Skip to Content

سیستەمی دادەوەری کۆماری ئیسلامی ماکینەی تاوانکارییە.. وەرگێڕانی :کاوە عومەر

سیستەمی دادەوەری کۆماری ئیسلامی ماکینەی تاوانکارییە.. وەرگێڕانی :کاوە عومەر

Closed
by ئایار 24, 2023 General, Opinion

چاوپێکەوتنی کەناڵی جەدید لەگەڵ حەمید تەقوایی سەبارەت بە سیستەمی دادوەری ئیسلامی
دیمانەی کازم نیکخواە


کازم نیکخواە: تا ئێستا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەشە و هەڵمەتی جۆراوجۆری دژ بە سزای لەسێدارەدان هەبووە. لەوانە پاڵپشتی کارای حیزب بۆ بانگەشەی ئازادکردنی کوبرا ڕەحمانپوور، یان خەبات بۆ ئازادکردنی فاتمە حەقیت پژوە کە بەداخەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا، یان ئەو چالاکیی و تێکۆشانانەی کە حیزب بە گشتی بەڕێوەی دەبات دژی لەسێدارەدان. وتووێژی ئێمە لەسەر تەواوی سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامییە، بەڵام لە پرسی لەسێدارەدانەوە باسەکە دەست پێدەکەین. حیزب دژی لە سێدارەدانە، بەڵام تەنیا لە کۆماری ئیسلامیدا نییە کە لەسێدارەدان هەیە. هەرچەندە لە زۆرێک لە وڵاتان لەسێدارەدان قەدەغە کراوە، بەڵام هێشتا لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی وڵاتێکی وەک ئەمریکا لەسێدارەدان یاساییە. حەمید تەقوایی، ئایا ڕەخنە و ناڕەزایەتی و دژایەتی ئێمە لەدژی لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی و لە وڵاتانی دیکەش لە هەمان جۆردایە؟

حەمید تەقوایی: دژایەتی ئێمە بۆ لەسێدارەدان لە سەرەتاییترین ئاستدایە، چونکە لەسێدارەدان لە هەر بارودۆخێکدا بە هێرشکردنە سەر ژیان و کەرامەتی مرۆڤ دەزانین. بۆیە گرنگ نییە کام وڵات سزای لەسێدارەدان بە کام کەیس و بە کام سیستەمی یاسایی دەردەکات. لە سێدارەدان خۆی لە خۆیدا کوشتنە. لە سێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە. بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێکی جیهان لەسێدارەدان قەدەغە بکرێت بەبێ گوێدانە جۆری تاوان و جۆری یاسا و سیستەمی دادوەری. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دژایەتی ئێمە بۆ لەسێدارەدان دژایەتییەکی پرەنسیپی و پایەییە لە هەڵوێستێکی ئینسانی و ڕێزگرتن لە ژیان و بوونی مرۆڤ و مافی ژیانی ئینسانە. لەم ڕوانگەیەوە گرنگ نییە حوکمی لەسێدارەدانەکە لەلایەن دادوەرێکی شەریعەتەوە دەرچووە یان لەلایەن هەندێک دادوەری ئەمریکی یان ئەوروپیەوە.
به ڵام دژایه تیی بنه ڕه تی ئێمه له به ڕامبه ڕ لەسێدارەداندا به مانای لەسێدارەدان به واتای ئه وه نییه که پێمان وایه که دیارده ی لەسێدارەدان له کۆماری ئیسلامیدا هه مان شتە و هه مان جێگه ی هه یه که له هه ندێ ده وڵه تی ئه مریکا یان له وڵاتانی دیکه دا هه یه . لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. بەڕای من لە کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر لەسێدارەدان هەیە کە وەک وتم جێگای سەرزەنشتە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو لە سەدا نەوەد و نۆی حاڵەتەکاندا کەسانی بێتاوان لەسێدارە دەدرێن. وە ئەم بابەتە بە تەواوی دەباتە ڕەهەندێکی تر. بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسێدارە دەدرێن، نەیارانی سیاسیی ڕێژیمن. هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە. یان ئاین و باوەڕێکی تریان هەیە، بۆ نمونە بەهایی بوون، یان دژایەتی فیقهی ئیسلامی دەکەن، یان تەنانەت ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حکومەت دەگرن. لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا هەزاران کەس لە دادگاییکردنیکی ٥ خولەکیدا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و تەنها لەبەر ئەوەی نوێژیان نەدەکرد یان باوەڕیان بە خودا نەبوو، هەڵواسران. هەموو ئەم لەسێدارەدانانە تەنانەت بەپێی یاسای ئەو وڵاتانەش کە لەسێدارەدانیان قەدەغە نییە، بە تاوان دادەنرێت. لە کۆماری ئیسلامیدا دەیان هەزار کەس بە هۆی دژایەتی سیاسی، بە هۆی لادان و وەک دەڵێن “دەرچوون لە ئایین”، بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ خودا و هتد لە سێدارە دراون، تەنانەت ناو و ناسنامەکانیان نادیارە، هەروەها نەزانراوە تاوانەکەیان چی بووە، لە کوێ دادگایی کراون.. و تەنانەت لە کوێ نێژراون و ئەم دیاردەیە لە سێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا دەکاتە کۆمەڵکوژییەکی تەواو.
لە بارەی تاوانبارانی ناسیاسی، سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی کارەساتبارە. ئەگەر دۆسیەی سزادراوانی ئاسایی، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی تاوانێکیشیان ئەنجامدابێت، ببەیتە هەر دادگایەک کە بون وبەرامەیەکی لە دادپەروەری و یاسای دادوەری جیهانی شارستانی هەبێت، ئەوا سزاکەیان ڕەتدەکرێتەوە. تا ئێستا تاوانەکە نەسەلمێنراوە. تا ئێستا نازانرێت چۆن دانپێدانانەکە بەدەست هێنراوە، چۆن پارێزەرەکەی دانراوە، پێوەرەکانی دادگاکەی چین، ئایا داواکاری گشتی و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری کارامەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکە یان نا، ئایا مافی تۆمەتبار ڕێزی لێ گیراوە یان نەگیراوە و هتد و هتد. لە کۆماری ئیسلامیدا ئەمانە هەمووی لەسەر بنەمای یاساکانی شەریعەت و تێڕوانینی ئایینی بۆ تاوان و حوکم و…هتد کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دادپەروەری و حوکمدان بە مانا شارستانی و سەردەمیانەکەیەوە نییە. بە بڕوای من بنەمای کێشەکە سیستەمی دادگایی کۆماری ئیسلامییە و نەک ئەم حاڵەتە و ئەو دۆسیەیە و تەنانەت سیاسی و ئاساییبوونی تۆمەتبار. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دادپەروەری دانەنراوە و هیچ نیشانەیەکی دادپەروەری لە هیچ لێکدانەوەیەکدا نییە کە نیشانەی شارستانیەت بێت لەم سیستەمەدا. لە پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتباردا، لە دانپێدانانەکاندا، لە دادگا و دادگایی کردنەکاندا، لە پێناسەکردنی تاوان و تاوانناسی، لە لێهاتوویی دادوەر و داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لە پێناسەکردنی سزا و سزادان، لە هیچ کام لەم بوارانەدا تۆ نیشانەیەک لە دادپەروەری و حوکمدان بە تێگەیشتنێک کە مرۆڤی ئەمڕۆلەم چەمکانەی هەیتی نابینیت.
بۆیە کاتێک دەڵێین کەسانی بێتاوان لە سێدارە دەدرێن یان سزا دەدرێن، ئەوە تەنیا لە تۆمەتباری سیاسیدا سنووردار نییە. بێگومان کوشتنی چالاکانی سیاسی لایەنێکی گرنگی مەسەلەکەیە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا نەیارانی سیاسی لەژێر ناوی تاوانباری باو و بە دروستکردنی کەیس لەسێدارە دەدرێن. بەڵام مەسەلەکە لەوە بنەڕەتیترە. کێشەکە لەوەدایە کە تەنانەت تاوانبارانی باو لە کۆماری ئیسلامیدا بە پشتبەستن بە سەرەتاییترین پێوەرەکانی دادوەری لە هەر وڵاتێکدا کە تۆڵەسەندنەوە و یاسا ئیسلامییەکان زاڵ نەبێت، لە ڕووی یاساییەوە بێتاوانن. تاوانەکەیان نەسەلمێنراوە و مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بێ تاوانن تا تاوانەکەیان نەسەلمێنرێت. هیچ دادگایەکی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ناتوانێت تاوانی هیچ کەسێک بسەلمێنێت، چونکە تەواوی سیستمی ئایینی دژ بە پێوەرە دادوەریەکانی مرۆڤایەتییە ئەم سەردەمەیە.
لە سێدارەدان لەم جۆرە سیستەمە چ بۆ تۆمەتبارانی سیاسی و ناسیاسی، دوو تاوانە. پێویستە بگوترێ هەموو ئەوانەی لەسێدارەدراون چ سیاسی یان ئاسایی بێ ئەوەی تاوانەکەیان بسەلمێنن کوژراون.
لایەنێکی ناڕەزایەتی ئێمە بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان ئەوەیە کە بەر بەحکومەتێکی دڕندە و خوێنڕێژ بگرین، کە لە ڕووی سیاسییەوە دەبێت بەردەوام لە کۆمەڵگە بدات وسەرکوتی بکات بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی. ئەگەر لە جیهاندا لە سێدارەدان بکەوتایە، وەها دڕندەییەک نەیدەتوانی ماف بەخۆی بدادت ملیۆنان کەس لە سێدارە بدات و بڵێت دەیباشە لە وڵاتانی دیکەشدا لە سێدارەدان هەیە. کاتێک لە سیستمە دادوەرییەکاندا لەسێدارەدان هەبێت، تەنانەت لە سیستەمی مۆدێرنیشدا، ئەوا سیستەمێکی دادوەری کە لە گۆڕەوە هەڵسابێت، وەک شەریعەتی ئیسلامی، شمشێری خۆی دەکێشێت و لێدەدات و دەکوژێت و پاساو بۆ تاوانەکانی خۆی دەهێنێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتیکردنی بنچینەیی ئێمە بۆ لەسێدارەدان ئەوەیە کە دەمانەوێت کە بەر بەئەو جۆرە دەسەڵاتە مرۆڤخۆرانە بگرین. ژمارە و ڕادەی لەسێدارەدانەکان، لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی، لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی تاوانەکانیان نەسەلمێنراوە، لەسێدارەدانی گشتی لەچوارچێوەی سیستەمی دادوەریی ئایینی و دواکەوتوو و نامرۆڤانەدا، هەموو ئەمانە هەموو لەسێدارەدانەکان دەکەنە دیاردە و شتێکی ترسناک ، ئامرازێکە بۆ کوشتنی بێتاوانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا.
کازم نیکخواە:ئەگەر مۆڵتم بدەی ئەم پرسیارە بکەم. کاتێک دەڵێیت بێتاوانەکان لە سێدارە دەدرێن، دەتوانی بە هەمان ئارگیومێنت بڵێیت ئەو سزادراوانەی کە حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا نەسەپاوە، ئەو دەیان هەزار کەسەی کە بە تاوانی جۆراوجۆر لە زینداندان، هەموویان بێتاوانن؟ ئایا ئەبێت ئەوانە ئازاد بکرێن؟
حەمید تەقوایی: کاتێک لە هەموو سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامی دەکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە مەسەلەکە تەنیا لەسێدارەدان نییە. هەر جۆرە تۆڵەو سزایەکی تاوانکاری کە لەلایەن ئەوانەوە دەربچێت، بە پشتبەستن بە سەرەتاییترین پێوەرەکانی یاسایی ئەمڕۆی جیهان، ڕەوا و دادپەروەرانە نییە. دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێ هەموو دۆسیەکان بکرێتەوە و دادگاییکردنەکان نوێ بکرێنەوە. بەداخەوە بۆ ئەوانەی لەسێدارە دراون هیچ ناکرێ، بەڵام بۆ ئەوانەی لە زینداندان، دەبێت هەر دۆسیەیەک بپشکنرێتەوە. چونکە دادگا ئیسلامییەکان بە هیچ شێوەیەک کارا نین. هیچ شتێک نەسەلمێنراوە. دەیان هەزار زیندانی هەن کە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوانن، واتە تاوانەکەیان نەسەلمێنراوە. ئەگەر بەڕاستی کەسێک تاوانێکی کردبێت، دەبێت بیسەلمێنرێت. پێویستە ڕێز لە هەموو مافەکانی تۆمەتبار و تاوانباران بگیرێت. سیستەمی دادوەری دەبێت لەسەر بنەمای یاسا و ستانداردی مۆدێرن و ئینسانی و پڕۆسەی کارگێڕی بێت و هەموو کەیسەکان لەم چوارچێوەیەدا دووبارە بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە. پێویستە زۆر کەس ئازاد بکرێن، کەرامەتی خۆیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و کۆمەڵگا داوای لێبوردنیان لێبکات، چونکە یان ئەو تاوانەی بە پێی یاسای شەرع بەسەریاندا سەپێنراوە بە هیچ شێوەیەک بە تاوان حساب ناکرێت، یان ناتوانرێت تاوانەکەیان بسەلمێنرێت. تەنانەت بۆ ئەوانەی بەڕاستی تاوانبارن، پێویستە سزاکەیان بگۆڕدرێت. سزادان لەسەر بنەمای شەریعەت و تۆڵەسەندنەوە دڕندانە و نامرۆڤانەیە و پێویستە بەتەواوی وازی لێبهێنرێت.
زۆرێک لە سزاکان، و نەک تەنیا سزای لەسێدارەدان، لە کۆماری ئیسلامیدا دڕندانە و تاوانکارانەن و پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە. لە کۆماری ئیسلامیدا لە لەسێدارەدانەوە نەگەیت بە زیندان. سزاکانی وەک بەردبارانکردن، قامچی لێدان، بڕینی دەست وقاچ، چاو دەرهێنان هەیە – لەم دواییانەدا، لە حاڵەتی گەنجێکدا کە کچێکی کوێر کردووە کە تێزابی بەسەریدا ڕشتووە، بڕیاریانداوە کە بە ڕشتنی تێزاب کوێر بکرێتەوە – فڕێدانی لە بەرزاییەوە، هتد و هتد بەتەواوی قێزەون و دڕندە و دژە ئینسانیە و نابێت لە هیچ سیستەمێکی یاساییدا بەفەرمی بناسرێت. ئەم بەناو سزایانە زۆر لە خودی تاوانەکە تاوانکاریتر و دژە ئینسانیترن و دادوەر و دادگا و سیستەم و دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری کە ئەو جۆرە حوکمە بەربەرییانە پەسەند دەکەن و دەردەکەن و جێبەجێی دەکەن و ئەبێت دادگای بکرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. تاوانی ئەوان زۆر قورسترە لە قوربانیانی ئەم سیستەمە.
کازم نیکخواە: بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا جێبەجێکردنی وردی دادپەروەرییە. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: باس لەوەش دەکەین کە بەڕاستی چاوێک لەبەرانبەر بە چاوێکدا چەندە دادپەروەرانەیە، بەڵام پێویست ناکات بچیتە ناو ئەم جۆرە باسانە و شارەزایەکی یاسایی یان پارێزەر بیت بۆ ئەوەی بزانیت بەردبارانکردن بەربەرییەتە. بەردبارانکردن زۆر قێزەونتر و دڕندانەترە لەو تاوانەی کە بەڕواڵەت ئەنجام دەدرێت. تاوانی ئەوانەی سزای بەردبارانیان بەسەردا سەپێنراوە چییە؟ سێکس لە دەرەوەی هاوسەرگیری یان ئەم جۆرە پەیوەندییە تایبەتەی مرۆڤەکان، کە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە کۆمەڵگا و حکومەتەوە نییە. ئەمە تاوانە و دواتر سزاکە بەردبارانکردنە! تاوانباری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە فەرمانی بەردبارانکردنی داوە نەک قوربانییەکە. مەرج نییە مرۆڤ شارەزای یاسایی بێت بۆ ئەوەی ئەمە وەک ئەهریمەنیی ببینێت. هەرکەسێک دیمەنی بەردبارانکردن بینیبێت دەزانێت تاوانێکی دڕندانەیە. یان بڕینی ئەندام و کوێرکردنی چاو و هتد.
ئەم هەموو سیستەمی تۆڵەسەندنەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە دادپەروەری و وێژدان و پاراستنی کۆمەڵگا لە تاوان و هتدەوە نییە. ئەم بنەمایەی چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا چەندین سەدەیە لە مۆزەخانەکەدا دانراوە. سەر بە سەردەمی بەربەرییەت و سەردەمی عەشیرەت و کۆمەڵگە خێڵەکیەکانە. کۆماری ئیسلامی ئەم سیستەمە کۆنەی لە گۆڕ دەرهێنا و کردوویەتی بە یاسای هەنووکەیی لە کۆمەڵگادا. مەسەلەکە تەنها لەسێدارەدان نیە و بەردبارانکردن و ئەشکەنجەدان و قامچی لێدانیش تاوانن و ڕۆژانە ئەم تاوانە ڕوودەدات. کرێکاران بە تاوانی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، بە قامچی لێدان سزا دەدرێن. جەوهەری ئەم کردەوەیە تاوانە. دیسانەوە پێی سیاسەت و تۆمەتبارکردن بە بێتاوانەکان دەکێشرێنە ناوەوە، بەڵام ئەگەر تاوانێکیش ئەنجامدرابێت، ڕۆحی ئەم جۆرە سزایە لە هەر تاوانێکی خەیاڵی یان ڕاستەقینە کە بۆ تاوانباران بگێڕدرێتەوە، قێزەونتر و نامرۆڤانەترە، و خۆی شایەنی سزایە. ئەم سزا تاوانکاریانە پێویستە لە سیستەمی دادوەری هەر کۆمەڵگایەک کە ڕێز لە مرۆڤ بگرێت، دوور بخرێنەوە. ئەم سزا ئیسلامیانە وەک نموونەی دڕندەیی و سەردەمی نیشتەجێبوونی ەشکەوت و سیستەمی قەبیلەیی و خێڵەکی لە مۆزەخانەدا بەجێبهێڵرێن. ئایین وەک وەسیلە و هەڵگرێک وایە کە کاردانەوەی سەدە و سەردەمەکانی بەستەڵەکە و بە جلوبەرگی پیرۆزی و فەرمانی ئیلاهی دایپۆشیوە و لە خۆیدا پاراستویەتی. هەموو ئایینەکان یەک ڕۆڵ دەگێڕن. ئەو قۆناغەی کە ئایینەکان تێیدا لەدایک بوون، سەردەمی کۆمەڵگای خێڵەکی و قەبیلەیە، کە تەنها وەک تۆڵەکردنەوە لە دادپەروەری تێدەگەن، هەروەها خوێن و تۆڵەی خێڵەکی. خوێن بە خوێن دەشۆن و چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا دەردەهێنن و خەڵکی عەشیرەتەکان شەڕی یەکتر دەکەن. ئایین، وەک خەرمانەیەکی پیرۆز، ئەم ڕوانینەی ئینسانە سەرەتاییەکانی لە عەدالەت و دادپەروەری لە خۆیدا بەستووە و گواستیوەتەوە بۆ سەردەمی ئێمە و لە هەر شوێنێک گەیشتبێتە دەسەڵات، وەک کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی کۆمەڵگای کردووە. ئەوانەی لە گۆڕ دەرهێناوە، وەک ئایەتوڵڵا شەهرودی و ڕۆیشەهری و…هتد، دەسەڵاتیان بەدەستهێناوە و ئەم دڕندەیی و تاوانکارییە لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەدەن.
کازم نیکخواە: بە هەر حاڵ ڕەوتگەلێک هەن دەڵێن بەردبارانکردن، تۆڵەسەندنەوە و… ئیسلامی نین. وەک بزووتنەوەکانی دووی خورادی کە پێیان وایە پێویستە خوێندنەوەیەکی جیاواز و وێنەیەکی جیاواز لە ئیسلامدا هەبێت، کە بەردبارانکردن دەبێ وازی لێبهێنرێت- بێگومان هێشتا دژی لەسێدارەدان نین، تەنیا دەڵێن لەبری ئەوەی لە شوێنە گشتیەکاندا ئەنجامی بدەن با لە پشت دیوارەوە لەسێدارەدانەکە ڕووبدات – بەڵام بەهەر حاڵ ئەگەر وا گریمانە بکەین کە لە سێدارەدان و بەردبارانکردن و قامچی لێدان و هتد دەستبەرداربن، ناڕەزایی ئێوە چییە؟ ئاخر نابێت کەسێک کە دزی دەکات یان تاوانێک دەکات سزا بدرێت؟ لە قسەکانت تێدەگەم کە تۆ هیچ جۆرە سزایەکی ئیسلامی قبوڵ ناکەیت.
حەمید تەقوایی: بەڵێ زیاتر باسی سزا ئیسلامیەکانم کرد، بەڵام مەسەلەکە لە زۆر لەوە زیاترە کە تەنها لیستی سزاکان بێت. لەم بارەیەوە ڕوونی دەکەمەوە، بەڵام سەرەتا با شتێک لەسەر ئەم تێڕوانینە بۆ دوو خوردادی بڵێم. ئەوان پێیان وایە “ئیسلام لە خۆیدا هیچ عەیبێکی نییە”. کێشەکە لای دەسەڵاتە، بەردبارانکردن و حیجابیش لە قورئاندا نییە و هتد. ئێمە ناچینە ناو مشتومڕی خوێندنەوەی جیاوازەکانی ئیسلامەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئایینەکە، بە هەر جۆرە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەک، وەک وتم، دواکەوتوویی مێژوویی و دواکەوتوویی سەردەمی بەردینی کردووەتە نەگۆڕو، کردوویەتی بە کەلامواللە ، پیرۆزی کردوە و لە ئەنجامدا پاراستوویەتی. زۆرێک لەم دواکەوتووییە مێژووییانە کە پیرۆزی ئایینییان وەرنەگرتووە چارەسەر کراون و ئێستا پێویستە لە مۆزەخانەکاندا بەدوایاندا بگەڕێن. لە شۆڕشی دەستووریدا زاڵبوونی ئایین بەسەر کاروباری دادوەریدا دەردێک بوو و بابەتی ناڕەزایەتی خەڵک بوو. خەڵک عەدالەتخانەیان دەویست چونکە قاجار هەمان سیستەمی تۆڵەسەندنەوە و قامچی لێدان و بڕینی بەشەکانی جەستەی دامەزراندبوو. ئێستا دوای سەد ساڵ گەڕاینەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە و هتد. لێرەشدا دیسان ڕۆڵی ئیسلام دەبینیت وەک وەسیلەیەک کە بەبەرد بوون پیرۆز دەکات و دەیپارێزێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە تا ئەو شوێنەی قورئان خۆیەوەیەتی، سورەتی قەساس سەرچاوەی زۆرێک لەو یاسا دژە ئینسانانەی شەریعەتە. یەکێک لە ئایەتەکانی سورەتی قیساس ئەوەیە کە دەبێت ژن لەبەرانبەر ژن ، پیاو بەرانبەر پیاو،کۆیلە بەرامبەر بە کۆیلە و پیاوی ئازاد لە پیاوی ئازاددا تۆڵەیان لێبکرێتەوە. ئەمە فەلسەفەی دادپەروەری ئیسلامییە. باسەکە لەسەر بکوژەکە نییە بەرامبەر بە قوربانییەکە. ژنێک دژی ژن واتا ئەگەر ژنێک لە عەشیرەتێک یان بنەماڵەیەک بکوژرێت، هەرکەسێک بکوژ بێت، دەبێت ژنێک لە عەشیرەتی بکوژەکە بکوژرێت! ئەگەر ئازادکراو کۆیلەکەی کوشت، دەبێت کۆیلەیەکی بنەماڵەی بکوژەکە بکوژیت! ئەمانە نیشان دەدەن کە تۆڵەسەندنەوە و یاساکانی شەریعەت لەسەر بنەمای خوێن و خێڵ و پەیوەندی خێزانییە. چونکە جۆرێکی دیاریکراو لە سزا لە قورئاندا هەیە یان نا، کێشەکە چارەسەر ناکات. ئەمە تەواوی فەلسەفە و جەوهەری حوکمی ئیسلامییە کە لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستانە و دڕندەیە. هەموو کەسێک ئازادە هەر خوێندنەوەیەکی بۆ بۆقورئان هەبێت، بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی دین لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا ئەبێت بچێتە ناو یاسا و ڕێسا و دادوەریەوە ؟ ئایا نابێ دین بخەینە مۆزەخانە و یاسا لەسەر بنەمای مرۆڤ و مرۆڤایەتی و پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا بنووسین؟ پێوەرەکە چییە؟ قسەی خودا یان پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ؟ ئەم دووانە وەک یەک نین. جا ئیسلام بێت، جولەکە، مەسیحی یان هەر ئاینێکی تر، هەرکاتێک دەسەڵاتیان هەبووبێت، زۆرترین تاوانیان بە مۆڵەتی فەرمانە ئیلاهییەکان ئەنجامداوە. کۆمەڵگە مرۆییەکان کە دوای سەدەکانی ناوەڕاست چوونەتە سەردەمی شارستانیەت، یەکەم کاریان دەرکردنی ئایین بوو لە حکومەت و یاسا و سیستەمی دادوەری. دەیانگوت هەر لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکت هەیە بۆ ئایین کاری تایبەتی خۆتە، دوور بکەوەرەوە و شوێن کەسایەتی خۆت بکەوە، بەڵام کۆمەڵگا لە دەوری ئایین بەڕێوە ناچێت.
بەڵام لە دیوەکەی تری پرسیارەکەتدا، ئەگەر وا گریمانە بکەین کە بەردبارانکردن و قامچی لێدان و سزا قێزەونەکانی تر وازیان لێ هێنراوە و کەسێک بڵێ سیستەمی دادوەری شەرعی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوە و بەردبارانکردن و لەسێدارەدان و هتد. لادەبرێت، ئایا هێشتا ناڕەزایەتی هەیە؟ وەڵامەکە بەڵێیە، چونکە ئەمانە بەس نین. بنەمای کێشەکە ئەوەیە کە هەموو سیستەمەکە شەریعەتییە. سزاکان تەنها بەشێکن لەم سیستەمە. پرۆسەی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار، پرۆسەی دادگاییکردن، مافی تۆمەتبار و تاوانباران، تاوانناسی، چۆنیەتی دانانی دادگاکان، تایبەتمەندی پێویست بۆ دادوەر و داواکاری گشتی و پارێزەرانی بەرگری، جیاکردنەوەی تاوانی کەسی و مەدەنی و سیستەمی تاوان بەپێی پۆلێنکردنی تاوانەکان و لە هەمووی گرنگتر فەلسەفە و ئەو بۆچوونەی کە هەیە سەبارەت بە حوکمدان و دادپەروەری، ئەگەر هەریەکێک لەم لایەنانە لەسەر بنەمای ئایین و شەریعەت بێت، هیچ پەیوەندییەکی بە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤەوە نییە. بۆ نموونە مافی تاوانباران لەبەرچاو بگرن. لە هەندێک حاڵەتدا کۆماری ئیسلامی بە ملی تاوانباران هەڵدەواسێت و لە شاردا دەیانگێڕێتەوە. ئەمە کۆتایی زەلیلکردن و سوکایەتیکردنە بە خەڵک، لەگەڵ هەر تاوانێک. ئەمە وردکردن و تێکشکاندنی کەسایەتی تاکە. هەرکەسێک هەر تاوانێکی کردبێت لە ئەنجامدا مافی دیاریکراوی هەیە. دەبێت ڕووبەڕووی سزایەکی دیاریکراو بێتەوە، بەڵام سوکایەتیکردن و زەلیلکردن و شکاندنی کەسایەتی مرۆڤەکان سزا نییە، بەڵکو تاوانێکە کە دەتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. لەم سیستەمەدا وەک ئەوە وایە کەسێک کە تاوانێکی ئەنجامداوە ئیتر مرۆڤ نەبێت و دەکرێت بە شێوەیەک لێبدرێت و سووکایەتی پێبکرێت و گاڵتەیان پێبکرێت و بێشەرەفی پێبکرێت کە تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەیشی ئیتر نەتوانێت لە کۆمەڵگادا بژی .
کازم نیکخواە: بۆ ئاگاداریتان بینەرێکی تەلەفزیۆنی دەڵێت، براکەیان لەسەر تاوانێکی سادە قامچی لێدراوە و دواتر بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە نەهاتۆتە دەرەوە و دواجار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
حەمید تەقوایی: بەڵێ بەداخەوە لەم نموونانە کەم نییە. مەبەستی من ئەوەیە کە کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری بەتەواوی لەم سیستمە دادوەرییەدا غایبە هەیە و مەسەلەکە تەنها لەسەر جۆری سزاکان نییە. تەنانەت ئەگەر تەواوی پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەش وەلا بنێن، ئاخر هەمان فەلسەفەی یاسایی کە باوەڕی بە تۆڵەسەندنەوە و چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا هەیە، دادوەریش فێری دەکات، دادگاییکردن ئەنجام دەدات، دەستگیر دەکات، دانپێدانان و هتد. ئەم سیستەمە سەراتا پای دژی ئینسانیە. هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەمڕۆوە نییە. هیچ پەیوەندییەکی بە تێگەیشتنی مرۆڤی ئەمڕۆوە نییە بۆ خۆی و ئەو ڕێزەی کە بۆ خۆی هەیەتی. یاساکانی سەردەمی کۆنی قەبیلەیی و خێڵەکی کە لەسەر بنەمای پەیوەندی خوێن و پەیوەندی کۆیلایەتی و پەیوەندی نێوان “موسڵمان و کافر” دەیانەوێت لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕەواج پێبدەن. ئێستا وای دابنێین واز لە بەردباران بهێنن، ئەی چی لەگەڵ هەموو ئەو سیستەمە دەکەی کە ڕێگە بە بەردبارانکردن دەدات؟ لەم سیستەمەدا شتێک نییە بە ناوی مافی تاوانکارەوە.
کازم نیکخواە: با لێرەدا کەمێک بوەستین. بەڕای ئێوە مافی تاوانباران ئەبێت چی بێت؟
حەمید تەقواییی: لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا (بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری)، بەشێکی بە وردی تایبەتە بە مافی تاوانباران. بێگومان نەک هەر لە کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکو لە هەموو ئەو دیکتاتۆریەتانەی کە تا ئێستا لە ئێران دامەزراون، مافی تاوانباران دانیان پێدا نەنرا، بەڵام جیاوازی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە کە فۆرماڵیزم و شەرعیەتی بەم بێ یاساییە بەخشیوە .
مافی یەکەمی تۆمەتبار ئەوەیە کە لە کاتی دەستگیرکردنیان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا تاوانەکەی بۆ ڕوون دەکرێتەوە و تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە دەستبەجێ پارێزەر وەربگرێت و مافی ئەوەی هەیە تەنها بە ئامادەبوونی پارێزەر قسە بکات . یاساکانی تاوانکاری مۆدێرن دەڵێن تەنانەت تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە لە دژی خۆی شایەتی نەدات. دانپێدانان بە هۆی هەر جۆرە فشارێکی دەروونی یان جەستەییەوە دروست نییە. و دووەم: تەنها دانپێدانان بە تاوانەکەدا بەس نییە. دانپێدانان کاتێک ڕەوایە کە بە هۆکاری بابەتیی پشتڕاست بکرێتەوە. تۆمەتبار دەتوانێت بە هەر هۆکارێک دان بە تاوانێکدا بنێت، بەڵام بە هۆکاری بابەتیی دیکە دانپێدانانەکە ڕەت بکاتەوە. بەڵام لە یاساکانی شەریعەتدا دانپێدانان بەسە بۆ سەلماندنی تاوانێک. هەمان ئەو دانپێدانانە کە لە ژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی ئەنجامدراوە.
مافی هەبوونی پارێزەر، مافی سەردانیکردن و پەیوەندیکردن بە جیهانی دەرەوە، قەدەغەکردنی دەستگیرکردن بەبێ ڕوونکردنەوەی تاوان بۆ تۆمەتبار و هتد و هتد، لایەنەکانی تری مافی تاوانبارانن. لە سیستەمی ئیسلامیدا پێشێلکردنی مافی تۆمەتبار و تاوانباران هەر لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێدەکات، واتە کردەوەی پۆلیس و هێزی جێبەجێکردن کە تۆمەتبار دەستگیر دەکات. خەڵک دەگرن بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوە بۆ کەس بدەن. بەسە بۆ ئەوان بانگەشەی ئەوە بکەن کە تۆ سوکایەتیت بە پێشەنگی ئایینی کردووە یان تۆ سیخوڕی ئیسرائیلیت و دەستگیرت بکەن. ئەشکەنجە، کە لەم سیستەمەدا پێی دەوترێت تەعزیر، بە تەواوەتی بە حەڵاڵ و شەریعی دادەنرێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەوان بەبێ ئەوەی ناوی لەسێدارەدراوەکە ڕابگەیەنن لەسێدارەی دەدەن. نەک هەر دادگاکان کراوە و شەفاف نین و کەس ئاگاداری پرۆسەی دادگاییکردنەکە نییە، بەڵکو تەنانەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناوی لەسێدارەدراوەکان ڕاناگەیەنرێت. هەرچی بیر لە سزای لەسێدارەدان دەکەینەوە، ئەمە سروشتی تاوانکاریی سیستەمی دادوەری ئیسلامی نیشان دەدات. تەنانەت ئەگەر ڕێگە بە سزای لەسێدارەدان بدەین، حکومەت ناتوانێت کەسێک لەسێدارە بدات بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا بزانێت تاوانەکە چی بووە و تۆمەتبار کەی دەستگیرکراوە و بۆچی دەستگیرکراوە و هتد. لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا، کاتێک کوشتنێک یان تاوانێکی گرنگ ڕوودەدات، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕای گشتی لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە ئاگادار دەکرێتەوە و ئیجرائاتی دادگا لە لایەن پەیامنێرانەوە ڕاپۆرت دەکرێت. تەنانەت ئەگەرزەڕەیەکیش ماف حەق بکرێتە ناحەق و بۆ نموونە ئەگەر پارێزەری بەرگری بیسەلمێنێت کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباردا، ئەم مافە یان ئەو مافە ڕەچاو نەکراوە، دادگا دەسەڵاتی لێپرسینەوە لە کەیسەکەدا لەدەست دەدات و تەواوی دۆسیەکە بە نادروست ڕادەگەیەندرێت. ئەوەندە وەسوەسە و وردبینی لە ڕەچاوکردنی مافی تۆمەتبارەکاندا هەیە. لە کۆماری ئیسلامیدا نەک تەنیا بە کردەوە بەڵکو لە ڕووی ڕەسمی و یاساییشەوە مافێکی لەو شێوەیە شوێنێکی لە ئیعرابدانیە.
خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە سیستەمی دادوەریی ئیسلامی ئەو جیاکاری و هەڵاواردنەیە کە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی لە نێوان موسڵمانان و کافرەکاندا هەیە. کافرەکان تەنانەت نیوەی مافی موسڵمانانیان نییە. لایەنێکی دیکە جیاکارییە لە نێوان ژن و پیاودا. لە زۆر بواردا ژنان یان مافیان نییە یان نیوەی مافی پیاوان هەیە. بۆیە لەم سیستەمەدا هاووڵاتی یەکسان نین. بنەمای دادپەروەری لە کۆمەڵگا مەدەنییەکاندا مافی هاووڵاتیبوونە. هاووڵاتیان مافی یەکسانیان هەیە بەبێ گوێدانە ئایین و ڕەگەز و هەردوو ئەم لایەنانە لە یاساکانی شەریعەتدا پێشێل دەکرێن.
بنەمای سیستەمی دادوەری ئیسلامی مافی موسڵمانانە. وە دووەم: پیاوی موسڵمان مافی زیاتری هەیە لە ژنان. بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر کەسێک موسوڵمانێک بکوژێت تاوان و سزاکە زۆر قورستر و توندترە لەوەی کە کەسێک کەسێکی ناموسڵمان بکوژێت. لە هەندێک حاڵەتدا دروستە کە غەیرە موسڵمانەکان بکوژرێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی لادەرەکان واتە ئەوانەی لە ئایینی ئیسلام دەرچوون. بەهاییەکان حاڵەتێکی تایبەتی ئەم جۆرە لە لادەرانەن. لە پێوەندی لەگەڵ ژنان، حاڵەتەکانی کوشتن سزا نادرێن. وەک کوشتنی شەرەف، واتە کوشتنی ژنێک کە سێکس لەگەڵ کەسێکی تر دەکات لەکاتێکدا “تاوانێک دەکات” لەلایەن هاوسەرەکەیەوە. بەپێی یاساکانی شەریعەت ئەم جۆرە تاوانانە بە کوشتن نازانرێت. لە پڕۆژەیاسای تۆڵەسەندنەوەدا بابەتی کوشتنی شەریعی هەیە کە هیچ سزایەکی تێدا نییە.
لێرەدا دێینە سەر پێناسەی تاوان و تاوانناسی. لە سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامیدا، کوشتنی کافرێک بەدەستی موسڵمان بە کوشتن نازانرێت. یان مردنی ژنێکی “خائین” لەلایەن مێردەکەیەوە. یان کچێکی “خیانەتکار” بەدەستی براکەی یان باوکی. جگە لەوەش هەندێک کوشتن داشکاندنی بۆ دەکرێت! بۆ نموونە لە پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەدا دەوترێت ئەگەر باوکێک منداڵەکەی بکوژێت، تۆڵەسەندنەوەکە کەمترە لە کوشتنێکی ئاسایی. دەتوانێت بەخشین بدات و گوناهەکەی پاک دەبێتەوە!
بۆیە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن لە تاوان لە یاساکانی شەریعەتدا بە تەواوی پەیوەستە بە ئایین و ڕەگەز و پەیوەندی خێزانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا. چەمکی هاووڵاتیبوون و مافی یەکسانی هاووڵاتیان لەم سیستەمەدا بوونی نییە. نموونەیەکی دیکە کە ئەم ڕاستییە دەردەخات، مافی منداڵانە. له کۆمه ڵگه کانی ئه مڕۆدا، منداڵان یان که سانی خوار تەمەنی یاسایی کە تاوان ئەنجام دەدەن، مافی تایبەتیان هەیە، بەڵام لە سیستمی دادوەریی ئیسلامیدا، ئەو جۆرە مافانە دانیان پێدا نانرێت و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت پێچەوانەکەیشە. باوکێک منداڵەکەی بکوژێت مافی تایبەتی هەیە! منداڵ و هەرزەکار تا دەگەنە تەمەنی یاسایی لە زینداندا دەهێڵرێنەوە، ئەوەش لەبەردەم یاساکانی ئەمڕۆدا، ئینجا لەسێدارە دەدرێن! موسڵمان مافی تایبەتی هەیە، پیاو مافی زیاتری هەیە، بەڵام منداڵ مافی نییە.
هەموو ئەم حاڵەتانە ئەوە دەردەخەن کە باسەکە لە یاسا بەربەریەکانی وەک لە سێدارەدان و بەردبارانکردن و هتد تێدەپەڕێت. ئەم یاسایانە بەرهەمی سیستەمێکە کە ئەگەر بیبڕیت و لە چنگە خوێناوییەکانیش بدەیت، لە بنەڕەتدا دژە مرۆڤ و دواکەوتوو و بەربەرییە لە سروشتی خۆیدا. نە تاوانناسییەکەی کاریگەرە، نە پرۆسەی دەستگیرکردن و دانپێدانانەکەی، نە دادگاکەی دادگایە، نە دادوەرەکەی دەسەڵاتی دادوەرییان هەیە. بەڕای من دادوەری شەریعەت لە پۆلی یەکەمی یاسا لە هەر کۆلێژێک ڕەت دەکرێنەوە. بەهیچ شێوەیەک تێگەیشتن و بیرۆکەی ئەو لە دادپەروەری و حوکمدان لە پشتی مرۆڤێکی ئاساییەوەیە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا چونکە لە فەیزەی قوم پەروەردەکراوە.
با نموونەیەک بهێنمەوە بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێتەوە کە سیستەمی دادوەری ئیسلامی چ جۆرە دیاردەیەکە. بەپێی ئەم سیستەمە کەسێک زینا بکات – زینا ناوێکی نەرێنییە کە ئایین بە پەیوەندییە سێکسییە غەیرە شەریعەتییەکانی مرۆڤەکان دەیدات- تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدات، لەکاتێکدا سێکس بابەتی تایبەتی تاکەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک بە تاوان هەژمار بکرێت. بەپێی یاساکانی شەریعەت، ئەگەر ژنێک لە دەرەوەی هاوسەرگیری سێکسی کرد، تەنانەت ئەگەر مێردەکەی هیچ ناڕەزایەتییەکی نەبێت، حکومەت بەسەریدا تێناپەڕێت؛ تاوانێکی کردووە کە شایەنی بەردبارانکردنە! ئەبێت تا نیوەی بە خۆڵ داپۆشرێت و ئەوەندە بەرد سەری لێبدات کە ئازاری بچێژێت! بەڵام ئەگەر کوشتنێک ڕووبدات، ڕەزامەندی بنەماڵەی قوربانییەکە مەرجە! واتە کوشتن بابەتێکی تایبەتە، بەڵام سێکس بابەتێکی کۆمەڵایەتییە! ئەم سیستەمە بەتەواوی سەرەوە و خوارە! ئەم پێچەوانەبوونەوەیە لەوەدا دەبینیت کە پەیوەندی سێکسی تاوانە، بەڵام ئازاردان بە بەرد بارانکردن تاوان نییە!
بنەمای کێشەکە لەوەدایە کە فەلسەفە و خاڵی دەستپێکی ئەم سیستمە دادوەرییە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندی مرۆیی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی خێڵەکی و قەبیلەیی. شێوازی تێڕوانینی ئیسلام لە کۆمەڵگا و سەیرکردنیچەمکی تاوان و سزا و ماف و بەرپرسیارێتی تاکەکان بەرامبەر بە یەکتر و پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکتردا بە تەواوی ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی کۆیلایەتی و کۆمەڵگا خێڵەکییەکان هەیە. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە 1400 ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە، سەر بە سەردەمی حوشترن و هیچ پەیوەندییەکیان بە سەردەمی ئەمڕۆوە نییە. ئەم هەموو سیستەمە پێویستە گسک بدرێت و بخرێتە لاوە.
کازم نیکخواە: ئەوژاتەش لە هەمان ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەریش ئەم جۆرە یاسایە لە پشت کۆمەڵگا شارستانییەکانی سەردەمی خۆیەوە بوو.
حەمید تەقوایی: ڕاستە. ئایینی ئیسلام لە یەکێک لە دواکەوتووترین کۆمەڵگاکانی ئەو قۆناغەدا دروست بووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تەنانەت نوێنەری پێشکەوتن و شارستانیەتی سەردەمی خۆی نییە.
کازم نیکخواە: بەڵێ. بە گشتی باسەکە بۆ فەلسەفەی یاسایی سیستەمی دادوەری ڕاکێشرا. بەڕای ئێوە فەلسەفەی سیستەمی دادوەری دەبێ چی بێت؟ وە لەم ڕوانگەیەوە هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیستەمی ئیسلامی چییە؟
حەمید تەقوایی: لەو کۆمەڵگە مرۆڤدۆستانەدا کە ئێمە دەمانەوێت و کۆمەڵگایەکی وامان لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا ناساندووە، فەلسەفە و بنەمای سیستەمی دادوەری و سزای دوو لایەنی هەیە: یەکەم: پاراستنی کۆمەڵگە لەو تاوانانەی کە دەیگرنەبەر و دووەم پەروەردە.کردنی تاوانباران و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوان. با ئەوەش بڵێم زۆرینەی ئەو تاوانانەی لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا ڕوودەدەن، ڕەگ و ڕیشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەیە. تاوانەکان ڕەگ و ڕیشەی لە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدا هەیە. بۆیە کاتێک باس لە کۆمەڵگەیەکی ئایدیاڵ دەکەین، وا گریمانە دەکرێت کە بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاوان نەماون یان بۆ کەمترین ئاست کورت کراونەتەوە. ئه مڕۆ ئه گه ڕ تاوان و تاوانه کانی هه موو وڵاتان بکه یته وه ، ته نانه ت له پێشکه وتووترین کۆمه ڵگه پیشه سازییه کانی وه ک ئه مریکا، ئینگلتەرا، فه ڕه نسا و هتد، بۆت ده رکه وێت که زۆرینه ی ڕه هایان له هه ژاری و بێکاری و نه بوونی ئاسایشی کۆمه ڵایه تی و ئابووریدان ، یان ، ڕەگ و ڕیشەی لە دەمارگیری ئایینی، میللی، نەتەوەیی، ئەخلاقی و “شەرەف”یدا هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن حکومەت و چینی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگادا سووتەمەنی پێ دەدرێت. ئەگەر ئەم دەزگایە لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە، ئەگەر هەژاری و جیاکاری نەمێنێت، ئەگەر خورافات و دەمارگیریە قەومی و ڕەگەزییەکان بنبڕ بکرێن، وە ئەگەر شەرەفپەرستی و ئەخلاقی ئایینی ڕزیو و دواکەوتوو حوکمڕانی کۆمەڵگە نەکات، تاوان ڕوونادات. بۆیە خاڵی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاوان نەهێڵرێت. بەڵام تا نەگەینە ئەو جۆرە کۆمەڵگا مرۆڤانە و لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ڕەنگە بە هۆکارێک لەم کۆمەڵگایانەدا ڕوو بدەن، پێویستە فەلسەفەی یاسایی و دادوەری لە لایەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا بێت و لە لایەکی ترەوە بۆ پەروەردەکردنی تاوانباران و گەڕانەوەیان بێت بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئاسایی. کۆمەڵگە تۆڵە لە کەس ناکاتەوە، تاوانبارانیش بە سروشت بە گوناهبار و ستەمکار و نەگۆڕ دادەنرێت. هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە پێمان وایە نەک تەنها سزای لەسێدارەدان بەڵکو زیندانی هەتاهەتایی هەڵبوەشێنرێتەوە. زیندان لە ڕاستیدا شوێنێکە بۆ ڕاهێنانی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی.
یاساکانی شەریعەت ڕێک سەد و هەشتا پلە لە بەردەم ئەم فەلسەفە و تێڕوانینە ئینسانیەدایە بۆ سیستەمی دادوەری. نەک هەر یاساکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەر ئایینێکیش. هەرکاتێک ئایینەکانی تر سەرچاوەی شتێک بوون، هەمان جۆری کارەساتیان ئەنجامداوە کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ئەو کارەساتەیە. وەک مەسیحیەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. مرۆڤایەتی شارستانی ڕاپەڕیوە و ئایینی مەسیحی خستۆتە ناو چاڵێکەوە، ئاین پاشەکشە پێکردوەو کردویەتی بە بە پرسێکی تایبەت و دەستی لە حکومەت و یاساکان بڕیوە. و بە پێچەوانەوە هەر ئایینێک لە دەسەڵاتدا دەبێت، هەمان شێوازی تاوانکاری لە کۆماری ئیسلامیدا دەخولقێنێت.
یاسا و فەلسەفەی یاسایی کۆماری ئیسلامی، وەک وتم، لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای پەیوەندیی خوێن و بنەماڵەیی، ڕەگەز و بیروباوەڕی ئایینی مرۆڤەکان دامەزراون و هەر بۆیە بە سروشت، نامۆن بە دادپەروەری و ویژدان و یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا. لە یاساکانی شەریعەتدا پێش هەموو شتێک موسڵمانان بە تەواوی لە یەکتر جیان. دووەم: پیاوان مافیان زیاترە لە ئافرەتان و سێیەم: سزا و تاوان لەسەر بنەمای خوێن و پەیوەندی خێزانی پێناسە دەکرێت. کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی لەم سیستەمەدا غایبە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم سیستەمەدا باسی میراتگرەکان، خوێن بایی، و هتد دەکەین. خاوەنی خوێنی ئەو کەسەی کە دەکوژرێت – واتە بنەماڵە و خێڵی پەیوەندیدار – دەتوانێت ڕەزامەندی بدات یان نا و بە خۆی لە سێدارەی بدات. لە حاڵەتی تاوانی تردا، ئەندامی خێزانی قوربانییەکە دەتوانێت هەمان زیان بە تاوانبارەکە بهێنێت کە بەسەر ئەندامی خێزانەکەیدا هاتووە. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، سورەتی قساس بە ڕوونی باس لە کۆیلە دژی کۆیلە، پیاو لە دژی پیاو و ژن لە دژی ژن دەکات.
کازم نیکخواە: ئاخر هەندێک ئەم تۆڵەسەندنەوەیە و تۆڵەسەندنەوەی بنەماڵەیی بە جێبەجێکردنی دادپەروەری دەزانن.
حەمید تەقوایی: دەزانی بۆچی؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەواوی لەم سیستەمی بیرکردنەوەیەدا غائیبە. لە سیستەمی شەریعەتدا موسڵمان و کافر هەیە. هەروەک چۆن لەم سیستەمە کۆمەڵگە و حکومەتی ئیسلامی هەیە، دادپەروەریش ئیسلامییە؛ پەیوەندی بە موسڵمانانەوە هەیە. لە قورئاندا بنچینەی مافی مرۆڤەکان ئایینەکەیانە، پاشان ڕەگەز و خوێن و پەیوەندی عەشیرەتیان. ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی جیهان بەرەو پێشەوە چووە و خێڵ و عەشیرەتەکان بێمانا بوون، کۆماری ئیسلامی ناچار بووە تۆڵەی ئەندامانی بنەماڵە کوژراوەکان و پرەنسیپی “ژن دژی ژن” و “پیاو لە دژی پیاوکورت بهێنێ بەڵام بنەمای باڵادەستی موسڵمان بەسەر کافر و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا بە تەواوی پاراستووە. تەنانەت پەیوەندییە خێزانیەکانیش هێشتا پارێزراون. یاساکانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە کەسوکارە پلە یەکەکانی بکوژ دەبێ فیدیە بدەن و ئەگەر نەیانتوانی بیدەن، ئەوا لەکەسوکاری پلە دوو فیدیە وەربگرن. واتە یەکەم: هەموو بنەماڵەی قوربانییەکە ستەم و تەعەدایان لێ کراوە و مافی خۆیانە لە بکوژەکە خۆش بن یان لێی خۆش نەبن، دووەمیش هەموو بنەماڵەی بکوژەکە بەرپرسیارن و پێویستە سزا بدرێن! واتە بنەمای تۆڵەسەندنەوە تۆڵەی عەشایەری و بنەماڵەیە!
ئەگەر بە هەر ئەندامێکی ئاسایی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ، کە مەرج نییە زانیاری یاسایی و دادوەری زۆری هەبێت، بڵێی دادپەروەری واتە پاراستنی کۆمەڵگە لە تاوان و پەروەردەکردنی تاوانباران، ئەوا بە تەواوی لەگەڵت هاوڕان. بەڵام ئیسلام دەڵێت دەبێت خوێن بە خوێن بشۆردرێت، تۆڵەکردنەوەش بکرێت و تۆڵەکردنەوە هیچ مانایەکی تری نییە جگە لە تۆڵە بە تۆڵە.
لە لایەکی تریشەوە بناغەی پەیوەندی خوێن و خێزانی لەوەدا دەبینیت کە باوک یان باپیری باوک دەتوانێت منداڵەکەی یان نەوەکەی بکوژێت و تەنها فیدیەیەک بدات. بۆچی؟ چونکە خۆی خاوەنی خوێنەکەیە!چونکە میراتگرەکان دەتوانن لە کوشتن ڕزگاریان بێت و باوکیش خۆی میراتگرە!
لەم پەیوەندییە خوێن و خێزانییەدا ژن و پیاو پێگەی تەواو جیاوازیان هەیە. شایەتحاڵی ژن یەکسانە بە نیوەی شایەتحاڵی پیاو، ژنیش نیوەی پیاو میرات وەرگرێت و کوشتنی ژنێکی “خائین” بە هیچ شێوەیەک بە تاوان نازانرێت، لەکاتێکدا ژن ناتوانێت دەستی بەرز بکاتەوە بەرامبەر پیاوێکی “خائین”. بەهیچ شێوەیەک ڕێگای ئایینی وەک سیغە و فرەژنی هەیە کە لە بنەڕەتدا چەمکی “خیانەتی پیاو” بێ مانای دەکات.
لایەنێکی تر و ڕەنگە گرنگترین لایەنی باڵادەستی موسڵمان بەسەر کافرەکاندا. یاساکانی شەریعەت ئاماژە بە هاوڵاتی ناکەن، ئاماژە بە موسڵمانان دەکەن. لە گەڵاڵەی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامیدا باس لەوە کراوە کە ئەگەر موسڵمانێک بکوژرێت، بکوژەکە شایەنی لە سێدارەدانە. واتە ئەگەر کەسێکی غەیرە موسڵمان بکوژرێت سزاکەی جیاوازە. یاسای تۆڵەسەندنەوە باس لەوە ناکات کە دەبێت چی بکرێت سەبارەت بە کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگا. چەمکی ئەندامانی کۆمەڵگا سەربەخۆ لە ئایینەکەیان هیچ جێگەیەکی لەم سیستەمەدا نییە.
بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاسای قەساس سەبارەت بە یاساکانی پەیوەست بە کوشتنی کافرەکان لەلایەن یەکترەوە. بەڵام لە هیچ شوێنێک نەگوتراوە چی بکرێت ئەگەر موسڵمان کافرێک بکوژێت، چونکە لە شەریعەتی ئیسلامیدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە کوشتن نازانرێت. واتە یەکەم، یاساکانی پەیوەست بە کوشتن جیاوازن لە یاساکانی پەیوەست بە موسڵمانان ئەگەر بکوژ و قوربانییەکە کافر و ناموسڵمان بن، دووەمیش کوشتنی کافر بە هیچ شێوەیەک بە کوشتن نازانرێت. ئەم بیرکردنەوەی ئایینییە ناتوانرێت بە تێگەیشتن و فەلسەفەی مۆدێرن و فەلسەفەی دادپەروەری و حوکمدان بە هیچ جۆرە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکەوە ببەسترێتەوە.
لە پڕۆژەیاسای تۆڵەسەندنەوەدا حاڵەتی دیکەش هەن کە لە فاشیزمەوە نزیکن. لە پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەدا هاتووە، ئەگەر کەسێکی عاقڵ شێتێک بکوژێت، تەنها دەبێت فیدیەیەک بدات. واتە ئەگەر دەوڵەمەند بیت دەتوانی شێتەکان بکوژیت و فیدیە بدەیت و ژیانی خۆت بژیت. فاشیزمی هیتلەر بەتەواوی هەمان کاری کرد. لایەنگری مرۆڤە تەندروست و بەهێزتر و باڵادەستەکان بووە و کەمئەندام و دواکەوتووی دەروونی بە شایستەی مردن دەزانی. لە ئیسلامدا مرۆڤ بە شێت نازانرێت. دەکرێت شێتەکان بە دانی فیدیەیەک، کە کەمترە لە هی کەسێکی عەقڵ، بکوژرێت و سزا نەدرێت.
کۆی ئەم یاسایانە وێنەیەکی کارەساتبار لە سیستەمی دادوەری شەریعەت دەدات بەدەستەوە. لەسەر بنەمای خوێن و تۆڵەی خێزانییە. سزای بکوژەکە بە ڕەزامەندی بنەماڵەی قوربانییەکە دەبێت. بنەماڵەی قوربانییەکە دەتوانن ڕەزامەندی بدەن و تەنانەت واز لە فیدیەکەیان و لەم حاڵەتەدا بکوژەکە لە هەر سزایەک بێبەرییە. باوک دەتوانێت منداڵەکەی بکوژێت و دۆسیەکە بە فیدیەیەک یەکلایی بکاتەوە. کەسێکی عاقڵ دەتوانێت شێتێک بکوژێت و بە پێدانی فیدیەیەک دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە. مێرد مافی ئەوەی هەیە ژنە “خیانەتکار”ەکەی بکوژێت. ئەگەر موسوڵمانێک لەلایەن کەسێکی بێباوەڕەوە کوژرا، ئەوا دەبێت بێباوەڕەکە بکوژرێت، و فیدیە و ڕەزامەندی میراتگران و هتد، ئیتر هیچ ئیعتیبارێکی نابێت، بەڵام کوشتنی بێباوەڕ لەلایەن موسڵمانێکەوە نەک تەنها بە کوشتن نازانرێت، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ئەرکی موسڵمانانە، وەک کوشتنی لادەرەکان، کە واجبێکە لە ئیسلامدا. وە لیستی سزاکانی شەریعەت بریتییە لە لەسێدارەدان و قامچی لێدان و بەردبارانکردن و بڕین و کوێرکردن و فڕێدان لە بەرزاییەوە.
ئەم سیستەمە خۆی سیستەمێکی بەرهەمهێنانی تاوانە. سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ماشێنێکی ئینسان کوشتنە. ئامێرێکی تاوانکارییە. ئامێری تاوانە بە مانا فراوانەکەی وشەکە. هەرکەسێک لەم سیستەمەدا ڕۆژێک لە زیندان بەسەر ببات، تاوانی لە دژ ئەنجامدراوە. ڕاست بۆتە هەڵە. نادادپەروەرانە بووە. ئەی ئەگەر کەسێک لە سێدارە بدرێت، بەردباران بکرێت، یان قامچی لێ بدرێت، یان ئەندامەکانی جەستەی ببڕن. هەروەک وتم دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، پێویستە سەرلەنوێ لە هەموو کەیسەکان پێداچونەوەیان بۆ بکرێتەوە. بەڵام ئەو تاوانەی لە دۆسیەی ئەو کەسانەدا ئەنجامدراوە کە سزای لەسێدارەدان و بەردبارانکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەمانە تاوانن کە بۆ هەمیشە لە مەلەفی ڕەشی ئەم دەسەڵاتەدا دەمێننەوە.
بەڕای من یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتی ئینسانی کە جێگای ئەم دەسەڵاتە دەگرێتەوە ئەوەیە کە هەموو ئەو دادوەرە کانی شەریعەت و هەموو ئەوانەی بەشدارن لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا دادگایی بکات. ئەمە وانەیەکە بۆ مرۆڤایەتی ئەمڕۆ. دڕندەترین، قێزەونترین، بەرفراوانترین لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا ڕوویانداوە و بەڕای من ئەگەر بمانەوێت ئەو لەسێدارەدان لە هەموو جیهاندا هەڵبوەشێنینەوە، پێویستە ئەم نموونەیە بخرێتە بەر چاوی جیهان. لە هەموو شوێنێکی جیهان بە بێ ئابڕوکردنی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان قەدەغە بکرێت. پێویستە ئەم نموونەیە لەقاوبدرێت و بە هەموو لایەک نیشان بدرێت کە تاوان نەک بە لەسێدارەدان بەڵکو بە بنبڕکردنی هەژاری و نایەکسانی ڕادەگیرێت. نەک هەر لە ئێراندا، بەڵکو لە خودی ڕۆژئاوای پیشەسازیدا، هەر ئەم سەرمایەدارییە کە نائەمنی ئابووری، هەژاری، بێبەشی، خورافاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە و بنەمای تاوانکاری دابین دەکات. بە نموونەی کۆماری ئیسلامی کە دڕندەترین و دژە ئینسانیترین سیستەمی یاسایی سەردەمی ئێستایە، دەتوانین پێشکەوتووترین سیستەمی یاسایی ئەمڕۆ بخەینە ژێر پرسیارەوە و ڕایبگەیەنین کە نەک تەنیا سیستەمی یاسایی و دادوەری، بەڵکو هەموو کۆمەڵگا دەبێ وابێت لەسەر بنەمای کەرامەتی ئینسانی بەڕێوەدەچێت. وە هیوادارم کاتێک کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنین، نموونەیەک لە کۆمەڵگایەکی ئینسانی و تێگەیشتن و هەڵوێستێکی نوێ لە یاسا و چەمکی تاوان و سزا و دادپەروەری، کە چەندین کیلۆمەتر لە پێشەوەیە و لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگە سەردەمیەکان مرۆڤدۆستانەترە، بەدەست بهێنین. بەداخەوە کۆمەڵگای ئێران لە بنی ڕیزەکەدایە. نەک خەڵک بەڵکو حکومەتی ئیسلامی ئەم دۆخەی دروست کرد. تێگەیشتنی خەڵک لە دادپەروەری و تاوان و سزا، ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندووە. بە ڕوخاندنی ئەم حکومەتە، سیستەمی دادوەری کۆمەڵگەی ئێران لە کۆماری سۆسیالیستیدا دەبێتە نموونە و مۆدێل بۆ هەموو کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکانی سەردەمی ئێستا.*
٢٢ی ئایاری ٢٠١١
ڕوونکردنەوە: ئەم گفتوگۆیە بۆ یەکەمجار لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٨ لە کەناڵ جەدید ئەنجامدراوە.

Previous
Next
Kurdish