Skip to Content

ڕەنگدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانی پەناهەندە.. کوردۆ نزار ئەحمەد

ڕەنگدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانی پەناهەندە.. کوردۆ نزار ئەحمەد

Closed
by ئایار 24, 2023 General, Literature

پۆست کۆلۆنیالیزم تیۆرێکی نێوان پسپۆری و چالاک ڕوو لە گەشەیە، چونکە لە لایەکەوە ڕەگ و ڕیشەکانی لەنێو تیۆر و قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی وەک مارکیسیزم، پۆست مۆدێرنیزم، پاش بونیادگەری، دەرونشیکاری…هتد هەیە. لەلایکی تریش کاریگەرە بە زانست و بابەتە جیاوازەکانی سیاسەت و ئابوری، فەلسەفە ، مرۆڤناسی، جوگرافیا و مێژوو. پۆست کۆلۆنیالیزم گشت کلتورەکانی ژێر کاریگەری پرۆسەی ئیمپراتۆریەت لە یەکەم ساتی داگیرکردنەوە تا ئێستا لەخۆ دەگرێت، چونکە داگیرکردنی ئەو وڵاتانەی کە بە هێرشەکانی ئیمپراتۆریەتیەکانی ئەوروپا دەستی پێکردبوو تا ئێستاش بە پێی ڕەوتێکی مێژووی بەردەوامە، کە ئەویش ڕەوتی ئیمپریالیزمە.

ئەشکرافتیش لە پێناسەکردنی پۆست کۆلۆنیالیزم دەڵێت: “پۆست کۆلۆنیالیزم پەیوەندی بە سەردەمی پێش سەربەخۆی هەیە و پیشاندەری گشت کلتورانەیە، کە پرۆسەی ئیمپریالیزم لە دەسپێکی داگیرکاری تا ئێستا دەستی بەسەرداگرتوون. لەم ڕوانگەیەوە پۆست کۆلۆنیالیزم گوزارشتە لەو بارودۆخەی کە لە ژێر هەیمەن و دەسەڵاتی پرۆسەی داگیرکاری دێتە ئاراوە، چونکە لە پرۆسەی داگیرکاریدا ئاڵوگۆری کلتوری لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دێتە ئاراوە، بەو پێیەی لە داگیرکاریدا کاتێک داگیرکەر دەست بەسەر خاک و زەمینەی نەتەوەیەک دا دەگرێ هەوڵدەدات لە هەموو ڕوێکەوە خۆیی زاڵ بکات بەسەر داگیرکراودا” (هیمداد حوسێن و هاوکارانی، ئەدەبی بەراورد).
ئەتوانیین بڵێن پۆست کۆلۆنیالیزم ناڕونیکی زۆر و ئالۆزی تێدایە، کە ئەم ناڕونی و ئالۆزیەش بۆ ئەو بوارە فراوانەی لێکۆلنەوە پۆست کۆلۆنیالیزمەکان دەگەڕیتەوە، چونکە هەر لە تیۆر و ڕەخنەی ئەدەبی تا زانست و بابەتە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێ لە بنەڕەتەوە بوارێکە چوارچێوەدار نیە و پێناسە کردنی سەختە.
لە پڕۆسەی داگیرکاریدا پەیوەندییەکی دوولایێنی هەیە، واتە زۆر جار داگیرکەریش دەکەوێتە ژێرکاریگەری داگیرکراو، بەڵام زیاتر داگیرکەر زاڵترە، چونکە داگیرکەرەکە بەهۆی باڵا دەستی بە زۆر هەوڵدەدات کە دەسەڵاتی خۆی و کلتوری خۆی بە زۆر بسەپێنێ بەسەر وڵات و نەتەوە داگیرکراوەکە و لە هەموو ڕوێکەوە وڵاتە ژێر دەستەکە بگۆڕێ لە ڕوی سیاسی و ئابوری، کۆمەڵایەتی، خێزان، زمان، ئەدەبیات، تەنانەت شێوازی ژیانکردنیش کاریگەری خۆی جێدێڵێت؛ دواجار ئەمەش ئەبێتە هۆی دروست بوونی دژایەتی لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو، چونکە دەست بردن بۆ گۆڕینی ژیان و کلتوری و کۆمەڵگەی خەڵکە داگیرکراوەکە دەبێتە هۆی درووست بوونی ڕقێکی زۆر لایەن خەڵکە ژێردەستەکەوە، لەبەر ئەوەی لەم پەیوەندییە دوو لایەنەدا داگیرکەر بە نەژادی باڵاتر، پێشکەوتووی خاوەن شارستانیەت من، هەروها داگیرکراویش بە مرۆڤێکی کێوی و دوور لە شارستانیەت و ئەوەی تر، دەناسێنرێت لەوکاتەشدایە کە پۆست کۆلۆنیالیزم سەرهەڵدەدات.
ئەگەر پۆست کۆلۆنیالیزم گوزارشت کردن بێت لەو ئاڵوگۆڕە کلتورییەی، کە لە ژێر پڕۆسەی داگیرکاریدا لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دێتە کایەوە، ئەوا تیۆرێک، کە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمە، تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم کۆمەڵێک تێروانینی تیۆری و ڕەخنەیە، کە لە کاریگەریەکانی جێگۆرکێی کلتوری دەکۆڵنەوە گرینگی بە تێڕوانینەکانی پەیوەست بە خۆڕاگری و بەرگریی لە ناسنامەی کلتوری خۆیان دەکەن یان دەتوانین بڵین، کە چەند تیۆرێکی جۆراوجۆر و ڕەخنەیە لە یەکەم ڕۆژی داگیرکردن دا بە دیدی ڕەخنە گرانەوە تاوتوێی پەیوەندی ئەو نەتەوانە دەکات، بابەتی کۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم لە هەموو ئەو تێروانینە تیۆری و ڕەخنەییانە بابەتی سەرەکین.
تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم تیۆرێکی فراوان و بەربڵاوە و لە زۆربەی بوارەکان خۆی دەبینێتەوە، یەکێک لەو بوارانە ئەدەبیاتە، چونکە ئەگەر تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆڵینەوە لە کاریگەریە کلتوریەکان بکات ئەوا ئەدەبیات وەکو بەشێک لە کلتوری هەر نەتەوەیەک زۆرترین ئەو کاریگەریانەی تێدا ڕەنگدەداتەوە، بۆیە ئەدەبیات دەبێتە بواری لێکۆڵینەوە لەم تیۆرە؛ واتا پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیات و بەرهەمی ئەو نوسەرانە دەکات، کە بۆ ماوەی چەندان ساڵ لە وڵاتە داگیرکەر و داگیرکراوەکان ژیاون، چونکە ئەو نوسەرانە پێیان وایە نوسینی مێژوو و بیرەوەری خۆجێی ئەدەبیاتی کلتوری باشترین ڕێگایە بۆ بەرنگاربوونەوە و وەستان دژی داگیرکاری، ئەوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لە بواری ئەدەبیدا دەیەوێت و بانگەشەی بۆ دەکات هەڵوەشاندنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو گوتار و بانگەشەی نادادپەروەرانە و نایەکسانیەیە، کە وڵاتانی کۆڵۆنیکەر بەسەر تێکڕای ئەدەب و زمان و کلتوری نەتەوە داگیرکراوەکانیان سەپاندووە (هیمدام حوسین و هاوکارانی، ئەدەبی بەروارد).

ئەگەر وڵاتە داگیرکەرەکان بە درێژای مێژووی داگیرکاریان لە هەوڵی بەرهەم هێنانی گوتارێک دا بووبن سەبارەت بە ڕۆژهەڵات، ئەوا ئامانجی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەرهەم هێنانی ئەو گوتارە و ڕەتکردنەوەی، بە واتایەکی تر ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆلینەوەیە لە دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایەکان، کە چۆن سەیری ئەو میللەتانە دەکات و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدات و بە جیهانی دەکات تاوەکو درێژە بە داگیرکاریەکی خۆی بدات، لە سیستەمی نوێی جیهاندا میللەتە ڕزگاربووەکان لە داگیرکاری تا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان داگیرکراون، چونکە ناسنامە ماف، ماڵ، دارایان کراوەتە ئامانج تا ئێستاش بیری ڕۆژئاوا سەنتەری بڵاو و باوە.
بۆ ئەم مەبەستەش نوسەرانی پۆست کۆلۆنیالیزم لەو باوڕەدان، کە دەکرێت بەرهەمە کلاسیکیەکان جارێکی دیکە تاوتوێ بکرێنەوە و پەراوێزخراوەکان بکرێنە سەنتەر و جارێکی تر پێگەی خۆیان لە مێژووی جیهاندا بەدەست بێنەوە. بەرهەڵستی ئەو جۆرە شارستانیەتە ببنەوە، کە ڕۆژئاوایەکان پێناسەیان کردوە، هەروها ئەو نوسەرانە باوڕیان وایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە سەرەتا دەبێ ڕۆژهەڵاتیەکان باوەڕ بە خۆبونیان هەبێ و متمانە بەخۆیان بکەن پشت بە کەلتوری ڕەسەنی خۆیان ببەستن و واز لە لاسایکردنەوەی کلتوری ڕۆژئاوایەکان بێنن”(کوردستان عبدالوهاب نادر، ڕەنگدانەوەی بیری پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ).
دەکرێت بگوترێت ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم بریتیە لەوەی کە ئەو ئەدەبیاتە لە هەوڵی خوێندنەوەی تێگەیشتنی شێواز و ڕێگاکانی ڕووبەڕوبوونەوە و چۆنیەتی بەرگریکردنی داگیرکراوان لە بەرامبەر داگیرکەران لە بەرهەمی ئەدەبی هەدوولادا، واتە داگیرکەر و داگیرکراو، هەروها ئەوەی چۆن بگەڕێنەوە بۆ ناسنامە کولتورییە گۆڕاوەکەیان، بۆیە نوسەران و هزمەندان لە هەوڵی ئەوەدان، کە بە ڕەچاوکردنی شێوازەکانی گوتاری پشت ئەستور بە هزر و بیر و شارستانیەتی خۆماڵی لە بەرهەمە ئەدەبیەکاندا دژی گوتارەکانی پەیوەست بە داگیرکاری بوەستنەوە، تا لە کۆتاییدا بتوانن ناسنامە و پێگەی مێژووی و کلتوری و ئابوری و سیاسیی خۆیان بەدەست بهێنەوە.

هەر ئەدەبیاتێک بابەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بابەتی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزمیش خەریک بوونە بەدەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی پرۆسەی داگیرکاری، نوسەرانی ئەم ئەدەبیاتە لەو باوڕەدان، کە ئەم دابەشکاریە بێ واتا و بێ بنەما و نا دادپەروەرانەیە و شێوەیەکی ترە لە داگیرکاری لەئەنجامدا گرژی دەخاتە نێوان رۆژهەلات و ڕۆژئاوا، ئەم نوسەرانە لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە داوای مافی خۆیان دەکەن ولەهەمانکاتدا رەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێرپسیارەوە، “دەقی ئەدەبی شتی زۆر نەگۆڕ و چەسپاو نین، بەڵکو پەیوەستن بە بارودۆخ و هەڵومەرجە سیاسییە گەورە و بچووکەکانەوە، نووسین و خوێندنەوەی دەقەکان هەرگیز بابەتێکی بێسوود نیە. دەقەکان بەرژەوەندی باڵادەستەکان و هەست و سۆز و ئامانجەکانی تری خۆیان دەسەپێنن (ئیدوار سەعید، ڕۆژهەڵاتناسی).
پۆست کۆلۆنیالیزم، خۆی خەریک دەکات بەو نەتەوانەی، کە کاری داگیرکاری یاخود له ژێر کاریگەری داگیرکارین، لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکاریەشدا ئەدەبیات فراوان دەبێت، هەوەها پەیوەندی کەلتووری دروست دەبێت لە نێوان نەتەوەکاندا.

ڕەنگدانەوەی بنەمایی ڕۆژهاتناسی لە ڕۆمانی پەناهەندە

تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لەخۆگری چەند بنەماییەکە، ئێمە لێرەدا هەوڵی ئەوە دەدەین، کە ڕەنگدانەوەی بنەمایی ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕۆمانی پەناهەندە دیار بکەین.
ڕەنگدانەوەی ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕۆمانەکەدا
دنیای ڕۆژئاوا هەوڵدەدات پێناسەی ڕۆژهەڵات بکا، لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەی خۆی دەکات و خۆی بە ئەرێنی وەسف دەکات و ڕۆژهەڵاتیش بە نەرێنی. لێرەدا ئەو ڕوانگە ڕۆژهەڵاتناسیانەی، کە لە ڕۆمانەکەدا هەبوون دەیانخەینە ڕوو:

أ‌- بەرامبەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا:
یەکێک لە کارە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی، درووستکردن و بنیاتنانی دوو جەمسەری دژ بە یەکە، کە ئەوانیش دنیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان، ئەم گوتارر نوێنەرایەتی دوو کلتوری جیاواز دەکات، کە ڕۆژهەڵات بە نەڕێنی نیشان دەدات و ڕۆژئاواش بە ئەرێنی. نموونە لە ڕۆمانەکە: “ئەو ڕۆژهەڵاتەی، کە وزەی تیا نەماوە تەنیا لە لاسایکردنەوە و ئافراندنێکی بێ مەودا نەبێت، ڕۆژهەڵات تەنیا لە پاڵ ئەوی دیکە دا دەژێت، ڕۆژئاوا هۆی سەرکوتکردن و سەربەرزیمان، ڕۆژئاوا ئاوێنەیەکە باڵای کورتی خۆمانی تێدا دەبینن” ئەگەر سەیری ئەم نموونەیە بکەین دەبینن، کە دوو دنیایی بەرامبەر یەکی درووست کردووە ئەویش ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان، کە نوێنەرایەتی دوو کلتور و خاکی و خەڵکی..هتد جیاواز دەکەن. لە شوێنێکی تری ڕۆمانەکدا تێگەیشتنێکی نزیک لەمە هەیە دەڵێت: ” من لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا بە فەڕەسنی جارێکی دیکە لە دایکبوومەوە، با بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستان بم، بەڵام باوڕم بە ڕەگ نیە من باوڕم بە ڕێگاکانە، چونکە ڕەگی تەواو هەمیشە چەقیوەتە نێو قوڕێکی خەست و ناوچەیکی تاریک، بەڵام ڕێگا بەرەو جوڵان و ڕۆشنای دەچێت”.

ب‌- ڕۆژئاوای هونەردۆست ڕۆژهەڵاتی بێ هونەر
یەکێک لەو دووانە لێکدژانەی بەرهەم و لێکەوتەی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسین، وێناکردنی ڕۆژئاوایە وەک سەرزەمینی هونەر و ئەدەب و ڕۆشنبیری، خەڵکی ڕۆژئاوا خەڵکانێکن هونەر دۆستن و نرخ و بەهای هونەر لایی ئەوانە و ئەوان لە هونەر تێدەگەن، لە بەرانبەریشدا وا وێنای ڕۆژهەڵات دەکەن، کە بێ هونەرن و نرخ و بەهای هونەر نازانن. لە ڕۆمانی پەناهەندەش ئەوە دەردەکەوێ، کە خەڵکی ڕۆژئاوا هونەر دۆستن و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بێ هونەرن، نموونە: ” شانۆی کوردی لە ئاستی بنێشتی کوردیە” لە شوێنکی تر دەردەکەوێ سایق تەکسیکی ئیرانی دەڵێت: “ئێمە و گریک جوداوازین، شانۆ لە عورف و عاداتی ئێمە شومە ها” لێرەدا ئەوە دەردەخات، کە خەڵکی ڕۆژهەڵات هونەر دۆست نیە و بەهای هونەر نازانێ، لە شوێنیکی تری ڕۆمانەکە نموونەیکی تر هەیە دەڵێت: “مێزێکی قاچ کورت و دیکۆری تەلەفیزیۆن و دیکۆرەکانی لە دیوخانێکئ هاوچەرخ هیچ جیاوازی نەبوو، فەرشە ئیرانیەکە بڵحەکە بینەری بێزار دەکرد، هیچ دەستێکی هونەری پێوە دیار نەبوو” لێرە مەبستی ئەوەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هونەر نازانن و نرخ و بەهای لای ئەوان نیە.

ت‌- ڕۆژئاوای دیموکراسی و ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆر
لە ڕوانگەی ڕۆژ ئاواوە، ڕۆژهەڵات سەرزەمینی نادادی و نایەکسانی و سیستەمی حوکمڕانی دیکتاتۆر و زاڵمانە و توندڕەوە، لەبەرامبەر ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆر ڕۆژئاوای دیموکراسی هەیە کە هەموو تاکێک تێدا ئازاد و سەربەخۆییە، ڕۆژئاوا سەرزەمینی عەدالەت و دەسەڵاتێکی حەکیمانە وڵات بەڕێوە دەبات، نموونە لە ڕۆمانەکە: “لجوئی سیاسیشی دەدەنێ لە سویسرایک کە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دیکتاتۆری عێراقی سەردەمی شەرێ عێراق و ئیران دا هەبوو” ئەگەر سەیری ئەم نموونەیە بکەین دەبینن کە ڕۆژهەڵاتی بە دیکتاتۆر داناوە، لە شوێنکی تری ڕۆمانەکە دەڵێت: “ئەی اشە شەو ڕۆژ باسی دیموکراسی ناکەن! لرە هەموو سلێمانییە چوار دەنگ گڕێ دیکە نیە، بە حەقی خوای واستەی هەیە”.

ث‌- ڕۆژئاوای مرۆڤدۆست و ڕۆژهەڵاتی مرۆڤکوژ

لە تێڕواڕینی ڕۆژئاواییەکانەوە ڕۆژهەڵات سەرزەمینی بێنرخکردن و بێ بەهاکردنی مرۆڤە، سەرزەمینی کوشتنی خەونەکانە، لە ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤەکان خاوەنی شکۆ و کەڕامەت نین، لە ڕوانگەی ڕۆژئاوایەکانەوە لەبەرانبەر ڕۆژهەڵاتی مرۆڤکوژ ڕۆژئاوای مرۆڤدۆست هەیە، کە سەرزەمینی بەدی هاتنی خەونەکانی مرۆڤە، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە”جەرجیس زۆر شتی دەزانی زۆر شتی دەزانی لە کۆمەڵگایەکی جاهیل و نەفامدا، ئەوەی زیاد بزانێت دەبێ لەناو ببرێت” لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، کە مرۆڤ ئازاد نیە لە بیرکردنەوە و ناتوانێ بە ئازادی بیروڕای خۆی دەربڕێت، لە شوێنکی تر دەڵێت: “کاتێ ڕەمزی هەولێری جێهێشت سێ مانگ بوو جەرجیسان کوشتبوو بە چەقۆ سەریان پەڕاندبوو”.

ج‌- ڕۆژئاوای پێشکەوتوو و ڕۆژهەڵاتی دواکەوتوو
بەشێک لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی وێناکردنی ڕۆژئاواییە وەک سەرزەمینی پێشکەوتوو، کە بەردەوام لە گەشکردن و گۆڕان دایە، ڕۆژهەڵاتیش بە پێچەوانەی ئەوە بە سەرزەمینێکی دواکەتوو و چەقبەستوو، کە هیچ کات ناتوانێ گەشەبکات، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە: “سویسرا چۆنە؟
کاتێک کوردێک پرسیاری وا لە کوردێکی دیکە دەکات مەبەست ونیازەکانی دیارن، هەرگیز سویسریک پرسیاری وا لە سویدیەک ناکات، چونکە پرسیاری وا لە عەقڵیەتی ڕۆژئاوایەکان هیچ مانایەکی نیە، نەک ئەمە بەڵکو گەلحۆی ئەوەیدیکەش ڕوون دەکاتەوە” لە شوێنیکی تر دەڵێت: “تەنها حەوت هەشت کەپرەکە و بردە زلەکانی و مەنجەڵە دۆڵمەکەی کەمە، کورە بەڕاست هیچ پەیوەندیەک لە نێوان دەریاچەی جنێڤ و دوکان نییە، زەڵەتە زەلامیش بە فانیلەوە خۆیان هەڵنادەنە ناوی کەسیش سینیەی لەبە ناشوات”.

ح‌- ڕۆژهەڵاتی ئاڵوشی و خورافی
جگە لەو وێنانەی سەرەوە ڕۆژئاوا کۆمەڵێک وێنای تریشیان بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان بەرهەمهێناوە، وەک ئاڵوشی و خورافی لەلای ئەوانەوە خەڵکامی ڕۆژهەڵات خەڵکانێکی ئاڵوشین، لەهەمان کاتدا سەرزەمینی خوارفی و سیحر و جادووە، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە” ئێوارەیەک لە ژوورە بچووکەکەی پاسدارخانەکە چەند پاسدارێ دەوریان لە سۆپە نەوتیەکە داوە، لە پڕێکدا خۆیان دەکوتییە سەر مەسیفی و دەستیان ماچ دەکرد، چونکە بە درۆ وتبووی زیارەتی نەجەفم کردووە و ئیتر بۆ ئەو بەچکە حەجەمانە مەسیفی لە حاجی حاجی تر بوو”.

———————————

سەرچاوە

  1. کوردستان عبدالوهاب نادر (٢٠٢٢) ڕەنگدانەوەی بیری پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ، زانکۆی سۆران.
  2. هیمداد حوسێن و سەنگەر نازام و ڕێزان ساڵح (٢٠٢١) ئەدەبی بەراود، چاپی یەکەم، هەولێر.
  3. ئەحمەدی مەلا (٢٠٠٦) شەپتۆ یا دەوەری برۆکسل(پەناهەندە).
  4. ئیدوارد سەعید (٢٠١٨) ڕۆژهەڵاتناسی، وەرگێڕانی محمد موحسین عومەر، چاپی یەکەم.

ئەم نوسینە بە سەرپەرشتی:
م. چاوەڕێ نیعمت سالح لە زانکۆی سۆران ئامادەکراوە ٢٠٢٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish