Skip to Content

زەنگیانەی ئاویی – ڕستی شەشەم …. فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاویی – ڕستی شەشەم …. فەتاح حەسەن

Closed
by ئاب 31, 2018 General, Poems

( گومان )

گومان لە ئاسایی بونی خۆم دەکەم
چون، خەونەکانم دێنەدی
پێرێ لەخەوما
هەردوو گوێم کەڕ بوو
دوێنێ دەنگم نەبیستی
دوێنێ لەخەوما
بینایی خۆم لەدەست دا
ئەمڕۆ نەمبینیت..

( گڕ )

خۆ من روناکیی نیم
گەر روناکیی بام
لێدەگەڕام بمخەیتە ناو گڕ،
ئەی نازانی .. ڕوناکیی
دەستەخوشکی گڕە؟!

( دابڕان )

وا هەست دەکەم
تەلاقم لەخۆم کەوتبێ
خۆم لەکوردستان، من لەغەریبیی..
تەڵاقەکە، وا کەوتووە
مەزهەبی عیشقیش،
پێی پینە ناکرێ.

( دەریا )

من لە دەریا سەرکەش ترم
شەپۆلەکانی، دەتوانن
یەکتر بخۆنەوە و
لە کەناردا ئارام بگرن،
خەمەکانی من،
نە کەنار دەگرن،
نە مانای هێور بوون دەزانن.

( بۆن )

خۆشترین بۆن
نە بۆنی مێخەکە،نە گوڵەباخ
نە بۆنی بارانی پاش وەشتە
نە زوڵفی یار،
خۆشترین بۆن
بۆنی ئارەق وگۆرەوی و
پێڵاوی دایکە..
لە هاوینا.

( سەیوان )

ەکەی من ( سەیوان )
جێی شەهیدێکی تری
تیانابێتەوە..
سەیوانەکەی تۆش
کچێکی تر.

——–

*یەکەم گردی سەیوانە، دوەمییش مەبەست لە چەترە

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
2017

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish