. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌حه‌قیقی ئه‌هلی ته‌ریقه‌ت و سالیكی ئه‌و رێگه‌یه بوون، كه‌سانێكی كارگه‌ر و خاوه‌ن سنعه‌ت و پیشه‌گه‌ر و له‌و جۆرانه بوون، به‌هێزی بازووی خۆیان و ماندووبوونیان قووتی رۆژانه‌ی خۆیان په‌یداكردووه، یان هه‌ر به‌ڕاستی ته‌ركی دنیایان كردووه‌و ته‌نها بهپهیداكردنی پارچه نانێك ئه‌م رۆژ بۆ سبه‌ی رۆژیان به‌ڕێكردووه. ته‌نانه‌ت ده‌گێڕنه‌وه كاتێك كوڕی یه‌كێك لهدهسهڵاتدارهكان، ده‌یه‌وێت ببێته سۆفی و له‌نێو ئه‌هلی ته‌ریقه‌تدا جێی بێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ كه‌سانێكی موته‌سه‌وویف ده‌بات تا رێگه‌ی پیشان بده‌ن، یه‌كه‌م شت داوای لێده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌موو شكۆ و ده‌سه‌ڵاته بێت كه‌هه‌یه‌تی و دواتریش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی ئاسایی له‌قه‌ره‌باڵغترین شوێنی شاردا، بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی حه‌ڵاڵا، ناخۆشترین و ئاست نزمترین كار بكات، دیاره پیاوانی باوكی ئه‌مه ده‌بینن و هه‌واڵا ده‌چێته‌وه بۆ باوكی و پاش گێرمه‌و كێشه‌یه‌كی زۆر، ئه‌و زاته هه‌ر واز له‌قه‌ناعه‌تی خۆی ناهێنێت و تا سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. كه‌واته به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و پله‌و مه‌قامه عیرفانییانه كارێكی ئاسان نه‌بووه‌و هه‌روه‌ك سه‌فه‌ری باڵنده‌كانی عه‌تتار، به‌ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆر قۆناغ به قۆناغ گیراوه‌ته به‌ر.
هه‌ر بۆیه عه‌تتار و هاوشێوه‌كانی توانیوویانه سنووری رۆژهه‌ڵات و لۆكاڵبوونیان ببڕن و ببنه كه‌سایه‌تی جیهانی، ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مانێك له‌ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر داوای گۆته-ی شاعیر، په‌یكه‌ر بۆ عه‌تتار دروست ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعره‌كانی عه‌تتار بهوهرگێڕدراوی بۆ زمانه ئۆروپاییه‌كان، لاسایی كه‌ره‌وه‌ی زۆر بوون، یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌كاریگه‌ری ئه‌م تێكسته ناوازه‌یه‌ی عه‌تتار شیعری نووسیوه، شاعیری ئینگلیزی “چوسه‌ر” بووه، چامه‌یه‌كی به‌ناوی “ئه‌نجومه‌نی باڵنده” نووسیوه. بێگوومان لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به سه‌نائی بده‌ین وه‌ك شاعیرێكی پێش عه‌تتار و هه‌روه‌ها مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی كه‌دوای عه‌تتار دێت و به‌هه‌ر سێكیشیان سێكوچكه‌ی مه‌سنه‌وی-یان پێ ده‌گوترێت و یه‌كێك له‌كتێبه شیعرییه به‌ناوبانگه‌كانی سه‌نائی-ش “باخچه‌ی حه‌قیقه‌ت”ه. بابگه‌ڕێینه‌وه لای “پیته‌ر برۆك” و ئه‌وه بڵێین له‌كاتێكدا تووشی چه‌قبه‌ستن و وشكبوونی داهێنان و مه‌رگی خه‌یاڵا ده‌بێت، ئه‌م تێكسته‌ی عه‌تتار وه‌ك فریادڕه‌سێك فریای ده‌كه‌وێت و له‌چه‌قبه‌ستن و راووحكردن رزگاری ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی “لۆژیكی باڵنده” هه‌موو ژیانی هونه‌ریی “پیته‌ر برۆك” ده‌گۆڕێت و لای ده‌بێته نمایشێكی سه‌رسامكه‌ر و هه‌ژێنه‌ر.
وریا باقر: جیاوازی جه‌وهه‌ریی “باڵنده نامه”كه‌ی “ئیبن سینا”و “لۆژیكی باڵنده”ی عه‌تتار له‌چییدا ده‌بیننه‌وه؟
یوسف عزه‌دین: “ئیبن سینا” عاریف و سۆفی نه‌بووه، وه‌ك ناسراوه فه‌یله‌سوف و زانا بووه، بۆیه كاتێك “باڵنده نامه”كه‌ی نووسیوه، هه‌وڵیداوه وه‌ك عاریفان و سۆفییان بیربكاته‌وه‌و ئه‌وه ببینێت كه‌ئه‌وان ده‌یبینن. به‌ڵام عه‌تتار سۆفی و عاریف بووه‌و به‌شێك له‌ئه‌زموونی خۆی و سۆفی و پیاوچاكانی دیكه‌ی له تێكستكهیدا بهرجهستهكردووهو به‌یه‌قینه‌وه خۆی له‌وێناكردنی ئه‌و دنیا مه‌جازییه داوه، كه‌لای ئه‌وان بینراو و یه‌قینه، واته عاریفان ئه‌وه ده‌بینن كهفهیلهسوفان ته‌نها ده‌توانن بیری لێبكه‌نه‌وه.. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جۆر و چه‌شنی گه‌یشتنه مه‌عریفه لای هه‌ردووكیان جوداو جیاوازه‌و ئه‌مه جگه لهكێشمانكێشی جه‌وهه‌ریانه‌ی مابه‌ینی فه‌یله‌سوفان و عاریفان.. ده‌بینین هه‌ر خودی عه‌تتار پێی وایه ئه‌وه‌ی له‌ڕێی عیشقدا ناوی فه‌یله‌سوفی لێنرابێت، هه‌رگیز شاره‌زای عیشق نییه.. له‌شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت، “نابیته هه‌ڵگری حیكمه‌تی ئایین، ئه‌گه‌ر واز له‌و حیكمه‌ته نه‌هێنیت”. كاتێك یه‌كێك له‌باڵنده‌كان لهپهپووسڵێمانكه ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر گه‌یشتمه لای سیمرغ چی لێ داوا بكه‌م، پێی ده‌ڵێت:” ئه‌وه‌ی بچێته حزوورییهوه، مه‌عریفه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، باشتره مه‌عریفه‌ی لێ داوا بكه‌یت”.
مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی ده‌فه‌رموێت:” جه‌هل له‌به‌ر ده‌ستی كامڵدا ده‌بێته عیلم و عیلمیش له‌به‌ر ده‌ستی نوقسان و نه‌زاندا ده‌بێته جه‌هل.. ئه‌وه‌ی نه‌خۆش و ده‌رده‌دار ده‌ستی تێوه‌رده‌دا ده‌بێته ده‌رد و نه‌خۆشی، به‌ڵام كه‌سی كامڵا ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ كوفریش ببات، ده‌بێته ئایین”.
وریا باقر: ئاشكرایه عه‌تتار تێكستی تری هه‌بوون، به‌ڵام دیاره مه‌به‌ستی بووه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیا به”لۆژیكی باڵنده” ببه‌خشێت، ئاخۆ خۆی هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌مه داوه؟
یوسف عزه‌دین: عه‌تتار له‌كۆتایی ” لۆژیكی باڵنده”دا بۆ خۆی ده‌فه‌رمووێت: ( ئه‌هلی وێنه نغرۆی زه‌ریای ئاخافتنهكانم بوون، ئه‌هلی ماناش پیاوانی نهێنییه‌كانی منن، ئه‌م هه‌ڵبه‌ستانه‌م خاسییه‌تێكی سه‌یریان هه‌یه، له‌هه‌ر ئان و ساتێكی جیادا مانای نوێ و جودا ده‌به‌خشێت.. ئه‌گه‌ر بۆت سازا، زۆر بیخوێنیته‌وه، ئه‌وه بێگومان له‌گه‌ڵا هه‌ر جارێكدا جوانتر ده‌بێت.. تا رۆژی قیامه‌تیش كه‌سێكی دیكه نابینیته‌وه، بتوانێ وه‌ك منی عاشق بنووسێت).
چه‌ند جوانه له‌سه‌رده‌مانێكی خوێناوی و شه‌ڕانگێز و دزێودا، له‌سه‌رده‌مانێكدا كهنووسینهوهو له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی كتێب و به‌ده‌ستهێنانی كه‌ره‌سته‌كانی ئاسان نه‌بووه، كه‌چی ئه‌م و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌م بوون، هه‌وڵی مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی تێكسته‌كانیان داوه، بۆیه ئاماژه به‌ڕۆژی قیامه‌ت ده‌كات، كه‌ئیتر تا ئه‌و ده‌م كه‌سێكی تری وه‌ك ئه‌م عاشق دووباره نابێته‌وه، به‌و هه‌موو قووڵی و عیشقه‌وه بنووسێت.
وریا باقر: هه‌رچه‌ند ده‌كرێت تاڕادده‌یه‌ك به‌شێك له‌خوێنه‌ره هه‌وڵده‌رو كۆڵنه‌ده‌ره‌كان، به‌خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌به‌شێك له‌چه‌مك و تێڕوانین و جیهانبینییه‌كانی سۆفی و عاریفان تێبگه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، زۆرجار تێگه‌یشتن و حاڵی بوون لێیان زه‌حمه‌ته؟
یوسف عزه‌دین: راسته.. محه‌مه‌د حسێن ئه‌سفه‌هانی سه‌باره‌ت به‌كتێبی “چوار سه‌فه‌ره ئهقڵییهكه”ی “سه‌دره‌ددینی شیرازی” ده‌ڵێت: ” ئه‌گه‌ر بزانم كه‌سێك هه‌یه، نهێنی و په‌نهانه‌كانی كتێبی سه‌فه‌ره‌كان په‌ی پێده‌بات، گه‌ر له‌و سه‌ری دنیاشدا بێت، به‌ره‌و لای ده‌چم”.. “سه‌دره‌ددینی شیرازی” یه‌كێك بووه له‌و زاته ده‌گمه‌نانه‌ی هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌و عیرفانی داوه‌و تووشی گه‌لێك مه‌ینه‌تی و به‌دحاڵیبوون و چه‌رمه‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تی بووه.. ده‌رئه‌نجام خۆی له‌شوێنه دووره ده‌سته‌كاندا بۆ ماوه‌یه‌ك ونكردووه. ئیدی له‌و خه‌ڵوه‌ت و تهنهاییانهدا، زانسته باتنییه‌كانی لا كه‌شف ده‌بێت و پاشان بهحیكمهتێكی باڵای تێكه‌ڵا له‌فه‌لسه‌فه‌و عیرفان دێته‌وه نێو خه‌ڵكی..بابی ئه‌م زاته گه‌وره‌یه وه‌زیر بووه‌و سه‌دره‌ددین-یش كوڕی تاقانه‌ی بووه، ئیدی هه‌م له‌ژیانی بابیدا سوودی له‌سه‌روه‌ت و سامانی وه‌رگرتووه بۆ به‌ده‌ست هێنان و فێربوونی زانست و زانیاری، هه‌م دوای مه‌رگی بابیشی سه‌رجه‌م میراته‌كه‌ی ده‌خاته خزمه‌ت فێربوونه‌وه‌و بۆ خۆی ده‌ڵێت: ( دووركه‌وتمه‌وه له‌تێكه‌ڵبوون و خۆسه‌رقاڵكردن بهخهڵكییهوه.. ئاسان بوو به‌لامه‌وه، دژایه‌تی شته باوه‌كان و منجڕی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی زه‌مانه‌دا بكه‌م، تاگه‌یشتمه نكوڵیكردن له‌خۆیان و راوبۆچوونیان ده‌رحه‌قم.. به‌رز و عه‌زیز رایانگرتبام، یان زیانیان پێ گه‌یاندبام، هه‌روه‌ك یه‌ك بوو لام.. به‌غه‌ریزه‌و به‌ته‌واویی روومكرده هۆكاری سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان، كه‌وتمه پاڕانه‌وه له‌ئاسانكاری كاره سه‌خته‌كان.. ماوه‌یه‌كی زۆر به‌په‌نهانی و دووره په‌رێزیی مامه‌وه.. تا ئه‌و نهێنییانه‌م لا كه‌شف بوو كه‌تا ئه‌و ده‌م نه‌مده‌زانین…).
وریا باقر: به‌ڕای ئێوه هۆكاری سه‌ره‌كی قبووڵنه‌كردنی ئه‌قڵییه‌تی باو، بۆ هه‌موو جۆره بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینێكی جیاوازی حه‌للاج و سوهره‌وه‌ردی كهبهكوشتنیان كۆتایی هات، تا عه‌تتار و سه‌دره‌ددینی شیرازی، كهتائێتستاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان گوتویانه به‌ئه‌قڵێكی كراوه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت؟
یوسف عزه‌دین: هۆكاره‌كان زۆرن و سه‌ره‌كیتریان نه‌گونجانی گوتراوه‌كانی ئه‌وانه له‌گه‌ڵا ته‌رح و بۆچوونه سه‌له‌فییه‌كان و تێڕوانینه دۆگماكانه.. هه‌ندێك جار و به‌پێی ئاڵوگۆڕه سیاسی و قۆناغه‌كانی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی سوڵتانه‌كان، كه‌م و زیاد له‌هه‌ندێك نێوه‌ندا رێگه‌ی خستنه‌ڕووی ته‌رح و بۆچوونه فیكرییه جیاوازه‌كان، ته‌نانه‌ت ئایینییه‌كانیش دراوه، به‌تایبه‌تیش له‌بازنه داخراو و شوێنه تایبه‌ته‌كانی ئاخافاتن و گفتوگۆكردنه جیاوازه‌كاندا..به‌ڵام ئه‌م رێگه پێدانانه له‌لایه‌ن خودی ئۆتۆریته‌و مه‌رجه‌عه ئایینییه‌كانه‌وه، تا كوێ بڕیان كردووه‌و خۆیان لێ خافڵكردووه، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره؟ بوونی فه‌لسه‌فه‌ی ئیشراقی و ته‌رح و بۆچوونه‌كانی سوهره‌وه‌ردی، پێناچێت راسته‌وخۆ هیچ زیانێكی بۆ خودی “سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی” هه‌بووبێت، له‌كاتێكدا هه‌ندێك لهدوژمنانیشی وه‌ك كه‌سێكی نه‌رم و نیان و خاوه‌ن میهر و به‌زه‌یی ناساندوویانه، به‌ڵام كاتێك مه‌رجه‌عه ئایینییه‌كان، ده‌سته‌ودامێنی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی ده‌بن و داوای له‌ناوبردنی زاتێكی گه‌وره‌ی وه‌ك “سوهره‌وه‌ردی” لێده‌كه‌ن، بێ دوودڵی فه‌رمانی له‌ناوبردنی ده‌دات، هه‌رچه‌ند راوبۆچوونی جیا جیا هه‌ن سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی كوژرانی سوهره‌وه‌ردی..به‌ڵام دواجار ده‌كوژرێت. “سه‌دره‌ددینی شیرازی”یش هه‌رچه‌ند نه‌كوژرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه، فه‌توا له‌دژی درا، به‌تایبه‌تیش بیرۆكه‌ی “وحده الوجود”ی شیرازی جێگه‌ی قبووڵ نه‌بوو، سه‌رباری ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی شیرازی به گوته‌یه‌كی “ئیبن عه‌ره‌بی”و به‌باش زانینی كه‌ده‌ڵێت:
” ان فرعون مات مومنا موحدا”.. ئه‌مه جگه لهئاماژهپێدانی به‌نه‌مانی عه‌زاب له‌و دنیاداو نكووڵیكردن لهنهمربوون و مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی له‌نێو ئاگردا.. مه‌عریفه‌ی “سه‌دره‌ددینی شیرازی” په‌یوه‌ست بووه به‌گه‌لێك سه‌رچاوه‌ی جیا جیاوه هه‌ر له”ئیبن عه‌ره‌بی”-یه‌وه تا دنیابینییه‌كانی ئه‌رستۆ و ئه‌فلۆتین چ وه‌ك خودی خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌كانیان و چ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی “ئیبن سینا”وه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌به‌ر ده‌ستی شیرازی-دا بووه، زانراویشه ئیبن سینا وه‌ك قوتابییه‌كه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌رستۆ و راڤه‌كار و په‌ره‌پێده‌ری تێزه‌كانی ده‌نگ و سه‌دای تایبه‌تی هه‌بووه.. شیرازی-ش بۆ خۆی له‌به‌رایی كتێبی” چوار سه‌فه‌ره ئهقڵییهكه”ی‌دا ئاماژه به‌ناوی كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوف ده‌كات، له‌وانه فیساگۆرس و سۆكرات و ئه‌فڵاتوون و ئه‌رستۆ-یه‌و داوا له‌خودا ده‌كات پیرۆزییان بكات و له‌دوعاو بهرهكتیشیان بێبه‌شمان نه‌كات و درێژه‌ی ده‌داتێ و ده‌ڵێت:( ئه‌وان حه‌كیمی زاهید و خواپه‌رستی باڵا بوون، پشتیان كرده ئه‌م دنیا‌و روویان كرده ئه‌و دنیای په‌تی…).
ئه‌رستۆ پێی وابووه، هه‌موو بزوێنه‌رێك پێویستی به‌بزوێنه‌رێكی تر هه‌یه‌و به‌م شێوه‌یه ئیدامه‌ی ده‌بێت، تا ده‌گاته ئه‌و بزوێنه‌ره‌ی پێویستی به‌هیچ بزوێنه‌رێكی تر نییه‌و ئه‌و خۆی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جووڵه‌و بزاوندنهكانه.. ئه‌رستۆ پێی وابووه، ماده كۆنه‌و بزوێنه‌ری یه‌كه‌م مادده‌ی دروست نه‌كردووه، به‌ڵكو رێكیخستووهو دواجاریش وازی له‌دنیا هێناوه بۆ خۆی و ئه‌مه‌ش لای ئه‌قڵی سه‌له‌فی جێگه‌ی قبووڵ نه‌بووه‌و له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌و ته‌رحه فه‌لسه‌فییانه، هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه، جێگه‌ی گفتوگۆ‌و كێشمانكێشه فه‌لسه‌فیه‌كان بوون، ئه‌ی ئه‌وه نییه، نزیكترین و باشترین قوتابی ئه‌رستۆ كه ئه‌فڵوتین-ه پێی وابووه دنیا له‌خۆیه‌وه دروست نه‌بووه‌و ئه‌وه‌ی دروستی كردووه، زاتێكه ئه‌قڵ و فیكر لهماهییهتی تێناگه‌ن، ئه‌و زاته لای ئه‌فڵوتین، زاتێكی ئه‌زه‌لی و باقیی و زاڵه به‌سه‌ر مادده‌و رۆحدا.. به‌ڵام پرسیاره‌كانی ئه‌و له‌وه‌دا بووه، چۆن ده‌بێت ئافهریدهكارێكی “نافانی” و “باقیی”، دنیایه‌كی فانی دروست بكات؟ یان بۆ ده‌بێت شه‌ڕانگێزی و خراپه له‌دنیادا هه‌بێت؟ یان نه‌فس له‌كوێی بهدهندایهو پاش مه‌رگ ده‌چێته كوێ و ئه‌مه‌و چه‌ندین پرسیاری دیكه‌ی له‌و چه‌شنه، هه‌میشه‌و هه‌رده‌م بوونه‌ته باس و خواسی دیالێكتیكیانه‌ی سه‌رجه‌م زه‌مه‌نه‌كان و خودی نێوه‌نده ته‌قلیدییه‌كانیش به‌ده‌ر نه‌بوون له‌بگره‌و به‌رده‌ی ئه‌م جۆره پرسیارانه، ئیدی وه‌ڵامه‌كه‌یان هه‌رچییه‌ك بووبێت، مه‌رج ئه‌وه‌یه له‌ڕووكه‌شدا ئه‌و جۆره پرسیارانه لای ئه‌وانیش قابیلی پرسیار و وه‌ڵام بوون، تا ئه‌و شوێنه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی و مهرجهعیهتیانی دروست نه‌كردبێت.
وریا باقر: وه‌ك ئاماژه‌تان پێدا، پرسیاری ئه‌و بیرمه‌ند و عاریفانه، له‌سه‌ره‌تاكانی بوونه‌وه ده‌ست پێده‌كات.. پێتان وانییه، بنه‌ڕه‌تی گرفته‌كه‌ش له‌گه‌ڵا ئه‌قڵییه‌تی باودا له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟
یوسف عزه‌دین: گه‌ڕانه‌وه بۆ موعهمماكانی گه‌ردوون و هه‌وڵدانی وێناكردنی ئه‌و ساته زۆر نادیارانه‌ی ده‌ستپێكی سه‌رجه‌م شته‌كان، نه‌ك هه‌ر قووڵ و فره ره‌هه‌ند و هه‌مه‌چه‌شن و جودا و جیاوازه، له‌ڕووی جودایی تێڕوانینی مهدرهسهو قوتابخانه فه‌لسه‌فی و ته‌رح و بۆچوونه جیاجیاكانه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكیشه، تۆ ته‌سه‌وور بكه، له‌هیچه‌وه هه‌موو شتێك دێته بوون، ئه‌و كون فه‌یه‌كون-ه ئیستیعابێكی ئه‌قڵیی گشتگیر و زه‌ینێكی هێجگار زرنگی ده‌وێت، تا هه‌زمی بكات، راسته ره‌نگه پێم بڵێیت، ئه‌ی ئه‌وه نییه، ژماره‌یه‌كی بێشووماری خه‌ڵك بێ هیچ بیركردنه‌وه‌و دوودڵییه‌ك باوه‌ڕیان پێیه‌تی، خۆی له‌ڕاستیدا گرفته‌كه له‌وه‌دایه، چونكه ئه‌و باوه‌ڕه له‌یه‌قینه‌وه هه‌ڵنه‌قووڵاوه..ئاسته‌مه بێ گومان و پرسیاركردن بگه‌یته یه‌قین، ئه‌ی ئه‌وه نییه له‌ساته وه‌ختێكدا، زاتێكی خودا ناسی وه‌ك “غه‌زالی” كه له‌ته‌مه‌نی چل په‌نجا ساڵیدایه‌و بابایه‌كی مه‌عروف و پایهدارێكی ئایینی به‌غدایه، ده‌كه‌وێته گومانه‌وه‌و موناجاتی خودا ده‌كات و كۆمه‌ڵێك پرسیاری لا مه‌تره‌ح ده‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌خۆی بڵێت، خودایه خه‌ڵك ده‌زانن كه‌من كه‌سێكی ئیماندارم، به‌ڵام ناتوانم گومانه‌كانی خۆم له‌ئێوه‌ی تاك و ته‌نها بشارمه‌وه.. ئیتر هه‌ر ئه‌م گومانانه‌ش ده‌بێته مایه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون و ته‌رك كردنی دنیای، بۆ ماوه‌ی كه‌متر یان زیاتر له‌ده ساڵێك و تاقیكردنه‌وه‌ی رێچكه‌و رێگه‌ی سالیكانی ته‌ریقه‌ته‌كان و قووڵبوونه‌وه‌ی لهتهسهووف و خوداناسیدا، پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو مه‌ده‌نییه‌ت و ده‌ستپێكردنی به‌نووسینی كتێبی “رزگاركار له‌گومڕایی” كه‌وه‌ك زانراوه‌و ده‌گوترێت “دیكارت” مه‌نهه‌جیه‌تی به‌كارهێنانی گومان و گه‌ڕانی لۆژیكیانه‌ی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا له‌وه‌وه وه‌رگرتووه‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گریش بۆ ساغكردنه‌وه‌ی خراوه‌ته روو.. ئه‌م كتێبه‌ی غه‌زالی یه‌كێكه له‌كتێبه گرنگه‌كان و بۆ خۆی له‌ڕێگه‌ی ئیجتیهاداتی قه‌لبی و په‌یڕه‌وكردنی ته‌سه‌ووفه‌وه، ده‌گاته یه‌قینی موتڵه‌ق و ده‌رحه‌ق به‌هه‌موو گومانه‌كانی پێشووتریشی وه‌ڵامی لا دروست ده‌بێت.
وریا باقر: چۆن ده‌ڕواننه چه‌مكی هاوڕێیه‌تی حه‌قیقی و به‌تایبه‌تیش هاوڕێیه‌تی عاریفان و موتهسهوویفان؟
یوسف عزه‌دین: “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” تهسهوورێكی جوان و ناوازه‌و دانسقه‌ی هه‌یه، كه‌ده‌فه‌رمووێت: ( هاوڕێی هه‌مووان ببه‌و به‌ڵام وه‌ك ئه‌وانه‌ی بت دروست ده‌كه‌ن، له‌به‌رد هاوڕێیه‌ك بۆ خۆت دروست بكه). واته ته‌نها له‌ڕوو و به‌ناچاری هاوڕێی هه‌مووان ببه‌و خه‌ڵكی بناسه.. ئه‌گینا به‌ڕاستی و به‌دڵا، راز و نهێنییه‌كانت، ته‌نها لای هاوڕێ له‌به‌رد دروستكراوهكهت بدركێنهو ته‌نها هاوڕێی ئه‌و به، ئه‌وێك كه‌له‌هیچ و ئان و ساتێك‌دا ناتوانێت ئێره‌یت پێبه‌رێت، ناتوانێت ببێته ناحه‌ز و دوژمنت ، ناتوانێت زیانت پێ بگه‌یه‌نێت، ناتوانێت هه‌موو شتێكت لێوه فێر بێت و پاشانیش خیانه‌تت لێبكات، ناتوانێت چه‌ندین چیرۆكی ناڕاست و درۆت له‌باره‌وه دروست بكات.. ئه‌و هاوڕێ له‌به‌رد دروستكراوهكهت، نه ده‌بێته تۆ و نه‌ده‌بێته وێنه‌یه‌كی ناحهزو دوژمنه‌كانت، ئه‌و هه‌ر ئه‌وه، هاوڕێ راسته‌قینه له‌به‌ر دروستكراوهكهته!؟
وریا باقر: به‌ڕێزتان پێتان راسته، مرۆڤ هێنده گۆشه‌گیر و دووره په‌رێز بێت، ته‌نها هاوڕێیه‌كیشی كه‌جێی متمانه‌و باوه‌ڕی بێت، له‌به‌رد دایتاشیبێت؟
یوسف عزه‌دین: هاوڕێیه‌تی یان ده‌بێت ئه‌وه‌ی “شه‌مسی ته‌برێزی”و “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” بێت، یان نه‌بێت چاكتره!؟ ئه‌و هاوڕێیه‌تیه‌ی كهناحهزان نه‌یانهێشت به‌رده‌وام بێت، ئیتر وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، له‌شه‌وێكدا پاش ده‌ركه لێدانی جێگه‌ی مانه‌وه‌ی له‌شاری”كۆنیا”، “شه‌مسی ته‌برێزی” ده‌چێته ده‌ر و بۆ هه‌تا هه‌تایه كه‌س نایبینێته‌وه.. یان وه‌ك ده‌ڵێن گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاری”خویی” و له‌وێدا مردووه یان كوژراوه، ئه‌و گۆڕهشی كه‌له‌وێدا به‌گۆڕی ئه‌و دراوه‌ته قه‌ڵه‌م، له‌لایه‌ن یونیسكۆ-وه كراوه‌ته شوێنجێگه‌و شوێنه‌وارێكی جیهانی پارێزراو.
راستی پێكگه‌یشتن و ناسینی ئه‌م دوو زاته بۆ یه‌كتری و زۆر ورده‌كاری كاركردن و كاركردنه سه‌ر یه‌كتریان لوغزه.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌گێڕدرێته‌وه گوایه، “شه‌مسی ته‌برێزی” سه‌ره‌تا به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی بناسێنێت، ده‌چێته وه‌عزه‌كانی “مه‌ولانا”و پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن لهیهكهمجاری بینینیدا زانیوویه‌تی، هێشتاكه “مه‌ولانا” ماویه‌تی بۆ ئیستیعابكردنی ئه‌و مه‌عریفه عیرفانییانه‌ی لای ئه‌و هه‌بووه، “شهمس” گه‌ڕاوه‌ته‌وه و پاش چه‌ند ساڵێكی دیكه وه‌ك بازرگان خۆی به شاری “كۆنیا”دا كردۆته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان كهپێگهیشتن و ئاماده‌گی رۆحییانه‌ی “مه‌ولانا”ی بینیوه بۆ وه‌رگرتنی گه‌لێك له‌و مه‌عریفه‌و تهوهجووهه غه‌یبیانه‌ی كهپهی پێبردووه، دیاره خۆی پێده‌ناسێنێت و به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ئاڵوگۆڕ له‌بونیادی فیكری و مه‌عریفی و ئایینی مه‌ولانا-دا رووده‌دات، مه‌ولانا-یه‌كی مورشید و واعیز و ئیمام، ده‌بێته سهماچیی و عاشقێكی سه‌رمه‌ستی ئیلاهیی، له‌كۆڕی وه‌عز و ئیرشاد‌و تێكه‌ڵبوونی خه‌ڵكه‌وه، ده‌كشێته‌وه بۆ نێو ته‌نهایی و بێده‌نگی و خه‌ڵوه‌ت و كه‌م دوویی، ئیدی هه‌ر ئه‌مه‌شه به‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی و هه‌موو براده‌ران و كه‌سانی نزیك له‌مه‌ولانا قبووڵ ناكرێت، مه‌ولانا-یه‌ك كه‌پێشتر هی ئه‌وان بووه‌و بۆ ئه‌وان بووه، ئێستا ویڵ و سه‌رگه‌ردان عه‌وداڵی سه‌وداو سه‌ماع و سه‌ما و نغرۆی دنیا بینییه‌كانی “شه‌مسی ته‌برێزی”یه.. جاری یه‌كه‌م پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵك “شهمس” شار به‌ده‌ر ده‌كه‌ن، مه‌ولانا ده‌نێرێت و ده‌یهێننه‌وه، به‌ڵام جاری دووه‌م، پاش ئه‌و ده‌ركه لێدانه‌و ده‌رچوونی شهمس-ه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كێیه، ئیتر شهمس نامێنێت.. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر و كاریگه‌رتر، ئه‌و چل رۆژه زۆر سه‌یر و عیرفانییه‌ی ئه‌و دووانه‌یه، كه‌پاش رۆژوو گرتنێكی چل رۆژه‌و ئیعتیكاف كردنیان چل رێسا-كه‌ی عیشق ده‌نووسنه‌وه، ئه‌و چل رێسایه‌ی كه‌له‌و ده‌مه‌وه‌و تا ئێستا بۆته جێگه‌ی سه‌رسامیی، وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رجه‌م بنیاده‌مانی سه‌ر رووی زه‌مین، دێن و چل رێسای بنه‌ڕه‌تی پڕ مه‌حه‌ببه‌تی عیرفانی، وه‌ك مانیفێستۆ-یه‌ك بۆ مانه‌وه‌و پێكه‌وه ژیانی سه‌رجه‌م تاكه‌كانی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی داده‌ڕێژن و جێگه‌ی سه‌رنجیشه هه‌ر رێسایهكیان له‌وه‌ی تریان كاریگه‌رتر و قووڵتره، له‌كۆتایی ئه‌م دیالۆگهشماندا، پێم باشه وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئاماژه به‌رێسای “سی و نۆ” بكه‌م: ( هه‌رچه‌ند به‌شه‌كان ده‌گۆڕێن، به‌ڵام گشت وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، چونكه كاتێك دزێك ئه‌م دنیایه جێده‌هێڵێت، دزێكی دیكه له‌دایك ده‌بێت، كاتێك كه‌سێكی ره‌وشت به‌رز دنیا جێ ده‌هێڵێت، ره‌وشت به‌رزێكی تر جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه.. به‌م شێوه‌یه هیچ شتێك نییه نه‌گۆڕدرێت، له‌كاتێكدا له‌ڕاستیدا هیچ شتێك ناگۆڕدرێت.. چونكه به‌رانبه‌ر هه‌ر سۆفییه‌ك كه‌ده‌مرێت، سۆفییه‌ك له‌شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م دنیایه‌دا له‌دایك ده‌بێت.. ئایینی ئێمه ئایینی عیشقه‌و سه‌رجه‌می مرۆڤه‌كان به‌زنجیره دڵێك پێكه‌وه ئاڵقاوون، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌كی لێ بترازێت، ئه‌ڵقه‌یه‌كی تر جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، ناوه‌كان ده‌گۆڕدرێن، دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام جه‌وهه‌ر هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه).
———————————–
ناساندن
یوسف عزه‌دین
رۆماننووس و نووسه‌ر
له‌ساڵی 1990-1991زیندانی بووه له‌مودیریه‌تی ئه‌منی سلێمانی سه‌رده‌می ڕژێم”ناسراو به‌ئه‌منه سووره‌كه”و پاش ئه‌وه‌ی خۆی و هاوڕێكانی فه‌رمانی گوللهبارانكردنیان بۆ ده‌رده‌چێت ، كه‌ده‌بوو له21-3-1991دا له‌مه‌لعه‌به‌كه‌ی سلێمانی گولله‌بارانبكرێن..به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان بووه له‌مپه‌ر و له به‌رواری 8-3-1991 پاش شاڵاوی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوو بۆ ئه‌منه‌سووره‌كه ئازادكرا.
یه‌كێكه له‌و ناوانه‌ی نه‌وه‌ی نووسه‌رانی پاش ڕاپه‌ڕینیان پێده‌وترێت و هه‌وڵی جدیی هه‌یه، چ له‌بواری رۆماننووسینداو چ له‌بواری ته‌رحی فیكری و بگره‌و به‌رده فه‌لسه‌فییه‌كاندا وه‌ك له‌دیالۆگ و گفتوگۆكانیدا دیاره. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌و ده‌نگانه‌ی كه‌هه‌میشه له‌به‌رچاوان و ده‌ور قه‌ره‌باڵغن.. نووسه‌رێكی ته‌نها و دووره‌په‌رێزه، هیچ تێكه‌ڵیی و خوڵقی نێوه‌نده ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و سه‌نته‌ر و كایه‌كانی تری نییه..
ئه‌م نووسه‌ره چه‌ند زمانێك ده‌زانێت، له‌وانه زمانی توركی و عه‌ره‌بی به‌باشی ده‌زانێت، چ بۆ نووسین و چ بۆ وه‌رگێڕان.. كۆمه‌ڵێك بابه‌تی وه‌رگێڕدراوی له‌زمانی توركی و عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه.. بابه‌تی نووسراو و بڵاوكراوه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه، كه‌له كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌و سایتی عه‌ره‌بیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه.
نووسه‌ر و وه‌رگێڕی مه‌غریبی “سه‌عید بلغربی” كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌م نووسه‌ره‌ی له‌زمانی عه‌ره‌بی-یه‌وه كردۆته ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا له‌مه‌غریب به‌چاپی گه‌یاندووه‌و شایانی باسه ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره تێكستی كوردی بكرێته ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكدا چاپبكرێت.. به‌تایبه‌ت مه‌غریب وڵاتی نووسه‌رانی به‌توانای وه‌ك “تاهیر بن جه‌لون”و “محه‌مه‌د زفزاف”و”محه‌مه‌د شوكری”یه‌و خاوه‌ن خوێنه‌رانێكی جدییه.. هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبه بۆته ماته‌ڕیاڵی دیراسی كۆلێژی ئادابی یه‌كێك له‌زانكۆكانی مه‌غریب و وه‌ك وه‌رگێڕش له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا ئاماژه‌ی پێداوه، ئه‌و خۆی له‌نێو كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراوی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری كورددا، به‌بێ ناسینی خودی نووسه‌ر، ته‌نها تێكسته‌كانی “یوسف عزه‌دین” سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌و سه‌رسامی جدییه‌تی بووه‌و هه‌ر بۆیه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژی بۆ وه‌رگێڕان و پاشان به‌چاپ گه‌یاندنی ته‌رخان كردووه.
كتێبه چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر
دیوێكی دیكه‌ی حیكایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان/رۆمان/چاپخانه‌ی شڤان-سلێمانی2006
ته‌نها ڕۆژێكی سارد/رۆمان/ده‌زگای موكریان/هه‌ولێر/2008
پێخه‌فێك له‌خوێن/هونه‌ری گێڕانه‌وه/ده‌زگای ئاراس/هه‌ولێر/2008
ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی/رۆمان/یانه‌ی قه‌ڵه‌م/سلێمانی2009
وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان/ رۆمان/به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی/2009
وههم و شوناس/ گفتوگۆ‌و وتار/چاپخانه‌ی یاد/ سلێمانی/2012
كۆتاییه‌كان/ئه‌نفارار/ هونه‌ری گێڕانه‌وه-سردیات/به‌زمانی ئه‌مازیغی-دار كه‌به‌دانی-مه‌غریب2015